بەهرە هەولێری
ئەمشەو لە ئاسمانی شاردا
مانگ میوانداریی خۆری کرد
وەک پەڕجوویەک
پێکڕا
بۆ دیدەنیی
ئازیزی دوورە شار
پەروانە ئاسا
لەدەوری چاوەکانی
خەرمانەیان بەستا.
هەر بەو بۆنەیەشەوە
بۆ پێشوازی
فەرشی سووری
لەبەر پێیدا
ڕاخست.
*
ئەمشەو
دڵی من فڕیوە
وەک کۆترێ
هەر گمەی دێ و
هەر دەخوێنێ.
وەکو هەنگێ
لەهیچ شوێنێ ئۆقرە ناگرێ
دەمێ لە باوەشی
گوڵێکدا
وچان دەدا
دەمێکێش
لە کۆشی چیمەنێکدا
هەڵاڵەی ئەو گوڵانە کۆدەکاتەوە
کە توڕەیی ڕەشەبا
هەڵیوەراندوون
*
دەزانم ئەمشەو
ناگەمە لەنگەری ئارامی باوەشت
دەشزانم
تەنانەت
بۆ ساڕێژی زامی دووریت
هەتوانی ماچێکیشت
نامگاتێ
وەلێ بەسمە کە دڵنیام
هەردووکمان ئێستا
لە تەنۆچکە گەردەکانی
ئاسمانی شاردا
هەناسەی پاک هەڵدەمژین.
*
ئەمشەو
دەنگێک بەسە
بۆ ئاوەدانیی گوێچکە و
ئارامی رۆحم.
ئەمشەو
نیگایەک بەسە
بۆ ڕۆشنایی دیدە و دڵم.
ئەمشەو
نەک ڕەشەبا
تەنانەت
هەناسەیەک بەسە
بۆ کردنەوەی دەرگا ژەنگاوییەکانی
نەهامەتی
بەڵێ ، تەنها
دەلاقەیەکیش بەسە
بۆ هەڵگرتنی
خەندەیەکی سپی
بۆ ڕۆژە ڕەشەکانی دووری...