هاڤان محەمەد
مودەتێکە من و تۆ و خۆشەویستی
بوینەتە سێکوچکەی عەشق
ئیتر هیچ ئاگرێک لە سۆزی دڵم گەرمتر نیە بۆ تۆ
بە حەرفی ناوت
قەسیدەیەکم هۆنیتەوە
با دونیا هەموو بزانێ
ژنێک سوور بووە بە عەشقی تۆ
ئەم ئێوارەیە
لەسەر ڕێگای باڵندەکان گیرسامەوە
تا پێئان بلێم لەگەڵ خۆتان
بۆنی گەردەن و کەزی و جەستەم
ببەن بۆ خۆشەویستەکەم
هەر کاتێ بچمە قولایی
سەروەختی تەمەنما
ئەوەی ڕامدەچلەکێنێ
تەزوی درزی یەکەم نیگای تۆیە
ئێستا تارمایی عەشق
هەر ئەو نیگایانەن
کە ترپەی دڵێکیان وابەستکردووە
بە هاناسەکانت
ئاخر من
پێکانی عەشقی تۆم هەیە
دڵم بە خورپەکانی خۆشەویستیت دەژیت
ئەمە لە سەر هەموو تابڵۆکانی
کوچەی شارەکان بنووسە
ژنە سوورەکەی عەشق
لە هەر چووار وەرزە هەر بۆ من دەژی
چاوەڕێبە نامە بەرەکە دێتەوە
دلنیابە نامەیەکت بۆ دێنی
هەر لە ناونیشانەکەی دیارە
ژنە سوورەکە بۆی ناردووی
دوای سلاو کردن
کۆلێ وشەی بۆ ناردووی
باسی خۆی دەکات
کە شەوان چەندە بێدارە
سەرژمێری ئەستێرەکان دەکات
تا بزانێ دەگەن بە ژمارە خۆشەویستیت
من لە دوونیای ئەوین هاتووم
ڕێگاکانت بۆ گوڵڕێژ دەکەم
چاوەکانم داناخەم
تا تارمایی ڕوخسارت لێم وون نەبێ
من دەزانم هەر شنەیەک هەڵبکا
پرە لە بۆنی وەرزەکانی تەمەنت
کە بۆنی وەرزەکانی منیش دەگۆرێ
تۆ لە ڕۆح و خوێنم هەڵقولاوی
بۆ ئەبەدی لە دڵم نیشتەجێبە
پاشایەتی لەم حەرشە هەر شایەنی تۆیە
شەرابێک دەگرمەوە
بەتامی سێوەکانی ڕەزی سینە
بە کاسەی لێوان بینۆشە
من هەروا بیر دەکەمەوە
نازانم چیت لە دڵم کردووە
کە ئەوەندە تۆی خۆشدەوێت
ئەی دڵی من