بەرزان عەلی

 

کۆڵەپشت 10

بەگۆرانی خەیاڵم بێدار دەکاتەوە

نانێکی تەڕ دەخۆێن

باوەش بەیەکتریدا دەکەین

حەزەکەم بگریم، ەڵام نامەوێت برینەکانی قوڵتر بکەمەوە

دەقیژێنی و دەگرمێنێ و بەکووڵ دەگری، پێدەچێت گوشرابێت

لەرینەوەی درختەکان دڵخۆشم دەکەن، پێدەچێت لەژواندا بن

کۆڵەپشتەکەم تەڕبووە قورساییی خستووتەتە سەر ڕۆحم

بیری ئەو چاتانە دەکەم کە بە دلیڤەریی شیعردا دەمناردن

چەند دەرمانخانەیەک دەگەڕێم تاحەپی ئازارشکێن بکڕم

دایکی هاوڕێ شاعیرەکەم نەخۆشە و چاوەڕێیە حەپێکی دڵنەرم ئازارەکانی بگوشێت

دەمی ئاسمان شەقی بردووە

درەختەکان خەریکە ئاوارە دەبن

لەتاو توڕەییی، هیچ ڕێبوارێک بە شەقامەکاندا تێپەڕ نابێت

کامبیز کەریمی تێلم بۆ دەکات

بۆ ئەوەی بە ئەو بگەم، دەبێ شەڕی تووڕەییی ئاو بکەم

دەیبینم ئاهێک بەدڵمدا دێت

لە چاتەکانیدا خەیاڵدانیم سۆنەر کرد بوو، دەمزانی کەللەسەری پڕە لەو وشانەی زەمەنێکە بەشوێن ئاسەوارەکانیاندا دەگەڕێم و تامەزرۆیانم

پیاسەیەک بەنێو ئاویەردا دەکەین، یادەوەری کۆدەکەینەوە

بەخووڕ خۆی دەکێشێ بە چاوی ماشینەکەدا، فڵچەکان چەشنی پاسەوان شەقامەکان ڕادەماڵن تائ ێمە جوانتر سروشت ببنین

لە کافەیەکی بێ نیقاب دادەنشین، هیچ قەلەڕەشێک لەسەر درختەکان نانیشێنەوە

چەند هاوڕێیەک چاوەڕێمانن

ئەوان بۆ ئەوەی لە چاوی کەمتیارەکان دوور بین، خەریکی زارهەڵدانن، بێئاگا لەوەی زار یاری بە ڕۆحی وشکهەڵهاتوویان دەکات، لەنێو هەڵداندا، نەرم نەرم ژیان تێدەپەڕێنن، یاری دەکەن تا ئەوساتەی کەمتیارەکان دەڕۆن

پێکەوە وێنەیەک دەگرین تا یادەوەرییەکان نەمرن و بمێننەوە

لە گۆشەیەکی کافەکەدا دادەنشین، ئەو زمانی پاک دەکاتەوە و من گوێچکەم

چایەکی دڵپیسی ڕۆح شیرین نۆش دەکەین بەیادی جاران

ساتەکان دەژمێرم تا زمانی بکرێتەوە و خۆی ڕاوەشێنێ

بەخۆشی کامبیز کەریمی سێگارێک ڕۆشن دەکەم تا خەمەکانم بە با بدەم

وەکوو سۆفییەک لە حوجرەکەیدا بەبێدەنگی خەون دەژمێرم هیلاک نابم

نایشارمەوە دەمویست کات مۆمیا بکەم ساڵێک چەشنی بوودایەک لەبەردەمیدا دانیشم

کاتێک دەدوێت بیری کریشناموورتی دەکەم، حەزدەکەم بەنێو شیعرێکی فەرووغدا گوزەر بکەم

وشەکانی لەنێو دەمیدا چەشنی کانی قووڵپ دەدەن

خۆی دەکێشێ بە ڕووخساری کافەکەدا و دەیەوێت دانیشێ

ماڵئاواییی لە هاوڕێیان دەکەین تا تەنیاتر بینەوە، پیاسەیەکی تەڕی نێو شارم پێ دەکات

نووقمی یادەوەرییەکانی خۆیم دەکات، کۆڵەپشتەکەم پڕ دەکات، لە دڵەوە ئیرەییم بەو قوتابیانە دەبرد کە لە زانکۆی تاران ڕۆژانە کامبیز کەریمی دەبینن

چی بکەم لە ژیان، منی بەکرێکاری خستە نێو تارانەوە و تەنیایی خۆمم کۆدەکردەوە و فریا نەدەکەوتم ماچی ژیان بکەم

لەبری کامبیز کەریمی، باوەشم بەچیمەنتۆ و گەچدا دەکرد

ئێواران لەبری ئەوەی پیاسەیەکی شەقامی وەلی عەسر بکەم پەتاتەی کوڵاوم دەخوارد، جلەکانم دەشۆرین، کاتێک بنیم، لایەکی کەللەسەرم فۆڕمات کرد، فۆڵدەرێکم کردەوە بەناوی یادەوەرییەکی کامبیز کەریمی، لە ڕۆژێکی تەڕ و ناسکدا کۆڵەپشتەکەم لە خۆم زیاتر عەوداڵی کۆکردنەوەی یادەوەرییەکان بوو، دڵخۆشم کاتێک توڕەییی ئاسمان و گریانی هەور ناهێڵن ماشینەکە بە خێراییی تێپەڕێت، بەنەرمی یادەوەرییەکانی خۆیم بۆ دەگێڕێتەوە و من هەر تێر نابم

بەپێکەنینەوە پێم دەڵێت:

بەرزان ئێمە نیوقۆزیمان خستە نێو فەرهەنگی خواردنی خەڵکی سلێمانییەوە، لەو ڕۆژەوە حەزەکەم چارەکە قۆزی داوا بکەم تا ئەو تێپەڕێنم

کچە هاوڕێکەم تیل دەکات کەی دەگەڕێتەوە، چەند ڕۆژێکە ونیت؟

دایکم لەبەر تۆ خواردنێکی خۆشی لێناوە بە تامی شیعر

دەچمە ترمیناڵ، هیچ ماشینێک ناگەڕێتەوە بۆ ئەو شارەی شیعری کۆڵەپشت تێدا لەدایک بوو

شۆفێرێکی پیری دڵپاک لە دورەوە، خۆم کۆڵەپشتەکەم دەبینی دڵی بۆمان دەسوتێت، دێت بۆلام ناهێڵی هیچ شۆفێریک بمباتەوە

ئەو دەزانێت شۆفێرەکان چەشنی ڕاوچی گیرفانت دەپێکن دەتڕووتێننەوە

پێکەوە بەڕێدەکەوین یادەوەریم بۆ دەگێڕێتەوە

دەزانێت غەریبم زەفتەکەیم بۆ ڕۆشن دەکات تا هیلاکیی ئەو ڕۆژەم بگوشێت و ببمەوە بە خۆم

نەرم نەرم لێ دەخوڕێت، پێش هیچ ماشێنێک ناکەوێت

بیر لەوە دەکەمەوە چۆن وەڵامی میهرەبانی پیاوێکی پیری دڵپاک بدەمەوە لەم غەریبییەدا

دەگەین و ماڵئاوایی لەیەک دەکەین، جەستەم دەتەکێنم،

بیر لەو خواردنە دەکەمەوە کە دایکی کچەهاوڕێکەم ئامادەی کردووە بۆم

یادەوەریی ئەو ڕۆژە بۆ کچەهاوڕێکەم دەگێڕمەوە تا دڵخۆش بێت بە سەفەرەکەم

سەرێک لەو پەلەوەرانە دەدەم کە خەونی دڵخوازی کچەهاوڕێکەمن، چەشنی منداڵ پێیانەوە خەریکە و گۆرانیان بۆ دەڵێت و یارییان لەگەڵدا دەکات

دەچمە ژورەکەم پاڵدەکەوم حەوسەڵەی دوشگرتنم نییە

بیرەیەکی کەللەتەزێن دەڕژێنمە نێو گەرمی یادەوەرییەکانم

لە پەنجەرەکەوە سەیرێکی ماتەمینی شارەکە دەکەم

دەچینە باڵکۆنەکە پێکەوە سیگارێکی قاوە دەکێشین

کچە هاوڕێکەم بەدەم کێشانی سیگارەوە پێم دەڵێت

بەرزان دوورتر بڕۆ تاپڕ دەبیتەوە لە خۆت لەنێو ئەم کۆڵەپشتدا


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا