
ئێوە دەفڕن و من لای کێ جێدەهێڵن؟
لە شەقەی باڵ دەدەن،
گوێ بە غەریبی من نادەن!
ئێوە دەڕۆن و منداڵی خۆم بیردێتەوە، گوێم بەدایکم نەدەدا، گوێم بە ناڵینی باوکم نەدەدا، بەسەر سەربانی ماڵەکاندا ڕام دەکرد، دەفڕیم بۆ ئەوبەری ماڵان و بەردم دەهاویشتە ماڵی چۆلەکەکان!
ئێوە دەڕۆن خۆم بیردەکەوێتەوە، ڕۆیشتم وەڵامی کەسم نەدایەوە.
خۆمنیش هەروامکرد نەچوومەوە سەرفرمێسکی خوشکەتاقانەکەم،
لەنیوەی ڕێ باڵەکانم شل بوون،
هێشتا باڵم لێک نەدابوون، دایکم لە هەیوانەکە کەوتووبوو دەیگوت: دڵم بەباڵەکانتەوە هەڵبواسە،
ڕوحم لە ونبوونی خۆتدابشارەوە،
چاوم لەژێر میچی ماڵەکەت دابنێ و قەیدی ناکا ڕۆژێکیش لە ڕوحم مەپرسەوە.
ئێوە دەڕۆن و لەهیچ سوانەیەکی لەونزیکانەگیرنابن!
منیش ئەو ڕۆژەی فڕیم، جگە لەهەستێکی منداڵانە شتێکی دیکەم نەبینی،
دەمگوت: تادوورتربڕۆم، چیرۆکی ئەوینم بەتینتردەبێ.
نەمدەزانی نسێی لانەکەی ئێمە قەت زڕنابێ، نەمدەزانی باهۆزی عیشقم شل دەبێت و ئەو سروودەم بۆ چاک نابێ،
بڕۆن یەک جار ئاوڕێکی ماڵی بوونتان بدەنەوە، کەی وەڕەزبوون چیرۆکی دڵی من بنووسن، لە ڕۆخ دیوارێکی ڕووخاودا یادی هێلانەکەتان بکەنەوە.
بەکر ئاڵەیی
