راقیە مەهدی*   

وەرگێڕانی: ئاكۆ عەلی

 

رۆحم خستۆتە سەر دێڕەكانی هەڵبەستەكەم

دەیانگێڕم

بەشارەكانی خەونەكانم دا بە تروسكایی تیشكەوە

دوور لە هەردوو ڕووی دەردەسەرییەكانم

ئەوان تەپڵ دەكوتن

منیش وشە دەكوتم

بۆ ئەوەی فتیلی سۆز داگیرسێنم

هەرچەند نوقم بوونم راستییەكی

پێش زریانە

بەڵام بەردەوام دەمەوێت بژیم

بۆ هیچ نا

تەنها بۆ ئەوەی لە واتایەك بگەڕێم،

لەپەنجەری خواستەكانمەوە

رۆحم دەڕوانێتە

سەر كێڵگەكانی هەناسە ساردی

بۆیە لە دروێنە خۆم دەپارێزم

سەر لە نوێ رۆحم دەسووتێنم

بەڵكو  هەڵبەستەكە تەواو بێت

من باش دەزانم

دەنگی رۆژەكان

بەرزترن لە دەنگی وشەكانم

بەڵام هێشتا باوەڕم وایە

نیشتمانێكم هەیە

لە كەرتێكی دڵم

لەكەرتەكەی دیكەشی 

خۆشەویستێكی لێیە

 

*راقیە مەهدی یەكێكە لە شاعیرە عێراقییەكان كە لە ساڵی 1976 لە ناوچەی كەرخی بەغدا لە دایكبووە.بكالۆریۆسی لە هونەرە جوانەكان هەیە.خاوەنی چەند كتێبێكی شیعریە و لە چەندین گۆڤار و رۆژنامەی عەرەبی و عێراقی بەرهەمەكانی بڵاودەكاتەوە.لەناویاندا (سەباح، مەدا، تەریق ئەلشعەب و ...تد). لە چەندین فیستیڤاڵی شیعریش بەشداریكردووە.هەروەها لەبواری پەرەوەردەو خوێندن كاردەكات.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا