
تەنها لە هەتاوم گوێ لێ بووە، ئەو دەنگە.
تەنها لەشنەم بیستووە، ئەو گورانییە.
گزنگ بە دیاری بۆی ناردووم، ئەو زەردەخەنەیە.
سوێند بە هەرچی ئاوازی نەوتراوە،
بەو گەڵا سەوزانەش،
کە هێشتا خەزان چاوی لێ دانەگرتوون
چوونگە لە قوڕگی ڕۆژ هاتەدرێ،
ئەو دەنگەم خۆش دەوێ
سوێند بە چاوی پەڵە هەورێکی لۆکەیی
کە بەسەر باشووری دڵمدا دەڕوانێ،
خۆی بۆ ڕێژنەیەک کۆ دەکاتەوە،
سبەی نا دووی دەیکاتە ئاهەنگی باران...
چوونکە بەلای مانگدا هاتووە،
ئەو دەنگەم خۆشم دەوێ.
بەنۆتەی کلوە بەفرێک،
کە هێشتا بە لەنجە نەهاتووەتە سەر زەوی
تا مژدەی ساڵێکی سپی ڕابگەیەنێت
بە نەغمەی چڵە زەیتوونێک
کە ڕقی داگیرکەری لە دڵدایە
بە هەستی کچە هەنارێکی هەڵەبجە
کە لەگەڵ سرووشت ئاشتمان دەکاتەوە
سێو بە خەتابار نازانێ.
چوونکە ئاو فێری چڕینی کردووە،
ئەو دەنگەم خۆش دەوێ.
بەلووتکەی بەرزی ئاگری داخ،
کە سوێندی خواردووە پیرۆز بمێنێتەوە
تا ئەو کاتەی دەوڵەتی زمان دروست دەبێ..
بە چوار چرای مهاباد،
بەو گەردنە بێگەردانەی لەدار دران
بە مەشخەڵی بابە گور گوڕ و مەقاماتی مەردان.
بەمەزاری موسا عەنتەر
بە گۆڕی ئەحمەدکایە
بەقەبری بارش چاکانی
ڕوهان" م
بۆ ئەمڕۆ و سبەینێ و ئایندە خۆش دەوێ.
سڵاو ئامەدی کوردان سڵاو قامیشلو
سڵاو هەولێر سلێمانی کەرکوک
مهاباد سنە کرماشان ئیلام سڵاو
سڵاوی پێنوسێک کە بە شیعر زمانی پژاوە؛
خۆتان بگۆڕن
لێرەوە لە بەرزاییەکانی زمانەوە
بەو پایزە پیت پیت هەڵدەکەمە باران؛
سەر دەمی خەباتی وشەیە
سەردەمی ڕەگباری ڕستەیە
سەردەمی شۆڕشی تێکستە
سەردەمی سرودی دڵدار و دڵبەرە
سەر دەمی هونەرە.
هەمزە گوڵانی
