زاهیر ئیبراهیم


گەشتەکەم لەگەڵ کتێبی "خەیاڵی مرۆڤێکی سەرشێت"، کتێبی نوێی نووسەر و ڕۆژنامەنووس هاوڕێ زیرەک کەمال، گەشتێکی پڕچێژ، پڕ نیگەرانی و ئاڵۆزیی بوو! ئەو کتێبە لای من بوو بە یادەوەری "خەیاڵی مرۆڤێکی سەرشێت" لەو کتێبانەیە کە خوێنەر بەر کۆمەڵێک پرس و بابەتی جیاجیای ناو دونیای پڕ لە شەکەت و جەنجاڵ و تراژیدیا و گاڵتەجاڕیی ئێمەی کورد لە باشووری کوردستان دەکەوێت. خوێنەر دووچاری جۆرێک ئاڵۆزی دەبێت، چونکە ناتوانێت یەکلایەنە لەسەر پێکهاتە و ناوەڕۆک و خەیاڵەکانی بڕیار بدات.

کتێبەکە تەنیا یەک پرس و بابەت لە خۆ ناگرێت، بەڵکو ڕەهەندی جیا جیای هەیە، وەک پرسی مرۆڤ، کۆمەڵگە، سیاسەت، حوکمڕانی، حیزب، ئازادیی تاک، شار و مەدەنییەت. یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی شەڕ و وەستانەوەیە بەرامبەر بیر و ئەتواری کۆنەپەرستی.

 زۆرینەی بەشەکانی کتێبی " خەیاڵی مرۆڤێکی سەرشێت"، بە زمانێکی پاراو و بە وشە و کەرەستەی ئەدەبییانە داڕێژراون. هەندێک جار بە زمانی شیعری دەردەکەون، هەندێک کات وەک چیرۆک و پەخشان، هەندێک جار وەک سەربوردەی کەسێک کە خەم و نیگەرانیی خەیاڵ و دەروونی دایپۆشیبێت. هەندێک کات خودی نووسەر لەسەر دیاردە و پێشهات و پرسێک سەرنجەکانی بە دڵسۆزی و پەرۆشییەوە دەردەبڕێت. لاپەڕەیەکی تر هەڵدەدەیتەوە، کەسایەتییەک دەدوێت کە چیتر نایەوێت بە کەرەستە و زمانی کلێشەیی، بە زمانی سیاسییەکان و زمانی میدیایی باسی دونیای خۆی و کێشەکانی بکات.

نووسەر لە ڕێگەی تایبەتمەندی و فۆڕمی نووسینەکەیەوە جۆرێک بێزاریی خۆی و ئێمەش نیشان دەدات؛ بێزاری لەو قسەکردن و نووسینە ساختە و ڕواڵەتییەی کە سیاسییەکان، ڕاوێژکارەکان، وتەبێژ، سەرۆک حیزب و بەرپرسان قەیران و کێشەکانمانی پێ پەردەپۆش دەکەن. نووسەر ڕاشکاوانە ئامانجەکەی دەپێکێت و دوای ئەو جۆرە نووسین و قسەکردنە ناکەوێت کە سەرتاپای نمایش و ساختەیە. بەتایبەت مەهزەلەی سپاردنی قەیرانەکان بە "لێژنە، بەدواداچوون، لێکۆڵینەوە". نووسەر بەم شێوەیە گوزارشت لە "لێژنە" دەکات: من ناوم لێژنەیە، بنەچە مێژووییەکەم و هەواری لەدایکبوونم وڵاتێکە، ئەو وڵاتەی عەرەبی چاوڕەش پێی دەڵێن شیمال و سیاسییە کوردەکانیش ددانی پێدا نانێن، بۆیەش دابەشیان کردووەتە سەر دوو زۆنی سەوز و زەرد. منی لێژنە لە سەرەتادا کێشەم لەگەڵ هیچ کەسێک نەبوو، ئاخر هەرگیز نەمەڕ و بزن و کەر و گۆلک و مانگام بەر نەداوەتە ناو لەوەڕگای هیچ کەسێک و نە پوش و پاوانی هیچ کەسێکم سوتاندبوو، نە ئاوبڕیشم لەسەر زەوی و زار و کێڵگەی کەس کردبوو. لەوەتەی بە بیرم دێت نە هێلانەی پەڕەسێلکەم تێکداوە و نە لێفەشڕەم لەسەر منداڵی هەتیوان لابردووە و نە پێخوستی شارەمێروولەشم کردووە، بەڵام بەڕاستی حیزبی و سیاسییەکان ناهەقییەکی گەورەیان لەگەڵ کردم؛ بەدبەخت و چارەڕەش و ناوبەد و سووک و ڕسوایان کردم. کردمیان بە ڕەمز و هێمای درۆی گەورە.

