
نووسینی: د.چواس حسن
(١) خاک چۆن وەدەست دێت؟ یان مرۆڤ تینووی ووشکانی یە ئەو کاتەی ڤایکینگەکان بەدوای خاکدا وێڵبوون بۆ ئەوەی نانی لێ دەربێنن و ژیانیان مسۆگەر بکەن، بەرەو باکوری ئێرلەندا کۆچیان کرد. لەهەر کەنارێکەوە دەستیان گەیشتبایە بەزەوی، چنگیان لێی گیر دەکرد، ئاوەدانیان دەکردەوە و لێی نیشتەجێ دەبوون و هەتاهەتایە پارێزگاریان لێ دەکرد.
ئەوێ رۆژێ واڕێکەوت دوو کەشتییان لەیەک کاتدا گەیشتنە کەنارێک، کەشتی پڕ پڕ لە ژن و منداڵ و پیر و لاون، کە تینووی بستێک ووشکانی بوون تا دووبارە ژیانی ووشک هەڵاتووی ناو سوێراوی دەریای پێ ئاوبدەنەوە، پەلەی ساتێک زووتر دابەزین بوون تا قاچیان بەزەویدا بچەقێنن و چی تر شەپۆلی قەدەر یاری بەچارەنووسیان نەکات. سەرنشینانی هەردوو کەشتی دەیانەوویست ببنە خاوەنی کەنارەکە، بەڵام زۆر زۆرتر بوون لەوەی بتوانن بەیەکەوە تێیدابژین، بۆیە لووتیان لێک هەڵپرنگانەوە، پیشییان لەیەکدی سواربوو، چاویان لێک مۆڕبوونەوە، وەک ئەوەی تا یەکێکیان ببێتە خاوەن خاک هیچ چاریان نەبێت تەنها شەڕ نەبێت.
لەناو شڵپ و هوڕی شەپۆلی دەریا و زیڕەو هاتوو هاواری منداڵ و ژناندا، حەکیمەکانیان، بۆ دیاریکردنی ئەو کەشتیەی کە کەنارەکە دەباتەوە و دەبێت خاوەنی، بیریان لەڕێگەچارەیەک کردەوە، بەوەی لەهەر کەشتیەک ژمارەیەکی وەک یەک سەرنشینی لاو هەڵبژێرن و لەدووریەکی دیاریکراوەوە لە کەنار دەریاوە، بە دوو بەلەم لەنێوان هەردوو گروپەکەدا پێشبڕکێ بکەن، بەو مەرجەی سەرنشینانی کام بەلەمەیان زووتر دەستیان لەخاکی کەنارەکە گیر کرد، ئەوا سەرنشینەکانی کەشتیەکەیان دەبنە خاوەن کەنارەکە، بەوەش دەبێت کەشتیەکەی دیکە بەسەرجەم سەرنشینەکانیەوە بۆ هەتایە ئەو خاکە بەجێبێڵن.
هەردوولا بەو مەرجە ڕازی بوون، بۆیە بەهێزترین لاوەکانی خۆیانیان بۆ ئەو پێشبڕکێ چارەنووس سازە دیاری کرد. سواری بەلەم بوون، دوور کەوتەنەوە، دەستیان بە پێشبڕکێ کرد، سەوڵیان لێ دەدا و بەهات و هاوار یەکتریان هان دەدا، بیریان لای برسیەتی منداڵ و خێزانەکانیان بوو، لەگەڵ هەر سەوڵێکدا بەرەو خاک، خاکیان هێندە و هێندەی دیکە لا شیرین دەبوو، پیرۆز دەبوو. هەرچەند گوێیان لە گریانی منداڵێکی برسی کەشتیەکەیان بووایە، هێندەی دیکە تینیان تێ دەکرد، چاوێکیان لەسەر سەوڵەکانیان و چاوێکیان لەسەر لووتی بەلەمەکەی تەنیشتیان بوو، تا بزانن لەکوێی یەکدین؟
هەر گروپێکیان لاوێکی بەهێزی لەپێشەوەی بەلەمەکەیان دانابوو، ئەوانە سەوڵیان لێ نەدەدا، بەڵکو بەپێوە وەستابوون، چاویان تیژ تیژ بڕیبووە کەنارەکە، بۆئەوەی لەهەر ساتێکدا کە گەیشتن، یەکەو ڕاست خۆیان فڕێ بدەن و بەیەک قەڵەمباز خۆیان بگەیەننە خاکەکەی و پێش ئەوەی تریان دەستی لێ گیر بکات، تا ببنە خاوەنی خاک. هەر لاوێکیان دەتگووت لەسەر ئاوو ئاگرانە تا دەگاتە کەنارەکە. بەتوڕەیی سەیری یەکتریان دەکرد، بەهاندانەوە سەیری هاوەڵەکانیان دەکرد، بەهیوا و ئومێدێکەوە سەیری کەنارەکەیان دەکرد. هەر ساتەو چاویان لەسەر یەکێکیان بوو (ڕکابەر، برا، کەنار).
لەگەڵ نزیکبوونەوەیان لەکەنارەکە، یەکێک لە بەلەمەکان پێشکەوتبوو، بایی ئەوەندەی کە دڵنیایی بداتە لاوی پێشەوەی بەلەمەکە، تا بەدەنگێکی بەرزی تێکەڵ بەقاقای پێکەنینێکی تەوساوی هاواری لە بەلەمەکەی دواوەکردوو ووتی:
- ئێستا چەند ساتێکی کەممان ماوە، ئەم دەستەم -دەستێکی بۆ ئاسمان بەرز کردبۆوە- لە خاکی کەنارەکە گیردەکەم، بەوەش ئێمە دەبینە خاوەن خاک و ئێوەش دەبێت لێرە بڕۆن، سەرگەردان بەدەم شەپۆلی دەریاوە بەدوای خاکدا بسوڕێنەوە.
لاوەکەی لەپێشەوەی بەلەمەکەی دواوە بەپێوە وەستابوو، بەتوڕەیی سەیری ئەوەی پێشەوەی کردوو و هاواری کرد و ووتی:
- نەخێر قەت نایبەنەوە و نابنە خاوەنی ئەم خاکە.
لەپڕێکەوە شمشێرەکەی دەرهێنا، لەو ساتەدا ئەوانەی بەلەمەکەی پێشەوە وایان زانی کە هێرش دەکاتە سەریان، بەڵام ئەو دانەویەوە و دەستەکەی دیکەی لەسەر تەختی بەلەمەکە گیر کردوو و تا هێزی تێدا بوو شمشێرێکی لەمەچەکی داو و لەپی دەستی پەڕاند، ئیتر هەر زوو شمشێرەکەی فڕێداو لەپەدەستە پەڕیوەکەی، کە هێشتا فیچقەی خوێنی لێ دەهات، هەڵگرتوو تا هێزی تێدابوو بەسەر بەلەمەکەی پێشەوەیدا هەڵدایە کەنارەکە.
دەستە پەڕیوەکە بە بەرچاوی ئەبڵەقاوی سەرنشینانی هەردوو کەشتیەکەوە گەیشتە کەنارەکە و پەنجە خوێناویەکانی هێشتا زیندوو بوون و لەتاو زەبری بڕینەکە خۆیان گرژ دەکردوە، بۆیە دەستە خوێناویەکە چنگی لە خاکی کەنارەکە گیر کرد. لەو ساتەدا لاوە دەست بڕدراوەکە، کە لە تامەزرۆیی گەیشتن بە خاکدا ئازاری دەستە بڕاوەکەی بیرچوبۆوە، بە قاقاوە هاواری لەوانەی پێشەوە کردوو ووتی:
- خۆتان ماندوو مەکەن، دەستی ئێمە پێش ئێوە لەکەنارەکە گیربوو، بەخوێنی خۆمان بووینە خاوەنی خاک، فەرموون ئێوە ئەم کەنارە بەجێبهێڵن، ئیتر ئێرە بۆ هەتایە خاکی ئێمەیە.
بەڵێ بە خوێن و ئازایەتی خۆیان مەرجی سەرکەوتنیان بەدیهێناو بوونە خاوەنی خاک. ئەم ڕووداوەش لە ئێرلەندای باکور بە چیرۆکی (دەستە سوورەکەی ئەلستێر) ناسراوە، کە وەک سیمبوڵێک لەسەر ئاڵاکەشیان نەخشێنراوە.
********
(٢)
خاک چۆن دەپارێزرێت؟
یان
مرۆڤ عاشقیی خاکە
_______________
پاپا بورجیا (١٤٩٢-١٥٠٣) پڕاوپڕ بوو لە حەقیقەتی مرۆڤ، ئەو حەقیقەتەی کاتێک مرۆڤ دەگاتە لووتکەی دەسەڵات و کەس نیە لێی بپێچێتەوە لێی دەردەکەوێت، ئەو کاتەی دەکوژێ و دەبڕێ و دەدزێ و دەبا و دەخوا، نەک هەر لەدڕندە دەچێت، بەڵکو خراپتریشە. ئەو مرۆڤەی ئەوێ رۆژێ کاتێک فریشتەکان هەواڵی دروستکردنیان لەخوای گەورە بیست، لەرزیان لێهات و بەسەرسوڕمانەوە لێیانپرسی: ئەوە دروست دەکەیت کە هەموو تاوانێک دەکات؟!!
پاپا بورجیا دەیوویست دەسەڵاتی رۆما بەسەر سەرجەم مەملەکەتەکانی ئیتاڵیای ئەوسادا بسەپێنێت، بۆیە کەوتبووە سەودا و مامەڵەی دەسەڵات و پارە و سوپا. ڕێکەوتنی دەکرد، فێڵی دەکرد، درۆی دەکرد، سوپای دەناردە سەر مەملەکەتەکان، کوشتن و بڕینیشی دەکرد.
ئەوێ رۆژێ دەیەویست مەملەکەتی (فورلی) بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و ملکەچی بکات، ئەو مەملکەتەی ئەوسا شازادە (کاترین سفورزا) پادشایەتی دەکرد و نەیدەوویست ملکەچی بۆ پاپا بکات، بۆیە پاپا پورجیا (خوان)ی کوڕی بەسەرکردایەتی سوپایەکی زەبەلاحەوە ناردە سەر فورلی.
خوان کاتێک بەسوپا زەبەلاحەکەیەوە گەیشتە بەردەرگای قەڵای فورلی و بینی نایانەوێت خۆیان بەدەستەوە بدەن، گەمارۆیەکی مەحکەمی خستە سەر قەڵاکەیان، بەڵام هێشتا کاترین سفورزا بەهومێدبوو و لەگەڵ سەربازەکانی بەرگری و ئازایەتیان دەنواند، وەک بەردەکانی دیواری قەڵاکە سەختبوون و بگرە خوان و سوپاکەیشیان بێهومێد کردبوو.
خوان کەوتە کەڵکەڵەی ئەوەی کە بەفرت و فێڵ قەڵاکە بشکێنێت، بۆیە داوای لەکاترین کرد گفتوگۆ بکەن، کاترین رازی بوو، بەخۆی و کوڕەکەی و چەند سەربازێکیەوە دەرگایان کردەوە و چوونە بەردەم قەڵاکە و لەگەڵ خوان و چەند سەربازێکیدا، هەروا بەسواری ئەسپەوە، گفتوگۆیان دەکرد، کە لەپڕێکەوە سەربازەکانی خوان ئەسپەکەی ژێر کوڕەکەی کاترینیان بەتیرێک گلاند و پڕیان دایە کوڕە و پەلکێشی سەربازگەی خۆیانیان کرد. لێرەدا کاترین بەچەند سەربازێکی کەم و لەدەرەوەی قەڵاکەی و لەنزیک سوپای دوژمن هیچی بەدەستەوە نەما یان خۆبەدەستەدان لەپێناو کوڕەکەی یان پاشەکشە کردن، کاترین دانی بەجەرگی خۆیدانا و کوڕەکەی لەنێوان کەڵبەی دوژمنێکی بێڕەحمدا بەجێهێشت و گەڕایەوە ناو قەڵاکەی.
لەو ساتەوە، هەموو رۆژێک خوان کوڕەکەی کاترینی دەهێنایە بەرامبەر دەرگای قەڵا و بەدەنگێکی بەرز هاواری دەکرد بۆ ئەوەی کاترین بێتە سەردیواری قەڵاکە و داوای لێ دەکرد لەنێوان کوڕەکەی و مەملەکەتی فورلیدا یەکێکیان هەڵبژێرێت، ئینجا بەبەرچاوی دایکەوە، بەهەموو شێوەیەک ئازاری کوڕەکەی دەدا، وەبەر قامچی دەدا، تینوی دەکرد، برسی دەکرد، ڕووتی دەکردەوە و وەبەر سەرما و گەرمای دەدا، بەشێوەیەک کە تەنانەت ویژدانی سوپاکەی خۆیشی دەجوڵاند، ئەوەش تەنها لەپێناو ئەوەی کاترین بڕوخێنێت و لەتاوی کوڕەکەی مەملەکەتەکەی بەدەستەوەبدات، بەڵام کاترین بەرگەی ئەو ئازارەی دەگرت.
ئەوێ رۆژێ خوان دیسان لەبەرامبەر خۆڕاگری و سەرسەختی کاترین دا بێهومێد بوو، بۆیە لەبری کاترین بڕوخێنێت، کەچی خۆی ڕووخا، بەوەی لە هەنگاوێکی هیستریدا و بەبەرچاوی کاترینەوە خەنجەرەکەی دەرهێنا و پەنجەی کوڕەکەیی بڕی و بۆ کاترینی فڕێدایە بەردەرگای قەڵاکە، هاواری کرد و پێی ووت:
- ئیتر لەمڕۆوە، هەر رۆژە و پارچەیەکی لێ دەکەمەو و بۆتی هەڵدەدەمە بەردەرگای قەڵاکەت.
خوان نیازی بوو ئەوپەڕی دڕندەیی لەبەرامبەر کاترین دا بنوێنێت، هیچ شتێک نەبوو لەوەی پەشیمان بکاتەوە، ئەو نەیدەوویست بەدەستی بەتاڵ بگەڕێتەوە لای پاپا. ویژدان و ئایین و ئەخلاق و مرۆڤایەتی و ...هتد لەبەرامبەر ئامانجەکیدا سەلکێک توری قوڕاویان نەدەهێنا.
بەڵام کاترین ئازایەنتر و بەبیروباوەڕانەتر و سەرسەختانەتر و بەجەرگانەتر وەڵامی خوانی دایەوە، کاترین لەپێش هەردوو سووپای خۆی و خوان، هاتە سەردیوارەکانی قەڵاکەی، بەشێوەیەک کە هەموو دەیانبینی، ئینجا بەشێوەیەکی کتوپڕ و چاوەڕوان نەکراو تەنوورە درێژەکەی هەڵیدایەوە و تا ناوکی ڕووت کردو و بەقوڕگێکی پڕ قوڵپی گریان و چاوی تەڕەوە، بەڵام توندوو بەبڕوابەخۆبوونەوە ووتی:
- بزانە خوان، تا من خاوەنی ئەم بەرەبم ئەوا چەندین کوڕی ئاوا دەخەمەوە، بەڵام یەک (فورلی)یم هەیە، کە دووبارە نابێتەوە.
مەبەستی بوو بڵێت نەک پەنجەیەک، ئەگەر دڵی کوڕەکەشم بەبەرچاومەوە بەدەست دەربهێنیت و فڕێی بدەیتە بەردەرگاکە، هێشتا فورلی بەدەستەوە نادەم.
بەم شێوەیە کاترین تا ئەو پەڕی (خوان)ی بێهومێد کرد، لەبەردەم هەردوو سووپاکە و مێژووشدا نابووت و ڕیسوای کرد، بەشێوەیەک رۆحی تێک شکاند، قەتا و قەت خوان خۆی نەگرتەوە، تەنها دڕندەیی و نموونەی سەربازێکی دۆڕاوی سەرشۆڕی بۆ هێشتەوە، تا ئەوەی لەکۆتاییدا سوپاکەی (خوان) تێکشکێنرا و کوڕەکەی کاترینیش ڕزگار کرا. خوان هەڵاتەوە لای پاپا، وەک نموونەی دڵڕەقیەکی دۆڕاو، تا ئەوەی هەموو بەرپرسیاری لێ وەرگیرایەوە، ئەوەندە نابووت بوو، بووە شوورەیی بۆ خێزانەکەی و براکەی لەنیوەشەوێکی تاریکدا کوشتی.
********
(٣)
خاک چۆن لەدەست دەچێت؟
یان
خیانەت مۆرانەی خاکە
___________________
ئێرلەندەیەکان لەووڵاتێکی جوان و قەشەنگدا دەژیان، بەهەشتێک بوو بۆخۆی، بەشی هەمووانی دەکرد، پڕاوپڕبوو لە نان و ماسی و میوە، لە ئاو و ڕووبار و داروبار، لەپێکەنین و قریوە و هەڵپەڕکێ. دەتووت پارچەیەکە و لەکاتی دروستکردنی بەهەشتدا لەدەست خوای گەورە کەوتۆتە خوارەوە.
ئێرلەندیەکان قەوم بوون، یاسا و ڕێسایان هەبوو، مێژوو و کلتوریان هەبوو، دزییان پێ عەیب بوو، پیاوکوشتن تاوان بوو، لەکاتی نەخۆشیدا سەردانی یەکتریان دەکرد، لەخۆشیدا هەڵدەپەڕین، دڵیان بە منداڵبوون خۆش بوو، بە ئازار و ناخۆشی فرمێسکیان دەهات، سوپا و مێرخاس و پیاوی ئازاشیان هەبوو، وەک هەموو بەنی ئادەمی دیکەی دونیا، دەسەڵات و حوکمڕانیشیان هەبوو، چ عەیبیان نەبوو بەئازادی دەژیان.
ئێرلەندیەکان وەک یەک قەوم بوون و مێژووشیان یەک بوو، بەڵام لەبری پادشایەکیان هەبێت کە داهاتووشیان یەک بخات، چەند پادشایەکیان هەبوو، سەرەڕای ئەو هەموو نازونیعمەتەی خواوەند پێی بەخشیبوون، کەچی بێ هۆ و لەوگۆڕەی هەر خەریکی شەڕوشۆڕ و لەیەکدیدان و کوشتن و بڕین و قاچ وقول شکاندنی یەکدی بوون.
دووبەرەکی و شەڕوشۆڕی ئێرلەندیەکان بەوە گەیشت کە لە ساڵی ١١٦٦ز یەکێک لەپادشاکانی ئێرلەندیەکان بەناوی (دێرموت مەکمۆرا) کاتێک لەبەرامبەر شا (ڕۆڕی ئوکۆنا)، کە دەیەوویست خاکی ئێرلەندە بکاتە یەک مەملەکەت و یەک دەسەڵات و یەکگرتووی بکات، هەست بەلاوازی دەکات و بۆ ووڵاتی ئینگلاند هەڵدێت، بەوەش ناوەستێت لەوێ داوا لە شا هێنری دووەم دەکات کە بۆ دژایەتی شا (ڕۆڕی) هاریکاری بکات. بۆیە لەساڵی ١١٦٩ ز سوپای هێنری دەچنە ئێرلەندا و شەڕی شا ڕۆڕی دەکەن، ئیتر قەت لەخاکی ئێرلەندە دەرنەچوون و نەگەڕانەوە بۆ ئینگلاند، بەرە بەرە خاکی تری ئێرلەندیەکانیان داگیر دەکرد، لەکەنار دەریاکاندا شاریان دروست دەکرد و قەڵای گەورەیان بونیاد دەنا و جێگا و پێگەی خۆیان پتەو دەکرد، تا وای لێهات شا هێنری ناوی خۆی نا (پادشای ئینگلاند و ئێرلەندە)، ئەوەش بەپێچەوانەی وویستی زۆربەی ئێرلەندیەکانەوە بوو.
لێرەوە بەدبەختی و ماڵکاولی و شەڕی ناسنامە و ئایینی و تایفی ئێرلەندیەکان لەبەرامبەر پادشاکانی ئینگلاند دەستی پێکرد. خاکیان لەلایەن ئینگلاندەکانەوە دەبەخشرایە قەومی دیکە، بەرگریان دەکرد، بەهەزاریان لێ دەکوژرا.
ئێرلەندیەکان پێوویستان بە سەدان ساڵ و ملیۆنەها شەهید بوو تا لەساڵی ١٩٢٢ ڕزگاریان بوو و شوێنەوارەکانی خیانەتی شا (دێرموت)یان سڕیەوە، بەڵام هێشتا نەیانتوانی هەموو خاکەکەیان وەدەستبهێننەوە کە رۆژگارێک نیشتمانیان بوو، چونکە خیانەت مۆرانەی خاکە.