زمان هەر تەنها ئامرازێکی دەربڕین نییە، بەڵکو گوزارشتکردنیشە، گوزارشتیش تەنێ زارەکی ناگرێتەوە، بەڵکو کردەییشە. هەندێک وشە و دەربڕین لە زماندا هەن، بە گۆکردنیان بە تەنها مانا نابەخشن، بەڵکو دەبێت ئەزموون بکرێن. کاتێک بە یەکێک دەڵێین «خۆشم دەوێی»، «دڵسۆزی تۆم»، «بیرت دەکەم»، یان «بە هاناتەوە دێم»، ئەم وشانە کردەیین و دەبێت ئەزموون بکرێن؛ دەنا بە تەنها دەربڕینی دڵسۆزبوون بەهایەکی نییە، گەر بە کرداری و لە زەمینەی واقیعدا نەیسەلمێنین.

لە بەرامبەر ئەمەشدا، چەندین دەربڕین هەن کە ناکردەیین؛ بۆ نموونە دەگوترێت: «لە چاوی شێری ناگەڕێتەوە!»، بەڵام کەس هەیە لە شێر نەترسێت؟ یان دەگوترێت: «لە سەر سەرمت دادەنێم!»، مرۆڤ چۆن لە سەر سەر دادەنرێت؟ کەواتە ئەم جۆرە دەربڕینانە خوازەن بۆ بابەتێکی دیکە و هەمان مانای فەرهەنگیی خۆیان ناگەیەنن.

لەو ڕوانگەیەوە، کاتێک ئێمە دەڵێین «وەرگێڕان پردی بەستنەوەی کولتووری گەلانە بە یەکتر»، ئەوا مانای وانییە کۆی کولتووری ئەڵمان، یان فەڕەنسا، یان عەرەب بهێنینە نێو کولتووری کوردی؛ کە ئەمەش ناکرێت. بەڵام مانای ئەوەش نییە نابێت بگوترێت وەرگێڕان پردی بەستنەوەی گەلانە! ئەم تێگەیشتنە هەڵەیە، چونکە هەرگیز کۆی کولتوور ناگوێزرێتەوە.

کولتوور لە بنەڕەتدا لە کەلچەری فەڕەنسییەوە وەرگیراوە، وشەیەکە لەنێو ئێمەدا لە بەرامبەر فەرهەنگ، ڕۆشنبیری، ئەدەب و هونەر بەکاردێت، بەڵام کولتوور کۆی سەرخانی کۆمەڵایەتی و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی، نەریتی و میللییەکانی کۆمەڵگەیەک دەگرێتەوە. لە وەرگێڕاندا، وەرگێڕ کار لەسەر بەشێکی کولتوور دەکات نەک هەمووی. واتە هەر بوارێکی کولتوور دەشێت لە ڕێگەیەوە وەربگێڕدرێت؛ کەواتە دەربڕینی «وەرگێڕان پردی بەستنەوەی کولتووری گەلانە بە یەکتر» هەڵە نییە و هەڵگری هیچ گیروگرفتێکی زمانەوانی و فەرهەنگی نییە، چونکە ئەوەی وەردەگێڕدرێت بەشێکە لە کۆی هەبووەکانی نێو کولتوور، نەک هەمووی. بەمەش ناڕاستەوخۆ کولتوور لە سەرێکەوە دێتە نێو ڕۆشنبیریی نەتەوەیەکی دیکە و بەپێچەوانەشەوە.

کولتووری هەر وڵاتێک چەند پێشکەوتووش بێت، پەیوەندی بە دواکەوتوویی کولتووری نەتەوەیەکی دیکەوە لە بواری وەرگێڕانەوە نییە! بە دەربڕینێکی تر، کاتێک پرۆسەی وەرگێڕان لە کولتووری وڵاتێکی پێشکەوتووی ڕۆژئاواوە بۆ کولتووری ئێمە دەکرێت، ئەوا ئەوەی دەکرێتە پێوەر پێشکەوتنی ژیاری و زانستی نییە؛ وەرگێڕان کاری بەوەوە نییە، بەڵکو پەیام و ئامانجە مرۆیی و ڕۆشنبیرییەکە گرنگە.

ئەزموونی وەرگێڕان لە کۆمەڵگەی ئێمە و بگرە وڵاتانی جیهانیشدا بە ڕوونی ئەوەی سەلماندووە، کە دەشێت وەرگێڕانی دەقێکی نێو کولتووری وڵاتێکی بەناو دواکەوتوو، زۆر لە دەقێکی وڵاتێکی پێشکەوتوو بەهەڕمێنتر، پڕخوێنەرتر و پڕماناتر بێت. وەرگێڕان، گواستنەوەی کۆی پێکهاتە فەرهەنگی، هونەری، ژیاری و زانستییەکانی گەلێک بۆ نێو کولتووری گەلێکی دیکە نییە، تا بگوترێت نەشێت ئێمە دەق و بەرهەمی ئەڵمانی یان فەڕەنسی وەربگێڕینە سەر زمانی کوردی، بلۆچی و تیگری بە بیانووی ئەوەی ئەو زمانانە جیهانی نین و لۆکاڵین! بە پێچەوانەوە، ئەزموونەکانی وەرگێڕان ئەوەیان دەرخستووە کە لە وەرگێڕاندا دەق دەکرێتە پێوەر، نەک کۆی کولتوور.

گەر سەرنج بدەین، دەبینین «نانی ڕووت»ی محەمەد شوکری، ڕۆمانی «قەپێلک»ی موستەفا خەلیفە، شیعری نەتەوەی ئافغان، ڕۆمانەکانی خالید حوسێنی، و ئەدەبی ئافغانی، کۆلۆمبی، میسری و کینی، بە هەزاران جار لە ئەدەبیاتی ئەمریکا، کۆریای باشوور و ژاپۆن پڕخوێنەرتر، سەرنجڕاکێشتر و پڕماناترن. پێدانی خەڵاتەکانی نۆبڵ لە بوارە جیاوازەکاندا بە نووسەر و زانایانی ئەم وڵاتانەش، دەرخەری ئەوەن کە وەرگێڕان پەیوەندی بە لۆکاڵی و گڵۆباڵییەوە نییە. ئەمە بۆ بوارەکانی دیکەی دەرەوەی ئەدەبیش ڕاستە؛ مەگەر ئێرێترییەک لەگەڵ ژاپۆنییەک وەک یەک پەنا نابەنە بەر ژیریی دەستکرد و بەکارهێنانی دوایین مۆدێلی کەرەستە و ئامرازە تەکنەلۆژییە پێشکەوتووەکان؟

کەواتە نابێت کردەی وەرگێڕان ببەستینەوە بە کولتووری لۆکاڵی و گڵۆباڵییەوە. لە وەرگێڕاندا خوێنەر بە دوای مانا، چێژ، جوانی، پەیام و ئامانجی دەقەکەوەیە، نەک ئەوەی دەقەکە ژاپۆنییەک نووسیویەتی یان ئێرانییەک. ئەمە بۆ کەرەستە و بابەتەکانی دیکەش دروستە؛ وەک چۆن ژاپۆنییەک لە تۆکیۆی هێمای پێشکەوتنی زانستی ئایپاد و مۆبایل بەکاردێنێت، شوانی مێگەلێکی بناری چیای هەڵگۆردیش هەمان کەرەستە بەکاردێنێت (بە جیاوازیی دوو جیهانبینیی جیاواز).

بۆ وەرگێڕانیش کولتوور، زانست و ژیار پێوەر نین، بەڵکو پەیوەندیی خوێنەر بە دەق، چێژ و جوانی، و پەیام و مانای دەق گرنگە؛ نەک ئەوەی دەقەکە لە کولتووری ژاپۆنەوە هاتووە یان مەغریب. چونکە وەک گوتمان، ڕەنگە هەموو نووسەرانی ژاپۆن ئەوەندەی «نانی ڕووت»ی محەمەد شوکری (کە زادەی کولتوورێکە بە دواکەوتوو دادەنرێت)، کاریگەرییان لەسەر خوێنەر و تێڕوانینی دانەنەنابێت.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا