
هەموو ئەوانەی کەڕەنای مەرگیان ژەنی، تاڵاوی ژیانیان نۆشی.
٠٠
هەموو ئەوانەی بە باڵی شەمێ هەڵفڕین، ئێستا ناتوانن بەسەر زەویشدا بڕۆن.
٠٠
هەموو ئەوانەی خەونیان بە ئازادییەوە دەبینی ، هەرگیز لە سێبەریا نەحەسانەوە.
٠٠
هەموو ئەوانەی ویستیان بگەن بەلووتکە، بنارەکان قووتیدان.
٠٠
هەموو ئەوانەی بەدوای نەمریدا گەڕان، گەیشتن بەنەمری، کە مردن بوو.
٠٠
هەموو ئەوانەی کە عاشقی راستەقینە بوون، بە عەشقی مەعشووقەکانیان چوون .
٠٠
هەموو ئەوانەی بە
دەنگی بەرز هاواریان دەکرد، دۆڵی ترس راوی کردن.
٠٠
هەموو ئەوانەی مەلەوانی باش بوون، لە تەنکاوەکاندا خنکان، نەزانەکانیش پەڕینەوە.
٠٠
هەموو ئەوانەی لەخوا دەپاڕێنەوە بیانباتە بەهەشت ، کەچی نایانەوێ بمرن.
٠٠
هەموو ئەوانەی لەبەرزاییەوە خەڵکی بە بچووک دەبینن، بچووکی خۆیان نمایش دەکەن.
٠٠
هەموو ئەوانەی کە پەیکەرتاشن،
بەردەوام لەگەڵ خودادا دەژین.
٠٠
هەموو ئەوانەی خالیقی دەقن، پیشەیان لەپیشەی خو ا دەچێ.
٠٠
هەموو ئەوانەی لە غوربەتا دەژین، دواجار بۆنی خاک دەیانکوژێ .
٠٠
هەموو ئەوانەی لە دزیاریا تاکیان نیە، لە سەر گردی ئاشکرایی دەژین..
٠٠
هەموو ئەوانەی هەمیشە پێدەکەنن، گریان ئەوانی لەناخەوەدا هاڕیوە.
٠٠
هەموو ئەوانەی بەناوی خوداوە دەجەنگن، شمشێر بە دەستی شەیتانن.
٠٠
هەموو ئەوانەی کە مەست دەبن، دڵیان شەڵاڵی میهرەبانییە.
٠٠
هەموو ئەوانەی لەزیندانە تاریكەکانن، دەزانن رووناکی چەند بەهادارە.
٠٠
هەموو ئەوانەی لە کەناری ئاوە مەندەکان دەژین، دەزانن ئەم ئاوانە چەند قووڵن.
٠٠
هەموو ئەوانەی دیانەوێ لە بەرزایی بژین، دەبێ بەرگەی برووسک و هەورەتریشقەش بگرن.
٠٠
هەموو ئەوانەی بەریندوویی لە مەیدانی جەنگدا گەڕاونەتەوە، مەرگ هەستێ داگیر کردوون.
٠٠
هەموو ئەوانەی رق دڵی رەش کردوون، گوڵی سپیی لە یەخەیان دەدەن.
٠٠
هەموو ئەوانەی خوێنیان ڕشتووە، خوێنیان دەڕژێ.
٠٠
هەموو ئەوانەی دارستانە تاریکەکان رووناک دەکەنەوە،
بێدڵ دەگەڕێنەوە.
٠٠
هەموو ئەوانەی نانی مرۆڤەکانیان بەتاڵان دەبرد،
لەبرسان مردن.
کەریم دەشتی
