حەمەسەعید حەسەن
(بە خەونی گەورەوە کەوتینە ڕێ) بەرگی یەکەمی بیرەوەرییەکانی مامۆستا جەعفەرە، ٢٠١٩ بڵاو بووەتەوە. تایبەتمەندیی سەرەکی و لایەنی هەرە گەشی ئەم کتێبە ئەوەیە، بایەخێکی زۆری بە ژیانی تێکۆشەرانی گیانبەختکردوو داوە، ئەمەیش بەڵگەی وەفای نووسەرە بۆ ئەو هاوڕێیانەی کە بە خوێنی خۆیان مێژوویان نووسییەوە. دەستپاکی لە گێڕانەوەی بیرەوەریدا بایەخێکی زۆری هەیە، نووسەر ئازادە بایەخ بە کام ڕووداو دەدات و کام ڕووداو نا، بەڵام باسی هەر بەسەرهاتێکی کرد، نابێت ڕاستییەکان بشێوێنێت، ئاخر ئەگەر وای کرد، متمانەی خوێنەر لە دەست دەدات. من کە بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە هەموو دەقێک دەخوێنمەوە، متمانەم بە گێڕانەوەکانی نووسەری ئەم بیرەوەرییانە هەیە.
کۆتاییی ساڵانی حەفتا ناوەندی کۆمەڵە لە سێ کەس پێک هاتبوون: نەوشیروان موستەفا، ئازاد هەورامی و مامۆستا جەعفەری نووسەری ئەم کتێبە، بۆیە ئاگاداری زۆر لەو نهێنییانە بووە کە تا ئێستا بێدەنگییان لێ کراوە و نیازی وایە ئاشکرایان بکات، وەک: بۆچی مام جەلال پەلەی بوو، لە سەرەتای حوزەیرانی ١٩٧٦دا، جاڕی هەڵگیرسانی شۆڕشی نوێ بدرێت؟ چونکە پێی وابوو، لە کۆتاییی ئابی هەمان ساڵدا، باڵی حیزبی بەعسی سەر بە سووریا، لە بەغدا کوودەتا دەکات، ئەوسا یانوونکافیش وەک لایەنێکی بەرهەڵستکار، بۆ وەدەستخستنی پشکێک لە کێکی دەسەڵات، لایەنی کوودەتاچییەکان دەگرێت.
(لە بەرخلیسک ** من و نەوشیروان مستەفا بەرانبەر یەک دانیشتبووین، لەپڕ لێی پرسیم: تا ئێستا کەست کوشتووە؟
مامۆستا جەعفەر: نەوەڵڵا.
نەوشیروان: دەتەوێت کەسێک بکوژیت؟
مامۆستا جەعفەر: ئەگەر جاش بێت، بۆ نا.
نەوشیروان: جاسووسێکمان گرتووە، پێم خۆشە تۆ بیکوژیت.
بە فەرید ئەسەسەردی گوت: بڕۆن ئەو کابرایە بهێنن! پاش چەند دەقیقەیەک کوڕێکیان هێنا، تەمەنی هەر چواردە پازدە ساڵێک دەبوو.
نەوشیروان: ئەمە جاسووسەکەیە، بڕۆ بیکوژە!
مامۆستا جەعفەر: ئەمە زۆر منداڵە!
نەوشیروان: جاسووسە و دەبێت بکوژرێت.
مامۆستا جەعفەر: خۆی ددانی پێدا ناوە کە جاسووسە؟
فەرید ئەسەسەرد: خۆی کردووە بە کەڕ و لاڵ.
مامۆستا جەعفەر: لە ڕێکخستنەوە نامەتان بۆ هاتووە کە جاسووسە؟
نەوشیروان: نەخێر.
مامۆستا جەعفەر: کە نە ڕێکخستن هیچی لەسەر نووسیبێت و نە خۆی ددانی بە هیچدا نابێت، ئەدی چۆن دەزانن کە جاسووسە؟
نەوشیروان: ئیمە خۆمان دەزانین کە پیاوخراپە.
مامۆستا جەعفەر: لە هیچ شوێنێکی دونیادا دادگای وا نییە، بەبێ بەڵگە خەڵک بکوژرێت.
نەوشیروان: تۆ دەتەوێت بیکوژیت یان نا؟
مامۆستا جەعفەر: ناتوانم بەردێکیشی تێ بگرم.
نەوشیروان بە پێشمەرگەکانی گوت: بڕۆن بیبەن بۆ ئەو چەمە.
بردیان کوشتیان، شاخەکانی دەوری بەرخلیسک، زمانیان هەبووایە، تا دونیا دونیایە ئەو تاوانەیان بۆ بەفر و باران دەگێڕایەوە.) ل٣٤٣
ئەم بەسەرهاتە ساڵی ١٩٧٨ ڕووی داوە، ئەوسا نەوشیروان موستەفا بە حیزبی بەعسی دەگوت: ڕەفتار فاشی!
کە ئارام لە تەنگیسەر شەهید دەبێت و ئاشتی چاوشین لە قارەمان دەستگیر دەکرێت، گومان دەکەوێتە سەر ئاوات قارەمانی. مام جەلال و نەشیروان موستەفا بڕیاری کوشتنی دەدەن، بەڵام مامۆستا جەعفەر داوا دەکات، با پێشەکی لێکۆڵینەوە بکرێت، ئەوسا حوکم بدرێت. ئەرکی لێکۆڵینەوە بە ئازادی سەگرمە دەسپێردرێت و گومان دەبێت بە یەقین. شەهید ئاشتی چاوشین لە زیندانەوە بە (کاوەی مەلا مەحموود)دا پەیامێک بۆ سەرکردایەتی دەنێرێت، تێیدا دەڵێت: (ئاوات قارەمانی بە گرتی داوم. ل٣٥٦)
مام جەلال دوای هاتنی پەیامەکەی ئاشتی چاوشین دەڵێت: (من محامیم، بە گوێرەی قانوون، قوربانی بەر لە گیان لە دەستدانی بە ماوەیەکی کورت، هەر قسەیەکی کرد، لەسەر ئەو قسەیە حوکم دەردەچێت. دەبێت ئاوات قارەمانی بە خاین و خۆفرۆش دابنرێت و بەبێ سێ و دوو ئیعدام بکرێت. ل٣٥٢) نەوشیروان موستەفایش دەڵێت: (من پشتیوانی سەد لە سەدی قسەکانی مام جەلال دەکەم و لایەنگری ئەوەم چەکی بکەین و سەری بخەینە ڕەشی بابییەوە و لەو چەمە با سزا ڕەوای خۆی وەربگرێت، ل٣٥٢) بەڵام چۆن لە (سزای ڕەوای گەل و شۆڕش) قوتاری بووە؟ کتێبەکە وەڵامی ئەم پرسیارەی بۆ خەیاڵی خوێنەر بەجێ هێشتووە.
دوای (هەڵمەت)ی هەکاری، سامی عەبدولڕەحمان نامەیەک دەنێرێت، تێیدا داوای کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە یەکێتی دەکات. نەوشیروان موستەفا لەبری ئەوەی هیچ نەبێت ئەو هەلە بۆ ئازادکردنی هاوڕێیەکانی کە لای پارتی زیندانی دەبن، بقۆزێتەوە، نامەکە لە سەرکردایەتی دەشارێتەوە. ل٣٨٧ ئەگەر ئەو وەختە یەکێتی سازشی لەگەڵ پارتیدا کردبا، عەلی عەسکەری و هاوڕێیەکانی نەدەکوژران. هەم شەهید ئارام و هەم عەلی عەسکەری، مەترسی بوون لەسەر جێپێ و دەسەڵاتی نەوشیروان موستەفا، ئەگەرنا نە چاوپۆشیی لە بەکوشتدانی ئارام دەکرد و نە بەردێکی لەسەر نامەکەی سامی عەبدوڵڕەحمان دادەنا.
نەریمان مەحموود کە یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە لە خانەقی، دەیگوت: (نەوشیروان مستەفا دەستی بڕوات لە نازم گەزار خراپتر دەکات. تەنیا بڕوای بە کوشتوبڕ هەیە و دەست لە نزیکترین کەس و هاوڕێی خۆی ناپارێزێت. ل٣٢٠) فاخیر کە یەکێک بوو لەوانەی تەقەی لە پارێزگاری سلێمانی کردبوو، دەیگوت: (نەوشیروان بە سەرکردەی خۆم نازانم، ئەو پیاوە ناتوانێت ڕێزی خەڵک بگرێت، حەز دەکات هاوڕێکانی بشکێنێت و خەڵک بە کۆیلەی خۆی دەزانێت. ل٣٣٢)
مامۆستا جەعفەرهەرچەندە بە کوردییەکی جوان دەنووسێت، بەڵام ئەم ڕاستییە، ڕێگر نابێت لەبەردەم ئەوەدا کە هەندێک پێشنیازی بخەینە بەردەست.
هەواڵێکی دڵخۆشنەکەر، ل٥٩ هەواڵێکی ناخۆش، لەبارترە.
لیستی ڕەشی نابوێرەکان. ل٦٨ لەبری نابوێر، ترسنۆک، پەسەندترە.
هەموو جارێک گۆزە بە نەشکاوی لە کانی ناگەڕێتەوە. ل١٤٠ بە نەشکاوی نا، بە ساغی، دروستە.
وەکوو دانی کەو. ل٧٣ و ل٣٩٦ ئەوەی سوورە، دەنووکی کەوە، مەل ددانی نییە.
لەش: جەستەی کەسێکی زیندوو. لاشە: جەستەی کەسێکی مردوو. (تەرم)یش هەمان مانای لاشەی هەیە. ئەوە بۆ ڕێزلێنانە کە بە: لاشە دەگوترێت: تەرم. تەرم بە مانای (تابووت) نایەت، ڕەنگە داربازە، دارتەرم و دارەمەیت بە مانای تابووت بێن. ل٧٨
لەبری: فضولی، (نوێگیر)ی نووسیوە، (کونجکۆڵ) وشەیەکی ڕەسەنە. ل٨١
تراوما: برینی دەروونی نییە، (خورپە)یە. ل٨٥
فوو لە ئاو ناکەمەوە، ل٣٤٣ فوو لە دۆ ناکەم، دەگوترێت.
با گابەردی گومان لەم لاپاڵەدا بانگلۆز (خلۆر) بکەمەوە. ل٦٠ ئەوی بیرەوەری بنووسێتەوە، ناچار نییە هانا بۆ وێنەی شیعری ببات، وێنەیەک کە بە زیانی گێڕانەوە کۆتایی بێت. زمانی شیعری لە گێڕانەوەدا بریتییە لە کورتبڕی، واتا: نووسین بە زمانێکی چڕ. (لە سفرەوە دەست بە نووسین بکە!) ئەو ناونیشانی کتێبێکی ڕۆڵان بارتە، تێیدا پێمان دەڵێت: ئەوەندە خۆڕسک بنووسە، وەک خەریکی نووسین نەبیت، وەک نووسین لە تۆوە دەستی پێ کردبێت، بۆیە هیچ پێشمەرجێک ڕەچاو مەکە!
*
(*) مامۆستا جەعفەر، بە خەونی گەورەوە کەوتینە ڕێ ٢٠١٩ چاپی تاران.
(**) بەرخلیسک لە قەندیلە، لە دۆڵی باڵەییانەوە بۆی سەردەکەویت.