نووسەر، بە ڕێگەی ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکانی پێمان دەڵێت ڕوو لە هەر شوێنێک بکەیت "زڕپۆ"، بە چاکەت و پانتۆڵەوە هەن و هەموو کونج و کەلەبەرەکانیان تەنیوە. ئەوان خاوەن بڕیار و هێزن، ڕۆڵیان لە دامەزراوەکاندا هەیە و بڕیار بەدەستن؛ لە کاتێکدا سەدان ئەکادیمی و کارەکتەری خاوەن ڕوئیا و لێهاتوو پەراوێز خراون. بەڕاستی دام و دەزگاکان، زانکۆ و دەزگاکانی میدیا، پەرلەمان و سەرکردایەتیی حیزبەکان، ئەم مەملەکەتە پڕ بووە لە  کەسانی هەڵتۆقیو و ناشایستە و هیچ لە بار نەبوو . نووسەر بەم شێوەیە سەربوردەی "زڕپۆ"ی باسکردووە: زڕپۆ بە دەنگێکی سەرسوڕهێنەر و یەکجار زۆر لە منی بردەوە. دواتر هەموو ئەوانەشی کە هەڵمەتی هەڵبژاردنیان بۆ زڕپۆ بەڕێوە دەبرد و دەنگیان دابووە زڕپۆ، سەرلەنوێ لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەوتنە گلەیی و بۆڵەبۆڵ لەو نادادی و قەیرانەی هەناسەی لێ بڕیوون. دواتر حەکیمی زانا تەلەفۆنی بۆ کردم و پێی گوتم: دۆڕانت پیرۆز، ئاخر هەی شێت و پێت، تۆ لە سەردەمی سیاسەتی گەوجاندن و بەڵێنی درۆ و تیکتۆکچییەکان چۆن لە زڕپۆی تیکتۆکچی دەبەیتەوە؟.

لە کتێبی "خەیاڵی مرۆڤێکی سەرشێت" دا هەندێک کات شەهیدێکی کوردستان دێتەوە و دەردەدڵی دەکات لەبارەی تراژیدییەکان، نیگەرانی دۆخی سیاسی و بێباکیی دەسەڵات و سەرکردایەتیی کورد و حیزبەکانە. شاری کەرکووک دێت و باسی خەم و ئازارەکانی دەکات، کە چۆن داگیرکراوە و چۆن بێناز بووە: ناوم كەركووكە، شارێكم دوژمنم وایكردووە مێژووی زیندانەكانم لە مێژووی خۆشەویستی زۆر كۆنتر بێ‌، من شارێكم حەز بەهیچ ناو و شوناسێک ناکەم، كوردستانیم و بەس تەعریب، پیر و كەنەفتی كردم و برست و توانای لێبڕیم. جەنگاوەرانی شەڕگەی جوانیکوژیش بەو ستەمەی لێیان كردم، بەر چاویان لێڵ كردم، گوێیان كەڕ كردم و هێندە دروشمی شاخداریان بە باڵادا بڕیم،خەریكە ئازاری تەعریبم لەبیر دەچێتەوە!

دوای دەنگی کورکوک. کوردستان دێت و یادداشت و ڕاز و نیازەکانی بە گوێی خوێنەر دەچرپێنێت. نیشتمان دێت و باسی ئازارەکانی دەکات. کرێکارێک دێت و باسی چەوسانەوەی خۆی و بێکاری و نەهامەتییەکانی دەکات.

 خەیاڵی مرۆڤێکی سەرشێت، دەتباتەوە ناو دونیای "مەزرای ئاژەڵان"ی جۆرج ئۆرویل، چونکە ئاژەڵانیش لەم کتێبەدا دێنە قسە و پەیام و خواستەکانیان دەخەنە ڕوو، یان بە جۆرێک لە جۆرەکان باسی ئەو پارادۆکسە دەکەن کە لە پرسی ژینگەدا هەیە. 
نووسەر لە بەشێکی تری کتێبەکەدا لە ڕێگەی گێڕانەوەیەکی تر، ڕووی ساختەی چالاکییەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت: بەو پێیەی خۆم بە ژینگەدۆست و ئاژەڵ و باڵندەدۆست دەزانم، بۆیە ناونیشانی کۆڕەکە سەرنجی ڕاکێشام و بڕیارمدا لە کاتی دیاریکراودا لە شوێنەکە ئامادە بم. سەرەتا خانمێک ڕێنوێنیی کردم. هەر چوومە ژوورەوە و گەیشتمە ناو هۆڵێکی گەورە، بینیم لەسەر سێ لای دیواری هۆڵەکە کەوڵی مامز و چەقەڵ و ڕێوی و گورگ و بەراز و دەڵەک و کوڕەبەشە و سیخوڕ و کەو و کۆتر و باز و شاهین و بلبل و کوکوختی و شالور و نەورەس و مراویلکە و حاجی لەقلەق و پۆڕ و سوێسکە و ڕەشۆڵە و... هەڵواسرابوو. لە بڕگەی دووەمی کۆنفرانسەکەدا کۆڕێک بە ناونیشانی «ئێمە دڵسۆزی ئاژەڵ و باڵندەین» پێشکەش کرا. لە هەمووی سەیرتر ئەوە بوو کە ئەو کەسەی کۆڕەکەی بۆ ساز کرابوو ناوی سمەی ڕاوچی بوو و کۆڕگێڕیش ناوی حەمەی کەوکوژ بوو.

ئەم هەمەڕەنگییە لە بابەت و پرسی جیاجیا، و ڕووداو و گێڕانەوە و بەسەرهات، ڕێک "ڕشتەی مرواری"ی عەلائەدین سەجادی و هەندێ جاریش "چێشتی مجێور"ی مامۆستا هەژار دەهێنێتەوە بیری خوێنەر.

 یەکێک لە گێڕانەوە سەرنجڕاکێشەکانی ئەو کتێبە، کە تەنیا پەرەگرافێک لە کۆی نووسینەکە لێرە دانراوە، بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە: لە هەشتاکانی سەدەی بیست بوو. ئێمە پۆلێک پێشمەرگەی یاخی چووینە گوندێکی چیانشینی سەرسنوور. لەسەر سەکۆی مزگەوت پیاوێکی کەشخە و سەنگین و بە ویقار، دەتگوت یوسفی کەنعانە جوانی دەنوێنێت، دەتگوت نالییە و چامەی شیعر دەنووسێت. فەرمووی چوونەوە ماڵی خۆیانی لێ کردم. هاتینە سەر قسە. کە زانی مرۆڤی هێمن و لەسەرخۆین، تێگەیشت قسە وەردەگرین. لێی پرسین: ئێوە بە نیازی چین؟ منیش گوتم: دەمانەوێت ڕژێمی سەدام بڕوخێنین، دۆخێک دروست بکەین گورگ و مەڕ بەیەکەوە ئاو بخۆنەوە، ژیانێکی ئازاد و شایستە بۆ گەلەکەمان فەراهەم بکەین. کەچی پیاوە کەشخە و جوانمێرەکە گوتی: سەدامیش بڕوخێنن، بەو سیاسەت و هەڵسوکەوت و بیرکردنەوەیەی ئێستا لە شاخ هەتانە، ناتوانن ژیان و قۆناغ و مێژوویەکی نوێ بۆ خەڵک دابین بکەن.

نووسەر لە خەیاڵ و دەردەدڵیدا دەگەڕێتەوە سەر دونیای ئەدەب و زمان و  شاکاری شاعیران. لە زۆرینەی بەشەکاندا دەیەوێت بچێتەوە سەر کاروانی ڕۆشنبیری و ئەدەبییەکەیان. لە ژێر سێبەری چامە و بیر و ئەندێشەی گۆران و هێمن و حاجی قادر و نالی و چەندان شاعیر و مێژوونووس و زانا و هونەرمەندی کوردی تر کە ناویان هێناوە، هەوڵ دەدات خوێنەر ئاراستە بکات و بڵێت: پێویستە ئێمە ئەم خەزێنە ئەدەبی و فکرییە بکەینەوە و بیر و هزرمان پێی دەوڵەمەند بکەین.
نووسەر لە " خەیاڵی مرۆڤێکی سەرشێت"دا لە پرسیارکردن و گومانکردن ناکەوێت. لەو شوێنانەی کارەکتەرەکان گفتوگۆ دەکەن، ئەوانیش بە زمان و بیرکردنەوە و ئەزموونی خۆیان ڕێچکەی پرسیار و گومان و هەڵوەستەکردن لەسەر دیاردە نەرێنییەکان دەگرنە بەر. کتێبەکە خوێنەر بە توندی بە واقیعەوە دەبەستێتەوە. ڕووداوەکان و قەیران و کێشە و مەرگەساتەکان لە ژێر حوکمی دەسەڵاتی خێڵ و حیزب، مرۆڤ ڕووبەڕووی ڕامان و نیگەرانی دەکەنەوە. بۆیە ڕێگەت پێ نادات ڕاگوزەرانە لاپەڕەکانی هەڵبدەیتەوە، بەڵکو هانت دەدات بیر لە واقیع بکەیتەوە، بۆ ئەوەی بزانیت بنەڕەتی کێشەکانمان چین، کێ هۆکارە و لێکەوتەکانی چین.

 نووسەر، لە ڕێگەی دەمەقاڵێ و ڕاوێژ لەگەڵ کارەکتەرەکانی دەکەوێتە ناکۆکی لەگەڵ ئەو واقیعە مەجازییەی کە تارمایی هەیە بەسەر ژیانی گشتییەوە. لەم واقیعە مەجازییەدا نووسەر تەواو یاخییە! دەیەوێت بە کۆمەکی کۆمەڵێک کەسایەتی و کارەکتەری ناو چیرۆکەکانی، پرسیار و گومان بخاتە سەر ئەم واقیعە ناسروشتی و نائاساییەی کە خزاوەتە ناو ژیانی تاک و کۆمەڵگە و سیاسەت و حیزب و حوکمڕانییەوە.

لەم کتێبەدا لە شوێنێک خوێنەر غەمگین دەبێت و دەتخاتە بەردەم بیرکردنەوە لە دۆخی کۆمەڵایەتی و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەو نەریتانەی هێشتا لە کۆمەڵگەدا دەنگ و سەدایان هەیە، لە شوێنێکی تر دەتخاتە پێکەنین! ئەو گۆشانەی بە کەرەستەی تەنز و کۆمیدیا و ئیدیۆم نەخشێندراون، دیسان نیگەرانیی نووسەر دەردەخەن لە ئاست دونیای نادادی و لە ئاست خەمی نیشتمان، وەک لەم پەڕەگرافەدا دەڵێت: ئەی وڵاتی بەرگری و فیداکاری و شەهیدستان، چییە ئەو هەموو سیاسەتبازەی پەیدابوونەوە، پۆست و پلە و پایە بە ماف و غەنیمە دەزانن و دەسەڵات و قەڵەمڕەویان کردووەتە پلیکانە و قادرمەی گەیشتن بە گەندەڵی و کەڵەکەکردنی سەرمایە و گیرفان فوول

کردن؟.

نووسەر خۆی دەیەوێت لەگەڵ ئازار و نەهامەتی و کێشەکاندا هاوبەشی بکات و بەرپرسیارێتی هەڵدەگرێت. دەکەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ کارەکتەرەکانی تا لۆژیکیانە بڕیار بدەن و مامەڵە بکەن. کارەکتەرەکان هەندێ کات بە ڕێگای چەوت و بژاردە خراپەکانیشدا دەڕۆن، بەڵام نووسەر تەنیا هەوڵدەدات بژاردەکانیان بۆ شیبکاتەوە، بەبێ ئەوەی گوشاریان بخاتە سەر و ئازادییەکانیان کۆت و بەند بکات. هەریەک لە کەسایەتی و کارەکتەرەکان گوزارشت لە دیاردەیەکی ناو کۆمەڵگە دەکات. کەسایەتییەک وەک "ناسکە خان"، هاوکات کارەکتەرەکانی تریش پەردە لەسەر نەریتێکی باوی کۆمەڵگە هەڵدەماڵن. ئەوان ئاوێنەی دەرخستنی ئەو پاڕادۆکسە شاراوانەن کە لە هەموو ژیانی گشتیدا بوونیان هەیە.

کارەکتەرەکان دیارخەری نەریتی کۆنەپەرست و مێنتاڵییەتی ئایینی و خێڵەکین، کە دەسەڵات پشتگیریان دەکات بۆ مانەوەی هەژموونی خۆی. گفتوگۆی سادەی ئەوان و پرسیارەکانیان سەرجەمی ئاوڕدانەوەیە لە دۆخی گشتیی ئێمە؛ ئەو واقیعەی کە پڕە لە دیاردەی قێزەوەن، نابووتبوون و داتەپین و گەندەڵبوونی ژیانی سیاسی و حیزبی و حوکمڕانی لە کوردستان. بەڕواڵەتبوونی کۆی کایەی سیاسی و ڕۆشنبیری و کلتورییەکان. ئەوان بە سەرنجە سادەکان و پرسیارە بەردەوامەکانیان یارمەتیمان دەدەن بۆ ڕەخنەگرتن لەو ڕەوتەی کە نوێنەرایەتی بێ ئەرزش کردن و لێدان لە بەها جوانەکان دەکات. ئەوان ڕاست پێمان دەڵێن: کۆبوونەوەکان، هەڵبژاردن، کۆنگرە و کۆنفرانس مانا و سەنگ و قورساییان لەدەستداوە. ئەوان پێمان دەڵێن: حیزب لە کوردستان چ مەهزەلەیەکە و چ پۆخڵەوات و کارەساتێکی ناوەتەوە! ڕوو لە هەر جێگەیەک بکەیت، ئاسەواری بڕیاری هەڵەی دەسەڵات و حیزب و سیاسییە کۆلەوارەکان دەبینیت.

 هەر چیرۆکێک بە ڕێگەیەکدا دەمانبات، بەڵام هێڵێکی گشتی یان شاڕێگەیەک هەیە کە هەموویان دەخاتەوە سەر یەک ڕێگە، ئەویش ڕێگەی دامەزراندنی گوتارێکی ڕەخنەییە و پەردە لادان لەسەر دزێوییەکان. 

نووسەر، باسی شکستی سیستەم دەکات. قەیرانی دامەزراوەیی، سیاسەتی چەوتی ئابووری، نەبوونی دەستوور، قەیرانی دامەزراندن، نەبوونی ستراتیژ بۆ گەشەپێدانی بنەماکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پرسی ژنان و نەبوونی کەسی شایستە لە دامەزراوەکاندا. ئەم گرفتانە فاکتەر و هۆکاری سەرەکین لە قەیرانەکان، لە داڕووخان و پوکانەوەی ئینتیمای نەتەوەیی و داتەپینی ئەوەی پێی دەڵێن ئەزموونی هەرێمی کوردستان!

نووسەر لە "خەیاڵی مرۆڤێکی سەرشێت"دا پێمان دەڵێت چۆن حیزب بووەتە بزنس و کۆمپانیا. باسی سادەبوونەوە و دابڕان و پچڕانی پەیوەندیی سیاسەت بە فکر و مەعریفە دەکات.
کەسایەتیی ناسکە لە کتێبەکەدا، ئاڵۆزە، بەڵام خوێندنەوە و تێگەیشتنی جێگەی خۆی گرتووە. ناسکە کارەکتەرێکی وریا و چاوکراوەیە و پڕە لە پرسیار. ئومێدم وایە ڕۆژێک ناسکە پەی بە کۆمەڵێک کێشە و قەیران و مەترسیی تریش ببات کە هێشتا باسی نەکردووە. تۆ بڵێی ڕۆژێک ناسکە پرسیار لە سەرانی دەسەڵاتیش نەکات لەبارەی ئەوەی ئاخۆ ئەوە کێیە لەسەر سنوورەکان قاچاغچێتی بە دەرمان و فەرش و شامپۆ و لیفکە دەکات؟ ناسکە لە قسەکردنی خۆی ناکەوێت. ڕۆژێک هەر دێت کە پێیان دەڵێت: ئێوە تێر نەبوون لە مژینی خوێنی مرۆڤی کورد؟ یان پێیان بڵێت: ئێوە تێر نەبوون لە قۆرغکردنی بازاڕ؟ تۆ بڵێی بیری بێتەوە پێیان بڵێت: ئێوە ئەو هەموو سامان و سەروەتەتان لە کوێ هێنا و لەسەر حسابی کێ؟ دڵنیام ڕۆژێک دەپرسێت: ئێوە کوردایەتیتان بۆ خۆتان و بەرژەوەندییەکانتان کرد نەک بۆ نیشتمان و دواڕۆژ و مافی ڕەوای گەلی کورد. دڵنیام پێیان دەڵێت: ئێوە چۆن ڕووتان دێت بێنە ناو خەڵک لە کاتێکدا شکستتان هێنا لە حوکمڕانی و ئیدارەدانی ئەو وڵاتە. دڵنیام لێیان دەپرسێت: هەزاران کوڕ و کچی نیشتمانەکەم کە دەرچووی زانکۆن بێکارن، بەڵام خێرە، ئێوە منداڵەکانتان خاوەنی زانکۆ و بانک و نەخۆشخانە و شار و خاوەن زەوی و ئاسمانن.

لە لاپەڕەی یەکەم بۆ کۆتا لاپەڕەی کتێبەکەی هاوڕێ" زیرەک کەمال" پرسیاری جدی سەبارەت بە دۆخی کۆمەڵایەتیی، سیاسی و حکومڕانی دەخاتە بەر دیدی خوێنەر، وێڕای ئەوەی نووسەر خۆی هەوڵیداوە ڕوانگە و بیرکردنەوەی گشتی خۆی بخاتەڕوو، بەڵام  پرسیارەکان ماهیەتی خۆیان لەدەست نادەن و وەک خۆیان دەمێننەوە، چونکە لە مێژووی هزردا هەمیشە "پرسیار" پێگەیەکی گرنگی هەیە. چەندان فەیلەسوف ناونیشانی کتێبەکانیان ڕستەیەکی پرسیارییە. ئەوان بە پرسیارەکانیان سیستەمی فەلسەفی و کۆجیتۆی خۆیان دامەزراند و بە پرسیار دەستیان بە داهێنان و ئافراندن کرد. بە پرسیار خزمەتێکی زۆریان بە زانست و پێشکەوتنی هزر و ئەدەب و هونەر کرد. فەیلەسوفێکی وەک سوقڕات فەلسەفەی خۆی بە ڕێگەی پرسیارکردنەوە دامەزراند. هەروەها کانت پرسیارە گرنگ و جەوهەرییەکانی لە سێ پرسیاری سەرەکی پوخت کردەوە: "چی بزانم؟ چی بکەم؟ چی هیوا بخوازم؟". بە هەمان شێوە هایدگەر پێی وابوو پرسیارکردن باڵاترین و پیرۆزترین ئامراز و ڕێگەی بیرکردنەوەیە.

دەرئەنجام :


١/ بە شێوەیەکی گشتی کتێبی " خەیاڵی مرۆڤێکی سەرشێت"، زمانێکی سەرنجڕاکێشی هەیە کە سەرەڕای باسکردن و گوزارشت کردن لە نەهامەتییەکان و ڕۆژگاری سەخت، بەڵام زمانی نووسینەکە هێمن و نەرمە، خوێنەر پێی هەست بە ئارامی دەکات. 

۲/  زمانی نووسینی کتێبی " خەیاڵی مرۆڤێکی سەرشێت". پڕە لە هەڵێنجانی ماناکانی خۆشەویستی، ئومێدبەخشی، ئێستێتیکا، نۆستالژیا و داتاشینی هونەری گفتوگۆ.

 ٣/ کتێبەکە تەنیا دیدگا و خەیاڵ و بیرکردنەوەی نووسەرمان پێ ناڵێت، بەڵکو  شاعیرانی کلاسیک و نوێ، مێژوونووس و زمانزان و هونەرمەندان، و ئەفسانە و داستانە کاریگەر و بەهێزەکانی مێژووی فکر و ئەدەب، وەک تارمایی بەسەر ئاسمانی خەیاڵ و تێڕوانین و پەیامەکانی نووسەردا دەبینرێت.
 
٤/  کتێبی " خەیاڵی مرۆڤێکی سەرشێت "، گفتوگۆیەکی هێمن و ئازادانە نمایش ئەکات، دوور لە سەپاندنی بۆچوون، هەروەها نووسەر، کارەکتەری خەیاڵ و چیرۆکەکانی خستۆتە دۆخێکی ئازادانە، سەرپشکی کردوون بۆ ئەوەی گوزارشت لە ئەزموون و جیهانە تایبەتییەکەیان بکەن. ئەم ئازادییەش خۆی نووسینەکە بەرەو دامەزراندنی گوتارێکی ڕەخنەیی دەبات.

٥/ ئەم کتێبە، بژاردەیەکی گونجاوە بۆ ئەو خوێنەرانەی کە دەیانەوێت لە ڕێگەی تەنز، یان دوور لە زمان و شێوازی بێزارکەری میدیا، و گوتاری پۆپۆلیستی" ئۆپۆزسیۆن"، لە واقیعی سیاسی و سیستەم و قەیران و کێشەکان و دونیای حکومڕانی قوڵببنەوە. 

٦/ پرسیارکردن، پێگەیەکی گرینگی لە کتێبەکەدا هەیە، نووسەر لە ڕێگەی پرسیارەکانیدا خوێنەرنیش دەخاتە دۆخی بیرکردنەوە، و وەڵامدانەوەی  پرسیارە گرینگەکانی ناو کتێبەکە.

۷/ سەرجەم گۆشەکان و بەشەکان، بە ئاراستەی بوونیاتنانی ڕەخنە هەنگاو دەنێن، هەڵبەت نووسەر بە ئامانجەکەی گەیشتووە، هەر وەک لە سەرەوە باسم کردووە.

٨/ بۆ ناونانی ئەم کتێبە دەکرا نووسەر، ناوێکی تر پەسەند بکات، بەڕای من  ناوی کتێب، پێویستە ڕەنگدانەوەی کڕۆکی بابەت بێت. ناوی کتێب زۆر گرینگە بۆ ڕاکێشانی خوێنەر. لەبەر ئەوە  ناو نانی "خەیاڵی مرۆڤێکی سەرشێت " بۆ ناوڕۆکی ئەم کتێبە  لۆژیکی نیە. چونکە پەیام و هەست و ڕوانینەکانی ناو گۆشەکان، ڕامان و پرسیاری هزریی و  قوڵبوونەوە لە چەمک و فیکر و مەعریفەی تێدایە. هیچیان بەو ئەندازەیە" سەرشێت نین" کە ببێتە هۆی ئەوەی کتێبەکە ناوی" خەیاڵی مرۆڤێکی سەرشێت"  بکرێت، بۆیە ناوەکە لەگەڵ مانا و مەغزای گۆشەکاندا کۆک و هاوتا نیە

٩/ کارەکتەری ناو گۆشەکان، ئەگەرچی بەهۆی جۆری ناوەکانیان و هەڵسوکەوتیان وا دەردەکەوێت کە  کۆمیدی و سەرشێتانەن، بەڵام پرسیار و تێگەیشتنەکەیان دەری ئەخەت تەواو هۆشیار و عەقڵانیین.

١٠/ نووسەر، بە ڕوونیی دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی ئەدەب و داستانەکانی کورد، ئەمە خەزێنەیەکی دەوڵەمەندە. بەڵام لە هەندێک شوێندا نۆستالژیا لە ڕەخنە زاڵتر دەبێت و ڕابردوو وەک سەردەمێکی پاک و بێ کەموکوڕی نیشان دەدات. بە بۆچوونی من گەڕانەوە بۆ ڕابردوو کاتێک بەرهەمدارە کە ببێتە سەرچاوەی هزر و پرسیار لە ئەمڕۆیەکی وێران، بەڵام بەبێ ئاوڕدانەوەیەکی ڕەخنەگرانە، گەڕانەوە بۆ ڕابردوو جۆرێکە لە بە پیرۆزکردنی ڕابردوو! بێگومان مێژوو و ڕابردووی ئێمەش لە هەموو بوارەکانەوە بەدەر نیە لە ڕەخنە. 

کۆتایی

 

کتێبی " خەیاڵی مرۆڤێکی سەرشێت"، سێیەمین کتێبی نووسەرە، لەدوای" بیرەوەی بەنگلادیشییەک"، هەروەها کتێبی " ڕوانینێک لە سەردەمێکی هەڵچوودا". هاوکات هاوڕێ
" زیرەک کەمال"، وەک  نووسەر، وێڕای ئەم کتێبانەی خاوەن چەندان شاکاری شیعری و گوتاری جۆراو جۆرە. جگە لە ئەزموونی سیاسی و پێشمەرگایەتی،  ڕاوێژکار بووە لە سەرۆکایەتی حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم. ساڵانێکی زۆرە لە میدیا و کایەی ڕۆشنبیریدا ڕۆڵی دیار و بەرچاوی هەیە، تا ئەمڕۆش کۆشش و کار و بەرهەمەکانی بەردەوامن.

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا