
شیعر
عەباس داودی
|
|
- ناوی کتێب : شەقژنی باڵی چۆلەکە
- بابەت : شیعر
- شاعیر : عەباس داودی
- تابلۆی بەرگی پێشەوە : گرفتار کاکەیی
- پێداچوونەوە : ناســیح ئەدیب
- خاڵبەندی : دیار لەتیف
- دیزایینی بەرگ : ســتار جەباری
- دیزایینی ناوەڕۆك: دلێــــر زەنگنە
- چاپ : 2026
- نرخ : 4 هەزار
- تیراژ : 500 دانە
- چاپخانە :
ژمارە سپاردنی ( ) ساڵی 2016 ی پێدراوە
پێشکەشە بە :
1 ـ خوێنی بە ناهەق رژاوی دایکی میهرەبانم
لە بە هاری 1991 بە تاوانی کورد بوون .
2 ــ بە هاوسەر و جگەر گۆشەکانم.
3 ـ مامۆستای گەورە و خەمخۆر ـ نەجمەدین عەزیز سمایل ـ
خزمەتێکی گەورەی بە زۆرینەی
بەهرەمەندان و فەرهەنگی کوردی کرد.
پێشه‌كی
(1)
شاعیری به‌ڕێز: عه‌باس داودی، زیاتر به شاعیری ئه‌م سه‌رده‌مه ده‌ناسرێ، شیعره‌كانی ئه‌م دیوانه هه‌ندێك پێی ده‌ڵێن (كورته شیعر) هه‌ندێك (بروسكه شیعر) هه‌ندێكی تر (هایكۆ) كه له‌كورتترین دێڕ و وشه‌دا مانایه‌كی فراوان ده‌دات به‌ده‌سته‌وه، یان هیچ نه‌بێت وا له خوێنه‌ر ده‌كات باشتروجوانتر بیربكاته‌وه، نوسینی ئه‌م جۆره شیعرانه‌ش له‌مڕۆدا له‌خۆوه نه‌هاتووه، كاتێك (هێمن)ی نه‌مر له حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا شیعری (ناڵه‌ی جودایی) نوسی، كه بریتی بوو له‌سه‌د و شه‌ش دێڕی جووت سه‌روا (مه‌سنه‌وی)، ڕه‌خنه‌یان ئه‌وه‌یان لێده‌گرت كه شیعره‌كه درێژه، له‌كاتێكدا ئه‌و زه‌مانه نه ته‌كنه‌لۆژیا نه هیچ شتێكی ئه‌وتۆ نه‌بوو كه خوێنه‌ر سه‌رقاڵی بێت، جگه له ته‌له‌فیزیۆن و رادیۆ، ئه‌ویش له هه‌موو ماڵێكدا نه‌بوو، مامۆستا هێمن وه‌ڵامی دانه‌وه‌و وتی: كام شیعره‌ی من كه زۆر درێژه كاتی خوێندنه‌وه‌ی ناگاته یاریكردنی ده‌ستێك دۆمینه، ئه‌ی ئێستا كه هه‌موو مرۆڤه‌كان به خوێنه‌ر و ناخوێنهرهوه مۆبایلێكی پێیه و كاتی كه‌مه، ئه‌م جۆره شیعرانه‌و ئه‌و شیعرانه‌ی كه له‌ڕوخساردا پێش كاك عه‌باس چه‌ند شاعیرێكی تر ئه‌زموونیان كردووه، له نمونه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و قوبادی جه‌لی زاده و هتد، به‌تایبه‌تی وه‌ك باسده‌كرێ له‌تیف هه‌ڵمه‌ت به پێشه‌نگ و چه‌سپاندنی شیعری هایكۆ ده‌ناسرێ و شاعیرانی دواتر ڕێچكه‌ی ئه‌ویان گرتووه مه‌به‌ستمان له لاسایی كردنه‌وه‌ی ناوهڕۆك نییه، به‌ڵكو روخساری شیعره، بۆیه جه‌غت له‌وه ده‌كه‌ینه‌وه كه ئه‌م جۆره شیعرانه شیعری سه‌رده‌من و واقیع وا ده‌خوازێ كه له‌كورتترین كات و وشه‌دا زۆرترین مانا بده‌یت به‌ده‌سته‌وه، دیاره بابه‌تی كورت بڕی پێشتر لهناوشاعیرانی كلاسیك‌دا هه‌بووه، له نمونه‌ی ئه‌حمه‌دی خانی و نالی، بۆ نمونه خانی له شاكاری مهم و زینه‌كه‌یدا ده‌ڵێ:
(ئه‌ی خامه ته‌ژی گه‌له‌ك درێژ كر/ ئه‌ڤ نامه به‌سه ته پڕ قرێژ كر/ هه‌رچه‌نده كه‌لام شوبهی دوڕبهت/ بێ قه‌در د‌بت ده‌ما كوپڕ بت) واته ئه‌ی قه‌ڵه‌م تۆ درێژه‌ت به باسه‌كه داوه، ئیتر به‌سه‌و له كورتی بیبڕه‌وه، وتهكان ئه‌گه‌ر زۆربوون گه‌وهه‌ریش بن، بێ‌نرخ ده‌بن.
(نالی)یش ده‌ڵێ: (نالی عه‌جه‌ب به قووه‌تی حیكمه‌ت ئه‌دا ئه‌كا/ مه‌عنایی زۆر و گه‌وره به له‌فزی كه‌م و بچوك)، ئه‌گه‌رچی نالی مه‌به‌ستی لایه‌نی ڕه‌وانبێژی و یاری كردن به وشه‌یه كه چه‌ند مانا بدات به‌ده‌سته‌وه، به‌ڵام له‌م جۆره شیعرانه‌ی كاك عه‌باس داودی و هاوڕێكانی به‌كه‌مترین وشه كه خوێنه‌ر لێی تێده‌گات، هه‌ندێ جار لاپه‌ڕه‌یه‌كی ده‌وێ ئه‌گه‌ر وتاری له‌سه‌ر بنوسیت، وه جیاوازییه‌كی تر ئه‌وه‌یه كه له‌كۆندا كردار له دێڕێكدا هه‌یه، به‌ڵام له‌شیعری كورتتدا كردار قوت ده‌درێ، ئه‌مه‌ش هه‌ر بۆ كورتبڕییهكه ده‌گه‌ڕێته‌وه.
(2)
كاتێك له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌مدا شیعری كوردی هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ی هاویشت و هێواش هێواش له شیعری كلاسیكی كوردی و ڕۆژهه‌ڵاتی دووركه‌وته‌وه، له‌نمونه‌ی عه‌بدوڵڵا گۆرانی شاعیر و شێخ نوری شێخ و هتد زۆربه‌ی ناوه‌ڕۆكی شیعری گرته‌وه و واته بۆ نمونه شیعره‌كه دڵداریییه: لهكلاسیكدا لای هه‌موو شاعیران چاو نێرگزبوو، به‌ڵام گۆران ئه‌مه‌ی دووباره نه‌كرده‌وه، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه چاوی ڕه‌ش كه لای شاعیرانی كۆن مه‌رغوب نه‌بووه، به‌ڵكو نێرگزی واته زه‌رده‌كه‌ی له هه‌نگوین، یان لهنێرگز بچێت و سپییه‌كه‌ی سپی تۆخ بێت، ئه‌مه لای گۆران پێچه‌وانه ده‌بێته‌وه: ( كام ڕه‌شی ئه‌گا به ڕه‌شی چاوی/ برژانگی برۆی ئه‌گریجه‌ی خاوی) یان (به‌ڵام ئه‌ی یار یاری نازدار شۆڕه ژنی شۆخ/ به لێوی ئاڵ، به چاوی ڕه‌ش، چاوی ڕه‌شی تۆخ) مه‌به‌ستمان ئه‌وه بوو لهدێڕهكهدا یان له ته‌واوی شیعره‌كه‌دا به جوانی دێته خواره‌وه خوێنه‌ر ده‌زانێت شیعره‌كه چ ناوه‌ڕۆكێكی له‌خۆ گرتووه، هاوكاتیش شاعیرانی كلاسیك له یاریكردن به وشه‌دا كه عه‌لادین سه‌جادی ناوی ناوه (دوولانه) كه شاعیر دێڕی سه‌ره‌تا به‌جۆرێك داده‌ڕێژێت كه تۆ خه‌یاڵت بۆ ئه‌و جۆره شته ده‌چێ، به‌ڵام له دێڕی دووه‌م و دواتر مانای شیعره‌كه گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت به‌كورتی ئه‌چێت بۆ دنیایه‌كی تر، بۆ نمونه مه‌لا غه‌فوری حافزی سابڵاخی ده‌ڵێ: ( تابژیم تێتدهبڕم، خاوه‌نی جوانی و ده‌سه‌ڵات/ چاوی ئاوات و هیوا ئه‌ی گوڵی سه‌رتۆپی وڵات) كاك عه‌باس داودیش ده‌ڵێ ( نیگای سیحراوی مه‌ستی كردووه) له‌تۆ وایه باس باسی دڵداری و عه‌شقه، به‌ڵام دواتر ده‌ڵێ ( ته‌خت و تاجی بیرچووه/ خاوه‌ن شكۆ) ده‌بینین مانای شیعره‌كه چه‌ند گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات، ئه‌م گۆڕانكارییه وه‌ك وتمان له‌كلاسیكه‌وه وه‌ك پێویست دانه‌كه‌وت بۆ شیعری تازه، مه‌به‌ستمان قۆناغی دوای ساڵی 1970یه كه به قۆناغی ڕوانگه ده‌ناسرێته‌وه، به‌ڵام هه‌مان شاعیرانی قۆناغی روانگه و دوای روانگه له نمونه‌ی له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و قوبادی جه‌لی زاده و هتد، ئه‌م جۆره شیعره‌یان له‌م ساڵانه‌ی رابردوودا هێنایه ناو ئه‌ده‌بی كوردییه‌وه، كاك عه‌باسیش هه‌م وه‌ك تێگه‌یشتن له‌كات و سه‌رده‌می خۆی، كه سه‌رده‌می ئینته‌رنێته، هه‌م وه‌كو كورتبڕی كه پێشتر باسمان كرد، له‌گرنگی ئه‌م جۆره شیعره تێگه‌یشتووه و درێژه‌ی به ڕێبازی شاعیرانی پێش خۆی داوه.
(3)
خاڵێكی تر له خاسیه‌ته‌كانی ئه‌م جۆره شیعره ئه‌وه‌یه كه شاعیر سه‌ره‌داوێك، یان بابه‌تێك ده‌كاته‌وه و به‌خوێنه‌ر ده‌ڵێ (خۆت ته‌واوی بكه) واته تۆش ده‌توانی هه‌م ته‌واوی بكه‌یت، هه‌م ئه‌گه‌ر خوێنه‌ری جدی و به‌هره‌ت تێدا بێت ده‌توانی ببی به شاعیر، به‌ڵام بیرمان نه‌چێ زۆر جار نوسینی شیعری كورت قورستره له شیعری درێژ، چونكه شیعری كورت چڕبوونه‌وه‌یه، خه‌ستبوونه‌وه، قوڵبوونه‌وه‌یه، له‌كاتێكدا شیعری درێژ ده‌رفه‌ت ده‌دات زیاتر په‌ل بهاوێت له بابه‌تێكه‌وه بۆ بابه‌تێكی تر.
(4)
ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كانی ئه‌م دیوانه هه‌مه‌جۆرن، به‌شی زۆربه‌یان كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و توانج و ژیان مردن و جیاوازی چینایه‌تی و ڕه‌شبینی و هتد، وه زیاتر ڕه‌خنه به‌ناو ده‌ماری شیعره‌كانیدا ده‌ڕوات، به‌ڵام به فۆرمێكی تازه‌تر و جوانتر، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌متر له شیعری هایكۆدا ده‌بینرێ و له‌م دیوانه‌شدا هه‌روه‌ها، ئه‌وه‌یه كه به‌هۆی كورتی و چڕی شیعره‌كانه‌وه ده‌رفه‌تی ئه‌وه نییه كه (خواستن) به‌كاربهێنێت، خواستنیش به‌كارهێنانی وشه‌یه‌كه له مانا فه‌رهه‌نگییه‌كه‌ی خۆیه‌وه بۆ مانایه‌كی تازه‌تر، به‌ڵام ده‌شبێت په‌یوه‌ستبوونێك له‌نێوانیاندا هه‌بێت، وه نه‌بێ كاك عه‌باس ئه‌م لایه‌نه به‌ته‌واوی فه‌رامۆش كردبێت، به‌ڵكو جاروبار ئاوڕی لێداوهتهوهو گه‌لێك خواستنی جوان و به‌هێزی به‌كارهێناوه له نمونه‌ی ( سه‌مای وه‌رین، شیعری106) ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین وه‌رینی به سه‌ما چواندووه، واته بۆ نمونه گه‌ڵایه‌ك ده‌وه‌رێت، هاتنه خواره‌وه‌ی له سه‌ما ده‌چێت، كه ئه‌مه لای جه‌نه‌ڕاڵی پایز (محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان) به‌كارنه‌هاتووه، كه ده‌بوو به‌كارهاتبا، هه‌روه‌ها ئه‌و سه‌مایه بۆ خۆی وێنه‌یه‌كی شیعری جوانی به‌رجه‌سته كردووه.
به‌كورتی خواستن له شیعردا شیعر جوانتر و به‌هێزتر ده‌كات وێنه‌ی شیعری ڕازاوه‌تر ده‌كات، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێك لایان وایه كه ده‌بێت له‌مڕۆدا شیعر ساده‌تر بكرێته‌وه وه‌ك له‌نمونه‌ی شیعره‌كانی (ته‌لعه‌ت تاهیر)دا ده‌بینرێت، له‌م دیوانه‌شدا گرنگی زۆری پێدراوه، بۆ نمونه: (نیمه له ئه‌وینی ئه‌م دڵه زیاتر ـ ده‌یبه‌خشم به‌تۆ ـ نامه‌ی كوڕه هه‌ژارێك) یان (زه‌نگۆڵ زه‌نگۆڵ ـ ئاره‌قی ماندوێتی ده‌ڕێژێت ـ له‌ته نانێكی سه‌ربه‌رزانه) له‌م شیعرهیاندا ده‌ق ئاوێزان هه‌یه له‌نێوان كاك عه‌باس و خه‌یامدا : (ئه‌وه‌ی له‌دنیا له‌تێ نانی بوو ـ كه‌لاوه كۆنێك ئاشیانی بوو ـ پیاوی كه‌س نه‌بوو، كه‌س نه‌بووه پیاوی ـ هه‌ر ئه‌و ژیاوه و ئه‌و ژیانی بوو) یان هه‌ر شاعیرێك به شێوازێكی تایبه‌ت ئه‌م جۆره ناوه‌ڕۆكه داده‌ڕێژێته‌وه، چونكه بمانه‌وێ نه‌مانه‌وێ هه‌ندێ ناوه‌ڕۆكی شیعری هه‌یه به‌گشتی لای شاعیران ژێره‌ی هاوبه‌ش دروستده‌كات، ئیتر هه‌ر شاعیره‌و به شێوه‌یه‌ك ده‌یگه‌یه‌نێت به خوێنه‌ر، وه‌كو چۆن هه‌ر چێشتلێنه‌رێك به‌جۆرێك خواردنه‌كه ئاماده‌ده‌كات، شاعیرانیش له‌هه‌ندێ ناوه‌ڕۆكدا وه‌هان، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ده‌یگۆڕێت زمانی سهردهمهكهیه و ئه‌و فۆرمه‌ی كه شاعیر ئه‌یخاته قاڵبی شیعریییهوه.
(5)
له‌كۆتایی ئه‌م باسه‌دا دێمه سه‌ر باسی ناونیشانی كتێب، بێگومان ناونیشان سه‌ره‌تای چوونه ناوه‌وه‌ی خوێنه‌ره بۆ ناو دیوانه‌كه، واته كاریگه‌ری خۆی هه‌یه، زۆرێك له شاعیرانی نوێ، وشه‌یه‌ك یان ده‌سته‌واژه‌یه‌ك ئه‌كه‌ن به‌ناونیشان و بێگومان له‌مه‌دا ئازادن، به‌ڵام وه‌كو بۆچوونی خۆم پێم باشه ناونیشان ڕستهبێت، نه‌ك وشه‌و ده‌سته‌واژه، وه له‌ناو ڕسته‌شدا ڕسته‌ی سه‌رنج ڕاكێش بێت، بۆ نمونه له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له حه‌فتاكاندا نامیلكه‌یه‌كی شیعری هه‌یه به‌ناوی ( پرچی ئه‌و كچه ڕه‌شماڵی گه‌رمیان و كوێستانمه) كه ئه‌وپه‌ڕی سه‌رنج ڕاكێشه و له‌هیچ یه‌كێك له‌دیوانه‌كانی له‌تیف هه‌ڵمه‌تدا ناونیشانی وه‌ها كاریگه‌ر نابینرێ، هه‌روه‌ها فه‌ره‌یدوون عه‌بدول به‌رزنجی له ساڵی 1982 نامیلكه‌یه‌كی چاپكرد به‌ناوی ( ڕۆژان ئه‌ڕوا و تۆ هه‌ر خۆشه‌ویستی منی) و پاشان له‌نه‌وه‌ده‌كاندا (كه بیر له‌تۆ ئه‌كه‌مه‌وه) ئه‌م دوو ناونیشانانه‌ی كه نوسیم بۆخۆیان هه‌م كورته شیعرن یان به‌زمانی ئه‌م سه‌رده‌مه هایكۆن و كاریگه‌رن و خوێنه‌ر راده‌كێشن بۆ خۆیان چونكه پڕاوپڕن و مافی رسته‌یان دراوه‌تێ و كرداریان تێدایه.
ئه‌م دیوانه ئه‌گه‌رچی ناونیشانه‌كه‌ی جوانه‌و شه‌قژن له فه‌رهه‌نگی (ڕێژگه)دا به‌مانای له‌پڕ هه‌ڵفڕین، یان شه‌قژنی باڵی هات و هه‌ڵفڕی، یان چۆله‌كه‌كه له‌شه‌قه‌ی باڵی دا‌و هه‌ڵفڕی دێت، ناویشانێكی جوانه، به‌ڵام جوانتر بوو كرداری تێدا بێت بۆ نمونه (له‌شه‌قه‌ی باڵی دا) یان وه‌كو (سه‌عدوڵڵا په‌رۆش)ی نه‌مر ئه‌ڵێ ( هه‌روه‌كو مه‌ل ئاسا له‌شه‌قه‌ی باڵ ئه‌ده‌ی)، به‌هه‌ر حاڵ شاعیر ئازاده‌و هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامی بۆ ئه‌خوازم.
مه‌ریوان سه‌لاح حیلمی
26/11/2025 سلێمانی
1 ــ لە لاوازی‌دا برای دینین
لە شێنەییدا تیریان ئامادە،
دوو چاوى ڕەش.
2- نەریت جێگیرە
کەمێکە خۆت شلکە
گورگ.
3- ململانێ و پە ت .. پەتێنە
پاشقولدان..
خلیسکان،
ژیان
4- هە ڵسانەوە له شکست،
هزری ڕابوون،
فەرهه نگێک له تریفە.
5- پێویستی به خولی زمانە،
(گۆران)ی تێپەڕاندووە،
کۆلکە شاعیرێک.
6- ڕۆچووە بە ناخی زەویدا،
زیندوو بوونەوەی میتانییەکان،
سەردەمێکی نوێ.
7- خۆی مەڵاس داوە
نێچیری ڕاوە
ئاسکە کێوی.
8- مەستبوون
چێژ له خوێنڕشتن
ئاکاری قێزەون.
9- حیکمەت نەبووایه
پاکتاو دەکران
مەزڵوومی مەزڵوومان.
10- چەک بەدەستن
جەنگاوەرانی بوون
نەتەوەی بندەست.
11ــ دارستانێک
گۆرانی بۆ ژیان دەچڕێ
ئاهەنگی نەهەنگەکان.
12ــ کێڵگەیەک لە مین
هەنگاوی کوێرانە
ئاکامی مەرگ.
13- ماسیەکان...!
بێپەروا یەکتر دەخۆن،
دەریایەک پڕ لە ستەم.
14- کەنیشێکی ئەتککراو
هه نسکدان،
یادگەی گەرمیانيیەک.
15- ئاشقێکی دێوانە
مەقامی ئەڵڵاوەیسی
عەلی مەردان.
16- هه ڕەشەی ڕەگەزپەرستێک،
تۆڵەکردنەوە،
بەرقەراری ئاشتییه
شێتبوون.
17 ــ خۆشم دەوێی
تۆ .. نا، نیشتمان
بێنازی هەڵیپڕوکاندووم
لەیلەکەم.
18- ژنێک گۆنای خۆی دەڕنێت،
پیاوێکی سمێڵفش
بیری کۆنەخوازی.
19- ئاشقێکی سەرەڕۆ
بەرد دەکا بە ئاو
نیگای سیحراوی.
20- سیاسیيەکى شیکپۆش ،
دەستڕۆیشتوو،
زمانی هه ڕەشە.
21- لە ونبوون دا
پەنا بۆ کێ دەبەیت
بەدەر لە خودا ..؟
خۆهه ڵواسین.
22- بەئاسانی ناگۆڕێت
کولتووری خوێنڕشتن
لێرە و لەوێ.
23- خووی پێوە گرتووە
ژەهری دووپشکە
کلکایەتی.
24- ئارەقەی ماندووبوون ،
بەردێکی نەرم،
سەرینی پارتیزانێک.
25- دەبێ بە ڕووتی بنوون،
ڕوانینی نەژادپەرستێک،
ماسییەکان.
26- بریسکانەوەی کۆشکەکان ،
لە ڕووناکی ڕۆژ دەڕوانن ،
خەیاڵ پڵاوێک
27- لە پێناوی رێزدا،
دەستبەرداری بەهێزی بووین.
28- داڕووخان ناخی هاڕیوە
شەوو ڕۆژ دەناڵێنێ،
ئادەمێکی بەدبەخت.
29- بێباک پێدەکەنی
دڵ سوێی دەبێتەوە
تەنیایی خۆم.
30- دارستانێک پڕتەم
ئاو سوور هه ڵگەڕاوە،
ئاگرێکی بێ خۆڵەمێش .
31- کانییەک پڕ قوڕ و لیتە
بەرخێک شەڵاڵی خوێن،
گورگمرۆ.
32- لە ئینجانەیەکدا بەندکراوە،
دەڕوانێتە تاریک و ڕوون،
گوڵی نەمری.
33- دڕکی خۆڕسکی ژەهراوی،
ئۆلفەت ناکات،
ئومێدی پێکهاتن.
34- لە جرج بەو لاوە
لەم وێرانەدا،
گوڵێک بەدی ناکرێ،
شکۆفە.
35- سامناک پەرتەوازە بوون
دەسترازەی مناڵێکی خوێناوی،
ئەنفال.
36- ئەمبەر ئاو و ئەو بەر ئاگر ،
دەرباز بوون،
چنگی مەرگ.
37- چنگ له قوڕگ تاریکی گیر دەکا،
ناکڕووزێتەوە،
شەمشەکوێرە.
38- ژانێک دوومەڵ ئاسا،
هاواری قە تماغەیە،
مۆتەکەی مردن.
39 ــ لەکەنارتدا ئازارەکانم بە جێهێشت
لە یەکەم شەپۆلدا بۆت گەڕاندمەوە
توڕەیی دەریا.
40- بەنەریتی نوزانەوە،
پرتەوبۆڵه،
درۆزەی ماچ.
41- مامۆستایەکی سەر بەرز،
گیرفان خاڵی،
نامۆ بە کۆمەڵگە،
ژیانی کولەمەرگی.
42- دڕدۆنگە ماران گەستەیە
هاواری مەرگ،
شار بۆگەنی کردووە.
43- لە گیانەڵادا ،
وتی بمبوورن،
شیوەنێک بۆ تەمەنی له دەست چوو.
44- هه نگوینمان دەرخوارد ئەدا،
وەلی ژەهری ماری پێ نۆشین،
ئە قڵی ژەنگاوی.
45- فریوو ناخۆم
بە فێڵی وان ،
دەریای مەنگ.
46- بە ئاریشەی خۆیەوە دەناڵێنێ،
دەم له کوێخایەتی دەکووتێ،
بابای نەفام.
47- هیلانەیان له چیایە
سردوویان بەر خودان،
هەڵۆی بەرزە فڕ.
48- ئاشقێکی سەرەڕۆ
بەرد دەکا بە ئاو،
نیگایەکی سیحراوی.
49 ــ کەڵبەی خۆیناوی
تینووی مەرگەساتە،
فاشیزم.
50 ــ سەرنەوی ناکات
سەرقافڵەی ژینە،
کاروانی خەبات.
51- کەنەفتی دەستی ڕۆژگارە،
هاوەڵی گۆپاڵ و چاویلکەیە
پیری.
52 ــ کەشتی خەیاڵی نقووم بووە
ئەستەمە دەربازبوون
فریادڕەس.
53- تا لە لووتکە بڕوانێ،
دەستەمۆ نابێت،
هزری ڕەسەن.
54- گیتارەکەی له ئاوازێ،
خۆیشی له ئاوازێ دەچڕێ،
مۆسیقار.. !
55- دیداری لێ چاوەڕوان ناکرێ
لە خۆبایی بووە ،
پیاوی گرگن !
56- هه میشە بەرز دەخوێنێ.
پەڕوباڵ ناکرێت
کەڵە باب !
57- چاوی خوماری
گرفتاری بینینە،
بەدمەستی ڕۆژگاره.
58- ویستی فڕینە بەرەو لوتکە،
ڕێگری لێ ناکرێت،
هەڵۆی کوێستان.
59- ساڵێکی قاتوو قڕی،
روحێکی شەکەت،
کەم ئەندامێک.
60- شەڕی براکوژی
تاسەی خنکاو،
دایکی شەهیدێک.
61- سەدای یەکسانییه،
بانگی ئازادی
ژن ژیانە .!
62- ڕیتمێک لە سەمای لێکئاڵان
ماسییەکان زیزو پەرێشان،
پێکهاتن .
63- ماچێک له تاریکیدا،
ئاشقێکی کەساس،
شێتبوون.
64- ئاوەدێرە داری ئازادی،
بەردەوامە بەرخودان،
بەنداوێ له خوێن.
65- مێرگێکی سەوز
تەژی لە گوڵی سوور
خەونی شەڕڤانان.
66- نیشتمانێکی وێرانە،
میللەتێکی هه ناسە سارد،
نەتەوەی کورد.
67- باران دەیشواتەوە،
فرمێسکەکانی بێ ئومێدی،
ئاشقێکی دڵشکاو.
68- نەورۆزی زاگرۆسییانە،
هه ڵاڵەی کوێستان،
له شیرین خەودا.
69- گوڵاڵەی خاکی‌پۆشانی ڕۆژ هەڵات
تەژی له ئاسۆی دەم کەلە،
مەشخەڵی نەورۆز.
70- ڕژانی ژەهرە،
بزەی لێوانی تەڵەیه،
ڕەفتاری ڕێوی.
71- ئەشقی فڕینی چۆلەکەکان،
پڕ لە ویستی ڕاچەنینە،
گڕی نەورۆز.
72- دەستنوێژێک بۆ تریفە و
تروسکە هه ڵدەگرن،
ئاسۆی دەم کەل.
73- گڕێک گوڵەکانی هەڵپڕووکان،
ئومێدی بە مەرگ سپارد،
خەونێکی هه ڵبزڕکاو.
75- شێت و هاری کردبوون،
روحەکانی تێکبەردان،
پیاوی دوو ڕوو .
75- سرودی ڕابوون دەچڕێ
مژدەی خەونێکی دێرین،
بە هاری هەڵسانەوە.
76 ــ گوڵاوی باخچەی ئارەزوو
متمانەی چۆلەکەکان
کێژ و خورتی رۆژئاڤا.
77 ــ کە منداڵە برسییەکم دەبینم
ئەنگوستەچاو کۆتایی نایەت
78- دڵ ڕەقی و بێباکی ئێوە،
تەنیا سەری سپی نەکردین،
بە گورگ سپاردن.
79- ڕۆژگارێکە ،
فریو ئەدرێین و لەخشتەمان ئەبەن،
چۆنتان بۆ بلوێت.
80- ئاوازی شمشاڵەکەی قاله مەڕە
شیوەنێک بۆ نیشتمان،
پەیامێک له ڕۆژهه ڵاتەوە.
81- بانگێک لێی ناگەیت،
خۆگۆڕین،
پەیامی ئاشتی گەلان.
82- جیاوازی ئەمجاره،
سەمای چیا،
سرودی ڕۆژێکی نوێ.
83- بۆنی هه ڵاڵان دێ له گەورە ماڵانەوە،
ئێمە شەکەت و برسی،
ئەوانیش ئاسوده.
84- ڕیتمێک له سەمای تێکئاڵان،
مەست و بێهۆش،
شەوی سوور.
85- لە قووقەی کەڵەشێر بێزار بوون،
گللەيي و گازندە
له چی !
86- بیری دەستراز و بێشکە دەکەم،
دەستی دایە،
ڕاژەنين.
87- نیمە لە ئەوینی دڵ زیاتر ،
دەیبەخشم بە تۆ ،
نامەی کوڕە هه ژارێک.
88- نایگۆڕمەوە بە پۆست و پایەيان،
هه ژاری و شکۆمەندی،
مێژووی سەروەری.
89- شەوانە پاسەوانی،
باخی سینەی تۆم،
پیاوێکی بە ختەوەر.
90- لە یاد ناچێت
ڕاز‌و نیازی،
جێژوانی من و تۆ.
91- خاڵییه لەبۆنی سمڵ ومێخەک،
سینە و مەمانی ،
ژنێکی دڵشکاو !
92 ــ نیگای سیحراوی مەستی کردووە
تەخت و تاجی بیرچووە
خاوەن شکۆ ..!
93- سەر خستنە سەر،
باڵی ژنێک،
خەوێکی ئاسوودە،
لە دونیایەکی تردا.
94- گێژنەیە و ...
درۆزەی تاوانبارێک دەکرێت ،
روحی شەکەت !
95- قاوە دەمی تاڵ کردوو،
شیرینی شیلەی ماچ ؛
ڕۆژوو ناشکێنێ.
96 ــ زەنگۆڵ.. زەنگۆڵ
ئارەقی ماندوێتی دەڕێژێت
لەتە نانێکی سەربەرزانە .!
97 ــ لە قرچەی هاویندا
لەپی شەقار .. شەقار،
رێگا باریکەکان دەبڕێت .!
98 ــ تا دەمڕوانی سەراب بوو
دڵخۆشم ئەوڕۆکە تۆم هەیە.
99 ــ پیرۆزییەکانیان هەڕاح کرد
سەرقاڵی گیرفانن،
ئەم و ئەو.
100 ــ تەنیا بە پۆست و ژنی نەشمیلانە
سبەی دەمامکیان ببینە.
101ــ بە خشتی تەفرە بونیاد نراوە
پاشقول
بێئەمەکی.!
102ــ دووکەڵ بوار نادات،
دەرۆزەی نان بکەم
بە ساڵاچوویەکی کەرکوکی.
103- سبەی تۆش لووش دەدات،
بەخێوکردنی سامناکە
تیمساح.
104- گەلە گورگێک
پەزەکانیان پەرێشان کردووە،
تێربوون نازانن،
بەڵای سەردەم.
105- لە قوڵايی هه ورەکانا بۆت گەڕام،
دیار نەبووی،
دادپەروەری.
106- گەڵاکان
سەمای وەرین دەکەن،
هه ناسەی پاییز.
107- بەرچایەکی دەستی دایە،
چێژێکی ناوازە،
لاوانەوه یەکی پڕمیهر.
108- هاوین بە خۆرەوە خۆشە،
گەرمی دەبەخشێت،
گەرمی.
109- دڵشکاون پاسارییەکان،
سفر بوو،
مەیلی گەڕانەوە.
110- نوێنەرایەتیان پێ ناکرێت،
کەس قەڵەو ناکەم.
111- لێ دەبوورین
لێ متمانەکەی جاران،
بوون بە خەون.
112- بڕیاردانی ئەستەمە،
نە سامانی هه یه نە دەسەڵات،
کەسایەتی.
113- تێر بوون نازانێت،
بێنە و بێنە،
مشەخۆر .
114- بێوەفاترین قەرەجە،
دەخواو دەبا،
دەڵێت کوانێ !
115- ئاسوودەم
تۆم لێوە دیاره،
پێویستم بەچاویلکە نەماوە،
شنەی بەیان.
116- نە پزیشکیت،
پاراستیتۆلێکی پێ قوت نادرێت،
بازرگانی دەرمان !
117- سیخناخ له پیسخۆری،
چاپی کتێبێک
تۆمارکردنی مێژووە.
118- دارستانێک تەژی له تەم،
گیانلەبەران،
تەنگە تاو،
هە ناسەکان.
119- خاڵییه له هیچ،
قومار بە قوتی زارۆکەکانەوە دەکا،
میزاجییەک.
120- بەچی دڵخۆش بین،
بێبەش لە گشت
کێڵگەی زێڕ.
121- سروودی جارانت،
کەس مەست ناکات،
بێ خوێیە.
122- بەچی دەچێت نیشتمان،
ڤێلاکانی هه وربڕبن،
پێخاوس و کرێچی.
123- دارستان ک‌ش و مات،
مەرگی کانی و بلوێر،
شاڵاوی ئەنفال.
124- ئاسۆم ڕوونە
لە نێو گەنیوو خۆرەکاندا،
بەژنی زرافت دەبینم.
125- نە فره تییە رەشهەڵات
سەرینی ئاگرو دووکەڵە،
ڕێبەرانی بوودەڵە.
126- شادی ناوێ،
پەشیمانی وماڵ وێرانییه
قومارخانەی جەنگ.
127- سامناک و جەرگبڕە،
بەچی قەرەبوو دەکرێتەوە،
دایکی شەهید.
128- بزەی ساوا دەفڕێنێ،
ژوانی ئاشقان دەشێوێنێ
شەڕ.
129- مەرگی سبەی نمایش دەکات،
دەنگی مووشەک خەودەزڕێنێ،
شارێکی وێرانە.
130- هێلانەی باڵندەکان دە سووتێنێ
گڕ بەردەداتە ڕەز،
دەستی شەڕ.
131- قەرزاری ساڵێکی شوقەکەم،
مووشەک بارانیان دوور بخەنەوە
هاووڵاتیەک.
132- دووکەڵ شاری ئاخنیوە
هەڕەشەی مەرگ،
بێویژدانی کۆمپانیا.
133- بێزراو و بۆگەن بوون،
بۆ زبڵدان،
ناپاکانی نیشتمان.
134- نامۆ لە میوزیک،
وێرانبوونی رۆح،
بەرداش.
135- سروودی هاتینەوە دەچرکێنن
کوڕان و کچانی کورد،
سینگی شەو دادەڕن
شەڕڤانان.
136- هە ڵۆکان لە مەتەرێزدان،
دەرفەتی ڕابوون،
زاگرۆسییان.
137ــ گشت گوێقوڵاغن
برووسکەی زەماوەند
چەکووشی ئازادی .!
138- ژێرخانی وڵات داڕما،
سەرکەوتن بۆ ئێمەیە،
سەرکردەی بێباک.
139- ناپاکی و سزادانە،
چۆک دادان،
ئەقڵیەتی برسێتی کردن.
140- بۆهیچێک پێک نایەن،
بەش بەشێنە،
کۆرسی لەرزۆک.
141- نانی جەستەم دەخۆم،
دزی لە پشکی کەس ناکەم،
لە شفرۆشێک.
142- فریودان و ژاوە ژاوە
سبەی ئاشت دەبنەوە،
جەنگی دەروونی.
143- مردن لە ئاستت نامۆیە.
144- ئارامیت هۆشیارییه،
کەمەرتوندبە،
سەر هه ڵدان .
145- زۆر کورتە تەمەن ،
بەشی ئیشق و سەما ناکات .
146- هۆکاری قات و قڕین،
مارکێتەکان پڕن
چاوچنۆکان.
147ــ فریشتەی ئاوەدانین
نێرگز و مێخەک
ژنانی کورد.
148 ــ مێخەک بەندەکەی دایە
دڵ لە بۆنی تێر نابێت
خوشک.
149ــ مەرگی بێ کفنیت
گڕکانێکە خامؤش نابێت
دایكم
دايكمدايكم
150 ــ لە دوندەوە لێت دەڕوانم
جێ‌نشین
ئاسۆ.
151ــ جوانبەخش نەبووی،
چیت لێ فێر بین..؟
وانەی رەوشت .!
152ــ دوێنێ رەنگاڵە دەمانڕوانییە سبەی
ئەمێستا هاوار دەکەین
خەونی نەزۆک .!
153ــ تا بنی پێیەکان شەڵاڵ دەکات
ئارەقەی ماندوو بوون
كرێكار.
154ــ گشت درۆیەک دەکەن
گێلەکان قایل بکەن
تەنگەتاو .!
155ــ چرای خەونەکان دەکوژێنێتەوە
ئازارێکی بە سوێیــــە
جەنگەکان .!
156ــ دەرفەتێک بۆ سرەوتن..؟
داڕووخان
هەواڵەکانی جەنگ .!
157 ــ بێ تۆیی دەمخواتەوە
رامووسین .
هەتوانی حەز .!
158 ــ دەرۆزەی هەناری سینە دەکەم
بیكه‌م به پێکێ شەراب
سەمای تێکئاڵان .!
159ــ پەناگرتووی ژێر سوخمە دەپشکنم
دەیدۆزمەوە
دڵێکی بەهاری .!
160 ــ جەستەی بەفرینی سیحراویت
خەیاڵی مەمکۆڵان
سوێم دەبێتەوە .!
161 ــ دڵەکان هەنجن .. هەنجن
پشتگوێخستن
دابڕان .!
162 ــ گەورە بووین و فریو ناخۆین
ئاماری تیاچووان نادیارە
سەرکەوتن .!
163 ــ تەزییوە کەللـە سەر
بەچاوەڕوانی تۆوه
شه‌وانه سه‌رده‌نێمه‌وه.!
164ــ لە دووریت چاو کاو دەکات
ترووسکەی خۆر
هەتوانی حەزەکان
165ــ پشتم بۆتە گۆچان
دە هێندە پیرت کردم
دەمناسیتەوە .!
166ــ کراسەکانمان بە ئاسانی دەدوورینەوە
وەلێ کێ تیمارى برینەکانمان بکات ..؟
167ــ جوانترین خەونێک بووی
جەنگ سووتاندی
تارای بووکێنی .!
168 ــ پەلکەزێڕینــــەی،
تابلۆیەکی رەنگاڵەیە
ژیانێکی ئارام .!
169ــ هیچێک بە دەست نایەت
کرووزانەوە
بچووک کردنەوە
170 ــ بە ئەنقەست بەرز کرایەوە
هەرەسهێنان
پلان بۆ داڕێژراو .!
171 ــ ژیانێک پڕ لە خەونی کەسک
بێهوودە لە چاوەڕوانی
لە بار چوون .!
172ــ بێ واتایە گفتی بێ کردە
بەخشین مەرجە
مرۆڤبوون .!
173ــ مانەوە و ناڵنەکردنی
ژیانى كوله مه‌رگى
هه‌رۆژه و مه‌رگێك به ئاوات ده‌خوازێت
174ــ گرفتار و بە ئامانج گیراوی
پاداشتی راستبێژی
پێکان . !
175 ــ هەموو رۆژێک نزا دەکەین
شەو بە سکی خاڵییەوە دەنووین
176ــ نمایشێکی شکست خواردووە
بێتاوانیی رێوی
قوربانیدانی مريشك .!
177 ــ دونیاییەکت پێ نەبەخشیم
تەتەری رێگای روون بوویت
178ــ په‌تى درۆ كورته
بە گژاچوونەوە
چاوسوورکردنەوە .!
179ــ لە ئێوە ڕووسپیترین
سنووربەزاندن
قەرەج .!
180 ــ فێرت کردین مەرد بژین،
بە پێوە رۆیشتی وەکو کێو،
باوکم.
181ــ چیتر بۆ من هەواڵێک نیت
گازندەی ناوێت
ســڕینەوە .!
182 ــ ژێرخان و سەرخان بۆ ئێوە
تەنیا نیشتمانم بۆ جێ بێڵن
با وێرانه‌ش بێت.!
183ــ شەرم پێخاوسی دوێنێتان بکەن،
چ بوو بەڵێنتان،
خوێنی شەهیدان .!
184 ـ دەڕۆم و نامبیننەوە
کوا واتایەک بۆ ژیان .؟!
ماڵئاوا .!
185ــ جرجەکان گەشە دەکەن،
شێواویی ژینگە،
نیگەرانی . !
186ــ چێژ لە ئازارەکانم دەبینی
مەستبوون
پەڕينـــەوە .!
187ــ بوغرایی بەرەو کوێت دەبات .؟
ریسوا بوون،
باجدان .!
188ــ لە شەوەزەنگی تاريكيدا
دەرۆزەی دیدارت دەکەم
تریفەی مانگ .!
189 ــ بە چی کۆ دەکرێنەوە،
ژوانی حەزی پاسارییە زیزبووەکان،
پەرش دەبنەوە .!
190 ــ کیشوەرەکان دەبڕی،
نەبوو ڤاکسینێک،
گەمژەیی .!
191ــ ئێمە و خاک جمکین،
نامۆ بە دەستەمۆبوون،
ئازادیخواز .!
192ــ مەڵێن گیرفانی خاڵی نەنگی نییە،
تاوانە .. تاوان،
نەداری . !
193ــ پەتی متمانە پســـا،
دووبارە هەڵخەڵەتاندن،
سۆزدان .!
194ــ ئەمجارەش لێت دەبوورم
شووشەی دڵەی شکاو..
چۆن کۆ دەکەیتەوە ؟
195ــ بنمێچی کۆلیتەکە،
پووکاوەتەوە،
توڕەیی با .!
196ــ زۆرت مابوو بینووسیتەوە،
سەفەرێکی کت‌وپڕ،
چاولێکنان .!
197ــ پڕبوون لە خوێندنەوەی بەردەوام
خۆناسین،
ئازاد بوون .!
198ــ نابەڵەد بوون،
لە ئازاری برسییەکان،
نەزانی و بێهۆشی،
رۆشنبیر .!
199ــ بێتام و بێچاووڕوون
شکست .. هەرەس
ســروودی سەرکەوتن .!
200 ــ بە خەیاڵی خاوەوە دەتلێتەوە
برسیبوون دەستەمۆی بکات
کڕنۆشبردن .!
201 ــ بێنازی پەڕەی گوڵەکان دهژاكێنێت،
له هه‌ر وه‌رزێكى تهمهندابێت،
په‌شمورده.
202 ــ هەرگیز لە بیر ناکرێت
ئەشقی تۆیە
نیشتمانی بێ‌ناز .!
203 ــ قۆناغێکە و تێدەپەڕێت
نادادپەروەری،
هەژاری .!
204 ــ بە تەمای کێ بگەمژێنی
هەلهەلەی زەماوەند
دهۆڵ و زوڕنا .!
205 ــ دەمەوێ خۆم بم
دووبارە بوونەوە
لێکچوون .!
206 ــ دەرگای گەمژەکانیان دەکوتا
بەڕێوەبەری ساویلکە
خەڵاتکردن .!
207 ــ بێمنەت لە قەرەجەکان
ڕازیبوون بە ئارەقەڕشتن
رەسەنایەتی .!
208 ــ گرنگ نییە جوانیی ڕووخسار
هۆشمەندی
ژنی ڕۆشنبیر .!
209 ــ جەستە سارد و سڕ ،
یادەوەرییەکان بە دیلی مانەوە،
هاواری جیا بوونەوە.
210 ــ لە ئامێزی گەرمتدا،
ترس و نەخۆشی ڕەو دەکات،
ژن.
211 ــ رووتبوونەوە لە گشت
بەدبەختی خۆی مەڵاس داوە
بەخشین.!
212 ــ بابەتگەلێکت پێ وتینەوە
هێچ فێر نەبین
درۆی مێژوو .!
213 ـ لە کازێوەدا،
جریوەی پاسارییەکان،
ناوت دەکەم بە بەستە.
214 ــ شایانی خەمخۆریت نین،
بۆیان هەڵڕێژی،
فرمێسک .!
215 ــ لە چاوترووکانێکدا
فڕین بۆ نێو هەورەکان
له‌خۆبایی .!
216 ــ کەسی پێ فریو نادرێ،
خاڵی لە جوانی،
بڕوانامەی ساخته.!
217 ــ پەتایەکی نەرێتییە
كوێخایهتى
خوێنڕشتن .!
218 ــ چیی تر بەرگەی چەواشەیی
ناگریت،
خۆپەرست و مشەخۆر،
وەڕسبوون .!
219 ــ عیشقێک کۆی نەکردینەوە
له‌ژێر ئاسمان و رێسماندا
جيابووينەوە .!
220 ــ درەختێکی پیر و نەخۆش،
وشکهەڵگەڕاو،
مۆرانە .!
221 ــ بە تێر و پۆشتەییەوە،
خۆڕاگر بن بەهەشتین،
مامۆستای ئایینی .!
222 ــ تنۆک .. تنۆک ده‌ڕژێ بە سەرمدا
چاوەڕوانی ئارامبوونەوە
نمەی باران .!
223 ــ چۆن لە بیرت بکەم.؟
لە بەر دەرکەی یادەوەرییەکان دا،
دار چنارێک.
224 ــ بێبەش چێژی دەزانێت،
پرشنگی خۆر،
تامی ئازادی .!
225 ــ کلیلی سەرچاوەکەی
هەڵەی کوشندە
گلدانەوە .!
226 ــ پیسخۆر نابینایە،
کۆیلەی سوودمەند،
راستبێژی .!
227 ــ سەرگەردانی مەڕەکان،
گێلە شوان،
گورگانخواردە . !
228 ــ شەرمنانە لێت دەڕوانم،
بەرگەی نیگات ناگرم،
جوانیت.
229 ــ بە هەڵە خۆشم ویستی،
دوو ڕوانینى جیاواز ،
ئەشقێکی دۆڕاو .!
230 ــ چەندە دوور بیت لێم نابیتەوە،
بەڵێنی ژوان،
ئیشق نامرێ .!
231 ــ درزی پەنجەرە
توێژاڵ .. توێژاڵ خۆڵ دایگرتووە
هەناسەیەک بۆ ژیان
232 ــ بوو بە تنۆکێ ئاو،
بیابانى وشهەڵگەڕاو،
له‌بار چوونى خهونهكان .!
233 ــ دووانەیەک بێ شەرم و ئابڕوو،
چەپڵەی سەرشۆڕی،
وابەستە .!
234 ــ سەرچاوەی گشت پشێوییەک،
قەرەجی بێ ئابڕوو،
کلکایەتی .!
235 ــ بەڵێی نادادی ئەوپەڕی شەرمەزارییە
راستبێژی،
بە گژداچوونەوە .!
236 ــ درەختەکان ڕووت بوونەوە،
بە دەم زریانەوە هەڵدەلەرزن،
سبەی تەماوی،
دڵەڕاوکێ .!
237 ــ چیتر نە سپێدە گەشە و
نە شەو ئارامبەخش.
238 ــ رۆح زریان دایدەپۆشێت،
هاوار بۆ فریادڕەسێک،
مەرگێکی لەسەرەخۆ .!
239 ــ پرتەوبۆڵە دەکات ژنێکی بە ساڵاچوو،
پێنج فەرزە نزا،
بێ‌ئاکام،
نامه‌یه‌ك بۆ خودا .!
240 ــ وشکەساڵی بڕستی لێبڕین
بگەڕێوە هەواری بێ‌ناز
باران.!
241 ــ خەوێکی قورس دایگرتووە
زیرەکیی دەستکرد
ڕاچڵەکین .!
242 ــ کاروانێک
ده‌سه‌ڵاتی به‌ده‌ست كه‌ر بيت،
گورگان خواردووە،
مێگه‌ل.
243 ــ بە کام رەشەبام
دەسپێری،
لکاوی و لێم نابیتەوە،
سپاردن .!
244 ــ رۆژانە بێباکانە ئەتک دەکرێت
کەسێک نەبوو بێژێت بۆ ..؟
نیشتمان.
245 ــ لە تێکئاڵان و رامووسین دا
نامێنێت سنوورێک
لە نێوان سۆزی من و تۆدا
246 ــ برسێتی دەهریت دەکات
شەرم بە هیچ دەسپێرێت
چۆکدادان .!
247 ــ چەند بە ئازارە ئەم بێباکییە
هەڵەکان کێوئاسا بڵند بوون
گازندەی بێكۆتا.!
248 ــ هیچی لە بار نەبوو
له بڵندگۆوه جاڕی دەدا
گشت سەرانە بدەن
کەڵەگایی .!
249 ــ چەند سەختە بێدەنگی خاک،
کەس شریخانی نابیستێت.
250 ــ ماڵە بەفرینە کورتە تەمەنی،
ئه‌مرۆ و سبه‌ى ده‌توێته‌وه،
راماڵین . !
251 ــ (با) بێ مۆڵەت،
خۆی کرد بە ژوور دا،
کەچی (تۆ) هەر نەهاتیتەوە.!
252 ــ بە ڕوانینێکت،
مەوداکان شەرمنتر دەبن،
بچووک بوونەوە.!
253 ــ کەللـەڕەقی سەرت دەخوا
باڵۆنی سەرلێشێواو،
چۆکدادان.!
254 ــ لانکەی شارستانی و ژیانەوە
فێرگەی مرۆڤدۆستی،
زاگرۆسنشینان.
255 ــ بە باڵی شەکەت و هەڵکڕووزاوەوە
دەفڕن و بە جێی دێڵن
هێلانە وێرانبووەکە
دەستخاڵی.
256 ــ پۆل .. پۆل دەڕۆن،
سروودی بێئومێدی تۆمار دەکەن،
فرمێسکی قەتیسماو.!
257 ــ ناخ پەنگ دەخواتەوە
بە بێدەنگی لێم دەڕوانی
بێچارەیی .!
258 ــ دەنگی مووشەک
گوێ کەڕ دەکات
بەهایەک بۆ جواننوسيی
خۆی نمایش ناکات
جەنگ.
259 ــ پەناگرتووی ژێر سووخمە،
دەپشکنم،
مەراق،
دڵێکی بەهاری.!
260 ــ تابلۆیەکی بێ رۆح،
حەسرەت بۆ بەرچاییەکی دایکە،
چاوەڕوانی،
تاراوگەنشین.
261 ــ جەستەی بەفرینی سیحراویت
خەیاڵی مەمکۆڵان
سەمای درەنگ شەو
271 ــ چێژ لە شکستت دەبینن
سەگمرۆ
دڵی بەردین
263 ــ مۆتەکەی سەر دڵان ئێوەن
بە تۆبزی لکاون،
قێزەونبوون .!
264 ــ کاهینەکان شاباش دەکەن
گشت وەڕس بوون
سکگووشین
ئاموونەکان .!
265 ــ رووەکی لێ ناڕوێت ئەم خاکە،
زەوی شەقار .. شەقار!
موتربەکردن،
شۆرەکات .!
266 ــ بە بۆنی تۆوە هۆگر، حەیرانم
لە هەر کوێ بم
تەنیایی داگیرم دەکات
دایکەی شەهید .!
267 ــ وا نەزانی تۆ زیرەکی و
ئەوان گەمژە
رۆژت ماوە
گومڕا .!
268 ــ ویست و ئیرادە
رۆژێکی نوێ تۆمار دەکات
هەتوانی برینەکان
ئاشتەوایی .!
269 ــ ئەم گاڵتەجاڕییە ببڕنەوە
ئێوە لە ئاسمان و خەڵک لە رێسمان
گوزەران .!
270 ــ وەرزەکان لە خۆیان ناچن
سووڕیان گۆڕاوە
هەورێکی چڵکن
ئاوێنەی شکاو .!
271 ــ بۆشاییەکت چێکرد،
ژوانگەیەک نەبوو،
تەمتومان.!
272 ــ بێ تۆیی دەمخواتەوە،
رامووسین،
هەتوانی حەز.
273 ـ ئەشقی خەون بووم،
نەک مرۆڤ،
مەرگی دایکم.
274 ــ سیماکان بە زوویی دەگۆڕێن،
ئارەقی شەرمەزاری،
تەپڵی دڕا‌و.
275 - ناخوازن،
گوێیان بۆ ڕادێرن،
دەنگی دهۆڵ له دوور خۆشه ـ
ئاوازێکی ناساز.. !
276- مەینەتی ژیانت بیر چۆتەوە،
ئێستا زەنگین و مە ستی،
زەنگی ئاگادار کردنەوە .!
277 ــ کەساست کردم
هەناسە تەنگەتاوە،
یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن،
نەوتی باوەگوڕگوڕ . !
278ــ مەرگی تۆیان حەسرەتە،
چرکەسات دەژمێرن،
شایلۆغان.
279- بە عەشقەوە لێت دەڕوانم،
ماچێکی لێوان،
هه زار دەرمانە . !
280 - شەرم له ڕووی دەتکێ،
بێگەرد و سەر بەرزە،
ژیانی کوڵه مەرگییە،
ژنەکۆڵبەرێک.!
281- راستی پەیام دەکات،
شیزوفیرینیا،
مەست و خەیاڵی،
پارەو ژن !
282- دابڕانی رێگاکان،
کۆتاییم پێ دەهێنێت،
دڵەی بیمار.!
283ــ لێپرسینەوەیان لە گەڵ نەکرا
کەڵەگایی،
بوودەڵە.!
284 ــ نیگاکان پێم دبێژن،
پەیمانێک بۆ ئیشق،
تەمەنێک لە دڵنیایی.!
285- بەخستی گیراوەتەوە٫
قوڕو لیتە٫
دەرباز بوون سانا نییه ،
هاوار بە حاڵیان !
286- هه ر توولە ڕێیەک دەگرێ،
نایاتەوە سەر ڕێ،
ئامۆژگاری له گوێ ناگرێ،
کەرە دێزە !
287- گۆچانی هاوڕێی تەمەن،
بەدەستی لەرزیوەوە،
تونێڵێکی بێدەرگا،
ناسۆری ژیان.!
288 ــ دیەکان فێری کردم،
نیگایەکی شەرمنانە،
دەستپێکی ئیشق.!
289- شەمی گەرمیانم بووی،
درەنگ وەخت،
لە خەو ڕابووم،
ئارەقەی خەجاڵەتی. !
290 ـ چیتر نابیستن،
وەڕسبوون لە سواوی،
ڕیتمێکی ناساز.!
291- بوار مەدە،
ئاراستەی تیرەکان،
ستەمکارن،
خۆپاراستن. !
292- فەرهادی گەرمێنم،
سینگ هه وارگەی ئەوینە،
پەژیوان نابمەوە. !
293- لە تاریکی شەودا،
ڕۆح گەمارۆی برینەکان دەدات،
کەس نەیبینێت.!
294- لێتان خۆش نابم،
فریودەر بوون ،
رۆحی (رزگار) ویژدان کاس دەکات
دایکی شەهید.!
295- کێ لێرە دەمناسێتەوە ،
شیوەنی مەرگی گومان،
سڕینەوەی ئەفسانەکان ،
خەیاڵی گەڕانەوە !
296- فەرهه نگی قین و تۆڵە،
تەڵقینی مەرگ،
بە خۆرنشینە کان دەنووسنەوە،
خەراباتە نیشتمان !
297 ــ دۆڕان و شکان دەنووسنەوە،
پەند وەرگرتن،
ئەزموونگەری.!
298- خوێنی شە هیدان،
گوڵاوی نیشتمانە،
بۆنێک له بە هه شتەوە ،
قەرزار بارین!
299- لێکئاڵانی دوو ئە ڤیندار،
شیعرێکی ئیرۆتیک،
بزەو خەندەی لێو،
حەزێکی سەر کەژ !
300- رۆح هەڵایساوە،
کەس لێی ناگات،
برینێکی بێ‌ناو.!
لە بەرهەمە چاپکراوەکانی شـــاعیر :
1 ــ بولێڵ ـ 2001 چاپی بەغـــدا
2 ــ رێژنەی فرمێسک 2007 چاپی دەزگای
رۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی ـ بەغدا
3 ــ راز و گەمەی ئیشق 2011 چاپی یەکێتیی نووسەرانی کورد لقی کەرکوک
4 ــ چوارینەکانی عەباس داودی 2020 چاپی ئێران
5 ــ چنینەوەیەک لە چوارینەکان بە کوردی و عەرەبی 2021 چاپخانەی ئا‌ڤێستا ـ کەرکوک
6 ــ گوڵشەنێک لە چوارینەکان 2024
سلێمانی چاپخانەی کارۆ
سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ :
بەڕێز کاک کەریم تاقانەی جواننووس ئەم بەرهەمەی دەوڵەمەند کرد بە سەرنج و تێڕوانینەکانی.
