
هاژە مێرگەیی
ئەستێرەکانی ئاسمان
بە غەمگینی دەدرەوشێنەوە
گەر ڕۆژێ
تارمایی تەنیایی من نەبینن
کەچی تۆ لەنێو خۆتدا ونیت و
باکت بەبوونی من نییە
دەوەرە پێ بخە ناو
مەملەکەتی خەونەکانی من
خوناوی تەنیایی خۆت
نم نم
بڕژێنە بەسەر تاریکی
دڵی مانگرتووی من
لەژێر درەختی باڵات چاوەڕێتم
وەرە و
گەڵاکانت بکە بە چەتر
با لەژێر سایەت
لەو گەرمە سێرەی ڕۆحم
کزەبای سۆزت فێنکم بکاتەوە
وەرە پیاسەیەک بەناو کۆڵانەکانی
شادەماری خوێنم بکە
ببینە چ گوڵێکم لە باڵکۆنی
ماڵەکانی دڵم بۆ چاندوی
ئینجانەکان لە باوەشم و
گوڵدانەکانیش لە چاوم
وەرە خۆت بەسەر
چەپەری ژیان بهاوێ
بۆ دواجار دەستم بگرە
با هەموو تخوبی ئەندێشە و
خەیاڵ ببڕین
وەرە و
با هەموو وەرزەکانمان بکەین بە بەهار
بەهاریش لەژێر پێیەکانی ئێمەدا
زەماوەندی نەمری بگێڕێ ...!
ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