
قوبادی جەلیزادە
1
لە دیاربەکر، خەرمان دەسووتێنێ - سوڵتان
لە عەفرین، بنە زەیتوون دەبڕێتەوە- سوڵتان
لە گوڵەمێرگ، شوان و مێگەل قەڵاچۆ دەکات- سوڵتان
لە بادینان ئاڤاسۆر، خەڵتانی خوێن دەکات- سوڵتان.
2
سوڵتان؛
پەلاپیتکەی لەسەر قەناسەکەیەتی، ئەو کۆترانە دەکوژێ کە بە کوردی دەگمێنن.
سوڵتان؛
تەورداسێکی بە چنگەوەیە، ئەو ئەسپیندارانە دەبڕێتەوە کە ڕانکوچۆخەیان لەبەردایە.
سوڵتان؛
گەردەلوولێکی ڕەشە، باڵی ئەو پەپوولانە دەشکێنێ، کە کۆڵوانەکەی (ئایشەشان)یان بەسەر شانەوەیە.
3
سوڵتان؛
بەر لەوەی بەرماڵ دابخات و نوێژ دابەستێت، ژن دەکوژێ
سوڵتان؛
کە لە نوێژ دەبێتەوەو پێش ئەوەی بەرماڵەکەی بپێچێتەوە، مناڵ دەکوژێ.
سوڵتان؛
کە مەسحەفەکەی عوسمان بەرز دەکاتەوە بۆ ئاسمان، زیندان تژی دەکات لە ئازادی و نان.