حەمەسەعید حەسەن
پێم بڵێ دۆستەکانت کێن، پێت دەڵێم تۆ کێیت. ئایا ئەوە ڕێککەوتە تەلەفیزیۆنی ڕووداو بووە بە سەکۆی ئیسلامییەکان؟ یان هی ئەوەیە گەلێک لە کادیرانی ئەو کەناڵە کە لە خزمەتکردنی ئیسلامی سیاسیدا بێ ڕکابەرە، پاشخانێکی ئیسلامییان هەیە و هێشتا لەو بازنەیە قوتاریان نەبووە؟ هەمیشە زۆرینە بە هەڵەدا دەچێت، ئەوە بۆیە زۆرینە پێیان وایە، ڕووداو سەر بە پارتییە، یان لای کەم لە پارتییەوە نزیکە، وەلێ لە گۆشەنیگای منەوە، لە خزمەتی ئیسلامی سیاسیدایە و لەوانەوە نزیکترە.
چونکە کورد میللەتێکە یادگەی لاوازە، با لە (ڕووداو)ە تازەکانەوە دەست پێ بکەین. ڕێزدار ڕەنج سەنگاوی ١٦ی ئابی ٢٠١٤ سەلەفییەکی هێنابوو، دەیگوت: (ئەوی ئەڵڵا بە پەروەردگار و موحەممەد بە پەیامبەر و ئیسلام بە ئایینی خۆی نەزانێت، دەچێتە دۆزەخەوە و ڕەشترین داهاتووی دەبێت.) لایەنێکی گەش کە کوردستان شانازیی پێوە بکات ئەوەیە، موزایکێک لە ئایین و کولتوورە جیاوازەکانی لە باوەشی پڕ سۆزی خۆیدا جێ کردووەتەوە، کەچی ئەو سەلەفییە، بە کۆمەکی کەناڵی ڕووداو، بەبەر چاوی دنیاوە شەقێکی توندی لەو پرەنسیپە زێدە جوانە ئینسانییە هەڵدا.
ڕاستە لە کوردستان زۆرینە موسوڵمانن، بەڵام ئایا موسوڵمانێکی سەلەفی ئەو مافەی هەیە، لە تەلەفیزیۆنێکەوە کە بینەرێکی زۆری هەیە، بە ڕاشکاوی سووکایەتیی بە بێدین، کریستیان، ئێزدی، جوو، کاکەیی، سابیئە و زەردەشتی بکات، کە نە موحمەممەد بە پەیامبەری خۆیان و نە ئیسلام بە ئایینی خۆیان دەزانن و هەمووشیان هاووڵاتیی پلە یەکی ئەم نیشتمانەن، کەم تا زۆر خزمەتیان بە کوردستان کردووە و قوربانییان بۆ داوە؟ ئایا هیچ کەناڵێکی سەر بە حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان، قەت سووکایەتیی وای بە لادین، یان بە هەڵگری ئایینەکانی دیکە کردووە؟
ئەو سووکایەتییە لە کاتێکدا بە کریستیان و ئێزدی کرا کە داعش دەستی ڕەشی کوشندەی خۆی لێ وەشاندووبوون! کە مەسیحییەکانی نەینەوا، زێدبەدەر کرابوون! کە هێشتا زۆر لەو ئێزدییانەی لە ترسی داعش هەڵاتبوون، بە چیای شنگالەوە بوون! ئایا ناهەقمە ئەو هەڵوێستەی ڕووداو، بە دەستخۆشیکردن لە داعش لێک بدەمەوە؟ ئەو سووکایەتییە لە هەولێرەوە بە کریستیان کرا کە بەشێکی زۆر لە کریستیانەکانی کوردستان، لەو پارێزگایەدا دەژین! ئایا ئەوە جێی سەرنج نییە، ڕاگەیاندنکاری لێهاتوو، ڕەنج سەنگاوی، لە ئاستی ئەو سەلەفییەدا کە سووکایەتیی بە هەموو غەیرە موسوڵمانەکانی کوردستان کرد، نوتقی نەدا و دەمی بوو بە تەڵەی تەقیو؟ ئایا ئەوە جێی سەرنج نییە، هیچ نەبێت، بۆ سبەینێ بەڕێوەبەری ڕووداو، داوای لێبوردنی لە هاووڵاتییانی ناموسوڵمانی کوردستان نەکرد؟ ئایا ڕووداو نازانێت، سەلەفی داعشێکی سیلاحسزە؟
بە پێچەوانەی بەڕێز ڕەنج سەنگاوییەوە کە لێ گەڕا کابرای سەلەفی ئەوپەڕی سووکایەتی بە خەڵکانی ناموسوڵمان بکات، بێ ئەوەی بەرپەرچی بداتەوە، هێژا نامۆ عەبدوڵلا کە پرۆگرامی (لە واشنتۆنەوە) پێشکەش دەکات، ١٠ی ئابی ٢٠١٤ میوانداریی بەرپرسێکی سەربازیی باڵای پێشووی ئەمریکاییی کردبوو، کە قسە هاتە سەر بەهاری عەرەبی، هەر هێندەی میوانی بەستەزمان دەمی سووتا و گوتی: وەک چۆن ئەوە شۆڕش بوو، کە لەشکر لایەنی گەلی ڕاپەڕیوی گرت و بە ڕووخانی موبارەک دوایی هات، ئەوەیش هەر شۆڕش بوو کە دیسان بە هەمان سیناریۆ، گەل ڕاپەڕی، سوپا هاتە پاڵ گەل و کۆتایی بە ستەمی مورسی هێنرا، پێشکەشکاری بەرنامە بە جۆرێک لێی هاتە دەنگ، بە ئاشکرا پێوەی دیاربوو، بێلایەن نییە، بەڵکوو داکۆکیکارێکی سەرسەختە لە ئیخوان.
کێشەی بەڕێز نامۆ عەبدوڵڵا ئەوەبوو، پێی کوفربوو، بەو ڕابوونە جەماوەرییەی لە دژی ستەمی ئیخوان بەرپابوو، بگوترێت: شۆڕش، ئاخر لە ڕوانگەی ئەوەوە، ئەوە کوودەتایەکی سەربازی بوو، هەرچەندە موبارەک لەچاو (مورسی)دا پەپوولە بوو. پێشکەشکار داکۆکییەکی لە مورسی دەکرد، هیچ ئیخوانێکی دڵسۆز، وا باشی ناکات و ئەوەندە بەوە تێکچوو کە ڕووخاندنی دەسەڵاتی ئیخوان بە شۆڕش لە قەڵەم درا، هەر باشبوو دەستی نەدایە یەخەی میوانەکەی! ئایا ئەوە جێی سەرنج نییە، میوانی ڕووداو دەتوانێت، سووکایەتیی بە کریستیان و ئێزدی بکات، بەڵام مافی ئەوەی نییە، بە ڕاپەڕینی جەماوەر ئەگەر دژ بە زوڵمی ئیخوان بوو، بڵێت: شۆڕش؟ تکایە سەرنجی دیدارەکە بدەن، بزانن پێشکەشکار چۆن پێش میوانەکەی دەکەوێت و دەیەوێت بۆچوونی خۆی بەسەریدا بسەپێنێت.
بەڕێزێکی دیکە کە ئادەمی ناوە و بەرنامەی جیهانی ئادەم پێشکەش دەکات، پاشخانێکی ئیسلامیی هەیە، چ وەک خوێندن، شەریعەی لە دهۆک تەواو کردووە و چ وەک کاری سیاسی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی (کۆڕبەندی هزری ئیسلامی) بووە و بە هەر یەکێک لە پرۆگرامەکانییەوە بە ئاشکرا دیارە کە بێلایەن نییە و لە سەنگەری ئیسلامی سیاسییەوە دەپەیڤێت. ڕێزدار (هیوا جەمال)یش هەرچەند هەوڵ دەدات، وەک بێلایەنێک خۆی نمایش بکات، بەڵام چونکە ئەویش پاشخانێکی ئیسلامیی هەیە، ئەوەندەی بواری هەبێت و هەندێک زیاتریش، وەک ئیسلامییەک دەردەکەوێت و ناتوانێت لە هەمان دوورییەوە، سەیری ڕێبازە فیکری و ئایینە جیاوازەکان بکات. وەک نموونە ئەو وەختەی سەرەی بەنزین درێژبووەوە، بەئاشکرا داکۆکی لەوە دەکرد، بەنزینخانەی تایبەت بە ژنان هەبێت، ئەم ژن و پیاو لێک جوداکردنەوەیش، یەکێکە لە داخوازییەکانی ڕەوتە ئیسلامییە توندڕۆکان، ئەمە وێڕای ئەوەی، بە گشتی خۆی لە بازنەی حەڵاڵ و حەرامدا قەتیس کردووە.
پەڵەیەکی لە سڕینەوە نەهاتوو بە تەوێڵی ڕووداوەوە ئەوەیە، زیاتر لە جارێک کەسێک کە ئیشی فریودانی هاووڵاتییانە، دەهێنێت و وەک مەلایەکی حەکیم بە خەڵکی دەناسنێت، بە مەرجێک نە ئەوقاف بە مەلای دەزانێت و نە تەندروستی بە حەکیم! ڕووداو ڕێزی لە ئاوەز و زەوقی بینەرانی نەگرت و لێ گەڕا ئەو کابرایە بەبەر چاویانەوە، شتێکی پیس بخواتەوە کە من بۆ ڕێزگرین لە خوێنەران، شەرم دەکەم ناوی بهێنم. بەو هیوایەی ڕووداو بەوە فریو نەخوات کە بە قسەی خۆی بێ ڕکابەرە، بەڵکوو گوێ لە کەسانی لێزانی قسەلەڕووی دەرەوەی خۆیشی بگرێت.