حەمەسەعید حەسەن
میکیس تیۆدۆراکیس، ئاوازدانه‌ر و گۆرانیبێژی له‌سه‌ر ئاستی دنیا ناسراوی یۆنان، ئه‌لبوومێکی به ناونیشانی (له‌ژێر به‌فردا،) ئاماده کردووه، بریتییه له کۆمه‌ڵه‌شیعرێکی نازم حیکمه‌ت (١٩٠٢ - ١٩٦٣) که ڕیستۆس(*) کردوویه به یۆنانی، وه‌لێ موحه‌ممه‌د ئه‌نداگ بورزگیسکی، به‌و سیفه‌ته‌ی تاقه میراتگری شه‌رعیی نازم حیکمه‌ته، ڕێگه نادات ئه‌و ئه‌لبوومه بڵاو بکرێته‌وه. موحه‌ممه‌د ئه‌نداگ بورزگیسکی، کوڕه تاقانه شه‌رعییه‌که‌ی نازم حیکمه‌ته و له شیعره‌کانی ئه‌و شاعیره‌دا، چه‌ندان جار به (مه‌مه‌د) ناوی هاتووه.
ئاری که کچی ڕیستۆسه، له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: (باوکم پێوه‌ندییه‌کی پته‌وی له‌گه‌ڵ نازم حیکمه‌تدا هه‌بوو، بۆیه بۆ وه‌رگێڕانی شیعری ئه‌و شاعیره، ڕێککه‌وتننامه‌ی نووسراو له نێوانیاندا نه‌بوو، نه ڕیستۆس و نه نازم حیکه‌مه‌تیش پێشبینیی ئه‌وه‌یان نه‌ده‌کرد، مه‌مه‌د ڕێگه له بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و کاره گرنگه بگرێت.) موحه‌ممه‌د چونکه قینی له نازم حیکمه‌تی باوکی ده‌بێته‌وه، بۆیه ئه‌نداگ بورگیسزکیی کردووه به پاشناوی خۆی که پاشناوی (مننه‌ووه‌ر)ی دایکیه‌تی که به ڕه‌چه‌ڵه‌ک پۆڵۆنیایی بووه.
مه‌مه‌د که کوڕی نازم حیکمه‌ته له مننه‌ووه‌ر، ده‌ڵێت: (باوکم شیعری له پێناوی مشتێک ڕۆبڵدا ده‌نووسی، چونکه من سێ ساڵان بووم، بۆ گه‌ییشتن به ئامێزی ژنێکی دیکه، دایکمی جێ هێشت، هیچ هه‌ستێکی ئینسانیم به‌رانبه‌ری نییه.) ساڵی ١٩٩٩ کاتێک باسی ئه‌وه له ئارادا بوو، ته‌رمه‌که‌ی له مۆسکۆوه، بۆ تورکیا بهێنرێته‌وه، هه‌رچه‌نده (ڤێرا)ی دوا ژنی نازم حیکمه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی ڕیگه به‌و کاره بدات، داوای میلیۆنێک دۆلاری ده‌کرد و بۆیشی دابین ده‌کرا، وه‌لێ هێنانه‌وه‌ی ته‌رمه‌که، پێویستی به چرای سه‌وزی موحه‌ممه‌دی کوڕه تاقانه شه‌رعییه‌که‌ی نازم حیکمه‌تیش هه‌بوو، که‌چی به‌و بیانووه‌ی باوکی شیاوی ئه‌وه نییه، جه‌سته‌ی به خاکی نیشتمان شاد ببێته‌وه، بوو به به‌ربه‌ست له ڕێی هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی ئه‌و شاعیره گه‌وره‌یه‌دا.
ڤێرا، ساڵی ٢٠٠١ کۆچی دوایی ده‌کات و له‌سه‌ر داوای خۆی، خۆڵه‌مێشی ته‌رمه‌که‌ی، له گڵکۆی نازم حیکمه‌تدا ده‌شارنه‌وه، بۆیه هه‌نووکه هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی ئه‌و شاعیره بۆ زێدی خۆی، وێڕای محه‌ممه‌د، پێویستی به (به‌ڵێ)ی ئاننای کچی ڤێرایش ده‌بێت. موحه‌ممه‌د هه‌رچه‌نده خۆی به کوڕی دایکی ده‌زانێت، که‌چی بۆ مه‌سه‌له‌ی پاره، هه‌ر که شانۆنامه‌یه‌کی نازم حیکمه‌ت نمایش ده‌کرێت، یان که به‌رهه‌مێکی سه‌رله‌نوێ چاپ ده‌بێته‌وه، یان ته‌رجه‌مه ده‌کرێت، یان ته‌نانه‌ت که شیعرێکی ده‌کرێت به گۆرانی، به‌و سیفه‌ته‌ی کوڕه تاقانه شه‌رعییه‌که‌ی شاعیره، له دۆلارێکی خۆی خۆش نابێت و ئۆفیسێکی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ئاوه‌دان کردووه‌ته‌وه.(١)
ئه‌وه کورته‌ی به‌زمی مه‌مه‌د بوو له‌گه‌ڵ نازم حیکمه‌تی بابیدا، (هه‌ژاری موکریانی)یش، کوڕێکی هه‌یه ناوی شێرکۆیه، کارێکی به بابی کردووه، پێ ده‌چێت مه‌مه‌د له‌چاویدا په‌پووله بێت و پێم سه‌یره ئه‌وه بیر و بۆچوونییه‌تی سه‌باره‌ت به هه‌ژار و که‌چی ئه‌ویش وه‌ک مه‌مه‌دی نه‌کردووه، ناوی باوکی له خۆی دانه‌ماڵیوه. شێرکۆ هه‌ژار دوو به‌رگی له کتێبێک بڵاو کردووه‌ته‌وه، ناوی لێ ناوه: (هه‌ژار و ده‌وروبه‌ری یا کاره‌ساتی کۆمیدیایه‌ک،) له‌و کتێبه‌دا ئه‌وه‌ی ئه‌و به باوکی شه‌رعیی خۆی کردووه، نه سه‌رما به هه‌تیو، نه با، به ده‌واری شڕی کردووه، ئه‌گه‌ر بڵێـم کردوویه به پۆڕی خوراو، ئه‌وه هیچم نه‌گوتووه.
هه‌رچه‌نده ئه‌وه وه‌ک ڕۆژی ڕوون دیاره، شێرکۆ ڕقێکی زۆری له هه‌ژاره و نه‌یتوانیوه یان نه‌یخواستووه، وه‌ک لێکۆڵه‌ره‌وه‌یه‌کی بێلایه‌ن، ژیاننامه‌ی هه‌ژار بنووسێته‌وه، وه‌لێ ڕه‌نگه خوێنه‌ر بڕوا به زۆربه‌ی ئه‌و چیرۆکانه بکات که ده‌رباره‌ی بابی ده‌یانگێڕێته‌وه. من هه‌رچه‌نده هه‌رگیز پێش ئه‌م کتێبه‌ی، تاقه ستوونێکێشم نه‌خوێندووه‌ته‌وه، به خامه‌ی شێرکۆی مام هه‌ژار نووسرابێت، وه‌لێ ددانی پێدا ده‌نێم، نه‌ک هه‌ر نووسه‌رێکی به‌توانایه، به‌ڵکوو توێژه‌ره‌وه‌یه‌کی چاکیشه و شاره‌زای هونه‌ری نووسینه. خه‌وشی سه‌ره‌کیی شێرکۆ وه‌ک نووسه‌رێک، ڕقی ئه‌وه له باوکی که نزیکه‌ی به هه‌موو ڕووپه‌له‌کانی کتێبه‌که‌یه‌وه زه‌ق زه‌ق دیاره.
هه‌ندێک نووسه‌ر هه‌ن، له‌بری ئه‌وه‌ی به‌گژ سیسته‌می بابسالاریدا بچنه‌وه، دێن به گژ باوکیاندا ده‌چنه‌وه، وه‌ک ئه‌وه‌ی محه‌ممه‌د شوکری له ڕۆمانی (ته‌نیا به نانی ڕووت)دا ڕه‌چاوی کردووه. شێرزاد حه‌سه‌نیش هه‌ندێک جار، به تایبه‌تی له دیمانه‌کانیدا، سه‌نگه‌ر له باوکی ده‌گرێت. جێی داخه نووسه‌رێک له‌سه‌ر زه‌وینه‌ی به کهلاوهکردنی باوکی، کۆشکێک بۆ خۆی ئاوەدان بکاتەوە، شکۆمه‌ندیی خۆی له به‌سووک سه‌رنجدانی باوکی‌دا ببینێت و له ڕێی ڕسواکردن و زڕاندنی ناوی باوکییه‌وه، ناوبانگ په‌یدا بکات. له (هاملێت)ی شه‌کسپیر و (برایانی کرامازۆڤ)ی (دۆستۆیفسکی)دا، تاوانی باوککوشتن هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و دوو بلیمه‌ته، که‌ڵکیان له گرێی ئۆدیپ بینیوه، بیریان لای تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه نه‌بووه. له ئه‌ده‌بدا باوککوشتن، ده‌ستپێشخه‌رییه، ئه‌زموونگه‌رییه و تێپه‌ڕاندنه له نه‌وه‌ی پێشوو، خۆڕزگارکردنه له ده‌سه‌ڵاتی گه‌وره‌ئه‌دیبانی پێش خۆمان، لادانه له ڕێسا ئه‌ده‌بییه دێرینه‌کان و دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌یه‌کی نوێی تایبه‌ت به خۆمانه، نه‌ک سووکایه‌تیکردن به باوکی شه‌رعیمان.
باوک که له گرێی ئۆدیپدا ڕۆلی سه‌ره‌کی وازی ده‌کات، که‌سێکه به‌زه‌بروزه‌نگ و دڵپیس، هه‌موو ژنانی خێڵ به هی خۆی ده‌زانێت و هه‌ر که کوڕه‌کانی گه‌وره ده‌بن، ده‌ریان ده‌کات، دواتر ئه‌و کوڕه گه‌نجه ده‌رکراوانه که له سێکس بێبه‌ش کراون، کۆ ده‌بنه‌وه و بڕیار ده‌ده‌ن، به گژ ده‌سه‌ڵاتی سهرکوتکەرانهی باوکیاندا بچنه‌وه. ئیدی ده‌یکوژن و گۆشته‌که‌ی ده‌خۆن، به‌و شێوه‌یه یه‌کی به‌شێک له هێزی باوکیان ده‌چێته له‌شیانه‌وه. که کوشتیان و له ڕێی خواردنی گۆشته‌که‌یه‌وه له‌گه‌ڵیدا بوون به یه‌ک، ویژدانیان ئازاریان ده‌دات و هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان له‌و گوناهه پاکژ بکه‌نه‌وه، بۆیه کوشتنی باوک قه‌ده‌غه ده‌که‌ن و توخنی ژنه‌کانی باوکیشیان ناکه‌ون. نه سه‌رکوتکردن، هه‌ر چه‌پاندنی سێکسییه و نه کوشتنیش هه‌ر کوشتنی جه‌سته‌یی، بێبه‌شکردنی منداڵ له سۆزی باوکایه‌تییش، جۆرێکه له چه‌پاندن، ناوزڕاندنیش نواندنی جۆره زه‌بروزه‌نگێکه له بابه‌تی کوشتن، ئه‌وه بۆیه به هۆی هه‌ڵوێستی مه‌مه‌د، موحه‌ممه‌د شوکری، شێرزاد حه‌سه‌ن و شێرکۆ هه‌ژاره‌وه گرێی ئۆدیپم وه‌بیر هاته‌وه.
شێرکۆ لافی ئه‌وه لێ ده‌دات، له بواری هه‌ژارناسیدا، کەس به تۆزی پێیدا ناگات. ئاخۆ ئه‌گه‌ر کوڕی نه‌بووایه، چانسی ناسینی هه‌ژاری ده‌بوو؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ڕه‌وایه ناداته‌وه و له خۆی ناپرسێت: ئاخۆ مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، نهێنییه‌کانی خێزانه‌که‌ی به‌و شێوازه ئاوڕووبه‌رانه‌یه، بباته ده‌ره‌وه؟ ئاخۆ مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه، پۆشاکه‌کانی ژێره‌وه‌ی باوکی له‌به‌ر هه‌تاو ههڵبخات؟ شێرکۆ ئه‌گه‌ر وه‌ک محه‌ممه‌د شوکری ڕۆمانێکی نووسیبا و قاره‌مانه سه‌ره‌کییه‌که‌ی باوکی بووایه، ئه‌وه‌یان زۆر ئه‌هوه‌نتر ده‌بوو، ئاخر ڕۆمان سه‌فه‌رێکه له هه‌واری واقیعه‌وه به‌ره‌و دوورگه‌ی خه‌یاڵ. (نایتوود) ڕۆمانێکه جۆنا بارنێز نووسیویه‌تی، باس له پێوه‌ندیی هاوڕه‌گه‌زخوازیی نێوان ژنان ده‌کات و ت. س. ئه‌لیه‌ت به گه‌رمی داکۆکیی لێ کردووه. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر شێرکۆیش ڕۆمانێکی ده‌رباره‌ی هه‌ژار نووسیبا، به‌رهه‌مێکی نه‌مری له دوای خۆیه‌وه جێ هێشتبا، ئاخر نووسه‌ر سه‌روه‌ختی نووسینی ڕۆمان، چونکه نه درێژدادڕی له گێڕانه‌وه‌دا ده‌کات، نه فیکری خۆی ڕاسته‌وخۆ ده‌رده‌بڕێت و نه به یه‌قینیشه‌وه ده‌په‌یڤێت، بۆیه چیرۆکه‌که‌ی زێتر جێی متمانه‌ی خوێنه‌ر ده‌بێت.
هه‌ژار که له‌کن خوێنه‌ری کورد وه‌ک خه‌باتگێڕێکی شه‌که‌تینه‌ناس،(**) شاعیرێکی گه‌وره، زمانزانێکی بێهاوتا و وه‌رگێڕێکی شاره‌زا ناوبانگی ڕۆییشتووه، شێرکۆی کوڕی هه‌موو ئه‌و شانازییانه‌ی لێ ده‌ستێنێته‌وه و ده‌یهێنێته‌وه سه‌ر سفر، ئاخر له ڕوانگه‌ی شێرکۆوه، خه‌بات و نووسینی هه‌ژار، له پێناوی به‌رژه‌وندیی تایبه‌تی و دراودا له گه‌ڕدا بوون، شیعره‌کانی سه‌ر به قوتابخانه‌ی ئه‌ده‌بی ده‌رۆزه بوون، هیچی وایشی له زمان وه‌ک زانست نه‌زانیوه، له بواری وه‌رگێڕانیشدا نه ده‌ستی پاک بووه، نه شاره‌زای هونه‌ره‌که بووه، ته‌نانه‌ت (له بواری دانانی فه‌رهه‌نگیشدا، خاوه‌نی هه‌نبانه بۆرینه له ته‌پۆیش ته‌پۆتر بووه. ل٢٣١) با وای بۆ بچین، بۆچوونه‌کانی شێرکۆ هه‌موویان ڕاستن و به‌ڵگه‌کانیشی هه‌موویان دروستن، به‌ڵام ئایا ئه‌وه، ئیشی کوڕه، باوکی کۆچکردووی که هیچ بواری داکۆکی له خۆ کردنی نییه، بخزێنێته ئه‌و گۆشه ته‌نگه‌وه؟ ئه‌م ڕه‌وتاره‌ی شێرکۆ، که‌موزۆر له‌وه‌ی بابی ده‌چێت، که تا زیندوو بوو زاتی نه‌کرد، (چێشتی مجێو‌ر)ه‌که‌ی(***) که تێیدا به که‌یفی خۆی سووکایه‌تی به‌م و به‌و کردووه، بڵاو بکاته‌وه.
شێرکۆ له کتێبه‌که‌یدا سووکایه‌تی ته‌نیا به باوکی نه‌کردووه، بێجگه له هێمن، محه‌ممه‌د مه‌ولوود مهم و حه‌سه‌ن قزڵجی که به‌ڕێزه‌وه باسی کردوون، جنێوی پیسی به نزیکه‌ی هه‌موو دۆست و ناسیاوه‌کانی دیکه‌ی باوکی داوه، بۆ نموونه، کامه جنێو سووکه، ئاڕاسته‌ی (شوکور مسته‌فا، مه‌لا جه‌میل ڕۆژبه‌یانی و عه‌بدولڕه‌حمان زه‌بیحی)ی کردووه و (گیو موکریانی)یشی خه‌ڵتانی سووکایه‌تی پێ کردن کردووه.
به لای شێرکۆوه، هه‌ژار کابرایه‌ک بووه، سۆزانیباز، پاره‌په‌رست و ده‌روونناساغ و (حه‌زیشی له سێکسی به گرووپ بووه، ل٢٠٢) شێرکۆ ده‌نووسێت: (له خه‌ڵک شاراوه نه‌بووه که هه‌ژار بیسێکسچواڵ و پیدۆفیل بووه. ل٣٢٢)
کۆرپه‌له (منداڵ ئهوسهروهختهی له پزدانی دایکیدایه) ئه‌گه‌ر هۆرمۆنی ئۆسترۆجین که هی مێیینه‌یه، زیاتر له هۆرمۆنی تیستۆسیترۆن که هی نێرینه‌یه، بچێته جه‌سته‌یه‌وه، ده‌بێته کچ له شێوه‌ی کوڕدا، واتا وه‌ک کچ له دایک ده‌بێت به‌ڵام له شێوه‌ی کوڕدا. پێچه‌وانه‌که‌یشی دروسته و منداڵێک له دایک ده‌بێت، وه‌ک ناخ کوڕه وه‌لێ له شێوه‌ی کچدا، ئه‌وه بۆیه هه‌ندێک که‌س ده‌بنه هۆمۆسێکسچواڵ که له‌کن مه، هاوڕه‌گه‌زبازیان پێ ده‌گوترێت و وه‌ک لادەر و نه‌خۆش و نائاسایی سه‌رنجیان ده‌درێت، هه‌رچه‌نده ئه‌وه ڕێکه‌وتێکی سروشتییه و هه‌ڵه‌ی که‌سی تێدا نییه. ئه‌وه بۆیه هه‌یه به شێوه له پیاو ده‌چێت، وه‌لێ چونکه له ناخه‌وه ژنه، حه‌زی له پیاو ده‌بێت، یان به شێوه له ژن ده‌چێت، به‌ڵام چونکه له ناخه‌وه پیاوه، حه‌زی له ژن ده‌بێت و گه‌له‌ک جار ئه‌و که‌سانه له ڕێی نه‌شته‌رگه‌رییه‌وه، ڕه‌گه‌زی خۆیان ساغ ده‌که‌نه‌وه. له‌مێژه له گه‌له‌ک له وڵاتانی دنیا، ئینسان هه‌ڵگری هه‌ر ناسنامه‌یه‌کی ڕه‌گه‌زی بێت، شتێکی تایبه‌ته به خۆی، به‌شێکه له ئازادییه‌کانی و ده‌بێت ڕێزی لێ بگیرێت، به مه‌رجێک ئازادیی هیچ که‌سێکی دیکه پێشێل نه‌کات. ئه‌گه‌ر شێرکۆ بوختانی بۆ باوکی نه‌کردبێت، ئه‌وا لای مام هه‌ژار (هه‌ڵه،) هه‌ڵه‌ی سروشت نه‌بووه، هی خۆی بووه، چونکه به هۆی بڕی ئه‌م یان ئه‌و هۆرمۆنه‌وه، که‌س نابێته پیدۆفیل و پیدۆفیلبوون له هه‌موو جێیه‌ک، به‌دئاکارییه و تاوان.
له ڕوانگه‌ی شێرکۆوه، لایه‌نی گه‌شی هه‌ژار ئه‌وه‌یه، که‌سێکی کۆمێدیان بووه و هه‌موو کۆمێدیبوونه‌که‌یشی له هه‌ردوو بواری ناوگه‌ڵ و ئاوه‌ده‌ستخانه‌دا چڕ بووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌تا ده‌نووسێت: (به‌هره‌ی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌ژار، بریتی‌بوو له کۆمێدیای گه‌ڵ و ئاوده‌ست. ل٢٦٥ و ل٢٧٠) ئه‌گه‌ر شێرکۆی کوڕی ڕاست بکات، ئه‌وا وه‌ک چۆن دانتی به هۆی کۆمێدیای خودایییه‌وه ناسراوه و به‌لزاک له سۆنگه‌ی کۆمێدیای مرۆڤایه‌تییه‌وه، ده‌بێت مام هه‌ژاریش به هۆی کۆمێدیای گه‌ڵ و ئاوده‌سته‌وه بناسرێت.
شێرکۆ ده‌ڵێت: (هه‌ژار تاقه یه‌ک جار له ژیانمدا هانی نه‌داوم، خزمه‌تی نه‌ته‌وه و نیشتمانم بکه‌م، جگه له وشه‌ی پاره و ڕه‌وابوونی هه‌ر کارێک بۆ پاره، قه‌ت یه‌ک ئامۆژگاریی تری بۆ من نه‌بووه. ل٢٦٧) ئاخر ئامۆژگاریی چیت بکات، ئه‌گه‌ر وه‌ک خۆت ده‌بێژیت، پێی وه‌ها بووبێت: (سیاسه‌ت کارێکی چه‌په‌ڵی زیره‌کانه، بۆ .. یینی بێعه‌قڵان؟ ل٣٠٦) شێرکۆ ده‌نووسێت: (جارێک لای یه‌کێکی نزیکی ڕابه‌رایه‌تیی حیزبی دیموکرات باسی ئه‌وه‌م کرد که هێمن چه‌نده کوردیی له هه‌ژار باشتر ده‌زانی، چه‌نده هونه‌رمه‌ندی په‌خشانی ئه‌ده‌بیی کوردی بوو، چه‌نده له هه‌ژار شاعیرتر بوو، ئه‌ویش گوتی: چه‌نده وه‌کوو سه‌گ تۆپی، له کاتێکدا مه‌رگی هه‌ژار پرسه‌یه‌کی نه‌ته‌وایه‌تیی گه‌وره‌ی ساز دا. ل٣٠٢)(٢)
*
(١) نصر‌ت مردان، میراث ناظم حکمت الشعري تحت رحمة محمد آنداج بورزجسکی ٨ مارس ٢٠١٠ إیلاف.
(٢) شێرکۆ هه‌ژار، هه‌ژار و ده‌وروبه‌ری یا کاره‌ساتی کۆمیدیایه‌ک، به‌رگی یه‌که‌م ٢٠٠٨ به‌رگی دووه‌م ٢٠١٠
(*) ڕیستۆس، شاعیری گه‌وره‌ی یۆنان که ئه‌دونیس پێی وایه، مه‌زنترین شاعیری کۆمۆنیسته و گه‌له‌ک له نیرۆدا هونه‌رمه‌ندتره.
(**) یه‌کێک له جۆره‌کانی ئاوه‌ڵناو له ناوێک و ئاوه‌ڵناوێک پێک دێت، وه‌ک: سه‌رسپی و ده‌مڕاست، بۆیه ماندوونه‌ناس، هه‌ڵه‌یه، چونکه ماندوو ئاوه‌ڵناوه نه‌ک ناو، ئاخر ده‌بێت ناوێک پێش نه‌ناس بێت نه‌ک ئاوه‌ڵناوێک، بۆیه ده‌بێت بڵێین: ماندوویه‌تینه‌ناس، ئه‌وه‌یش له‌سه‌ر زار قورسه، که‌واته شه‌که‌تینه‌ناس چونکه له‌سه‌ر زار خۆشتره، په‌سه‌ندتریشه.
(***) هه‌ژار، چێشتی مجێو‌ر، خانی شه‌ره‌فکه‌ندی ئاماده‌ی کردووه ١٩٩٧ پاریس.
بیسێکسچواڵ: لەگەڵ مێ و نێریش جووت دەبێت.
پیدۆفیل: منداڵباز.