هەمزە گوڵانی

کە دەنوسی، ڕستەیەکبە لە ئاو
سووڕەتێکبە لە هەتاو
تیلاوەتێکبە لە تەنیایی
پیتێک،
تەنها پیتێک لە خودا
کە دەنوسی،
وێرگوڵێکبە لە ئاگر
مووچڕکێکبە لە سووتان
هەڵچوونێک
تەنها هەڵچوونێک لە دەریا
کە دەنووسی،
زەردەخەنە بخە سەر لێوی باخ
نەسیم فێرە گۆڕانی بکە
بە زریان بڵێی:
دانیشە هاروهاج
ئەوە یەکەمجار نییە ئاگادارت بکەمەوە.
لە سەرکات بڕۆ سەرمێزی دانووستان؛
لەگەڵ ڕۆژ ڕێکبکەوە،
هەرجارەو یەکێکتان پەخش بن...
لە گەڵ مانگ، هەر جارەو یەکێک بدرەوشێنەوە
لەگەڵ هەور،
هەر جارەو یەکێک ببارن
لەگەڵ ئاگر هەر جارەو یەکێکتان بسووتێن!
دەتوانی گرێبەستێک لەگە  هەنگدا  بکەی
پێکەوە کارگەیەکی شیرینی دابنێن.
دەتوانی کە ئاهەنگێکی گۆرانی هەبوو
دەنگ لە بولبول وەر بگریت و
بۆشوێنە دوورەکان کۆتر فڕینت بداتێ.
ئاساییە،
تۆ کە ڕاوی وەهم دەکەی سەرابت هێنابێتە دەنگ
کە خولی سەربازی بۆ سەگ دەکەیەوە،
فێرخوازەکانت گورگ بن.
وەک شاعیر؛
دوای مردن دڵێکت هەیە ناوەستێ
چاوێکت هەیە بەهەر چوار لادا دەڕوانێ
زمانێکت هەیە دۆست ئاسوودەو
دووژمن هەراسان دەکا
نیشتمانێکت هەیە لەپێناو سەربەخۆییدا
دەستی وەئاسمانداوە...
تا ئیستا
داوای پەنابەرێتی لە هیچ ئەستێرەیەک نەکردووە.
تێکستێکت هەیە،
هەموو بەیانیان لەگەڵ ڕۆژ بوونەوەدا
خودا جارێک  دەیخوێنێتەوە.
تۆ کە دەنوسی بەدڵ بنووسە،
 منەتباری پەنجەکانت مەبە!


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا