بەرزان عەلی

 

کۆڵەپشت ۱۱

​چاوەڕوانیم وەنەوز دەدات،

پرخەی تا ئەودیوی کوخەکە دەڕوات.

لە نێو تارماییەکی نادیاردا، بە تۆپەڵ هەڵدەوەرێن بە بێدەنگی.

شەقامەکان گێژ بوون لە تاو ئاڵوودەبوون.

​خەریکە ڕووخسارم دەشێوێنی،

بە هەر بەدبەختییەک بووە دەمدۆزێتەوە و ناهێڵێت تەنهاییم هەڵوەرێت.

شەقێک لە پووچی هەڵدەدەم،

کۆڵەپشتەکەم بە خەواڵوویی هەڵدەگرم.

ماڵئاوایی لە شارێکی خەمۆک و پارکێکی دڵڕەق دەکەم،

یادەوەرییەکان لە کەللەی سەرمدا دەپێچمەوە.

​سووڕانەوەی تایەکان ئاماژەیەکی باشن،

شەقامەکان دڵیان کون بووە و شپرز دیارن، پێدەچێت پیر ببن.

خۆشبەختانە هیچ کەکەمتارێک  نابینیت پیاسەیەکی ئارام بکات.

قەلەڕەشەکان هێلانەکانیان چۆڵ کردووە، پێدەچێت لە خەڵوەتدا بن.

کاسێتەکە روشن دەکات تا وەنەوز نەیباتەوە و بمکێشێت بە گوناهێکدا.

​لە شارێکی ماندوو دەگیرسێینەوە،

سەرخەوێک دەشکێنین لە باوەشی ئۆتۆمبێلەکەدا،

ماندوویەتی ڕادەکشێت و دەبێت بە هەڵم.

تاریکی خەریکە کەمەری دەشکێت،

خۆی دەکێشێت بە ڕووخساری ئۆتۆمبێلەکەدا.

​دەست دەکەینەوە بە گەشت؛

حەز دەکەم گوێ لە گۆرانییەکی دڵنشین بگرم و سەرم بسوڕێنم بە تامی ژیان.

دەگەینە شارێکی سەوز،

بەرزیی درەختەکان و لەرینەوەی گەڵاکان دڵیان بردووم.

کچێکی چاوسەوز بە دوو نارنجۆکەوە، چەشنی تابلۆیەک، پاسەوانی شەقامە.

​پیاسەیەک بە نێو دەریای خەزەردا دەکەم،

سێبەرەکەم لە پێشمەوە دەڕوات.

چەند وێنەیەک دەگرم،

خەیاڵم لە نێو شەپۆلی دەریاکەدا پاڵدەخەم تا ڕشانەوەی تاریکی.

​نەورەسەکان بە کۆرس گۆرانی دەڵێن،

بە ئازادی لە نێو مەملەکەتی ئاودا خۆشەویستی دەکەن و دەفڕن.

پێکەنینی گەشتیارەکان لە مۆزەخانەی کەشتییەکاندا مۆمیا کراوە،

تا قووڵایی چاوی شیعر سەراب دەرەوشێتەوە.

شەپۆلەکان چەند قەڕنێکە ماندوویەتییان دەرنەچووە چەشنی سیزف...

خۆشەویستیی پیاوێکی قاجاری خەریک بوو ڕێڕەوی دەریاکە بگۆڕێت،

کچێک بە پێکێک ڤۆدکا و سیگارێکی ڕووسییەوە، چەشنی تابلۆیەک لە نێو شەپۆلەکاندا ڕاکشاوە.

​دەستێک بە ڕووخساری دەریاکەدا دێنم تا تووڕەییی ئارام بکەمەوە.

​دەگەڕێمەوە نێو شەقامەکان تا پیاسەیەکی تەنهایی بکەم،

ڕەنگیشە تەنهاییم پڕ بکەم لە پیاسە.

نێرگەلەیەک خراپ نییە تا سەرگەرمییەکەم کۆ بکاتەوە و خەیاڵم نەشێوێت.

هاوڕێ قاجارییەکەم لە دڵتەنگییم تێ دەگات،

قاپێک شەرابی بەتەمەنی عەیارە بیست و چوارم بۆ دێنێت.

نیگەرانم کاتێک دەبینم شەراب مەستم ناکات و تەنیا لێوم تەڕ دەکات.

هەڵدانی هەر پێکێک، تەنیا وێنەی کچە هاوڕێکەم نیشان دەدات

کاتێک چێژ لە مژینی سیگارێک دەبینێت.

​شتێک خەیاڵدانم ختووکە دەدات،

سەیرێکی قەدپاڵی چیاکە دەکەم و

بە خۆم دەڵێم: "بەرزان..."

پێدەچێت قەدپاڵی چیاکە خراپ نەبێت

بۆ مژینی یادەوەرییەکان بە تامی شیعر.

ئەم شیعرە لێرەوە دەست پێ دەکات...


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا