ــــــــــــــ ١١ ــــــــــــــ

 

 

لەشەوبۆی كام بەهاردا

پاییزە سوورەكانی

نیشتمانەكەم بەسەر كەمەوە

بۆ خوێندنەوەی  كام نامەو

چەند نووسین

لەناونیشانی خاكەكەم وردببمەوە

من پارچەی چیایەكم

چوار لوتكەی سەركەشی

لەگەرووی سەحرادا قووتدرا

ئانیشكی كام دار هەنار

لەباسكی چڵە زەیتوونێكا

بۆ بەهار بنێرم

وەرزەكانم لەسنگی ساڵدا

بەرەو ساتەكانی رۆچوون

بوونە مێرگی

نەورەسەكانی ئەو دیو كەنارو

لانەی ماڵەكەمیان

لەخاسە جیاكردەوە

ئەو ئاوەی داوێنی

شارەكەم بەرنادا

لەنێو قەدەوە قرتانیان

بەشێكی لەكاسەی سەرمدا

گۆڕەشار درا

پەلێكیان بەخشیە

سێبەڕۆی دەروونم

ئەوی دیكەی

بووە مەزارگەی دوو برا

دوو هاوخوێنی تووڕە لەماف

دوو خاكنشینی

یەك دایك

لەنێوانی زڕ باوكا

بوونە چوار كەرتی پێنووسێك

هەر یەكەو بەڕەنگێك دەخوێنن

ئاوازێك لەزمانیان ناگاو

سروودێك لەزامیانا

كۆیان ناكاتەوە

هەر رۆژەی كۆڕاڵێك

خوێنی جەرگی بۆیان دەڕێژێ

لەتوێشووی نیشتمانێكدا

دەستەكانی پان دەكاتەوە

زریوەی گوللە

گوارەی شەوانی تارێتی

چپەی گزنگێك بەر گوێی ناكەوێ

بەروارێك لەبەركی مێژوودا

جێگەی ئاسۆو

چركەساتێكی رۆژگاری ناكاتەوە

 

 

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا