وشەی ململانێ لە زمانی كوردیدا، لە ڕووی فەرهەنگییەوە، وشەیەكی لێكدراوە لە دوو ناوی سادەی (مل) كە بە یارمەتی پاشگری (ئانێ) پێكهاتووە. ئەم وشەیە لە ڕووی فەرهەنگییەوە، جۆرێك لە ڕووبەڕووبوونەوە دەگەیەنێت، بەڵام لە ئاستی چەمكیدا، مانایەكی قووڵتری هزری و سیاسی و كۆمەڵایەتی هەیە. مرۆڤ هەر لە سەرەتای ژیانییەوە، بەردەوام لە ململانێ دابووە، چونكە بەشێكە لە سرووشتی فیزیكییانەی ژیان و مانەوە، ئەم وشەیە لە كۆمەڵگەی ئێمەدا، هەمیشە دیوێكی نەرێنی هەیە و ئەرێنی نییە! كاتێ بمانەوێت فۆڕمێكی ئەرێنی بە وشەكە بدەین، ئەوا دەڵێین (ململانێیەكی شەریفانە بكەن) واتا لە بنەڕەتدا، كارەكە دروست نییە، بەڵام بە هاوەڵناوی شەریفانە ڕەوایەتی پێ دەدەین. ئەم دیوە نەرێنییەی وشەكە، ڕەنگە  پەیوەندی بەوەوە هەبێت، كە كورد وەك نەتەوەیەك بەردەوام لە ژێر ستەمی داگیركەران دابووەو ئیدی وشەی ململانێ لای ئەو ، هەمیشە بە مانای ڕووبەڕووبوونەوە، شەڕ و بەریەككەوتن دێت. كتێبی (ململانێ) كە توێژینەوەیەكە لە بارەی ئەم چەمكەوە، لە چەند وتارێكی كورت پێكهاتووە. كتێبەكە لە بنەڕەتدا، تەرخانكراوە بۆ چیڕۆكێكی نووسەر ( دڵشاد كاوانی) بە ناوی ئیمپرتۆریای ژن، بەڵام كەمترین باس و بابەت لەو كتێبەدا، بە داخەوە تایبەتە بە چیڕۆكەكە .كتێبەكە لە ڕووی میتۆدییەوە، جۆرێك لە پەرش و بڵاویی و تێكەڵكاریی تێدایە. بێگومان هیچ ململانێیەك بوونی نییە، گەر جەمسەری بەرانبەر لە مەتریال، سرووسشت، بوونەوەر، مرۆڤ بوونی نەبێت. واتا ململانێ ئەو كاتە سرووشتی ململانێ وەردەگرێت، كە جەمسەری بەرانبەر هەبێت، بەڵام نووسەری ئەم كتێبە، ئەم جەمسەرەی بە شێوەیەكی گشتی باس نەكردووە، بەڵكو بڕوای وایە، كە مرۆڤ بەردەوام لە ململانێ دابووە لەگەڵ خۆی كە ئەمەش هەڵەیە، چونكە مرۆڤ ململانێی خۆی ناكات، بەڵكو ئەو دۆخەی ئەو بە ململانێ تێگەیشتووە، جۆرێكە لە بارێكی دەروونی، كە هەموو مرۆڤێك تێی دەكەوێت، بەو مانایەی زۆرجار مرۆڤەكان دەكەونە گومان و دوو دڵی و لێكدانەوە و ڕامان و دەستەوەستان دەبن بەرانبەر بە ڕووداوێك، بیركردنەوەیەك، كارێك، بەڵام ئەمە مانای وایە مرۆڤ ململانێی خۆی دەكات، بە پێچەوانەوە، بەڵكو جۆرێكە لە تێ هزرینی كەسی! كاتێ مرۆڤ دەكەوێتە بەرانبەر جەمسەرێكی دیكە، بەو مەرجەی ڕەهەندی نەرێنی هەبێت، ئەو كات ململانێی بەرانبەر دەكات. بۆ نموونە مرۆڤ بۆ ئەوەی لە ڕووبارێك نەخنكێت، ململانێی شەپۆلەكانی دەكات و هەوڵی دەربازبوون دەدات، بەڵام هەمان ئەو مرۆڤە، گەر بیەوێت بۆ ئارەزووی خۆی مەلەوانی لە ڕووبارەكە بكات ، ئەوا پێشبڕكێی شەپۆڵەكان دەكات نەك ململانێ. نووسەر ئەم دوو چەمكەی تێكەڵ كردووە، ململانێ ڕەهەندی ئەرێنی نییە، ئەوەی هەیە كێبڕكێ، پێشبڕكێیە كە دەبێ لە  یەكتریان جیا بكەینەوە. مرۆڤە سەرەتایەكان، بۆ ئەوەی ژیابان ڕاویان دەكرد، پێستی گیانەوەرانیان بۆ خۆ گەرمكردنەوە بەكار دەهێنا تا ململانێی كەشی سارد بكەن. لەلایەكی دیكەوە، ململانێ سرووشتێكی هەیە كە دەبێ بەلا دا بێت، بەو مانایەی چەندە درێژەش بكێشیت، سەرەنجام لە بەرژەوەندی لایەك یەكلایی دەبێتەوە، چونكە هیچ ململانێیەك تا سەر نییە. هەر لە درێژەی كتێبەكەدا، نووسەر باس لەوە دەكات كە هەردوو ڕەگەزەكە، بە درێژایی مێژوو بەردەوام لە ململانێ دانە لە گەڵ یەكتری، بەڵام پرسیار ئەوەیە، گەر ژن و پیاو، یان هاوسەران بەردەوام لە ململانێ دابن، ئایا  ژیانی مرۆڤایەتی بەردەوام دەبوو؟ بێگومان نەخێر، ئەوەی هەیە ململانێ نییە لە نێو ژن و پیاو، چونكە ئەوانە تەواوكەری یەكترین و زامنی بەردەوامی ژیان و وەچەی مرۆڤایەتین،  بەڵكو جۆرێكە لە بەركەوتنی سرووشتی و جەستەیی و هزریی و دەروونی و كۆمەڵایەتی، كە ئەمەش بەركەوتنێكی ئاسایی نێو هەر خێزانێكە، چونكە سرووشتی مرۆڤ وایە، كە هەڵگڕی خاسیەت و تایبەتمەندی كۆمەڵایەتی جیاوازە، كە ئەم خاسیەتانەش لە ژیانی هاوبەشدا، قووڵتر دەردەكەون و بەركەوتنی زیاتر دەبێت، بەڵام ئەمە مانای وانییە، كە ئەم بەركەوتنەی نێوانیان لە ژیان، بۆ زاڵبوونی یەكێیان بە سەر ئەویتریان، یان سڕینەوەی یەكێكیان لەلایەن ئەویترەوە بێت، چونكە وەك وتمان گەر بەو تێگەیشتنە بێت، ئێستا شتێك ناما بە ناوی خێزان و مرۆڤایەتی. بەڵكو بەیەكداهەڵشاخانێكی ئاساییە، ئەمەش گەر گفتوگۆ و ئارامی و لێك تێگەیشتن هەبێت، پشوودرێژیی و ڕێزو خۆشەویستی لە نێوانیان هەبێت، بە زوویی بوونی نامێنێت، گەر ئەو زمانەش نەبێت، بە داخەوە سەر دەكێشێت بۆ كێشەی زیاتر، تا هەڵوەشانەوەی خێزانیش. هەردوو ڕەگەزەكە تەواوكەری یەكترین، ئێمە نابێ لە بەرانبەر پیاوسالاریی، ژنسالاریی بكەینە جێگرەوە و گوایا بۆ ئەوەی ماف بۆ ئەو ڕەگەزە بگێڕینەوە، دەبێ زاڵیان بكەین بە سەر پیاوان، بە پێچەوانەوە دەبێ كولتووریی مرۆڤسالاریی لە بەرانبەر پیاوسالاریی و ژنسالاریی پەرە پێ بدەین،  چونكە ئەوەیان زامنی ژیانێكی تەندروست و ئارام و بێ ئاریشەی كۆمەڵایەتییە. ئەم دوو ڕەگەزە، ململانێی یەكتری ناكەن، چونكە وەك وتمان هەموو ململانێیەك ڕەهەندێكی نەرێنی هەیە هاوكات هەموو ململانێیەك، دەبێ بە دەرەنجامێك كۆتایی بێت وەك ئەوەی لە شەڕدا، یان لە گفتوگۆ یان بەریەكەوتن و دەبینرێت. ململانێ ماكێكی سرووشتییە، تەنانەت لای بوونەوەرانیش دەبینرێت، كاتێ شەڕ دەكەن و ڕووبەڕووی یەكتری دەبنەوە، بەڵام بە گشتی ئەوەی لە نێوان هەردوو ڕەگەزەكە هەیە، ململانێ نییە، چونكە  گەر وابێت، ئەوا ژیان تا ئێستا بەردەوامی نە ئەبوو. دواجار هیوادارام ئەو مامۆستایانەی لە زانكۆدا، قوتابیان ناچار بە نووسینی توێژینەوەی دەرچوونیان دەكەن، هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەن و هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ قوتابییەكە و توێژینەوەكەی دابڕۆن، بۆ ئەوەی نەكەونە هەڵەوە، چونكە قوتابی زانكۆ، مەرج نییە ڕۆشنبیرییەكی فراوانی لە بارەی هەر پرس و بابەتێكەوە هەبێت، بە تایبەتیش لە كولتووری كوردیدا، كە بە نموونە ئێمە ململانێمان هەیە و  كێبڕكێشمان هەیە، كە ئاسمان و ڕیسَمان ماناكانیان لە ڕووی فەرهەنگی و واتاییەوە دوورن لە یەكتری. بەداخەوە وەك خوێنەرێك، بەردەوام ڕووبەڕووی ئەو هەڵانە دەبمەوە، كە لە توێژینەوەكانی دەرچوون، تەنانەت بە ماستەر و دكتۆراش نووسراون. هەڵەی وا زەقی بابەتی، كە مرۆڤ سەیری پێ دێت، لە توێژینەوەیەك دا بكرێن، كە گوایا بە میتۆدێكی زانستییەوە نووسراون. ئەم كتێبە، تایبەتە بە چیڕۆكێك، بۆیە دەبوو زۆرترین بابەت و ڕاڤەكردن لە بارەی بونیادی هونەری چیڕۆكەكە بووایە، نەك لە پەراوێزدا بە كورتی و خێرایی ئاماژەی پێ بدرێت.

 

پەراوێز:
ناوی كتێب (ململانێ)، نووسینی: هێڤی عومەر یاسین،  بڵاوكراوەی نێوەندی مێخەك _ سۆران، ساڵی چاپ ، 2025.


*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هەولێر ژمارە (4621) لە 17/9/2026 بڵاوكراوەتەوە.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا