
پۆل ئیلوار
وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: ئاراس سەعید
لەسەر هەموو ئەو پەڕانەی خوێندوومەتەوە
لەسەر کاغەزی سپی
لەسەر خوێن، بەرد، خۆڵەمێش
ناوت دەنووسم.
لەسەر وێنەی ئاڵتوونی
لەسەر شمشێری جەنگاوەران
لەسەر تاجی پاشاکان
ناوت دەنووسم
لەسەر ئاسمانی سەر سوڕهێنەر لە شەودا
لەسەر نانی سپی
لە سەر وەرزەکانی دەستگیرانێتی
ناوت دەنووسم.
لەسەر کەفی هەور
لەسەر ئارەقی ڕەشەبا
لەسەر باران، لەسەر تۆفان
ناوت دەنووسم.
لەسەر پەناگە وێرانەکان
لەسەر چرا کوژاوەکان
لەسەر دیوارەکانی دڵتەنگیم
ناوت دەنووسم.
من بە هێزی پەیڤێک، دەست بەژیان دەکەم
بۆ ئەوە لە دایکبووم تۆ بناسم
تاوەکو ناوت لێبنێم:
ئازادی.