فەقێیەکی دیکتاتۆر!

 

من بە شێوەیەکی گشتی، لە حوجرە فەقێیەکی تا بڵێیت کۆمێدی و ڕوو خۆش و قسەخۆش بووم، وەلێ وەک سروشتی مرۆڤ،  جارجار تووڕەش دەبوم، کە تووڕەش دەبووم و دەماریان دەگرتم عەیب نەبیت، کورد وتەنی خراپ دەمقەوماند و دۆ و دۆشاوم تێکەڵ دەکرد و دەچوومە پێستی دیکتاتۆرێکەوە و لەیەک کاتتدا دەبووم بە نیرۆن و سەددام و ستالین.

لە حوجرە هەرساڵە و کۆمەڵەک فەقێی تازە و لە خۆم دەمڕوتترمان بۆ دەهات، بیرمە لە حوجرەبوین، لە مزگەوتی(حاجی بەدریە) لە هەولێر.

فەقێی زۆر گچکە و عەجوول و نەعندرامان لەگەڵدا بوون، منیش ئەرکی براگەورەیی و سەرپەرشتیکردنی فەقێکانم خرابوو سەر شان، هەرچەند زۆر ڕقم لەوەبوو و حەزم لە برا گەورەیی و ئەرکی ئەمیرێتی حوجرە نەبوو.

جا بۆ فەقێکانیش زۆرزۆر باشبووم، بۆ کڕینی ئازووقە و خواردن، هەرگیز بێ دڵییانم نەدەکرد. چی پارەی حوجرەم لابوو، یان  ئەو دوو مارکێتەی لەسەر حیسابی خێرومەندێک، بەلاش دەچووین شتمان لایان بۆ حوجرەکە دەهێنا، جۆرەها گۆشت، لە گۆشتی مریشک، ماسی قوتوو، پەنیر و کێک و شەربەت و هەرچی هەبوو. لەگەڵ فەقێیەکیتر کە ئێستا لای ئاکرێ مەلایە، بۆمان دەهێنان. یان بۆ بازاڕیکردن و ڕێگەدان بەوەی بۆ هەرکوێیەک بچن.

  لە حوجرە سیستەم هەبوو، نەدەبوو تۆ وەک فەقێیەک، بێ مۆڵەت و بە دڵی خۆت چیت ویست و حەزت پێ کرد و کوێت ویست و کەی ویستت بۆی بڕۆیت.

 وەلێ من ئەو یاسایانەم لە پێناو فەقێکان دەشکاند و زۆر جار قسە و گلەیی و توڕەیی مەلاشم، لەسەر ئەمە، دەهاتە سەر.

بابێنەوە  سەر بەسەرهاتەکە، ئەوە فەقێیەکمان لەگەڵدابوو، بە تەمەن زۆر لەمن بچووکتربوو، لەسەر خوان دانیشتبووین و خەریکی خواردنی نانی ئێوارەبووین. نازانم شتێکم داواکرد، کارو باری حوجرەبوو،  فەقێیەکە بە قسەی نەکردم. بیرم نەماوە ڕێک چی بوو !

دوو سێ جار لێم دووباره کردەوە، هەر فشەی بە وەزعەکەی دەهات، ئیتر منیش زۆر تووڕەبووم.

 برنج و مەرەگەمان کردبوو، هەندەک مەرەگە لەناو مەنجەڵەکە مابوو، ڕێک هەموویم بە بەرۆکی  فەقێیەکە داکرد و فەقێی فەقیرم خەڵتانی مەرەگەی کرد.

 دوای ئەوە زۆر پەشیمان بوومەوە و ویژدانم ئاگری تێبەربوو و بە نهێنی زۆر بۆ فەقێیەکە گریام. ئێستاش کاتێک ئەو ڕووداوەم بیردەکەوێتەوە، هەست بە ئازاری ویژدان دەکەم و فرمێسک لەسەر گۆنام  ڕێچکە دەبەستێت.

بە خۆم دەڵێم: چۆن من هەڵەیەکی وا نامرۆڤانە و ئەو کارە ناشیرین و قێزەونەم ئەنجامدا؟  هەرگیز، بۆئەوە لەخۆم نابوورم. ئەو فەقێیە خەڵکی دێیەکی سەر بەقەزای بەردەڕەش بوو. باوکی جارێک هاتە حوجرە و پێی  گوتم: کوڕەکەم ئەمانەتی تۆ بێت و  توخوا زۆر ئاگات لێی بێت، ئەو هێشتا مناڵە. فەقێی ترمان لەگەڵدابوون، زۆر عەجووڵ و سەر بەکێشە و نەعەندرای بوون، بەردەوام لەگەڵ یەکتری جڕە و شەڕە دەم و کێشەیان بوو. بەڵام ئەو فەقێیە لە ڕاستیدا وانەبوو، بەڵام، نازانم من بۆچی ئەوکاتە، ئەو هەڵەیەم لە بەرامبەریدا ئەنجامدا!. دوایی زانیمەوە، کە ئەو فەقێیە بووە بە سەلەفیزم.

ئێستاش هەرچاوەڕێم ڕۆژێک دابێت و ئەو فەقێیە ببینمەوە و داوای لێبووردنی لێبکەم.

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا