ئەو خودایەی من دەیناسم، حەز بە پەرستن ناکات

ڕۆڵەکەم، تۆزێکیتر باسی دۆزەخم بۆ بکە.

بەسەچاو باپیرە.

باپیرە گیان گوتم: کاتی وەرزشی بەیانی، نیو دەمژمێر بە دەم گوتنەوەی سرودی نیشتمانی و سەربازی ڕاماندەکرد.

ئینجا دەهاتینەوە ناو سەربازگەکە، نیسکێکی ڕۆن و بێ دان، و چاییەکی زەوق کوژ و بێ تاممان دەخوارد و دەخواردەوە.

دوای ئەوە تا نیوەڕۆ، وانەمان دەخوێند و هەر ئەفسەرەی دەهات، دنیایەک خۆی فشدەکردەوە و باسی قوەت و عەزەڵات و قارمانێتی خۆی دەکرد.

دانی ئێوارش تۆزێک دەخەوتین، دەی هەستنەوە و ناوسەربازگە پاککەنەوە. سەرباز نابێت هەر نان بخوات و بخەوێت و دانیشێت، گەرنا بەتران و بە کێشه دەبێت. ئەفسەرێک وای دەگوت.

باپیرە، هەرچی قونجەکە جگرەی فڕێدراو هەبوو، دەبوا هەڵیگرینەوە. سەیر! کابرا بەبا و قوزەڵقورتی دەکرد و پاشان ناژینگەدۆست، قونچکەکەی بە ملی شکاوی فڕێ دەدائە گۆڕەی و داکی ژینگەی دەگا. دەبوا منی ژینگە دۆست هەڵیگرمەوە!

باپیرە، سەربازگەکە نوقتەیەکی ئێشکگری لێ بوو، چەندجار دەیان سەرباز باسیان لەوە دەکرد، کە لە کاتی شەو و تاریکی، خوار ساترەکە، بەردی تێدەگیرێت! دەیانگوت:جندۆکە و شتە.

من بەو تەمەنەم هەر زەندەقم لە جنۆکە و شت چووبوو.

ئینجا هەفتەی جارێک تەمشیت و دەرچوونمان هەبوو

بۆ کەلێ شابانیکێ و ئەو ناوە. جارێک لە باتیفا، تا بامەڕنێ بە پێ ڕۆیشتین. لە دووی شەو، تا چواری ئێوارە هەر ڕێمان دەکرد، ئینجا گەیشتین.

باپیرە دوای ئەوجارە ڕۆیشمەوە مۆڵەت، گوتم تەواو، ئیتر حەوسەڵەی ئەو دۆزەخ و عەزابەم و نەما جارێکیتر من ناڕۆمەوە سەربازی و دۆزەخ، گەر هەموو دنیا بیڵێت.

ڕۆشتیتەوە ڕۆڵەکەم؟ یان چیتکرد؟

باپیرە، مۆڵەتم تەواوبوو و ڕێک ڕامکرد بۆ مالی خوشکەکەم. ماڵیان لە دێیەکی ئەولاتری دێیەکەی ئێمە بوو. نزیکەی دوو سەعات بەپێ ڕێمکرد، تا گەیشتم. بە چۆڵایی و دوور لە ڕێگا ڕۆیشتم. گوتم با کەس نەمبینێت و نەزانێت من بۆ کوێ ڕۆیشتووم.

کوڕی پۆرم و براکەم، نازانم چۆن زانیبوویان من بۆ ئەوێ ڕۆیشتووم، هاتن بە دوام و گەلەک قسەیان لەگەڵ کردم و دنیایەک تکایان کرد، تا ڕازییان کردم و جارێکیتر ڕۆیشتمەوە بۆ دۆزەخ.

ساڵێکیتری بەقەد سەد ساڵم بە گریان و ئازار و ناخۆشی بەڕێکرد.

دوای ساڵێک، دووبارە هاتمەوە و گوتم:هەموو دنیا و عارد و عاسمان بیڵێت، هەرگیز، ئەوجارە ناڕۆمەوە ئەو دۆزەخە.

باپیرە، نیوەی ڕیش سپی و پیاو ماقووڵ و خزم و خەڵکی دێ هاتنن و پێیان گوتم:کوڕە بەنەفرەتی شەیتانی کە و بڕۆوەسەربازی.

من هەر گوێم بۆ نەگرتنو نەڕۆشتمەوە و سەربازیم جێ هێشت. لەسەر ئەوەش کە بە خراپە ناوی تۆیان هێنا و جوێنیان پێدای و نەفرەتیان لێکردی، منیش لە ڕوویان وەستامەوە و بەرگریم لێکردیت و گوتم:نەخێر، هەرگیز، ئەهریمەن بەو شێوە نییە کە ئێوە بە هەڵە لێی حاڵی بوون. من لە بابەتی تەوقی نەفرەتەکەش وای دەبینم هەڵە تێگەیشنێک هەبووبێت، دەنا خوداوەند هێندە دڵ ڕەق و بێ بەزەیی نییە و هەرگیز، هێندە خێرا بڕیارێکی وا دەرناکات!

باپیرە، ئەو خودایەی من دەیناسم، هەرگیز، حەز بەپەرستن و شت ناکات، ئەو دەلێت:لەجیاتی پەرستنی من، یەکتریتان خۆش بوێت. لەجیاتی خۆ برسی کردن لە پێناو من، برسییەکان تێربکەن.

لە جیانی ئەوەی ئەو هەموو پارەیە بەناوی پەرستشەوە بە دووای هاتن بۆ شوێنێک بە فیڕۆ بدەن، گوایە ماڵی منە!

بڕۆن پارەکە بدەن بە هەژار و لێقەوماوان. ئینجا لە ماڵە هەژارەکان، لەسەر پەڕەی گوڵەکان، لە ناو چەمکی لێبووردەیی، لەو شوێنەی عیشق و ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوە ژیان هەیە، لە دەروون و ناخی خۆتان بە دوای مندا بگەڕێن، بەڵێ من لەو شوێنانەم.

دواتر ئێوە چۆن بڕیارێکی وا ڕەهاگەرایانە دەدەن؟!

باشە دەکرێت کابرا هەڵەیەک بکات و ئێمە زەربی هیچی بکەین و بۆ هەتا هەتایە تەوقی نەفرەت بخەینە گەردنیەوە؟! ئەی بەزەیی و لێبووردن؟

ئینجا نازانم بۆ هێنده خراب باسی تۆ دەکەن و هەموو خراپییەکه بۆتۆ دەگەڕێننەوە و بە باوکی تاوان و لادانەکانت دادەنێن!

من لەو ساتەی تۆ لە دۆزەخە یارمەتیت دام و بەزەییت پیامدا هاتەوە و منت لە دۆزەخ قورتارکرد، گەیشتووم بەو بڕواوەی کە هیچ بوونەوەرێک، بە ڕەهایی خراپ و نەفرەتی نییە.

هەموو کەسێک، چەنده خراپیش بێت، تۆزێک سۆز و بەزەیی هەر له دڵ و دەروونی دا هەیه و هەڵەکانی هەرچییەک بن، شایەنی لێخۆشبوونە و ئومێدی چاکبوونەوەی لێدەکرێت.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا