بەشی (٨)

ئەو ڕۆژەی مامۆستا کردمی بە پەند

بیرمە، وانەی وەرزشمان هەبوو و مامۆستای بابەتیش نەهاتبوو، هەموو قوتابییەکان لەدەرەوە وەرزشیان دەکرد، تەنها من و هێمنە ڕێوی نەبێت.

ئێمە پیلانمان دادەنا، بۆئەوەی دانی ئێوارە دزی لە کامە ماڵی دێ و لە کێ و کوێی تر بکەین.

لەپڕ هێمنە ڕێوی لەبن گوێی چرپاندم: هیوا جڕتۆ، وەرە با تەختەی نووسین خەت خەت بکەین.

گوتم: ئەگەر بەڕێوەبەر پێی زانی؟ 

گوتی: دەزانی تۆ زۆر قوون فرەیت؟

کە وای پێ گوتم، زۆر خەفەتم خوارد، ئەو قسەیەم بە سووکایەتییەکی زۆر گەوره بۆخۆم ئەژمار کرد. 

گوتم: هێمنەڕێوی، ئەوە بەکێ دەڵێیت قوون فرە؟ وەڵڵاهی سەد هێندەی تۆ بوێر و زیرەکم، دەی با خەتی بکەین.

ڕاستەیەکی ئاسنم لا بوو، کەوتمە گیانی تەختەڕەشەکە و هەموویم کرد بە خەت. سەیرم کرد هێنمە ڕێوی لەشوێنی خۆی وەستابوو!

گوتم: دەی تۆش.

 گوتی: من ئەو کارە ناکەم و پەشیمان بوومەوە.

گوتم: ئەی بۆچی ئەوکارەت بە من کرد؟

گوتی: بەخوای بەڕێوەبەر و مامۆستاکان پێی بزانن، فلیمت دەسووتێنن و دەتکەن بە حەوت قەشمەر.

هێمن وای پێگوتم و دایە قاقا.

دوای کەمێک لە هەموو قوتابخانە هەواڵ بڵاو بووەوە، کە قوتابییەک تەختەی نووسینی هەڕماندییە.

کێ و کێ نییە؟ بەڕێوەربەر ئەو ڕۆژە لەوێ نەبوو، مامۆستای زمانی عەرەبی، مامۆستا کارزان لەوێ بوو و یاردەدەری بەڕێوەبەریش بوو.

هەمووان دەیان گوت: ئێستا مامۆستا کارزان دێت و دەڵێت: کێ بوو؟

 من ترسی ئەوەم هەبوو هێمنەڕێوی ڕاستی کەتنەکە بە هەمووان بڵێت و ڕۆژی حەشرم دەست پێ بکات.

وای باوکە ڕۆ، مامۆستا کارزان کەسێکی زۆر بێ ویژدان و تا خودا حەزکات بێ تەبیعات بوو. کە لە قوتابییەکی دەدا، لەجیاتی دار، کە هەموو مامۆستاکان بە دار لێیان دەداین، ئەو بە مشتەکۆڵە و پێلەقە و جوێن دەکەوتە سەروگوێلاک و گیانی قوتابی.

ئەو ڕۆژە چی بەسەر ئادەمە قوتیلی هێنا، تەنها لەسەر ئەوەی نەیزانی وانەکە جوان بخوێنێتەوە. چۆن بە مشتەکۆڵە کەوتە گیانی ئەو کوڕە بەستەزمانە و تا دەم و لووتی پڕ خوێن نەکرد، دەستی لێ هەڵنەگرت!

لە دڵی خۆم نزام دەکرد و لە خوا دەپاڕامەوە: خودایە گیان فریام کەوە، تکایە ڕادەستی ئەو مامۆستا بێ ویژدان و جەللادەم مەکە.

خودایە دەبێت مامۆستا کارزان نەیزانیبێت کە من ئەو کەتنەم کردییە؟

لەترساندا، وەک بی ناو ئاو دەلەرزیم و هەموو لەشم کەوتبووە هەلەکەسەما و ڕەنگێکم دەهێنا و دەم دەگوڕییەوە.

هەر خۆم دڵی خۆم دەدایەوە و بەخۆمم دەگوت: مەترسە هیوا جڕتۆ، وەڵڵاهی قسەی هێمنەڕێوییە، تۆ زۆر ترسنۆک و قوون فرەیت.

وای چ ئابڕووچوونێک و چەندە عەیبە، مرۆڤ بترسێت. دواتر ڕاستە هێمنەڕێوی کەسێکی درۆزن و فێڵبازە، بەڵام هەرگیز بڕواناکەم هێندەش کوڕێکی ناپاک بێت و بڕوات ئەو هەواڵە بخاتە دەست مامۆستا کارزان.

ئەوەی من بیرم لێ دەکردەوە و ئەوەی قەدەری دڵڕەق دیاری کردبوو، زۆر جیاواز بوو.

 تومەز هێمنەڕێوی بەنهێنی هەموو شتێکی بە(ڕەفیقە قوونخوار)ی گوتووە و ئەویش ڕێک و ڕەوان چووە و لە دەستی ئیدارە و مامۆستا کارزانی ناوە.

ڕەفیقە قوونخوار، کوڕێکی زۆر نا ڕەسەن و دووزمان بوو، قوتابییەکان هەموو پێمان دەگوت: بەکــۆ. مەبەستمان بەکۆی ناو فیلمی مەمی ئاڵان بوو.

من لەو بیر و خەیاڵانەدا بووم، هەر هێندەمان زانی، مامۆستا کارزانی زمانی عەرەبی وەپۆل کەوت و ئەوەی من ترسم لێی هەبوو و بیرم لێ دەکردەوە، ڕووی دا و مامۆستا کارزان بێ هیچ لام و جیمێک و زۆر وەحشیگەرانە و بێ بەزەییانە، لە بەردەم هەموو منداڵانی قوتابخانە، بە قژ بەرزی كردمەوە و تا هێزی تیابوو بە عەردی دادام.

ئینجا بە ڕاکێشان بردمی بۆ ناوەندی حەوشەی قوتابخانە، بە شاپ و پێلەقە كەوتە گیانم و تا هیلاک بوو تێی سرەواندم.

وای كە چركەساتگەلێكی نەفرەتاوی و ناخۆش بوو.

كە مامۆستا کارزان هێندە هۆڤانە و لەبەردەم قوتابییەكان وای بەسەر هێنام، زۆر هەستم بە تێكشكان و ئازارێكی بێ ئەندازەی دەروونی كرد و چاوەكانم تاریک داهاتن و ئەوەی ناوی ڕێز و ئەدەب و مۆڕاڵە، لەو چركەساتە لام نەما!

تووشی هەڵچوون و كاردانەوەیەکی زۆر توند بووم، چونکە ئەو بێ ڕێزییەی کە مامۆستا کارزان پێی كردم، بێ ڕێزییەک، ڕەنگ بێت تا كۆتایی ژیانم لەبیری نەكەم. بێ ڕێزییەک، ئێستاش كە بیرم دەكەوێتەوە، جۆرێک لە ڕق لە بەرامبەر ئەو مامۆستایە و بەرامبەر ئەو قوتابخانەیە، لە دڵ و دەروونم زیندوو دەبێتەوە و بێزم لەو ڕۆژە و لە خوێندنی قوتابخانەكەمان دەبێتەوە و هەست بە تێكشکان و ئازار دەكەم.

گوتم شەرت بێت لە تۆلەی ئەو بێ ڕێزییەی پێم کرا، پەندێكی وا بەسەر ئەو مامۆستایە بێنم و وانەیەكی وای پێ بدەم، تا مردن لە بیری نەچێت و ببێت بە پەند، وەک چۆن منی كرد بە پەند!

ئەو لەناو حەوشەی قوتابخانە وای لێ كردم. كاتێک مامۆستا كەوتبووە سەروگوێلاکم، قوتابییەکان هەموو بە شێوەی بازنەیی لە دەورماندا ڕاوەستابوون و سەیری ئێمەیان دەکرد. 

 ڕێک دیمەنەكە وەكو ئەوەبوو، تاوانبارێكی جەنگ یاخود نازییەک  بێنیتە گۆڕەپان و بە تاوانی هۆڵۆكۆست و جوولەكەسووتاندن لە قەفەسی دادگادا، دادگایی بكەیت و تۆڵەی تاوانەكەی لێ بكەیتەوە.

چ تۆلە و دادگاییكردنێک؟ پێلەقە و شاپەزلە و قژڕاكێشان و جوێن پێدان! 

ئەوڕۆژە چ دۆزەخێک بوو خودایە!

گوێم لێ بوو، قوتابییەكان هەیان بوو قاقای دەكێشا و یەک بە دەنگ پێدەكەنی.

 هەبوو دەیگوت: ئەی باوكەڕۆ، وەڵلاهی كوشتی.

هەشیان بوو لەوەكەی تری دەپرسی؟ باشە ئەو كوڕە چ هەڵەیەكی كردووە!؟ سەیرم کرد هێمنەڕێوی پێم پێدەکەنێت.

نەمبینی كەسێک بەزەیی پێمدا بێتەوە و فریام كەوێت و لەژێر چنگی ئەو مامۆستا جەللادە دەرم بێنێت! تەنانەت مامۆستاكانی تریش، كە پێشتر هێندە منیان خۆش دەویست، ئەو ڕۆژە هەمووان چووبوونە ناو بەرگی هۆڤێک و ببوون بە سادیک و چێژیان لەو دیمەنەی بە قەشمەركردن و وێرانكردن و تێکشكاندنی من دەبینی!

لە دڵی خۆمدا هاوارم دەکرد: بە نەفرەت بنننننننننننننننن، نەفرەت لە هەمووتان، نەفرەت لە مامۆستاکان، نەفرەت لە قوتابییەکان، نەفرەت لە هێمنە ڕێوی، نەفرەت لە عەرد و عاسمان، نەفرەت، نەفرەت، نەفر...

ئەو ڕۆژە، زۆر لە خوداش پاڕامەوە و تکام لێی کرد فریام کەوێت، ئەفسوس! بەرد بجووڵێت، خودا نەجووڵا و بە هاواریم نەهات.

دەم و لووتم پڕ خوێن بوو. سەرم بەرزکردەوە و تا هێزم تیابوو، تفێکم بۆ ئاسمان هاوێشت.

مامۆستا کارزان، مامۆستا جەللاد، مامۆستای بێ ویژدان، تا هیلاک بوو، تێی سرەواندم، ئینجا وازی لێ هێنام، کە سەیری کرد ئەو هەموو مامۆستا و قوتابییە سەیری یاری تێهەڵدان و پیاکێشانەکە دەکەن، زیاتر لووتبەرزی و غروور گرتی و خۆی وەکو قارەمان و سەرکەوتوویەکی یاری کۆنفۆ هاتە بەرچاو و منیش دۆڕاو و تێکشکاو و بە قەشمەرکراوێک.

 بوەستە مامۆستا کارزانی جەللاد، ئێستا دەبینیت کێ براوە و کێ دۆڕاوی یارییەکەیه.

ئێستا یاری کۆنکفۆت پیشان دەدەم، یەک خولەک.

تۆزێک ڕام كردە ئەولاتر و چی جوێنی ناشیرینە بۆیم حەواڵەكرد، ویستم دەماری بگرم و بۆم بێتە پێش، تا گورزی خۆم بوەشێنم و فریای ڕاكردن بكەوم. كە ئەو جوێنانەم بۆی ڕیزکرد، تاڵ بوو و لە حەشمەتان خەریک بوو شێت بێت.

 دووبارە هێرشی بۆ هێنامەوە و  ویستی جارێكی تر شەلالی پێلەقە و بۆكسم بكات. یەكسەر دەستم دا بەردێک و تا هێزم تیابوو لە قاچیم دا.

هاواری کرد: ئای باوكەڕۆ مردم. تەختی زەویم كرد و ڕام كرد. ئیتر ئەوساڵە هەمووی نەڕۆیشتمەوە بۆ قوتابخانە.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا