حەمەسەعید حەسەن

ساتیرەچیرۆک

جاران خوێنەر پێی وابوو، ئەوەی نووسەر دەینووسێت، لە واقیعەوە هێناوییەتی، وەلێ ڕاستییەکەی پێوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان نووسین و واقیعدا نییە و دەق لە واقیعەوە هەڵناقوڵێت، بەڵکوو لە خەیاڵی نووسەردا لە دایک دەبێت. منیش لەم ساتیرەمدا ئەزموونی خۆم ناگێڕمەوە و باسی واقیع ناکەم، بەڵکوو هەوڵی دۆزینەوەی واقیعێکی نوێ دەدەم. ئەوەی دەینووسم، زادەی بەگەڕخستنی خەیاڵمە و لە وشە ڕۆ نراوە. بۆ ئەوەی مەبەستم ڕوونتر بێت، دەڵێم: ئەوە ناکەوێتە نێو کێڵگەی هونەری گێڕانەوەوە، ئەگەر نووسەر باسی واقیع بکات، بەڵکوو لە چیرۆکدا، ئیدی ساتیر بێت یان نا، نووسەر وێنەی دونیایەکی خەیاڵی دەکێشێت کە کەم یان زۆر لە واقیع دەچێت و جێگەی بڕوای خوێنەر دەبێت، ئاخر نووسەر ئەگەر باسی واقیعی کرد، با خۆی بە داهێنەر نەزانێت، چونکە ئەوسا لە باشترین بارودۆخدا، خەریکی ئامادەکردنی ڕیپۆرتاژێکە، ئەوەیش کاری ڕۆژنامەوانە، نەک چیرۆکەوان.

ئۆرهان پاموک دەڵێت: (ئەدەب ئەوەیە، توانای ئەوەمان هەبێت، کە بەسەرهاتی تایبەتیی خۆمان دەگێڕینەوە، لەوە بچێت باسی بەسەرهاتی ژیانی کەسانی دیکە بکەین، کە بەسەرهاتی تایبەت بە ژیانی کەسانی دیکەیش دەگێڕینەوە، وەک ئەوە وابێت، باسی ژیانی تایبەتیی خۆمان بکەین.) بەڵام کەس هەموو ڕاستییەکانی لەکن نییە، چونکە ئەدەب، ڕەنگە بە پلەی یەکەم ئەوە بێت، کە ژیاننامەی کەسێکی زادەی خەیاڵ دەگێڕینەوە، هەر لەوە بچێت، خەریکی گێڕانەوەی بەسەرهاتی ژیانی کەسێکی ڕاستەقینە بین. لە ژمارە نایەن، ئەوانەی دەتوانن، بەسەرهاتی ڕاستەقینەی ژیانیان بگێڕنەوە، بەڵام دەگمەنن ئەوانەی دەتوانن، بەسەرهات بخوڵقێنن. ئەو کەسایەتییانەی دەستۆیڤسکی خوڵقاندوونی، هەر لە کەسایەتیی ڕاستەقینە دەچن، ئەوەیە هونەری گێڕانەوە، نەک من بێم باسی خۆم، یان باس لە کەسێکی دیاریکراوی ناسیاوی خۆم بکەم. یەکێک لە کێشەکانی گێڕانەوە بە فۆرمی کەسی یەکەمی بگۆ کە دەکاتە من، ئەوەیە، زۆر لە خوێنەران وای بۆ دەچن، نووسەر بیۆگرافیای خۆی دەنووسێتەوە و خۆی لەنێو ڕووداوەکاندا ژیاوە.

شێخی سەعدی، ڕۆحم بە قوربانی بێت، فەرموویەتی: (هەموو زلێک بێ هونەرە.) ئەو گوتەیە کە پێویستە بە ئاوی زێڕ بنووسرێتەوە، لای کورد بووە بە: (زلی بێ حونەر.) کارەکتەری سەرەکیی ئەم ساتیرەچیرۆکە، کە زلێکی بێ هونەرە، کەسایەتییەکی ڕاستەقینە نییە، بەڵکوو خۆم ئەفراندوومە و زادەی خەیاڵی زەنگینی خۆمە، تەواو وەک چۆن عەزیز نەسین، قارەمانەکانی خۆی دەخوڵقاند.

سەرنجم داوە لەو فەرەنسایە، نزیکەی هەموو ئەوانەی لە فیکر و فەلسەفەدا جێدەستیان لەسەر ئاستی جیهان دیارە، مامۆستایانی زانکۆن، یان بوون، ئیدی هەر لە دورکهایم و فۆکۆ و ئاڵتوسێر و پییەر بۆردۆوە تا ئالان بادیۆ و ئالان تورین، کەچی مامۆستای زانکۆ لەکن ئێمە، مەگەر تاکوتەرایەکیان توانای نووسینی کتێبێک، توێژینەوەیەک یان ستوونێکی سەرنجڕاکێشیان هەبێت. شێ حسەین یەکێک بوو لەو ئوستادانەی خۆیان بە بیرمەندێکی نەتەوەیی دەزانی، وەلێ هەرگیز ڕۆژنامەیەکی لاکۆڵانیش، ڕووی لێ نەنابوو، ستوونێکی بۆ بنووسێت و بەردەوام شەڕی بوو لەسەر ئەوەی، نووسینی بۆ گۆڤار و ڕۆژنامە دەنارد و فڕێ دەدرایە ناو تەنەکەی زبڵەوە. خوا بەو سەرەوە ئاگادارە، وەک چۆن ئینسان کە بۆ یەکەمین جار دەست دەداتە تفەنگ و تەقەی پێ دەکات، دەترسێت و دەستی دەلەرزێت، ئێستایش دوای ئەو هەموو ساڵە لە نووسین، کە دەست دەدەمە قەڵەم، بە ترس و لەرزێکی لەو چەشنەوە دەنووسم، کەچی شێ حسەین، زوو زوو بە تاک و بە کۆ لەسەر حیسابی گیرفانی نیمچەبەتاڵی خۆی و بە قەرزوقۆڵە، (نامیلکە و کتێب)ی بڵاو دەکردەوە. هێژای گوتنێیە، بەرهەمەکانی بە بەلاش دابەش دەکرد، ئاخر خوێنەر پارەی پێ نەدەدان.

شێ حسەین کەسێکی کەساس بوو، هەر چی دەسەڵاتە شکی نەدەبرد. نە دەسەڵاتی دراو، نە هی حیزبی، نە هی حوکوومەتی و نە هی مەعریفی، بۆیە ناوبەناو خۆی وەک قارەمانی نوکتە دەبینییەوە. من ساتیرنووسم و بە ئەزموونی زۆرو زەبەند و سوپەردەوڵەمەندی خۆم، بۆم دەرکەوتووە، هەموو کەسایەتییەک بۆ ئەوە دەست نادات، ڕۆڵی سەرەکیی ساتیری پێ ببەخشیت، ئاخر بۆ ئەوەی ساتیر لە دایک ببێت، وێڕای نووسەرێکی قسەخۆش، پێویستمان بە کەسێکی گێلیش دەبێت. ڕەنگە هەندێک کەسی نەشارەزا، وای بۆ بچن، شێ حسەین بزنێکە نانی شوانی خواردووە و ئەم ساتیرە، بە پاڵنەری تۆڵەسەندنەوە نووسراوە، بەوانە دەڵێم، نا، نە ئەم ساتیرە، چیرۆکێکی ڕیالیستە و نە تۆڵەسەندنەوە، دەبێتە هەوێنی سەرهەڵدانی کۆمیدیا.

جارێکیان شێ حسەین (شت)ێک لە دووتوێی چل لاپەڕەدا دەنووسێت و بۆ ڕەخنەگرێکی گەورەی گەلەکەمانی دەنێرێت، تا سەرنج و تێبینیی ئەوی لەسەر بزانێت. ڕەخنەگری مەزن کە دەیخوێنێتەوە، دەحەپەسێت و دواتر لە نامەیەکدا بۆی دەنووسێت: (کاکی برا، تۆ نە زمانی کوردی دەزانێت، نە هیچت دەربارەی مێتۆدی توێژینەوە بیستووە، نە پشتت بە ژێدەرێک بەستووە و نە بۆچوونێکی جیاواز لە بۆچوونی خۆتت بەسەر کردووەتەوە، چۆن زات دەکەیت، بنووسیت؟ ئەمەی تۆ هەر لە قسەی سەر تەندوور دەچێت، ئەگەر چاپی بکەیت، تەلاری بڵندی شکۆمەندیت دەڕووخێت، پەڕەی گوڵاڵەی ئاوڕووت دەژاکێت و ئەگەری ئەوەیش بەهێزە، ببیتە کەرەسەی جۆک و هەوێنی پێکەنین و مایەی سەرهەڵدانی تەنز، ئاخر تۆ بێ ئەوەی دەرکی پێ بکەیت، هەم بتی پیرۆزی زمانی نووسینیت شکاندووە، هەم دڵی دەقت بریندار کردووە و هەم ئەو خەرمانەیەشت شێواندووە کە لە ڕوانگەی خوێنەرەوە، دەوری نووسەری داوە.) چارەکە سەدەیەک بەسەر تێبینییەکانی ئەو ڕەخنەگرەدا تێدەپەڕێت و شێ حسەین هەر مایەی خۆیەتی! ئێستایش کە دەنووسێت، نە جیاوازیی لە نێوان کار و بکەردا دەکات، نە ئاوەڵناو دەناسێتەوە، نە بەرکار،  نە فێری نووسینی ڕستەیەکی دروست بووە. ئێستایش دەرکی بەوە نەکردووە، ئاخاوتن شتێکە و نووسین شتێکی دیکە، ئێستایش نەیزانیوە، ئەوانەی پەیڤین و نووسینیان وەک یەک وایە، نابن بە نووسەر.

لەمێژە گوتوویانە: دوژمنی زانا لە دۆستی نەفام باشترە. شێ حسەین ئەمە لای خۆی، بە (کتێب)ێک، بە باڵای شاعیرێکی کۆچکردوویدا هەڵدابوو، بەڵام ئیشەکەی پێچەوانە کەوتبووەوە، ئاخر بۆ نموونە، نووسیبووی: شاعیری گەورە کە لە فڕگە دوو ژنی قەڵەوی عەرەبی بینیبوو، پێی گوتبوون، لە دێڵەدێو دەچن. بەمەیش بێ ئەوەی دەرکی پێ بکات، ئەو شاعیرە ژندۆست و دڵ و دەروون و خەیاڵفراوانەی، هەم وەک بابسالار نیشان دابوو، هەمیش وەک ڕاسیست. لەسەر ئەم هەڵە زەقە، کوڕی شاعیری کۆچکردوو، بە گژیدا چووبووەوە.

شێ حسەین یەکێک بوو لەو زلە هونەرلێسانەی شێخی سەعدی لێیان داخ لە دڵ بوو، لەو زلانەی کە پێدەکەنی دەتگوت ئەشکەوت هەرەسی هێناوە، کە گۆرانیشی دەچڕی، بە تایبەتی کە بۆی هەڵدەستا، دەتگوت زەوینلەرزەی بەهێز ڕووی داوە. هەندێک دەربڕین هەن، تایبەتن بە ژن، شێ حسەین هەرچەندە بابسالارێکی عەیار بیست و چوار بوو، بەڵام کە قینی لە کەسێک هەڵگرتبا، پێی دەگوت، هەر خۆی بە خۆی بێت، ئەم دەربڕینەیش نزایەکی شەڕە، ژنان لە ناحەزانی خۆیانی دەکەن. ببوورن منیش تۆزێک یادگەم خراپ بووە، ئاخر دەبوو زووتر پێتان بڵێم، شێ، پێوەندیی بە (ئەسپ)ی ڕەنگسوورەوە نییە، گچکەکراوەی شێخە.

من یەکەمین جار، لە ستۆکهۆڵم، لە ماڵی وەرگێڕێک کە داوەتی بۆ چەند نووسەرێک کردبوو، بە دیداری شێ حسەین وەک گوڵ گەشامەوە. باشبوو ئەو بێ ئەوەی ناوی لە لیستی بانگهێشتکراواندا هەبێت، هاتبوو، گەرنا ڕەنگە شانسی ناسینیم وا بە ئاسانی بۆ نەڕەخسابا. کە خواردن دانرا، خوا هەردوو چاوم کوێر بکات، ئەگەر زێدەڕۆیی بکەم، هێندەی خوارد، تا ئەو وەختە کە تەمەنم نزیکەی نیو سەدە دەبوو، کەسم نەدیتبوو هێندە بە هەڵپە بخوات، هێندە زۆر بخوات، هێندە لە کاتی خواردندا، بێ ئەتەکێت بێت. دەتگوت بە درێژاییی تەمەنی گیرۆدەی دەستی ئاسنینی برسییەتی بووە و ئەوە یەکەمین جارە لە ژیانیدا، بەسەر خوانێکی دەوڵەمەند و ڕازاوەدا دەکەوێت.

ئێستایش ئەوە بە پەرجوو دەزانم، چۆن دوای ئەو هەموو خواردنە نەتەقی؟ لە شیعری دێریندا (لوقمەباتمانی)*م دیتبوو، بەڵام لە واقیعدا، ئەوە یەکەم جارم بوو، کەسێکی لوقمەباتمانی ببینم. بۆ بەرچاوڕوونیی خوێنەر، ناچارم بڵێم، لوقمە، پارووە، (باتمان)یش دوورونزیک پێوەندیی بە شەمشەمەکوێرەوە نییە، بەڵکوو کێشێکی شەش هۆقەیییە، هۆقەیش لە هەندێک ناوچە تا چوار کیلۆ دەڕوات. بەرهەمی نووسەری چاک، بە شێوازی نووسینیدا دەناسرێتەوە، بەرهەمی قەڵەمی شێ حسەین، ئەگەر ناوی خۆیشی پێوە نەبووایە، بەوەدا دەناسرایەوە، هەمیشە (ئیزرەم و ئەلیرەم)ی دەخستە ڕستەوە، کتێب و نامیلکە و تەنانەت گوتاریشی نییە، پڕ نەبێت لەو دوو وشەیە، کە دوو کێشی دێرینن و یەکەمیان چواریەکی هۆقەیەکە و دووەمیان ‌هەشتیەکی.

شێ حسەین جارێکیان پێش ڕاپەڕین هاتە لام و گوتی: منیش وەک مەکیاڤیللی خەریکی نووسینەوەی ڕێنماییم بۆ ئەوەی سەرانی کورد ڕەچاوی بکەن و چی زووترە خەباتمان بە داهاتوویەکی گەش بگات. (ئەی فۆڕ)ێکی چرچولۆچی لە گیرفانی دەرهێنا و دایە دەستم، بە کوردییەک نووسیبووی، ئەوەندە ڕووتوڕەجاڵ بوو، کافری پێ موسوڵمان دەبوو، بۆیە هێندە بەزەییم پێیدا هاتەوە، دامە پڕمەی گریان. بۆی پێدا چوومەوە و ئەمەی لێ دەرچوو کە ناوم لێ نا: (هەندێ ڕێنوێنی بۆ سەرۆکی حیزبێکی نهێنی) کە وا بزانم، وشەیەک لە ئۆرجیناڵەکەی ئەوی تێدا نەمابوو.

(ئەندامانی حیزب، کۆمەڵە هەرزەکارێکی بەردەستی خۆتن، لێ مەگەڕێ ڕووناکایی ببینن، لە سەروەختی جێبەجێکردنی فەرمانێکی خۆتدا نەبێت. هەرگیز لێیان ڕازی مەبە، وایان لێ بکە، هەمیشە تینووی ڕازیکردنی تۆ بن! وایان لێ بکە، لە نێوان مردن و دەرچوون لە فەرمانێکی تۆ، هەمیشە مەرگ هەڵببژێرن. وایان لێ بکە، سەروەختی سەپاندنی ستەم، ئەوەی بیری لێ نەکەنەوە، پاساوهێنانەوە بێت بۆ ستەمەکە. بیرکردنەوەی چی؟ ئەوان بۆ ئەوە نەخوڵقاون، بیر بکەنەوە، ئەرکیان تەنیا وەشاندنی گورزە و هیچی تر. تا باڵای ژمارەی ڕفێنراوان و بزربووان و تیرۆرکراوان هەڵکشاوتربێت، خەڵکەکە گوێڕایەڵتر دەبن. مەرج نییە هەرزەکارانی حیزب، هەمیشە بە ڕۆژی نیوەڕۆ، زەبر بوەشێنن، جاروبار، ئەوی بە ڕۆژی ڕووناک ناڕەزایی دەربڕی، بە شەوی تاریک ملی بپەڕێنە! ئاخر شەو قەڵای مێردانە، ئاخر سەرەتا کوشتن هەبوو.)** کە نامەکە دەگاتە دەست سەرۆکی حیزبەکە و بە وردی دەیخوێنێتەوە، دەڵێت: (هەرگیز دار لەژێر زەبری تەوری داربڕدا نەیناڵاندووە، هەمیشە داربڕ بە دەست سەختیی دارەوە ناڵاندوویەتی.)*** ئەم هاوبیرە ڕێی بکەوێتە شاخ، یەک زستانی ڕەبەق، دەینێرم بۆ دارهێنان.

شێ حسەین لە ڕووسیا دۆکتۆرای لە (تەپاڵە)دا کردبوو، بۆ ئەوانەی فەرهەنگی زمانەوانییان هەژارە، تەپاڵە: شیاکەیە لە دۆخی وشکبوونەوەدا. ناونیشانی تێزی دۆکتۆراکەی بریتیبوو لە: (ڕۆڵی تەپاڵە لە پێشخستنی کشتوکاڵدا لە وڵاتە تازەکی گەشەسەندووەکاندا.) من دوا جار ئەوم لە بنکەی مەدتیڤی لە برۆکسل بینی. من چووبووم باسی ڕەخنەی ئەدەبی بکەم، ئاخر دەیان ساڵ بوو لەو بوارەدا کارم دەکرد و کتێبخانەی کوردیم لەو ڕووەوە، دەوڵەمەند و خەنی کردبوو، ئەویش هاتبوو باسی مێژووی کۆنی کورد بکات کە فڕی بەسەر لێزانینی خۆیەوە نەبوو.

*

* هەموو شێر‌و پڵنگن، وەختی نان خواردن، لە ئەترافت

سمێڵ بابڕ، كفن دڕ، كەلـلەخڕ، پەرچەم مەریوانی

دوعات با بۆ بكەن ئەمما، بە تەدبیریان نەكەی زینهار

مەلا‌ و دەروێش ‌و سۆفی و شێخەكانی لوقمە باتمانی

شیعری (خالیسی)ی کوڕی حەزرەتی شێخ ڕەزای تاڵەبانییە، بۆ مەلیکی کوردستانی گوتووە.

** د. محمد قندیل، في البدء کان القتل.

*** وەدیع سەعادە.

 

 

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

     

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە