
عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
چیرۆکەشانۆی جێمی وڵسن؛ چیرۆکێکی شانۆیی کامەران موکری شاعیرە کە هونەرمەندانە پەردە لەسەر تراژیدیای ستەمی بێپەردەی نیزامی سەرمایەداری ئەمریکا دژ بە مرۆڤە ڕەشپێستەکانی نێو خودی ئەمریکا هەڵدەداتەوە. ئەم چیرۆکەشانۆییە دادگاییکردنی کرێکارێکی ڕەشپیستی پێشکەوتووخوازی ئەمریکییە کە بەناڕەوا کۆمەڵێ تۆمەتی دەدەنە پاڵ و بە شێوەیەکی زۆر تراژیدیی سزای مەرگی بەسەردا دەسەپێنن. هەرچەندە چیرۆکە شانۆییەکە مێژووی نووسینی لەسەر نەنووسراوە و نازانرێت کامەران موکری کەی ئەم دەقی نووسیوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە ڕۆژگاری ڕەونەقی سیستەمی ڕەگەزپەرستیی(ئاپارتاید) نووسراوە. ئەپارتاید(١) وەک بزووتنەوەیەکی ڕەگەزپەرستی دژە ئینسانیی ڕەگێکی قووڵی لەنێو مێژووی ئەمریکادا هەیە و بەسەدان کارەسات و چیرۆکی دڵتەزێنی دژ بە مرۆڤە ڕەشپیستەکان خوڵقاندووە. ڕەنگدانەوەی ئەم ستەمکارییە لە ئەدەب، نیشاندانی هەڵوێست و بەرپرسیارێتی نووسەرە دەرهەق بەم مێژووە پڕ لە تاوانکارییەی سەرمایەداری.
ناوەڕۆکی چیرۆکەشانۆییەکە
کارەکتەرەکان: جێمی وڵسن ( پەنجا ساڵ)، حاکم، بانگکەر،(مدعی)گشتی، خاتوو جین ڕیسڵ(١٨ ساڵ). شوێن: دادگایەکی ئەمریکایە. لەم چیرۆکەدا جێمی ویڵسن کە کرێکارێکی هۆشیاری ڕەشپێستی ئەمریکییە، لە دادگا لەبەردەم دادگا ئامادەیە و بە تۆمەتی ئەوەی کە دژ بە سەرمایەدارە سپیپێستەکانە.
(مدعی)گشتی: ئەم درنجە گەورە ڕەشە
کۆمەڵێ تاوان و خەشە
دڵی سیخناخ بووە لە ژان
بەرامبەر پارەدارەکان
ئەمەندە بێ فەڕە ئەڵێ
نابێ سپی بە من بڵێ
تۆ نۆکەری وەرە سەرچۆک
بۆ دەوڵەمەندی نیۆیۆرک
ئەڵێ من ڕەنجی شانۆ خۆم
ئەبێ وەک ئینسان خۆم بیخۆم
ئەڵێ ڕەشیش وەکو سپی
ئەبێ بە سەربەستی بژی.(٢)
ئەم وێنا گشتییە لەسەر کەسایەتی کارەکتەر دەرخەری ئەو بیرکردنەوە و جیهانبینی (جێمی وڵسن)ە کە کرێکارێکی بەئاگا و هۆشیار و شۆڕشگێڕی دژ بە سەرمایەدارە. ئەوە ئاشکرایە سەرمایەداری ئەمریکا دوو بیانووی بەدەستەوەیە کە (جێمی وڵسن)ی پێ دادگایی بکات. یەکەم: لەبەرئەوەی کرێکارێکی بەئاگایە یان باشتر وایە بڵێین کۆمۆنیستە و دژی سەرمایەدارییە. دوو لەبەرئەوەی ڕەسپێستە و دژ بە سیستەمی ئاپارتایدە. ئەم دوو بیانووەش بەسن بۆ ئەوەی ئەم کارەکتەرە لەدادگادا خۆی ببینێتەوە. کاتێکیش گەواهیدەر(شاهید) دێنن بۆ چەسپاندنی ئەو تۆمەتانە، نووسەر لێهاتووانە گاڵتەجاڕییەکی تری دادگا دادپەروەرییە بێماناکەی سەرمایەداری نیشان دەدات.
جین ڕیسڵ: ئەم ڕەشە وای تێ ئەنواڕیم
تیری چاوی سنگی سمیم
پشکۆی سەرنجی ئەنایە
ئەم سەر سنگە بێ هاوتایە
نەختی ڕووتیش بوو بە ڕێکەوت
جار جاریش هەمووی دەرئەکەوت
دوای ئەوەی تێر سەیری کردم
دوو دۆلارەکەشی بردم.(٣)
ئەم تۆمەتانەی گەواهیدەر، ئەگەر لەدیوێک وەک کۆمیدیا دەربکەوێت، ئەوا لەدیوەکەی تریدا تراژیدیای دادگا و سووککردنی ئەو بەناو دادپەروەرییەیە کە سەرمایەداری ئەمریکا خۆی پێوە بادەدات.
مودەعی گشتی: گەورەم ئەمە لەناو نەبەن
زیان لە ئەمریکا ئەدەن.(٤)
لە سیستەمی چینایەتی دژە ئینسانیی ئەمریکا چونکە کۆی سیستەمەکە دژ بە ئینسانە، بۆیە دەبینین دادگا بەهەموو پاشکۆکانییەوە لەخزمەت ئەو سیستەمەیە. کاتێک حاکم لە جێمی وڵسن دەپرسێت چۆن بەرگری لە خۆی دەکات، جێمی وڵسن ئاوا وەڵام دەداتەوە:
جێمی وڵسن: من ڕەشم وەکو شەوەزەنگ
وەک دووکەڵی بۆمبا و تفەنگ
لەناو شەوەزەنگی لەشا
لە قەفەسی سنگی ڕەشا
دڵم مانگێکە وەک ئاڵتون
تریفەی گەش، دڵگیر و ڕوون
ڕەنگم ڕەشە وەک دڵی تۆ
دڵم گەش وەک تیشکی ئاسۆ.(٥)
دوای ئەم کورتە خۆ ناساندنە، جیمی وڵسن دێتە سەر ناساندنی جەوهەری سیستەمی چینایەتی سەرمایەداری ئەمریکا.
ئەری ئێوە دیموکراتین؟
دیموکراتی سەوزە یان شین.
ئێوە زەروون بۆ خوێن مژین
کوللەی خەلە و خەرمانی ژین.(٦)
ئیتر بەردەوام دەبێت تا دەگاتە ئەوەی بڵێ:
من ئینسانم خەڵکی ئێرەم
ئا ئەمەیە وڵاتەکەم
بۆتان بلوێ دنیا یەکسەر
ئەکەن بە گڕی سووتێنەر
شاری جوانی هیرۆشیما
چیتان لێ نەکرد بە بۆمبا
دڵی دایکی سپی یان ڕەش
ئەنێنە ناو ئاگری گەش
ئینجا تەنەکەی ڕەنگ کراو
ئەدەن بە دایکی کوڕ کوژراو
مەدالیایە، ! هی پیاو کوشتن
تاکەی بەم چەشنە خوێن ڕشتن
تاکەی برینی پڕ ئازار
لە کەڵبە و نینۆکی زۆردار
ئەمڕۆ ڕەش و سپی بران
سەربازن بۆ شادی ژیان.(٧)
دادگا بەرگەی ئەم قسانە ناگرێ و حاکم بڕیاری دادگا دەخوێنیتەوە.
حاکم: مردن مردن
بڕیار درا جێی وڵسن
بەکارەبا لەنار بەرن.(٨)
دوا هاواری (جێمی وڵسن)یش دژ بەم ناداپەروەرییەی دادگا و سیستەمی سەرمایەداری، ئەم وشانەیە:
جێمی وڵسن: بمرێ هێزی ستەمکاری
وەرگەرێ تەختی زۆرداری
بژی هێزی چینی کارگەر
بژی بە ئازادی بەشەر.(٩)
هەڵسەنگاندنی چیرۆکەشانۆی جێمی وڵسن.
یەک: ئەم دەقە شانۆییە لە ڕووداوێکی واقیعییەوە وەرگیراوە (١٠) کە دروست لە ساڵی ١٩٥٧ جێمی وڵسن پیاوێکی ڕەشپیستی تەمەن ٥٥ ساڵی نەخوێندەوار دوای ئەوەی کار بۆ خانمێکی سپیپێست ( ئیستیڵ بارکەر) دەکات و ئێوارەیەک دەچێت لە دەرگای ئەو خانمە دەدات و داوای هەقەکەی خۆی دەکات، ئەویش یەک دۆلار و نەوەد و پێنج سێنتی بۆ فڕێ دەدات. لەسەر ئەم داوای ماف کردنە، جیمی وڵسن دەدرێتە دادگای ئاڵاباما لە ئەمریکا و بڕیار دەدرێت لە ٢٤ ی کانوونی یەکەمی ١٩٥٨ سزای ئیعدامی بەسەردا دەسەپێنرێت. دوای ئەم بڕیارە دژە ئینسانییە، جیهان سەبارەت بەو ستەمە گەورەیە دژە کردار نیشان دەدەن و هاوپشتییەکی سەرتاسەری بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایە پێک دێت و ئەمریکا ناچار دەکەن پاشەکشە بکات و سزاکە هەڵوەشێنێتەوە و جێمی وڵسن لەبری ئیعدام، زیندانی بکەن. وڵسن دوای شانزە ساڵ زیندانی لە ساڵی ١٩٧٣ لەتەمەنی حەفتا ساڵیدا ئازاد دەکرێت. کامەران موکری گەرچی دەستکاری چیرۆکەکەی کردووە بەڵام کرۆکی ڕووداوەکانی لەم چیرۆکە واقییەوە وەرگرتووە. کامەران بۆ نموونە ئالابامای کردۆتە نیویۆرک و خاتوو ئیستێڵ بارکەر تەمەنی سەرووی پەنجا ساڵە و کامەران موکری کردوویە بە (جین ئیستیڵ)ی تەمەن هەژدە ساڵ.
تۆ نۆکەری وەرە سەرچۆک
بۆ دەوڵەمەندی نیویۆرک(١١)
یانیش:
حاکم: بانگی کەن خاتوو جین ڕیسیڵ
بانگ کەر: خاتوو جین ڕیسیڵ
حاکم: ناوت چییە؟
-: گەورەم ڕیسیڵ
حاکم: تەمەنت؟
پێم ئەڵێن هەژدەم.(١٢)
دوو: کامەران موکری لەم دەقە شانۆییە واقیعییەدا پێمان دەڵێت کە ئەو نووسەرێکی بە ئاگایە و دەزانێت چی لە دنیا ڕوو دەدات. پێمان دەڵێت ئەو خوێندەوارێکی سەردەمەکەیەتی و ئەم بابەتەشی ڕەنگدانەوەی ئەو هەلومەرجە پڕ لە ستەمەن کە کرێکار و ستەملێکراوانی ئەمریکای تێدا دەژێن.
سێ: کامەران هەڵوێستێكی شۆڕشگێڕانەی لە دەقەکەدا بەدیار خستووە. کامەران وەکو نووسەرێکی بیروباوەڕ چەپی کوردزمان هەڵسوکەوتی لەگەڵ ڕووداوەکە کردووە و دەقەکەی نووسیوە. ئەم بابەتە سیاسییە کە دەقەکەی لەسەر بنیاد ناوە، ئەڵقەیەکە کە بیرکردنەوەی کامەران موکری بە ستەم و خەبات دژ سەرمایەداری بەستۆتەوە.
چوار: زمانی چیرۆکە شانۆییەکە شیعرییە و تا بڵێی سادە و ڕوونە. ئەم جۆرە زمان و داڕشتنە؛ هۆکارن بۆئەوەی دەقەکە بەئاسانی لەبیر و هۆشی خوێنەر و بینەر و گوێگر بچەسپێت و کاریگەری دابنێت.
پێنج: ڕەگەزە هونەرییەکانی وەکو ڕووناکی، دەنگ، زمانی جەستە، مۆسیقا، دیکۆر و جلوبەرگ و ..تاد بایەخیان پێنەدراوە و دەتوانم بڵێم دەقەکە پەنای بۆ نەبردوون، چونکە ئامانجی دەقەکە ناوەڕۆکە سیاسی و شۆڕشگێرانەکەیە نەک بەرجەستەکردنەوەی ڕەگەزە هونەرییەکانی شانۆ.
شەش: پاڵەوان (جێمی ویڵسن) کرێکارێکی هوشیارە. ئەو بەجوانی لە سیستەمی چینایەتی سەرمایەداری گەیشتووە و ئەمەش هێندەی تر دەقەکەی جوانتر کردووە.
حاکم: ناوی چییە؟
-: جێمی وڵسن
پەروەردەی خەم، سزا جەشتن
هەژارێکی مەچەک ئاسن
حاکم: ئیشت؟
دەربەدەر و بێ جێ
کارگەرم ڕۆژانەم جنێو
زۆر شەو ئەنووم بێ نان و شێو
دەمێ قاپیوانم لە شار
دەمێکیش لە لادێ جووتیار
بۆیاخچیم، لەلەم، گەسک دەر
زۆر لێکراوم دەربەدەر(١٣)
تا دەگات بەوەی لەکۆتایی چیرۆکەشانۆییەکەدا جێمی وڵسن هاوار بکات و بڵێت:
بمرێ هێزی ستەمکاری
وەرگەرێ تەختی زۆرداری
بژی هێزی چینی کارگەر
بژی بە ئازادی بەشەر.(١٤)
حەوت: دواجار کامەران موکری؛ شاعیرێکی کورپەروەر (ناسیونالیست)، بەڵام ناسیونالیستێکی چەپ بووە. ئەو وەک شاعیرێکی کوردزمان، وەک ئینسانێک، بەم دەقە و بە باوەڕێکی چەپانەی خۆیەوە بەشدارییەکی قەشەنگی کردووە لەو خەباتە سەرتاسەرییەی کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی جیهان دژ بە چەوسانەوە و جیاکاریی و ملهوڕیی نیزامی سەرمایەداری. ئەم چیرۆکە شانۆییە لەڕووی هەڵوێستی سیاسی و چینایەتییەوە خاڵێکی بەهێزی شیعرەکانی کامەران موکرییە.(١٥)
پەراوێز و سەرچاوەکان:
(١)اپارتاید، چەمکی بزووتنەوەی سپی پێستە ڕەگەزپەرستەکانە کە خوێناویترین دیمەن و تراژیدیاترین کارەساتیان لە مێژووی ئەفریقای باشوور و جیهان تۆمار کردووە. لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم لە زنجیرەیەک هەنگاودا بەهۆی خەبات و ناڕەزایەتی بەرفراوان و سەرتاسەری ئازادیخوازان و سۆشیالیستەکان و ڕەشپیستەکانی جیهان، ئەم بزوووتنەوە دژی ئینسانییەش دووچاری پاشەکشە بوو و دواتریش لەمەیدانی حکومەتە ناوەندییەکانی ڕۆژئاوا و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی کەمڕەنگ بووەوە و خۆری ئاوا بوو.
(٢)و(٣) و (٤) و (٥) و (٦) و (٧) و (٨) و (٩) کامەران موکری، دیوانی شیعر، سەرپەرشتی چاپ حوسێن بەفرین، چاپی دووەم، ٢٠١٢، لاپەڕەکانی ١٤ و ١٥ و ١٥ و١٦ و ١٦ و ١٦ و ١٧ و ١٧.
(١٠)بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەم رووداوە تاوانکارییەی سیستەمی سەرمایەداری ئەمریکا بڕوانە ئەم سەرچاوەیە. https://julianjohnsonlaw.com/sentenced-to-die-for-1-95-the-forgotten- story-of-jimmy-wilson/
(١١)و (١٢) و (١٣) و (١٤)کامەران موکری، دیوانی شیعر، سەرپەرشتی چاپ حوسێن بەفرین، چاپی دووەم، ٢٠١٢، لاپەڕەکانی ١٤ و ١٥ و ١٣ و ١٧.
(١٥)ناوی تەواوی کامەران موکری؛ محەممەد ئەحمەد تەھا، لەدایکبووی ١٩٢٩ی شاری سلێمانی. لە ساڵی ١٩٥٤دا دەستی کردووە بە شیعر نووسین. ساڵی ١٩٥٧ ناوی «کامەران»ی ھەڵبژاردووە وەک نازناوی شیعری، دواتر موکریی کردووەتە نازناو بە ناوی ئەوەی بنج و بنەوانی خێزانیان لە موکریان بووە. لە سەرەتای ساڵی ١٩٤٩ گیراوە. ماوەی نزیکەی شەش ساڵ (١٩٤٩–١٩٦٣) لە بەندیخانە جیاوازەکانی عێراق بردووەتە سەر. لە دوای کودەتا سەربازییەکەی ١٤ی تەمموزی ١٩٥٨ی بەغدا دەستی کرد بە چالاکی ئەدەبیی. لە ساڵانی ١٩٦٠–١٩٦١ سەرنووسەری گۆڤاری ڕۆژی نوێ بوو لە سلێمانی. لە دوای کودەتا فاشیستییەکەی ٨ی شوباتی ١٩٦٣ و بەدرێژایی شەستەکانی سەدەی بیستەم دەنگی کامەران کپ بوو، وەکو زۆربەی ڕۆشنبیرانی تر. لە دواییدا لە بەشی زمانی کوردی کۆلێژی ئەدەبیاتی زانکۆی سلێمانی بە مامۆستای موحازیری ئەدەبی کوردی دامەزرا. تا کۆتایی ژیانی لەسەر ئەم کارەی مایەوە. لەکاتی گواستنەوەی زانکۆی سلێمانی (١٩٨٢) بۆ ھەولێر و گۆڕینی ناوی بۆ، کامەرانیش ماڵی گواستەوە ھەولێر. لەبەرواری ٧ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٦ لەشاری ھەولێر کۆچی دوایی کردووە و لە شاری سلێمانی لە گردی سەیوان بەخاک سپێردراوە. لەنێوان ساڵانی ١٩٤٥ تا ١٩٧٢ حەوت دیوانی شیعری چاپکراوە. دوای مردنیشی لە ساڵی ١٩٨٧ سەرجەم شیعرەکانی لە کتێبێکدا بەناوی (کامەران موکری) کۆکراوەتەوە و لە چاپ دراوەتەوە. سەرەڕای کاری شاعیریی، کامەران موکری چیرۆکنووسیش بووە.
