نارین ڕۆستەم


چونکە ئۆکسجین بەشی نەدەکرد،
پەنجەرەی ژوورەکەم
بۆ شیعرەکانم کردەوە 
تا بفڕن.

ڕۆژێکیان
شیعرێکی خۆمم دۆزییەوە.
کاتێک لام دەژیا،
منداڵ بوو.
دراوسێکەمان
سمێڵی بۆ دروست کردبوو و
لەگەڵ خۆی دەیبردە
شەڕ
بانگم نەکرد تا بگەڕێتەوە. 

ڕۆژێکی دیکە لە بازاڕ،
دەنگێکی نووساو هاتە بەر
گوێم
کە کەفی سەر دەموچاوی سڕیی،
شیعرێکی کەچەڵی خۆم
بوو.
بە بارۆکەوە،
ڕێکلامی بۆ شامپۆی قژهەڵوەرین 
دەکرد و
نەیدەناسیم.
ڕووم لێ وەرگێڕا و
فێڵی بازرگانەکانم ئاشکرا نەکرد.

ئێوارەیەکیان
لە گیرفانی شیعرێکمدا،
مشتێک قەڵەمی ڕەنگاوڕەنگ
کە گومان دەکرا،
دیوارە زەردەکانی شاریان پێ ڕەنگ
کرابن،
کەوتبوو.
بە بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونی،
وەکوو سوپرایز 
ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس
شیعرەکەیان ڕفاند و
بە دوایدا نەگەڕام.

دوای تەواوبوونی
یارییەکان،
کاتێک دەگەڕێمەوە ماڵەوە،
کەس
بیری لە کردنەوەی پەنجەرەکە
نەکردووەتەوە.
ئێستا،
ژوورەکەم پڕە لە وشەی کەڵەکەکراو،
کە جێم هێشتن،
شیعری باڵدار بوون
ئەوەندە خۆیان بە پەنجەرەکەدا کێشاوە
بوونەتەوە وشە.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا