(1)

وێنەی مرۆڤ

(دیموكراتیزەكردن/ كڕین و فرۆشتن)

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

فیکرییتەكنەلۆژی، مێژووی داماڵینی(وێنەی مرۆڤ)ەلە مرۆڤبوون، بە مانایەكی دیكە تەكنەلۆژیا،وێنەی مرۆڤ لە "خودێکی بەرهەمهێنەری مانا"وە، بۆ "کەرەستەیەکی بەکاربردن"دەگۆڕێت؛ لە ئەزموونو ئەزموونگەرییەوە بۆ "سیمای دیجیتاڵی"...هەر بەو مانایەش (جەستەی مرۆڤ) لە واقیعێکی کلتووری بۆ مەکینە و ئامرازێکی میکانیکییڕووت و (ڕوخساری مرۆڤ)یش لە ژێر زەبری پیشەسازیی جوانکاری و مۆدێلە ستانداردەکانی بازاڕدا لە ناسنامەوە بۆ کاڵا دەگۆڕێت.

ئەگەر وێنەی مرۆڤشێوازی تێگەیشتن لە ناوەوە و مانای مرۆڤ دەستنیشان بكات،  ئەوا وێنەی ڕوخسار لای(ڤالتەر بنیامین) لە سەرەتای سەردەمی فۆتۆگرافیدا،وەکدواین هێڵی بەرگریی تەماشا دەکرا...بەمجۆرەفەیلەسوفی ئەڵمانی(ڤالتەر بنیامین) جیاکارییلەنێوان دوو جۆر بەهای بنەڕەتیی وێنەدا دەکات، "بەهای پەرستش" و "بەهای نمایش".

بەهای پەرستش، لە هونەری کلاسیک و وێنەکێشانی کۆندا،ئەوەیە كە وێنەهەڵگریڕەهەندێکی ئایینی و ئۆنتۆلۆژیی پیرۆزە و "خەرمانە"ی هەیە: (وەک ئایکۆنە پیرۆزەکانیان تابلۆییادەوەریی مردووان کە لەشوێنە دابڕاو و تایبەتەکاندا دەپارێزران)؛ بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانیتەکنەلۆژیای کۆپیکردن و بڵاوبوونەوەی بەکۆمەڵی وێنەکان، ئیتربەهای نمایش پاشەکشێی بەبەهای پەرستشكرد و  بەهای پەرستش جێگەی خۆی بۆ بەهای نمایش چۆڵكرد!واتەوێنەلە کایەی پیرۆزییەوەبەرەو کایەی بەکاربردن و تەماشاکردنی جەماوەری وەرچەرخا!بنیامین پێیوایە،ڕوخساری مرۆڤ هێمای ئەو وەرچەرخانە مێژووییەیە کە تێیدا هونەر لە "پیرۆزی و تاکایەتی"یەوە بەرەو "گشتیبوون و تەکنەلۆژیا" هەنگاو دەنێت؛بەو مانایە ڕوخسار دوا ڕایەڵی پێوەستبوونی مرۆڤی مۆدێرنەیەبەڕابردووی خۆیەوە- هەڵبەتە پێش ئەوەیتەکنەلۆژیا بەتەواوی وێنەکە بکاتە کاڵایەکی جەماوەرییڕووت.

بەڵام وێنەی ڕوخسار(وەكـسیمای دیجیتاڵی) لای کۆمەڵناس و ئەنثرۆپۆلۆژیستی ناوداری فەرەنسی(دافید لۆ برتۆن)،نامۆبوونیخود و جەستە دەگەیەنێت؛واتە کتێبی (ئەنثرۆپۆلۆژیای جەستە) لە (وەرگێڕانی عەرەبی: محمد عرب صاصیلا، چ٢، ١٩٩٧- بەیروت)، تەنهاقسەكردن نییە لەسەر پیرۆزیجەستە،بەڵكەلەوێدا جەستە نوێنەرایەتیی خودی مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەکات؛ لە بەشی(هەشتەم)ی كتێبەكەدا دەڵێت: لەگەڵ هاتنی مۆدێرنێتە و باڵادەستبوونی فەلسەفەی دێکارت و چەمکی "دووانەیی جەستە و ڕۆح" ئیتر لە جیهاندا، جەستە وەک ناسنامە لە خودی مرۆڤ جیاکرایەوە؛ جەستە نەک وەک خودی مرۆڤەکە، بەڵکە وەک "ئامرازێک" یان "خاوەندارێتییەک" دەبینرا کە مرۆڤ هەیەتی... ئەو جیاکارییە لە کلتووری هاوچەرخدا، جەستەی تووشیلەت لەتبوون و نامۆبوونکرد.

هەڵبەتە بنیامین پێیوایە پارچەپارچەبوونیمرۆڤ، تەنها گوزارشت لە کەوتنی خودی مرۆڤ ناکات، بەڵكە گوزارشت لە لێکترازانی ناسنامە کلتوورییەکەش دەكات...بنیامین لەنەریتیی هونەر (وەک تابلۆی زەیتی) بۆ سەرەتای سەردەمیتەکنەلۆژیای نوێ (وەک فۆتۆگرافی و سینەما)دەکۆڵێتەوە و پێیوایە ئەم کەنەفتبوونە تەنها گوزارشت لە کەوتنی بەهای ئەزموونیڕەسەن ناکات، بەڵكە چییەتی ئەزموونی هونەریی نوێش ئاشكرا دەکات...(بڕوانە: كتێبی "واڵتەر بنیامین"، لەبارەی وێنەیڕوخساری مرۆڤ لە تێکستە بەناوبانگەکەی"كاری هونەری لە سەردەمی دووبارە بەرهەمێنانەوەی میكانیكیدا"بڵاوکراوەکانی دەزگای ئایدیا، زنجیرە ٢٠٠-٢٠١٧، ل 159).

ئەگەر بەهای ئەزموونی هونەری بە(خودی مرۆڤ) دابنێین، ئەوا چییەتی ئەزموونگەری هونەری(ناسنامەی مرۆڤ)یلێدەكەوێتەوە؛ بەم مانایەشئەزموون و ئەزموونگەریی مرۆڤ بەردەوام لەگەڵ جێگیربوون و نەریتگەراییدا لە قەیراندایە!بۆیە ئەزموون و ئەزموونگەری هونەری لای بنیامین لە سەردەمی مۆدێرنەدا، چیتر هۆکارێک نییە بۆ گواستنەوەی نەریتییهونەری،بەڵكە پانتاییەکیڕەخنەیییە کە مرۆڤ تێیدا فێر دەبێت چۆن بەرگەی زەبر و شۆکەکانی(کات- زەمەن)بگرێت؟!.

بەڵام ڕوخسار وەك لوتكەی جەستە تەنها پێکهاتەیەکی بایۆلۆژی (پێست و ئێسک) نییە،بەڵكە سەکۆیەکی گەیاندنیسیمبۆلیی گەورەیە...بۆیە لۆ برتۆن شیکاری بۆ گرژییەکانی ماسولکەیڕوخسار، چاوتروکان، زەردەخەنە و نیگاکان دەکات و پێیوایە پێش ئەوەی مرۆڤەکان زمان (وەك ئەزموون) بەکاربهێنن،ڕوخسار(وەك ئەزموونگەری) دەست دەکات بە ئاخاوتن و دەربڕینی هەستە بنەڕەتییەکانی وەک (ترس، خۆشی، تووڕەیی، خەمۆکی...)؛ لۆ برتۆن جەخت دەکاتەوە کە ئەم دەربڕینانە، ئەگەرچیڕەهەندی فیسیۆلۆژییان هەیە، بەڵاملەڕێگای کلتوورەوەڕێک دەخرێنەوە (بۆ نموونە: دۆخی کلتووریی زەردەخەنە،یان سووربوونەوەیڕوخسار لە کاتی شەرمدا) ئەو تەنها قسە لە کۆمەڵناسیی پێست و گۆشت ناکات، بەڵكە مێژووی سەرهەڵدانی "تاکگەرایی پێشکەوتوو" لەڕێگای مێژووی وەرچەرخانی جەستەوە دەخوێنێتەوە! جەستەی گۆڕاو (ناسنامەی فرەڕەهەند) لە هاوسەنگیی گەردونییەوە بۆ مەکینەی توێکاریلە كتێبی "ئەنثرۆپۆلۆژیای جەستە"ەوە قسەی لێكراوە، لەوێدا(دافید لۆ برتۆن) پێناسەیجەستە وەک دەستکەوتێکی کلتووری و کۆمەڵایەتی دەکات، نەک وەک پێکهاتەیەکی بایۆلۆژییڕووت.

لە (بەشی دووەم)ی كتێبەكەدا گەشتێکی(مێژوویی-مەعریفی) بۆ تێگەیشتن لە سۆسیۆلۆژیای جەستە دەکات و پێیوایە لەکۆمەڵگا نەریتی و سەرەتاییەکاندا: جەستەی مرۆڤ سنوورێکی دابڕاو و سەربەخۆی نییە؛بەڵكە بەستراوەتەوە بە تۆڕی سروشت، گەردوون و جەستەیکۆمەڵگاوە: كاتێکجەستەنەخۆش دەکەوێت، وەک تێکچوونی هاوسەنگیی گشتیی گەردوون تەماشا دەکرێت؛ لێرەدا جەستە "دوورگەیەکی دابڕاو" نییە.

لە (بەشی سێیەم: جەستە، مەکینە و ناسنامە)دا وێنەیەکی نوێلەڕێگای توێکاریی پزیشکییەوەبۆ جەستەدەكێشێ،وەکچۆن بۆیەکەمجارلەنەشتەرگەری (ئەندریاسڤیسالیوس) و گومانەكانی دێکارتیداقسەی لێكراوە؛ لەو بەشەداجەستە وەک "ئامادەییەکی میکانیکیی سەربەخۆ" لەکۆمەڵگا و گەردووندادەبڕێ و دەیخاتە سەر مێزی گومان و توێکارییەوە... لۆ برتۆن پێیوایە لە دوای ئەم وەرچەرخانە، جەستە بوو بە "پاشکۆ"؛ چیتر مرۆڤ خۆی جەستە نییە،بەڵكە بوو بە "خاوەنی جەستە"، و جەستەش بوو بەیەکەمین کەرەستەی خاوەندارێتیی تایبەت.

ئەگەر بەراوردێك لەنێوان (بنیامینو لۆ برتۆن)دا بكەین، دەبینین ئەم دوو بیرمەندەلە دوو گۆشەنیگای جیاوازەوە قسە لەسەر دەستکاریکردنی جەستە و ڕوخساردەكەن؛ (ڤالتەر بنیامین) لە (سەرەتای سەردەمی پیشەسازی) و (دافید لۆ برتۆن )لە (لوتکەی سەردەمی دیجیتاڵی)ەوە لە هەندێ تێڕوانیندا بەیەك دەگەنەوە! (ڤالتەر بنیامین) قسە لە سروشتی(جەستە/وێنەفۆتۆگرافی) و پرۆسەی دووبارەبوونەوەی تەکنیکییڕوخسار دەكات و (دافید لۆ برتۆن )قسە لە جەستە وەک پێکهاتەیەکی(تەواونەکراو)دەكات، کە بەردەوام دەستکاری دەکرێت!

لای بنیامین ئەنجامی دوورکەوتنەوە لەڕەسەنێتی ئەو کاتە بەدەردەكەوێت كە فۆتۆگرافی لەڕوخسار دووردەکەوێتەوە،بۆ نموونە (دیمەنی کۆڵانە چۆڵەکان- وەك دەسەڵاتی دیمەن)، لەو حاڵەتە وێنە دەبێتە کەرەستەیەکی سیاسییڕزگاریخواز،کاتێکڕوخساری مرۆڤی ئاسایی (نەک دەسەڵاتداران) دەردەکەوێت،ئیتر مانا و بەهایەکی مێژوویی نوێ دەبەخشێت؟! بەو مانایەش ئەگەرچی دیمەن هەڵگری دەسەڵاتە، بەڵام لەگەڵ دەركەوتنی وێنەدا دەتوانین دەسەڵات لە دوو ڕوودا بخوێنینەوە.

بەڵامکاتێکدەسەڵات و دەسەڵاتی تەکنەلۆژیا و سەرمایەداری هێرش دەکەنە سەرڕوخسار و دەیکەنە بابەتێکی بازرگانی و دەستکاریکراو،یان بابەتێكی ساختە، لەڕاستیدا هێرش دەکەنە سەر دوا مۆڵگەیمرۆڤایەتی و تاکێتیی ئێمە؛ واتەهێزی ئاڕاستەکەردەستکاریی نمایشەکان (دیمەنەكان) دەکەن بۆ هۆشیارکردنەوەی (درۆیینە) و ئاڕاستەكردنی جەماوەر، بازرگانی و بازاڕ...

بە بڕوای (ڤالتەر بنیامین) دەسەڵاتی تەكنەلۆژیلەلایەك دەلالەت لە لەناوچوونی خەرمانەی "هالە"یڕوخسار دەكات؛ لەلایەكی دیكە لەناوچوونی هالەی ڕوخسار دەرگا بۆ دیموکراتیزەکردنی هونەری دەکاتەوە و هونەر لە قۆرخکاریی چینە باڵاکانڕزگار دەکات! بەگوێرەی بیركردنەوەی بنیامین لە توانای بەرهەمهێنانەوەی هونەری هاوچەرخدا هێزێکیشاراوە هەیە، ئەو هێزە شاراوەیەبەدژینەریتگەرایی و جێگیربوونكار دەكات! بەڵام ئایا هێزێكی ساختەكارانەش نییە؟.

(دافید لۆ برتۆن )دەسەڵاتی تەكنەلۆژی و بازرگانیکردن وەک نامۆبوونی خود دەبینێ؛ بەو مانایەش پیشەسازیی جوانکاری و فلتەرە دیجیتاڵییەکان،ڕوخسارەکان دەکەنەیەک مۆدێلی ستانداردی بازرگانی و یەك مۆدیلی ستانداردی سیاسی و بە تەواویلە بوونی مرۆیی و جیاوازییەكان دای دەبڕن!.

لە(بەشی نۆیەم)ی کتێبەکەدا بەناوی(ئێش و ئازار)، بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ درێژە بە بیركردنەوەكانی لەبارەی بازرگانیكردن وەك نامۆبوونی خود دەدات و پێیوایە شاشە و سنوورەکانی جەستەی دیجیتاڵی دەچێتە ناو ئەنثرۆپۆلۆژیای ئازارەوە ولەوێوە دەڵێ:ئەگەرچی لە کاتی تەندروستیدا، جەستە "بێدەنگە" و ئێمە هەست بە کارکردنی ئەندامەکانمان ناکەین؛ بەڵام لە کاتی ئازاری فیزیکییتوونددا، جەستەفەرمانی خۆی بەسەر خوددا دەسەپێنێتەوە و دەبێتە زیندان؛ لەو بەشەدا دەیەوێ بڵێ مۆدێرنێتەلەڕێگای پزیشکی و تەکنەلۆژیاوە (بێهۆشکردن و سڕکردنی بەردەوام) هەوڵی لەناوبردنی تەواوەتیی ئازار دەدات، ئەوەش وایکردووە مرۆڤی هاوچەرخ توانای بەرگەگرتنی مانایی و دەروونی بۆڕووداوە سەختەکانی ژیانکەم ببێتەوە، چونکە ئازار چیتر بەشێک نییە لە "مەشقیڕۆحی" یان تاقیکردنەوەی بوونیی مرۆڤ،بەڵكە تەنها وەک "کێشەیەکی تەکنیکی لە مەکینەکەدا" سەیر دەکرێت.

بە كورتی لە سەردەمی دیجیتاڵیدا،ڕوخسار لە بوونیڕاستەقینەی خۆی دابڕاوە؛ لەکۆمەڵگای شاشەکاندا،ڕوخسار پێویستی بە ئامادەیی فیزیکی نییە؛ بەڵكە لەڕێگای وێنەی پرۆفایل و فلتەرەکانەوە،ڕوخسارێکی "ئایدیاڵ" و دەستکرد بەرهەم دەهێنێتەوە کە ماسکێکە بۆڕازیکردنی نیگای ئەوانی دی؛ ئەوەش دەبێتە هۆی کاڵبوونەوەی ئەو پەیوەندییە ئەخلاقییەی کە فەیلەسوف(ئیمانوێل لێڤیناس) پێی دەگوت "بەهای ئەخلاقییڕوخسار"، چونکە تەماشاکردنیڕوخسارێکی فلتەرکراوی سەر شاشە، تەماشاکردنی "کاڵایەکی بازرگانییە" نەک مرۆڤێکی خاوەن ئێش و ئازار، مێژوو و یادەوەری...

کتێبی "ئەنثرۆپۆلۆژیای جەستە" هاوارێکیڕەخنەیییە دژ "بە مەکینەکردنی مرۆڤ"...(دافید لۆ برتۆن)بانگەواز بۆ گەڕانەوە بۆ جەستەیەکدەکات، بۆ ئەوەی جەستەخۆی مانا بەرهەم بهێنێت؛ جەستەیەک کە پیر دەبێت، کاتی بەسەردا تێدەپەڕێت، هەست بە ئازاری ئەوی دی دەکات، و خاوەنڕوخسارێکە کە ناکرێت لە ناوەندە بازرگانی و دیجیتاڵییەکاندا کۆپی بکرێتەوە؛ لای ئەو جەستە تەنها تێکەڵەیەکی ئۆرگانی نییە،بەڵكە "نووسراوێکی کلتووری و مێژووییە" کە دەبێت بە وریاییەوە بخوێنرێتەوە.

دواجار ئەو دوو بیرمەندە جیاوازییەکی قووڵی چەمکسازیمان پێدەبەخشن؛ ئەگەرچی هەردوولا هاوڕان لەسەر ئەوەی کەوێنەی مرۆڤی هاوچەرخ لە بەها و ڕەسەنێتییەکەی خۆی داماڵدراوە، بەڵام جیاوازییڕادیکالی نێوانیان لە تێڕوانینیاندایە، بۆ: "ئامانجی" ئەم گۆڕانکارییە و "ئەنجامە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی" کە بەسەر مرۆڤایەتیدا دەسەپێت؟!.

لەو نووسینەدادەمەوێلەو خاڵە ورد ببمەوە کە (ڤالتەر بنیامین) و (دافید لۆ برتۆن)تێیدا یەکدەگرنەوە، واتە کاتێک فۆتۆگرافی لە ڕوخسار دوور دەکەوێتەوە (بۆ نموونە لە دیمەنیشەقامێكی چۆڵ)، هالەی ئەویدیكەی جیاواز بەتەواوی دەشکێت؛ئیتر مەترسییەکە ئەوەیە كە وێنەیجیاوازی (وەک دوا مۆڵگەی ناسنامە و گەرمیی مرۆیی) لە دیمەنەكەدا نامێنێت، بۆشاییەك دروست دەبێت، ئەو بۆشاییە لەلایەن سیستەمی دەسەڵاتی بازاڕ و سەرمایەدارییەوە بە خێرایی پڕ دەکرێتەوە؟!لێرەدا بۆشاییەكی هاوبەشی ترسناک لەنێوان هەردوو بیرمەنددا دەبینین: لای بنیامین فۆتۆگرافی لە ڕوخساری مرۆیی دوور دەکەوێتەوە، لەو كاتەدا ئیتر ئەو "پانتاییە مرۆیی و ئۆنتۆلۆژییە" نامێنێت کە وێنەکەی بە ڕەسەنێتییەوە دەبەستەوە!لەم چرکەساتە مێژووییەدایە جەستە و ناسنامەی مرۆڤ تووشی لەت لەتبوون و پارچەپارچەبوون دەبێت؛ لێرەوە بە بڕوای بنیامین بازاڕی سەرمایەداری(وەک هێزێکیشاراوە)ڕێک دەچێتە ناو بۆشاییەكەوە! بەڵامئەو بۆشاییەی بۆ بنیامین هێزێکیشاراوەیەبۆ دیموكراتیزەكردن! كەچی لۆ برتۆن لە لوتکەی مۆدێرنێتەدا وەک "کارەساتێکی بازرگانی" دەیناسێنێت؛ چونكە پێیوایە سیستەمی بازاڕ لەوێوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پارچە و لەتانەی جەستە و ڕوخساردا دەکات و دەیانکاتە کاڵای ڕووت بۆ بەکاربردن و قازانجکردن!بەو مانایەش مرۆڤ لە گشتێکی یەکگرتووەوە، دەبێتە کۆمەڵێک "سیمای دیجیتاڵی"(ماسک، فلتەر، گۆشت، پێست) کە لە بۆرسەی جوانکاری و شاشەکاندا کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت!

بە كورتی(دیموكراتیزەكردن) و(شکاندنی مۆنۆپۆلی مەعریفە و دەسەڵات)ی بنیامین،لای لۆ برتۆنوەكـ(کاڵایەکی بینراو) بۆ (كڕین و فرۆشتن) دەبینرێت! لۆ برتۆن دەیەوێ بڵێ دیموکراتیزەکردنی مرۆڤ لە سیستمی تەکنەلۆژییدا پرۆسەیەکی تەواونەکراوە و پڕە لە گرژی...كەواتە ئەگەرچی تەکنۆلۆژیا مرۆڤی لە دەسەڵاتی ستونیی ڕزگار کردووە، بەڵام هاوکات خستوویەتییە ناو تۆڕێکی ئاسۆیی لە چاودێری و نامۆبوون؛ بۆیە ئەمڕۆ مرۆڤی هاوچەرخ لە نێوان "سەروەریی دیجیتاڵی" و "بەکاڵابوونی تەواوەتی"دا دەژیت.

هەولێر 25/6/2026

 

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا