مـحـمـد داریـاس / کـۆیە
سەبارەت بە ئێوە رقم لە بڕوانامەیە
رقی زۆرم لە خوێندن و کتێب و خامەیە
ئای رقم لەمووچە و سەر مووچە و خانەنشینە
کەدەبینم بێ پارە و بێپول و بێژینە
سەبارەت بە ئێوە رقم لە دەسەڵاتە
بێزارم لە هەموو شتێکی ئەم وڵاتە
رقم لە چەك و شاخ و خەبات و
تێکۆشانە
رقم لە ئازادی و دیموکراتی و بەرخودانە
هەر لە بەر ئێوه کەرقم لە نیشتمانە
ئای رقم لە هەموو مرۆڤێکی چەك بەشانە
رقم لە شۆڕش و سیاسەت و کۆبوونەوەیە
چیاندەوێ، پلەوپایە، چیدەڵێن هەرئەوەیە
دژ بەکوشتن و تەقە و کەمین و ناو سەنگەرم
چونکە پاکم لە درۆ و گەندەڵی بێخەبەرم
دورم زۆر لە دزی و ناپاکی و خیانەت و درۆ
لە هەڵگیرساندنی ئاژاوە و شەڕی خۆبەخۆ
هەی نەفرەت لە بیر و بۆچوونی ورد و درشیتان
ئینجا لە کار و کردەوە و لە خوو رەوشتتان
ئەوەی مایەی خەمە خوێنی شەهیدانە
کەئیمڕۆ ئێوە بەرپرسن بەڕاستی تاوانە.