هاژە مێرگەیی
درەنگ هاتی و زوو ڕۆیشتی
دوای تۆ مۆمی ژیانم
چاوی لێکنا و کوژایەوە
هیوا پەڕەسێلکەییەکانم
هێلانەیان وێران بوو
نەتۆ بوویت بە هەورێکی سپی
نە ئاسمانی دڵم ڕەنگی شینی پۆشی
گەر باسی سووتانیش بکەم
ڕووبار و دەریاکان ڕەنگ زەرد دەبن
بیابانیش قژی نەرمی هەڵدەوەرێ
کە بێ تۆ بووم
بووم بەو کچە دڵ شکاوەی
جلی ڕەشی نائومێدیم دەکردەبەر
نە چیتر قژت شانە دەکردم
نە پەنجەکانت لە نێویدا دەمانەوە
تۆ سروشتی ئاوت هەبوو
لەگەڵ هەڵهاتنی تیشکی خۆردا
دەبووی بە هەڵم و دڵۆپ دڵۆپ
بە لێواری چەتری ڕۆحم دەهاتییە خوار
تۆ زامە کۆنەکەی منیت
بە تاڵاوی ژەهر پێچابوومەوە
کە ڕۆیشتی
لەتاو ئازاری دڵی تەنیام
ئاسمان و ڕێسمان بەیەک گەیشتن
بۆ ئەو چیڕۆکە خەماوییەی من فرمێسکییانڕشت
خەو برێسکەی لە کەندوی ماڵی چاوم تێکنا
ڕەشەبا هاتە هاوار و زەوی گریا
هەڕەشەی خەزان و پایز
وەک قۆزاخەی ئاوریشمینی
ڕەنگی سووری لێم ترازاند
ئیتر تۆ لێرە نیت
منیش کل و قەڵەمی چاوم شکاند
ڕەنگی ڕەشم لە لێوم دا و
ملوانکە غەمگینەکەی تۆم کردە ملم
کە تۆ بە حەسرەتی ماچێک بوویت و
وەک ماچی نێوچاوانی مرۆڤێکی مردوو
ئاخ چەندە تاڵبوون وەرزە پایزییەکانی
ئەو عەشقەی من ...!؟