دوای کڕینی کتێبەکەو خوێندنەوەی ئەم یادەوەرییە، دەستخۆشی و هیوای تەمەن درێژی بۆ نووسەر دەخوازم، نامەوێ قسەلەسەر کۆی کتێبەکە بکەم، هێندەی مەبەستم بوو ئەگەر بەکورتیش بێت تیشک بخەمەسەر بابەتێک کە لەنێو بابەتە جۆراوجۆرەکانی یادەوەرییەکەدا هاتووە، ئەویش بابەتی (داستانی هەنارە 1983).

نووسەر( شەماڵ حەوێزی)دەڵێ: (داوام لە بەهزاد (دانا)ی برام کرد دەربارەی داستانی هەنارە کە خۆی تێیدا بەشدارببوو، شتێک بنووسێ بەبارتەقای ئەوەی لەیادگەیدا ماوە).

من لێرەدا دەقی نووسینەکەی کاک (دانا) ناگوازمەوە، کە لەلاپەڕەی (236  تاوەکو 242) هاتووەو بەجوانی و ڕاستگۆیانەو دڵسۆزانە باسیکردووە، بەڵام بۆپشتگیری گێڕانەوەکەی کاک داناو وەک کەسێکی ئاگادار لەم داستانەو پرسیارکردن و وەرگرتنی زانیاری، حەزمکرد (زیادکردنێک) لەسەر ڕۆڵی پێشمەرگە قارەمانەکان و گەورەیی و مێژوویی ئەم داستانە بخەمەڕوو، بەتایبەت کە یەکێک لە فەرماندەکانی ئەم داستانە شەهید (بەکر جـۆڵا)ی بـرام بووە، 
هەروەک ڕوون و ئاشکرایەو زۆرێکیش لە پێشمەگەکانی بەشداربووی ئەم داستانە لەژیاندا ماون و دیارن، ئەم داستانە بەسەرپەرشتی و فەرماندەیی هەردوو سەرلق و هەردوو شەهیدان  (بەکر جۆڵا) و ( عەلی حاجی نادر) لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی (1983) لەگوندی هەنارەی نزیک هاوینەهەواری پیرمام و بەستۆڕە تۆمارکراوە، ئەم داستانە نموونەیەکی باڵای مێژووی خەبات و بەرگریی چەکداریی پێشمەرگەکانی کوردستان پیشان دەدات، کە چۆن و بەچی شێوازێک، لەسەردەمێکی پڕ لە ئاڵۆزی و مەترسیدا خەبات و تێکۆشانیان درێژە پێداوە.
ئەم داستانە کە پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی عێراق تۆماریانکرد، پێکهاتبوو لە هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگەکانی لقی کۆیە بەسەرپەرشتی شەهید (بەکر جۆڵا) و بەشێک لە پێشمەرگەکانی لقی شوان بەسەرپەرشتی شەهید (عەلی حاجی)و چەند پێشمەرگەیەکی لقی پشتئاشان، بەسەرپەرشتی (ابو دونیا) کە فەرماندەیەکی عەرەب بووە، وەک دەگووتـرێ ژمارەی پێشمەرگەکان نزیکەی 60 پێشمەرگەبوون. 
ئەم هێزە لەکاتێکدا ئەم جەولەو چالاكییەیان ئەنجام داوە، کە بارودۆخی ناوچەکە زۆر هەستیار بووە، چونکە لەلایەکەوە بەداخەوە شەڕی براکوژی لەنێوان (بەرەی جوود) ی ئەوکاتەو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (ی.ن.ک) بوونی هەبووە، لەلایەکیتریشەوە ئەوکات سەرەتای دەسپێکردنی گفتوگۆی نێوان یەکێتی و ڕژێمی بەعس بووە، کەیەکێتیی نیشتمانی لەناوچەکەدا هێزێکی کاریگەرو بەهێزو پڕچالاکی و جمووجۆڵبوون، لەهەمانکاتیشدا سنووری قەڵەمڕەوی و دەسەڵاتی ئەوان بوو، بۆیە بەهۆی ڕاوەستانی شەڕی پێشمەرگەکانی یەکێتی لەگەڵ ڕژێم، تا ئاستێکی باش ڕژێمی بەعس دەستکراوەو زاڵبووە لەناوچەکەدا، هەروەها نزیکی گوندەکە لەشارو هەستیاری شوێنەکەو دڵڕەقی دووژمن، هەموو ئەمانە گەورەیی داستانەکەو قارەمانیەتی هێزەکە دەسەلمێنێ، دوای ئەوەی ئەم مەفەرەزەیە دەچێتە ناو گوندی هەنارە، دوای ماوەیەک هەست بەجوڵەی دوژمن دەکەن و هێواش هێواش هێزەکانی جەیش و جاش لەگوندەکە نزیک دەبنەوەو لە هەموو لایەکەوە هێرش و پەلاماریان بۆسەر ئەم پۆلە پێشمەرگە دەست پێدەکات، بەڵام سەرەڕای سەختیی ڕێگەکان و نا بەرامبەری هێزەکان و بوونی ژمارەیەکی زۆری تانک و زریپۆش و فرۆکەو هەلیکۆپەتر،هێرشی چڕی دوژمن لە هەموو قۆڵەکانەوە ڕووەو گوندی (هەنارە)، لەم کاتەدا پێشمەرگەکان بەورەیەکی بەرزەوە بڕیاری بەرگریکردن لەخۆیان و تەواوی خەڵکی گوندەکەش دەدەن، بۆیە هێزی پێشمەرگە بە وردی چاودێریی جووڵەی هێزەکانی دوژمن دەکەن و وەک پاڵەوان لەبەردەمیان دەوەستن و دوژمن دەوەستێنن، لەوەش زیاتر  لەچەندین قۆڵەوە ناچار بە پاشەکشەو هەڵاتنیان دەکەن،  پێشمەرگەکان بە سەرکردایەتیی هەردوو فەرماندەی سەر لق شەهید(بەکر جۆڵا)و شەهید (عەلی حاجی ) بەرگرییەکی بێ وێنە دەکەن و بڕیار دەدەن مێژوو تۆماربکەن. شەڕەکە لە کاتژمێرەکانی بەیانیی زوو دەست پێدەکات و تاوەکو تاریکایی شەو درێژە دەکێشێ، بەدرێژایی ماوەی شەڕەکە هەردوو فەرماندەی سەرلق نەک هەر سەرپەرشتی شەڕەکە دەکەن و کۆڵان بەکۆڵان و سەنگەر بەسەنگەر پێشمەرگەکان بەسەر دەکەنەوە، بەڵکو لەڕێگای ئەو بڵندگۆیەی کە لەمزگەوتی گوندەکە بوونی هەبووە بەردەوام فەرمان و ڕێنمایی و هاندان و بەرزکردنەوەی ورەو توانا بە پێشمەرگەکان دەبەخشن و ڕێنمایی پێویست بەخەڵکی سیڤیلی گوندەکەش دەدەن و تەواوی سنووری شەڕەکە دەگەڕێن و بەسەریان دەکەنەوە، سەرەڕای بەکارهێنانی تۆپ و کۆپتەر و بۆردومانی قورس لەلایەن ڕژێمەوە، بەڵام پێشمەرگەکان بەکەمترین کەرەستەی جەنگییەوە توانیویانە بەرگرییەکی بێ وێنەو مێژوویی بکەن و تەنانەت خەڵکی گوندەکەش بپارێزن. لەم داستانەدا بەووتەی پێشمەرگەی بەشداربوو (دانا) حەوێزی و بەشداربوانیتریش ، پشتگیریی خەڵکی ناوچەکە و گوندنشینەکان  وەک (مام حوسین و کەسایەتییە دڵسۆزەکانی تر) بە ڕوونی دەردەکەوێت کە بە هەموو توانایەکیانەوە، لە پەنادان و گواستنەوەی بریندارەکاندا زۆر خەمخۆرانە هاوکاری پێشمەرگەکانیان کردووە، ئەمەش سیمبولی قووڵیی پەیوەندیی نێوان شۆڕشگێران و خەڵکی ستەملێکراوی ناوچەکەو تەواوی نیشتمان پیشان دەدات. دەبێت ئەوەش بڵێین، سەرەڕای ئەوەی کە پێشمەرگەکان توانیویانە گورزی گەورەی سەربازی لە دوژمن بدەن و زیانی گیانی و ماددی زۆر بە هێزەکانی دوژمن بگەیەنن وەک تێکشکاندنی چەندین ئۆتۆمبیلی سەربازی و دەیان کوژراو و بریندار، بەڵام لە بەرامبەردا بەداخەوە گوندی هەنارە بەهۆی تۆپبارانی چڕی کوێرانەوە تووشی خاپووربوون و وێرانکارییەکی زۆر دەبێتەوە، لەم داستانەدا تەنها یەک پێشمەرگە بەناوی (ئەبو شوهدی) کە پێشمەرگەیەکی بەڕەگەز عەرەب دەبێت و خەڵکی شاری (بەسرە) ی خوارووی عێراق بووە گیانی پاکی خۆی دەبەخشێتە ڕێگای نیشتمانێکی ئازادو گەلێکی بەختیار. بەداخەوە تەرمی پیرۆزی ئەم شەهیدە دەکەوێتە ژێر دارو پەردووی داڕووخاوی یەکێک لەو ماڵانەی کە کردبوویە سەنگەری بەرگری جێدەمێنێ، دواتر هێزەکانی ڕژێم تەرمەکە لەگەڵ خۆیان دەبەن. جگەلەو شەهیدە (9) پێشمەرگەیتر بریندار دەبن کە برینی سیانیان سەخت دەبێ، شەڕو بەرگری ڕەوا بەردەوام دەبێ و تا ئەوکاتەی لەتاریکایی شەودا پێشمەرگەکان دەرفەت دێنن و بە وریایی و لێهاتووییەوە دەتوانن خۆیان و تەواوی بریندارەکانیش لەگوندەکە دەربچن و خۆیان بگەیننە ناوچەیەکی ئازادکراو. ئەم داستانە بۆیە وەک تۆمارێکی مێژوویی ماوەتەوەو جێگای شانازییە، جیا لەم هۆکارو تایبەتمەندییانەی لەسەرەوە باسکران، تائێستاش لەلایەن بەتەمەنەکانی خەڵکی گوندی هەنارە وەک داستانێکی پڕلەقارەمانیەتی و خۆڕاگری ئەوێ ڕۆژێ  باس دەرکرێت و دەماو دەم بۆ نەوەکانی ئێستاو داهاتوو دەگێڕدرێتەوەو شانازی پێوەدەکرێ !!!

ڕووحی شەهیدان شادو  سەرکەوتن بۆ گەل..

ئازاد جـۆڵا  /  هەولێـر

 

 

No description available.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا