حەمەسەعید حەسەن

بۆچی چوار هەزار ساڵێکە ئینسان لە زۆر بواردا هەمان هەڵسوکەوت دووبارە دەکاتەوە؟ بۆچی هاوسەنگیی ژیانمان تێک چووە و قەیرانی هارمۆنیامان هەیە؟ ئەم جڤاکە گەندەڵە بەدڕەوشتە چییە بەرهەممان هێناوە؟ جڤاکێک هەموومان بەشدارین لە بەرهەم هێنانیدا و ئەگەر خوازیاری گۆڕانکاریی ڕیشەیی بین، پێویستە هەر یەکێکمان لە خۆیەوە دەست پێ بکات و پێشەکی ناوماڵی خۆی ڕێک بخات. بۆچی قەبووڵمانە لە ئاژاوەدا بژین؟ بۆچی هیچ شۆڕشێک جڤاکێکی باشی بەرهەم نەهێناوە؟ نە هەڵەی ژینگەیە، نە هەڵەی سیاسەتکاران و زانایان، پاساوهێنانەوە هەڵاتنە، کارێکی ئاسانە و بە هەموو کەس دەکرێت.

بۆچی ئەو خەڵکە زیرەکە، لە ئاژاوەدا دەژین؟ ئاژاوە چییە؟ ئەو ئاژاوە سامناکە زادەی چییە؟ تا ناکۆکی هەبێت، ئاژاوەیش دەبێت، تا شتێک بڵێین و شتێکی دیکە بکەین، ئاژاوە دەمێنێت. تا ئەم سیاسەتکار، یان ئەو پێشەوای دینی، بە نموونەی باڵا بزانین، ئاژاوە درێژەی دەبێت. تا کەسانی دوولەت بین، کەسانێک بانگەشە بۆ شتێک بکەین و پێچەوانەکەی ڕەچاو بکەین، ئاژاوە دەمێنێت. تا دوای مەرجەعێکی باڵا بکەوین، تا وای بۆ بچین پێویستمان بە مەرجەعی باڵا هەیە، لە ئاژاوەدا دەژین.

بۆچی گۆڕانکاری ڕیشەیی ڕوو نادات؟ چونکە ئێمە نموونەی باڵای دینی، یان سیاسیمان هەیە کە خۆمان دروستمان کردوون، چونکە نموونە باڵامان لە گۆڕانکاری پێ گرنگترە، چونکە خەریکی ئەوەین، ئەوەی ئێستا هەیە، لە داهاتوویشدا هەبێت و بەهیزتریش ببێت، ئەوە بۆیە ململانێ و دووبەرەکی و ئاژاوە درێژەیان هەیە. ئێستا کە زەبروزەنگ و ڕق و دڕندەیی زاڵە، بە گژیاندا ناچینەوە، لە هەوڵی ئەوەداین تەمەنیان درێژ و درێژتر ببێت. لە ژیاندا ناکۆکی هەیە، وەک ڕووناکی و تاریکی، خێر و شەڕ و چاک و خراپ، خۆشەویستی و ڕق، کێشەکە ئەوەیە، هاودژەکان لە یەک جودا نین، ڕەگی ئەمیان لەنێو ئەوی دیکەیاندایە و تا ناکۆکی هەبێت، ململانێ درێژەی دەبێت.

هۆکاری سەرەکیی ئاژاوە، نموونەی باڵایە. مەرجەعی باڵا هەر پێشەوای سیاسی یان دینی نییە، یاسا مەرجەعە، پۆلیس مەرجەعە، دەوڵەت مەرجەعە، چی زۆرە؟ مەرجەع! لووتکەی گەوجایەتی ئەوەیە کە دوای مەرجەعێک دەکەوین بۆ ئەوەی ڕێنوێنیمان بکات، ڕێمان بۆ ڕۆشن بکاتەوە و شێوازی ژیان و بیرکردنەوەمان بۆ دیاری بکات، ئاخر بەوە دەست لە ویستی خۆمان هەڵدەگرین و خۆمان دەدەین بەدەم ڕەشەبای ئاژاوەوە. ئێمە لە پێناوی بەرچاوڕوونی و دڵنیایی و ئاسوودەییدا دوای ئەم یان ئەو ڕێبەر دەکەوین، بەڵام دەمرین و هیچ کام لەوانەمان دەستگیر نابێت. هەر چی پێشەواکەت دەیڵێت، تۆ بە ڕاستی دەزانیت و قەت بە گژیدا ناچیتەوە، هەزاران ساڵە ئینسان وا ژیان بەڕێ دەکات.

پێشەواکەت لە نێوان تۆ و خوادا ڕۆڵی وەرگێڕ دەبینێت و تۆ هیچ گومانت لێی نییە، بیر لەوە ناکەیتەوە پشت بە خۆت ببەستیت و خۆت ببیت بە چرای خۆت، ئاخر بێجگە لە خۆت، کەسی دیکە ناتوانیت، چرای ڕۆحت دابگیرسێنێت و ناخت ڕۆشن بکاتەوە. تا پشت بە خۆت نەبەستیت، توانای داهێنانت نابێت، ئەوی دوای ئەم و ئەو دەکەویت، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گێلتر دەبێت، ئاخر وەک ئامێرێکی لێ دێت. تۆ ڕۆژانە باسی ئازادی دەکەیت و لەنێو زیندانی فیکری خۆتدا بەندیت، یان ئەوپەڕی ئەم زیندان دەگۆڕێت بەو زیندان، لەم پێشەوا زیز دەبیت و دوای ئەو پێشەوا دەکەویت. ئازادی ئەوەیە خۆت لە هەموو قاڵبێک دەرباز بکەیت، ئەگەرنا لە ئاژاوە ڕزگارت نابێت و هارمۆنیا ڕێی ناکەوێتە هەواری ژیانت.

خۆ ناکرێت مەینەتی و کوێرەوەری هەتا هەتایە بەردەوام بن، لەگەڵ بزربوونیاندا خۆری هاوسۆزی و  خۆشەویستی هەڵدێت. لە ئەزەلەوە هەتا ئێستا ئینسان هەست بە ترس و بە تەنیایی دەکات، ئینسان بەبێ ئەوەی ناساغ بێت، ئازاری هەیە، بەبێ ئەوەی لە زینداندا بێت، پێی وایە بەند کراوە و دەڵێیت هێشتا تامی ئازادیی نەکردووە. ئینسان چونکە هەست بە نیگەرانی دەکات، بۆیە بیر لە هەڵاتن لە ناخۆشییەکانی ژیان دەکاتەوە، ئەوە بۆیە هانا بۆ مەی، ماددەی هۆشبەر، یان پەرستگە دەبات. ئینسان هەمیشە وا هەست دەکات شتێکی گرنگی لێ بزر بووە و بەردەوام پەرۆش و تامەزرۆی ئەو شتەیە.

خۆشەویستی چییە؟ ئایا ئەوەیە هاوژینەکەت، هاوڕێیەکت، یان خوات خۆش بوێت؟ ڕەنگە نەزانین خۆشەویستی چییە، بەڵام دەزانین ژیان بەبێ خۆشەویستی بیابانێکە بەرین و چۆڵ. با سامانێکی زۆریشت هەبێت، با خاوەنی پۆستێکی باڵایش بیت، با زانایەکی گەورەیش بیت، بەڵام بەبێ خۆشەویستی کەسێکی بزریت. بەدگومانی خۆشەویستی نییە، ئاخر هەمیشە بارگاوییە بە ڕق. وابەستەیی خۆشەویستی نییە، ئاخر تژییە لە ترس، ترسی ئەوەی لەناکاو ئەوی هۆگری بوویت، دەستبەردارت ببێت. کە وابەستەیی هەبوو، موڵکایەتییش دەبێت، ئاخر کە ئالوودەی کەسێک دەبیت، بە موڵکی خۆتی دەزانیت، موڵکایەتییش هیچ لەگەڵ خۆشەویستیدا کۆی ناکاتەوە.

ئەگەر وابەستەی (نموونەیەکی باڵا) بیت، ناچاریت هەمیشە یان لە دۆخی هێرشبردندا بیت، یان لە دۆخی داکۆکیکردندا، ئیدی بواری ئەوەت بۆ ناڕەخسێت، عەوداڵی گەڕان لەدووی شتی نوێ بیت. کە وابەستە بوویت، هەمیشە لە ترس و دڵەڕاوکێدا دەژیت، ترس و دڵەڕاوکێی ئەوەی، ئەوی بە هی خۆتی دەزانیت، لێت دوور بکەوێتەوە. کە وابەستەیی هەبوو، نیگەرانی و گومانیش دەبێت، نیگەرانی ئەوە دەبیت، واز لە تۆ بهینێت و کەسێکی دیکەی خۆش بوێت، بۆیە لە هیچی نەبوویش گومانی لێ دەکەیت. کە ترس و گومان و نیگەرانی هەبوو، ئیدی ئەو پێوەندییە ناکەوێتە خانەی خۆشەویستییەوە.

مەتریالیست پێی وایە ئەوە ئینسانە خوداوەندی خوڵقاندووە، نەک بە پێچەوانەوە، لە من وایە خوداوەند زادەی فیکرە. تۆ کە خوداوەندت خۆش دەوێت، قەت لە خۆتت پرسیوە: ئەوە خوداوەند بۆچی ئەو هەموو کوێرەوەرییەی خوڵقاندووە؟ خۆ سادیست نییە، ئەدی بۆچی ئەشکەنجەی ئەو خەڵکە دەدات؟ خۆشەویستی ئەوەیە، نە ئازاری خۆمان بدەین، نە ئازاری ئەوانی تر. کە تۆ وابەستە بوویت، ئیدی هی کەسێک یان هی خوداوەندێک، بە ئاسانی لە پێناوی ئەودا، واز لە خۆشییەکانی خۆت دەهێنێت و ئەو هەڵوێستەت ناو دەنێیت: قوربانی! دەرکی پێ دەکەیت، ئەوی وابەستەی بوویت، ستەمت لێ دەکات، بەڵام بێ دوودڵی شان دەدەیتە بەر ئەو ستەمە.

خۆشەویستی بەرهەمی فیکر نییە، ئەگەر کەسێکی لە قاڵب دراو بیت، قاڵبی دینێک، یان ئایدۆلۆجیایەک، ناتوانیت هاوسۆزی ئەوانە بیت، وەک خۆت بیر ناکەنەوە و پێت ناکرێت بە ڕاستگۆیییەوە ئەوانەت خۆش بوێت لە سەنگەری فیکری یان دینی تۆدا نین. تا خۆت لە قاڵب دەرباز نەکەیت، نە ناخت ڕۆشن دەبێتەوە، نە بەرچاوت، ئەویشی ناخێکی ڕۆشنی نەبێت، چاوەڕێی ئەوەی لێ ناکرێت هاوسۆزی ئینسانەکان بێت، بێ ئەوەی گوێ بەوە بدات، سەر بە کام فیکر، دین، یان نەتەوەن. بەرچاوڕوونی زادەی مەعریفە نییە، ڕەنگە لە بوارێکدا شارەزایییەکی زۆرت هەبێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایەت کە بەرچاوڕوونیت، بەرچاوڕوونی وەک خۆشەویستی وایە، پێوەندیی بە فیکرێک، یان دینێکی دیاریکراوەوە نییە.

ئیتر وەختی ئەوە هاتووە، پشت بە خۆمان ببەستین، نەک بەم پێشەوای سیاسی، یان ئەو ڕێبەری دینی. ئێمە بەرپرسی خۆمانین، ئیدی کاتی ئەوەیە، لەبری گەڕانەوە بۆ لای ئەم یان ئەو مەرجەع، بکەوینە گوتوبێژ لەگەڵ یەکتریدا و هاوکاریی یەکدی بکەین. گوتوبێژ کارێکی ئاسان نییە، ئاخر خاوەنی چەندان فیکری جیاوازین، بۆیە بۆ ئەوەی گوتوبێژی نێوانمان سەرکەوتوو بیت، پێویستە پێشەکی دەست لە بۆچوونی پێشوەختی خۆمان هەڵبگرین و بەدوای حەقیقەتدا بگەڕێین. پێویستمان بەوەیە سەرلەنوێ لە واقیع ورد ببینەوە و بێ لایەنانە وەک دوو هاوڕێ سەیری بکەین، نەک وەک لایەنگری ئەم حیزب، یان ئەو ئایین. گۆڕینی ژیانمان بە دەست خۆمانە، بە دەست غەیری خۆمان نییە، بە دەستی ئەم کتێب، یان ئەو مەرجەع نییە. با سەرنجێکی تەواوی ژیانی خۆمان بدەین! چل پەنجا ساڵێک دەچین بۆ ئیش و دوایی دەمرین، بەبێ ئەوەی لە خۆمان بپرسین: ئامانج لە ژیانمان چییە؟ بۆچی سەر بەم حیزب، یان ئەو دینین؟ چل پەنجا ساڵێک دەچین بۆ ئیش و دوایی دەمرین، بەبێ ئەوەی قەت چاودێریی ژیانی خۆمان کردبێت و ئامانجێکمان بۆ خۆمان دیاری کردبێت!

بیرکردنەوە بەرهەمی مەعریفەیە، مەعریفەیش هەمیشە سنووردارە، ئاخر مەعریفەیەکی تەواو و بێ کەموکووڕی، لە هیچ بوارێکدا نییە، ئاخر بیرکردنەوە کە لە منداڵدانی مەعریفەوە، پەیدا دەبێت، لە هەموو بارودۆخێکدا سنووردارە. با لە بوارێکدا زانایش بین، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، هەموو شتێک لەو بوارەدا دەزانین، ئەم سنووردارییەی مەعریفە، لێکدانەوەی جیاواز و پەرتبوونی لێ پەیدا دەبێت. فیکر کە زادەی مەعریفەیە لە توانایدا هەیە خوداوەندێکی مەزن بەرهەم بهێنێت، بەڵام چونکە خوداوەندیش بەرهەمی فیکرە، بۆیە هۆکارێکە بۆ سەرهەڵدانی ململانێ و کوێرەوەری. پێویستە لەوە تێبگەین، فیکر کە تاقە ئامرازی بەردەستی مرۆڤە، هەم کێشە دەخوڵقینێت و هەم هەوڵی چارەسەرکردنیشی دەدات! بە تایبەتی لە هەردوو بواری سیاسی و دینیدا، بۆیە دەبێت ئامرازێکی نوێ بدۆزینەوە، ئامرازێک هیچ نەبێت لەبارەی مەرگ و ڕامان و دینەوە، شتێکی نوێمان پێمان بڵێت.

لەبری ئەوەی بزانین چی دوای مەرگ ڕوو دەدات، گرنگە لەوە تێبگەین، بەر لە مەرگ ڕوو دەدات. تۆ کە تا لە ژیاندایت، هیواخوازیت دەوڵەمەند ببیت و نابیت، دەسەڵاتدار ببیت و نابیت، ئیدی چۆن بە هیوای ئەوەیت، دوای مردن، لە ژیانی داهاتوودا، هیواکانت بەدی بێن! تۆ خۆت بە دەست زەمەنەوە داوە و داهاتووت پێ گرنگترە لە ئێستا! زەمەن بزاڤێکە فیکر دایهێناوە، فیکر خۆی بەرهەمی زەمەنە، ئاخر ئینسان بە زەمەنێکی درێژ و بە گەشەسەندنێکی زۆر مەعریفەی بەرهەم هێناوە. زۆرینە بیر لەوە دەکەنەوە، لەدوای مردن چی ڕوو دەدات، بایەخ بەوە نادەن، لە ژیانیاندا چی ڕووی داوە و ڕوو دەدات. ئاخۆ ژیانێکی تر هەیە؟ تۆ بڵێیت لە ژیانەکەی تردا براکەم ببینمەوە؟ هەق نەبوو هێندە لە مردن بترسین، ئاخر لە ژیانماندا چی باشمان کردووە و چی خۆشمان دیوە، تا زەندەقمان لە مەرگ بچێت؟ ئاخر ژیانمان چ بایەخێکی هەبووە، تا بۆ لە دەستدانی ئەوەندە نیگەران بین؟

هەموو ڕۆژێک بەیانی چوویت بۆ ئیش و ئێوارە بە ماندوویی گەڕاویتەوە، باشە ئەوە ژیان بووە، یان کوێرەوەری؟ ئایا ژیان ئەوەیە، پارە پەیدا بکەیت، خێزان بەخێو بکەیت، خانەنشین ببیت و بمریت؟ ئایا ژیان ئەوەیە، دوای ئیش، نان بخۆیت، سێکس بکەیت و منداڵ بەرهەم بهێنیت؟ یان ئەوەیە وەک ڕاهیبێک دوور لە ئاوەدانی بەسەری ببەیت؟ ژیان نە ئەوەیە لەدووی چێژ وێل بیت، نە ئەوەیشە خۆت لە چێژ بەدوور بگریت. کە ژیان هێندە سنوودار بێت، ئیدی مەعریفەی تاک و توانای بیرکردنەوەی چۆن سنووردار نابن؟

*

(١) کریشنا مورتی، عقل بلا حدود، ترجمة: سلام خیر بک، دار الحوار ٢٠١٧ اللاذقیة، سوریة.

(٢) کریشنا مورتي، فضاءات جدیدة، الحب، الحریة، الإدراک، ترجمة: معاني صالح، دار الحوار ٢٠١٧ اللاذقیة.

(٣) کریشنا مورتي، أنت العالم، ترجمة: محمد فندي، دار الحوار ٢٠١٧ اللاذقیة.

(٤) مع کریشنا مورتی في ثلاثة و عشرین لقاء، ترجمة و تعلیق: أنیس الرفاعي، الرفاعي للنشر و التوزیع ٢٠١٨ حلب، سوریة.

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا