حەمەسەعید حەسەن

ئەوە ڕاست نییە، ئەگەر بڵێین مێرسۆ قارەمانی نۆڤلێتی (نامۆ)ی (کامۆ)یە، ئاخر قارەمانی هەموو دەقێک، ئیدی لە نووسینی پیاو بێت، یان ژن، زمانەکەیەتی. شەهرەزاد هات و بە چەکی زمان، پیاوی لە بگۆوە کرد بە گوێگر، پیاوی کێویی، کەوی کرد و بۆ ماوەی هەزار و یەک شەو کۆنترۆڵی کرد، بەڵام ئاخۆ ئەوەی شەهرەزاد دەیگێڕایەوە، لە داهێنانی خۆی بوو؟ یان خودی شەهرەزاد، زادەی خەیاڵی پیاو بوو؟ لەیەکچوونێکی سەیر لە نێوان هەزارویەکشەوە و جەستەی ژندا هەیە، وەک چۆن لە هەناوی ژنەوە، ئینسانی دیکە پەیدا دەبێت، ئاوایش لە هەناوی هەموو چیرۆکێکی هەزارویەکشەوەوە، چیرۆکی دیکە پەیدا دەبێت. ئەوە نییە، شەوی یەکەم هێندە درێژ دەبێتەوە، تا بە هەزار و یەک شەو دەگات و لەو ماوەیەدا، شەهرەزادی گێڕەرەوەیش، سێ کوڕ دەخاتەوە؟

ئەوە ڕوونە مێ هەزارویەکشەوە دەگێڕێتەوە، بەڵام ئەوە ڕوون نییە، ئەوی چیرۆکەکانی هەزارویەکشەوەی داهێناوە، نێر بووە یان مێ؟ ئەوەیش ڕوونە چیرۆکەکان لە داهێنانی مێ بن یان نێر، هەر لە لایەن نێرەوە نووسراونەتەوە، بەڵام چونکە سووک سەرنجی گێڕەرەوەی چیرۆکەکان کە مێ بووە، دراوە، داهێنەر و نووسەر پێیان شەرم بووە، ناوی خۆیان ئاشکرا بکەن، ئاخر خۆیان لەوە پێ گەورەتر بووە، ناویان بدرێتە پاڵ چیرۆکگەلێک، مێ دەیانگێرێتەوە. شەهرەزاد وەک ژنێکی گیان لەسەر دەست، دەست بە گێڕانەوە دەکات، ئاخر ئەگەری ئەوە بەهێزبووە، ئەویش وەک ژنانی پێش خۆی، گیان لە دەست بدات، بەڵام توانیویەتی بە هۆی زمانەوە، شەهریار ماڵیی بکات و سێ کوڕیشی پێ ببەخشێت. کەواتە شەهرەزادی مێ، بە هۆی بەرهەمهێنانی نێرەوە، خۆی دەسەلمێنێت، یان دروستتر خۆی وەک مێ ڕەت دەکاتەوە، ئاخر بە گوێرەی هەزارویەکشەوە، مێ لەبەر نێر لە دایک بووە، ئەوە بۆیە دایکی جەعفەری بەرمەکی هەموو شەوی هەینییەک، کەنیزەکێکی بۆ کوڕەکەی دەنارد، ئەمەیش بە پێچەوانەوەی دەقی قورئانەوەیە کە (جندۆکە و ئینسان بۆ ئەوە خوڵقاون، خودا بپەرستن.) (وما خلقت الجن و الإنس إلا لیعبدون. الذاریات ٥٦)

لە دونیای نووسیندا، پیاو دەق بەرهەم دەهێنێت و هەر پیاویش لێی سوودمەند دەبێت. پیاو دەق دەنووسێت، دەیخوێنێتەوە و لێکی دەداتەوە، ئاخر ژن نزیکەی هەمیشە پەراوێز خراوە و تەمومژی چڕی کولتووری پیاوانە، بواری دەرکەوتنی ژنی نەداوە. پیاو پێی وایە، وەک چۆن کەلیلە و دیمنە، لە داهێنانی گورگ و ڕێوی نییە، هەر وایش هەزارویەکشەوە، لە داهێنانی ژن نییە، ئاخر ژنی لە ڕوانگەی نێرسالارانەوە نوقسان، کەی لە توانایدا هەیە، دەقێکی ئەدەبیی وەک هەزارویەکشەوە بەرهەم بهێنێت! پیاوی ڕۆژهەڵاتی و هی خۆرئاوایش هێندە سووک بۆ ژنیان ڕوانیوە، نە داهێنەری هەزارویەکشەوە، ناوی خۆی لەسەر دەقەکان نووسیوە، نە یەکەمین وەرگێڕی ئینگلیزییش، ناوی خۆی ئاشکرا کردووە!

لە کن تۆدۆرۆڤ، کرداری (دەگێڕێتەوە) بە مانای (دەژی) دێت، بەڵام لە هەزارویەکشەوەدا، گێڕانەوە، بە مانای دواخستنی مەرگ دێت و شەهرەزاد بەوەی دەبێت بە دایکی سێ کوڕ، لە مەرگ قوتاری دەبێت. هەنووکەیش لە ڕوانگەی گەلێک لە ژنانیشەوە، ژن تا نەبێتە دایکی کوڕ، ژنێکی تەواو نییە و نوقسانە. لە دێر زەمانەوە، گێڕانەوە، کاری ژنانی گومناوی داهێنەر بووە، نووسینەوەیش پیاو پێی هەڵساوە. لە هەزارویەکشەوەدا، ژن لە ڕێی بەخشینی سێ کوڕەوە، نەک سێ کچەوە، تەنانەت نەک دوو کوڕ و یەک کچیشەوە، هەر کولتووری نێری بەرهەم هێناوەتەوە و ئامانجی ژنی داهێنەر، تێرکردنی حەز و خواستەکانی پیاو بووە، ئیدی هەر لە بەخشینی چێژەوە پێی، هەتاخستنەوەی وەچەی نێر، بۆی.

لە یەکێک لە چیرۆکەکانی هەزارویەکشەوەدا، کەنیزەکێک هێندە زیرەکە، گرەو لە هەموو پیاوە زاناکان دەباتەوە، کە خەلیفە سەرپشکی دەکات، لەوەی چی بخوازێت، بۆی دەستەبەر دەکات، لەبری ئەوەی داوای ئازادی بکات، دەبێتەوە بە کۆیلەی خاوەنە دێرینەکەی، ئەمەیش لەوەوە هاتووە، ژن ئەگەر زانینیشی بەرهەم هێنا بێت، خۆی بە خاوەنی نەزانیوە. خیرالدین أبي الثناء کتێبێکی هەیە، ناوی ناوە، الأصابة في منع النساء من الکتابة، تێیدا دەڵێت:  ( ژن کە لە قوڕی غەدر چێ کراوە، ئەگەر فێری نووسین ببێت، بەدکاری بڵاو دەکاتەوە. پیاوی زیرەک، ژنی نەفام و نابینای لە هی خوێندەوار و چاوکراوە پێ باشترە. ژن و نووسین دووانەیەکی ترسناکن، دەبێت پیاو خۆی لەو مەترسییە بپارێزێت.) ژن چونکە توانای نووسینی نەبووە، لە ناچارییەوە هانای بۆ گێڕانەوە بردووە، لە وەختی گێرانەوەیشدا، وەک پیاو خۆی نمایش کردووە، ئاخر بە قامووسی نێر، زمانی پژاوە.

هێدی هێدی ژن لەوە دەردەچێت، بوونەوەرێکی تایبەت بە شەو بێت و تەنیا شەوانە، توانای گێڕانەوەی هەبێت، ئاخر ئیدی بە ڕۆژیش بە کۆمەکی قەڵەم و گۆڤار دەکەوێتە خۆنواندن. یەکەم گۆڤاری ژنانە کە لە دونیای عەرەبدا ڕووناکی دەبینێت، ( الفتاة) دەبێت کە لە نۆڤێمبەری ١٨٩٢ دا لە میسر دەردەچێت. ئیدی ژن لەوە دەردەچێت، هەر جەستەیەک بێت و لەڕێی گێڕانەوەوە، چێژ بە پیاو ببەخشێت و ئەگەر شیعریشی گوت، هەر شێوەن بێت بۆ پیاو، ئیدی ژن وەک خاتوون بە دیار دەکەوێت، نەک وەک کەنیزەک، ئیدی بە چەکی قەڵەم تەعبیر لە خودی خۆی دەکات.

کە ژن دێتە نێو دونیای نووسینەوە، لەوە دەچێت، لە نیشتمانەوە بۆ مەنفا هاتبێت، ئاخر ئیدی دونیای گێڕانەوەی جێگیر جێ دەهێڵێت و دەگاتە دونیای نووسینی بزۆز کە دونیایەکە پڕ لە نیگەرانی. نووسین هاوزەمان ئازادی و نیگەرانی لەتەک خۆیدا دەهێنێت، ئاخر نووسین، بۆ ژن، وەک هاتنە دەرەوەی مروارییە لە قاوغەکەی، وەک هاتنە دەرەوەیە لە شەوی ئەنگوستەچاوەوە، بۆ بەردەم ڕۆژی ڕووناک. لەکن ژن، نووسین خۆ پاکژکردنەوە نییە، وەک ئەرستۆ دەیگوت، بێدارکردنەوەی ئازادییە لە خەوێکی قووڵ و گیان بەبەردا کردنەوەی ئاگرێکی خامۆش بووە. ژن کە دێتە نێو دونیای نووسینەوە، لەتەک کولتووری سەروەری نێرانەدا، دەکەوێتە ململانێوە، کولتوورێکی پیاوانەی چەسپاو کە لە دێر زەمانەوە، خۆی سەپاندووە. ئەوە بۆ ژن نەک هەر ئاسان نەبوو، خامە لە دەستی پیاو بڕفێنێت، بەڵکوو کارێک بوو دژوار و دەبوو باجێکی قورس بدات، ئاخر نێر بەردەوام لە خەمی ئەوەدابوو، مێ لە نیشتمانی نووسین کە پێی وابوو تایبەتە بە پیاو، وەدەر بنێت.

پیاو وەک شوێن، دونیای نووسینی دەبینی و پێی وابوو، ژن ئیشی ئەوەیە، ئەو شوێنە بڕازێنێتەوە و بەس، بەشێک بێت لە دیکۆری شوێنەکە و هیچی تر، ئەوەی بۆ قووت نەدەچوو، ژن سەروەری شوێنەکە بێت. پێوەندییەکی هێندە درێژخایەن و قووڵ لە نێوان نێر و زمانی نووسیندا هەبوو، نووسین وەک سیفەتێکی پیاوانەی لێ هاتبوو، وەک ئەرکی سەرشانی پیاوی لێ هاتبوو، وەک مافێکی سروشتیی پیاوی لێ هاتبوو. خامە نێر بوو، دەبوو هەر بە دەستی نێریشەوە بێت. پیاو پێی وابوو، ژن ناتوانێت، هاوزەمان بنووسێت و مێبوونی خۆیشی بپارێزێت، ئاخر لە پیاو وابوو، مێ و نووسینیان نەگوتووە و مێ پێی ناکرێت بە نووسینەوە کە سیفەتێکی پیاوانەیە، وەک مێ بمێنێتەوە. پیاو دەیگوت، ژن نە دەتوانێت بە نووسین باس لە مێبوونی خۆی بکات، نە دەتوانێت لە مێبوونی خۆی هەڵێت، بۆیە ژن و نووسینی وەک پارادۆکس دەبینی. نێر وای بۆ دەچوو، هەر ژنێک دەستی بە نووسین کرد، وەک ئەوە وایە جاڕی بەنێربوونی خۆی دابێت. لە دیسکۆرسی پیاودا، ژن دڵبەرێکی دلۆڤان و جەستەیەکی جوان بوو، بۆیە نێر بەوە قایل نەدەبوو، مێ لە دونیای نووسیندا ببێتە ڕکەبەری، بەڵام با وەها هەڵی نەکرد، وەک کەشتیی پیاو دەیخواست.

ژن چونکە بەردەوام سەرکوت کراوە، ناهەقی نەبووە ئەگەر بڕوای بە توانای خۆی بەهێز نەبووبێت و نووسینی پیاوی لە بەرهەمی خامەی خۆی، پێ جوانتر و بەرهەمی پیاوی پێ نموونەی باڵا بووبێت. پیاو کە بە گژ نووسەری ژندا دەچێتەوە، بەوە ددان بە توانایدا دەنێت، ئاخر قینهەڵگرتن لە شتێک، دداننانە بەو شتەدا. پیاوی دژە ژن، مێ بەوە تۆمەتبار دەکات کە دەزانێت قینی لە چییە و چی ناوێت، بەڵام نازانێت حەزی لە چییە و چی دەخوازێت. (ژیان لە لوتکە، ترسناکە، چونکە لەوێ ئینسان بە تەنیا دەمێنێتەوە.) ئەوە ڕاست نییە، ژن لەو تەنیایییە بترسێت، ئەوە هێنانەوەی پاساوە بۆ دروستکردنی کۆسپ لەبەردەم بەرەو لوتکە هەڵکشانی ژندا.

لە کاتێکدا زمان پێویستی بە ژنێک بووە، لەپێناوی بە مێکردنی قەڵەم و زمان و دەقدا خەبات بکات، زۆر مێ بە قەڵەمی نێر و بە زمانی نێر و بە بیرکردنەوەی نێرەوە نووسیویانە. ئەو جۆرە لە ژن، کە وەک خود هەر وەک پیاو وابوون، ڕۆڵێکیان دیتوە، لە دژی خۆیان و لە قازانجی پیاو، جۆرێک لە (بەها)یان جێگیر کردووە کە پیاو لە هەوڵی جێگیرکردنیاندا بووە و خزمەتیان بە بزربوونی ژن لە زماندا کردووە. ژنی وا لە نائاگایییەوە ئەو ڕۆڵەی وازی کردووە کە هاونیشتمانییەکی ناپاک دەیکات، کاتێک سەنگەری داگیرکاری وڵاتەکەی هەڵدەبژێرێت، وەک خەنساء لە زمانی عەرەبیدا و مەستوورەی ئەردەڵانی لە کوردیدا. ئەوە سووک سەیرکردنی ژنە، ئەگەر پێمان وابێت، مێ تەنیا لە بوارەیلی شیوەن و ستایش و شانازیدا، توانای نووسینی شیعری هەیە، شیوەن بۆ پیاو، ستایشی پیاو و شانازیکردن بە پیاوەوە.

بە نەمریی مانەوەی فه‌رووغ فه‌رووخزاد (١٩٣٥ - ١٩٦٧) زادەی ئەوەیە، بە زمانێکی ژنانە، خودێکی ژنانەی بە شیعر کردووە. ئەگەر نا ئەویش وەک دەیان ژنی فارسی پێش خۆی کە بە هەمان کەرەسەی پیاو دەیاننووسی، هەنووکە ناوێکی بزر دەبوو. ژنێکی کوردم وەبیر نایە، پێش ڕاپەڕینی بەهاری ١٩٩١ دەقێکی بڵاو کردبێتەوە، تەواو لە هی مێ چووبێت و ڕاستگۆیانە و بوێرانە دەربڕی خودی ژن بووبێت. کۆمەڵی کورد هێندە کێوی، دەشتەکی، ناشارستانی و داخراوە، ئێستایشی لەگەڵدا بێت، ژنێک شک نابەین، زات بکات بەو زمانە ژنانەیەی فەرووخزاد، یان جومانە حەدداد بنووسێت. ژن لە کۆمەڵی دواکەتووی کورددا، بەرکار بووە، نەک بکەر، بابەت بووە، نەک نووسەر یان داهێنەر، سەلما بابەتی دەقی جەزیری بووە، حەبیبە هی نالی، شەم هی وەلی دێوانە و عەنبەر خاتوون هی مەولەوی، دەڵێیت ژنێکمان شک نەبردووە، عاشق بووبێت، دەڵێیت ژنێکمان تێدا هەڵنەکەوتووە، شاعیرێکی داهێنەر بووبێت.

ئەو سەردەمە بەسەرچووە، ژن تەنیا بابەتی نووسین بێت، بابەتی زمان بێت، وەختی ئەوە هاتووە، ژن خۆی هەم نووسەری دەق بێت و هەم قارەمانی دەقیش، ئیدی دەبێت، پێوەندییەکی ئۆرگانیک لە نێوان ژنی دەرەوەی دەق و ناو دەقدا بێتە گۆڕێ، ئیدی نابێت ژن، بەرگی تێکست بێت، پێویستە کرۆک و دیسکۆرسی تێکست پێک بهێنێت. مەرگی نووسەر کە ڕۆڵاند بارت بانگەشەی بۆ دەکرد، بە دەردی ژن ناخوات، ئاخر چونکە کولتووری نێر بەگشتی بەسەر دەقەکاندا زاڵە، بۆیە پێویستە خاتوونەنووسەر لە هەموو دەقێکیدا ئامادەییی هەبێت، دەقەکانی زادەی مێبوون بن و نیشتمانێکی ئازاد بن، نەک لە لایەن پیاوەوە بە کۆڵۆنیالیکراو.

لەمێژە پیاو نیشتمانی زمانی داگیر کردووە، لەمێژە نێر قەڵەمی بە ئەندامی نێرینە چوواندووە، تەمەنی بەنێرینەکردنی زمان هێندە درێژە، زمانی ژنانە لەچاویدا، هەر دەڵێیت تازەکی چاوی کردووەتەوە. لەمێژە تەنیا وەک جەستەیەکی بێ ئاوەز، سەرنجی ژن دەدرێت، جەستەیەک وەکوو بێجگە لە بەخشینی چێژ بە نێر، هەڵگری هیچ مانایەکی دیکە نەبێت، جەستەیەک وەک هیچ پێوەندییەکی بە زانین و لۆگیکەوە نەبێت، جەستەیەکی بێ خود و بێ ئاگا لە ئازادی و خەمی گەورەی لە بەرهەمهێنانی چەند کوڕێکدا چڕ دەبێتەوە، ئەویش بۆ ڕازیکردنی پیاو. کێشەی گەورە ئەوەیە، یادگە و دیرۆک، بەرەنگاری زمانی ژن دەبنەوە و بە قازانجی نێر دەجووڵێن.

ئەوەی زمان لە بن هەژموونی نێر دەربچێت و ببێتە کەرەسەیەکی هاوبەشی دەربڕینی ئینسانی، هەم بۆ نێر و هەم بۆ مێیش بە یەکسانی، خەباتێکی دژواری درێژخایەنی دەوێت، هەم لەلایەنی ژنەوە و هەم لەلایەنی پیاویشەوە. نێر هەر زمانی داگیر نەکردووە، بەڵکوو دەستی بەسەر مێژوویشدا گرتووە و وەک ویستوویەتی و بە قازانجی خۆی و بە زمانی نێرانەی خۆی نووسیویەتییەوە. هێندە زۆر نییە، ژن بواری بۆ ڕەخساوە، دەست و پەنجەی بۆ نووسینیش وەگەڕ بخات، نەک وەک جاران، هەر چێشتیان پێ لێ بنێت و جلیان پێ بشوات. ‌هێندە زۆر نییە، ژن دەرکی بەوە کردووە، کۆیلە و کەنیزەک نییە، بەڵکوو یەکسانە بە نێر و وەک پیاو ئازادە و سەروەری خودی خۆیەتی. پیاویش قوربانیی دەستی سیستەمی نێرسالارییە، یەکسانبوونی ژن و پیاو تەنیا بە ئاوابوونی خۆری ئەو سیستەمە نائینسانییەوە بەندە کە بە خەباتی نێر و مێ، لە بەین دەچێت.

***

(١) عبداللە محمد الغذامي، المرأة و اللغة، المرکز الثقافي العربي، الطبعة الرابعة ٢٠٠٨ بیروت.

(2) Nina Björk, Under det rosa täcket, Bonnier Pocket 2013 Stockhom.

 

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا