موزەفەر فەیلی

سەدەی (21) بە سەردەمی پێشكەوتن و (AI) بەناوبانگە بەڵام لە هەمان كاتدا زۆربەی راستییەكان دوورن لەراستی و هەموو شتێك بە رووی دەرەكی و بە رووكەشی دەناسرێت بەبێ‌ تێگەیشتن لە ناوەرۆكدا! زۆر جار كە كەسێك جل و بەرگی نوێ‌ و گرانبەها و جوان لەبەر بێت، یان بروانامەی هەبێ‌، یان بەرپرس بێت ئیتر هەموو بە مامۆستا و بەرێز بانگی دەكەن پێش ناسین و تێگەیشتنی ئەو كەسە! زۆر بەداخەوە لە كۆمەڵگەیەكین كە هەموو شتێك تێكەل و بەپێچەوانە و سەراوژێر بووە!
دەبێ‌ لە سەرەتا بزانین كە چ كەسێك رۆشنبیرە و هەروەهاش چ كەسێك خوێندەوار؟! خوێندەوار ئەو كەسەیە كە دەستی نووسین و خوێندنی هەبێت. خوێندەوار زۆر ئاستی جیاوازی هەیە، لە ئاستی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و دواناوەندی بێگومان مرۆڤـ تەنها فێری خوێندن و نووسین و زانیاری گشتی دەبێت. دوای لە پەیمانگا و زانكۆ دەچیتە قۆناغی فێربوونی تیوری – پراكتیكی لە لقێكی زانستی تایبەت، دواتر بۆ پسپۆر بوون لەو لقە زانستییە دەچیتە قۆناغی ماستەر  و دكتۆرا، بەم شێوەیە ئەو خوێندەوارە تەنها دەبێتە پسپۆر لە لقێكی زانستی و ئەوەش ئەگەر لەبەر خاتری خاتران، یان بە پول و پارە، یان دەسەڵات رووڵی نەبینی بێت لە بەدەست هێنانی بروانامەكەی!
ئێستا با بزانین چ كەسێك رۆشنبیرە؟ رۆشنبیر ئەو كەسەیە كە بیر وباوەری رۆشن و مێشكی كراوەی هەیە و جیهان لە هەموو گۆشەكانییەوە دەبینێت. بۆ ئەم مەبەستە پێویستمان بە شیكردنەوەیەكی زانستی هەیە، بۆ نموونە هەر  وێنەیەكی ئاسایی دوو رەهەندی هەیە وەكو رەهەندی درێژایی و پانایی  و لەسەر دوو خولگەی (X-Y) بەدیار دەكەوێت و بەگشتی دەبێتە وێنەی (2D). بەڵام ئەگەر بمانەوێت بەشێوەیەكی تەواو ببینین دەبێت خولگەیەكی تری بۆ زیاد بكەین كە ئەوەش خولگەی (Z) كە بۆ پشاندانی قووڵایی یان بەرزایی بەكار دێت وەكو وێنەی (3D) یان وێنەی سێ‌ رەهەندی هۆلۆگرام كە لەسەر سێ‌ خولگەی (X-Y-Z) بەدیار دەكەوێت و ئیتر وێنەكە بە تەواوی و دروستی دەبینرێت.
بەم شێوەیە ئێمەش پێویستمان بە دیتنی سێ‌ رەهەندی هەیە بۆ بینینی راستەقینەی هەموو شتێك! رۆشنبیر لە هەموو گۆشەكان سەیری برامبەر  دەكات نە تەەنها سەیری قات و ریباتی، یان ئۆتۆمبیلی جوانی، یان بروانامەی، یان پارەكەی یان جوانییەكەی و...هتد!  
لە مەرج و خاڵەكانی رۆشنبیر بوون:
1-    زمانی دایك باش شارەزا بێت بە نووسین و خوێندن، و لەگەل ئەوەش دەبێت زمانێكی بیانی باش بزانێت بە نووسین و خوێندن و ئەگەر چەند زمانێك بزانێت زۆر باشترە و لە هەر زمانێكی تر كە شارەزا بێت وەكو مرۆڤێكی ترە، واتا هەر چەند زمان زیاتر بزانێت بەرامبەر ئەوەندە كەسە. بۆ نموونە دوو زمان بزانێت ئەوە بەرامبەر دوو كەسێت و ئەگەر سێ‌ زمان بزانێت بەرامبەر سێ‌ كەس و بەم شێوەیە.
2-    زانیاری باش لەسەر ئایین و رێرەوی بزانێت، بێگومان دەوڵمەند بوونی زانیاری لەسەر ئایین بۆ هەر تاكێك زۆر گرنگە و وەكو رووناكی رێگە پشاندەر دەبێت بۆ چونیەتی ژیانكردن. چوونكە ژیانی راست و دروست لەسەر بنەمای ئایین داریژراوە ئەگەر بە دروستی جێ‌ بە جێ‌ بكرێت لەناو ژیاندا. هەروەها زانیاری لەسەر یەك یان چەند ئایین و رێرەوی تر پێویستە بۆ ئەوەی بكەوینە ناو بازنەی رۆشنبیری.
3-    خوێندەوار بوون و چوونە ناو تایبەتمەندییەكی زانستی یان هونەری و پسپۆر بوون لە لقێك و هەبوونی زانیاری لەسەر لقەكانی تری زانست بەگشتی.
4-    زانیاری نەتەوەیی، رۆشنبیر دەبێت زانیاری باش و دروستی لەسەر نەتەوەكەی هەبێت لە رووی داب و نەریت و فولكلۆر و كەلەپوور و گرنگییان پێبدات. هەروەهاش زانیاری باشی لەسەر نەتەوەیەكی تر هەبێت بەلای كەم.
5-    زانیاری گشتی، بێگومان بە خوێندنەوەی كتێبی جۆراوجۆری زانستی و هونەری مرۆڤـ بیری گەشە دەكات و بەرفراوان دەبێت. مرۆڤی رۆشنبیر بێجگە لە تایبەتمەندی زانستی كە لە خوێندن بە دەستی دەهێنێن دەبێ‌ زانیاری باشی لەسەر زانستێكی تر یان چەند زانستێكی تر هەبێت كە زۆر گرنگە و ئەو مرۆڤە بێگومان رۆشنبیر دەبێت. هەر وەكو دەزانین كە زۆربەی مرۆڤەكانی گەورە و بەناوبانگی جیهان و مێژوو زۆربەیان لە هیچ زانكۆ یان كۆلێژێك نەیانخوێندووە بەڵكو بەپێچەوانەش خەڵكانی دواییان سوود لە كتێب و توێژینەوە و هەروەها لێكۆلینەوەكانیان وەرگرتووە هەتا ئەمرۆمان!
مرۆڤی رۆشنبیر دەبێت لەگەل نەتەوە و گەلانی تر تێكەڵ بێت تاكو زیاتر جیهانبین بێت و مێشكی كراوەتر بێت. ئەوەی راست بێت رۆشنبیری وانەیەك نییە كە بە چەند كۆرس و خولێك یان وەكو خوێندنی ئەكادیمی بە بروانامەیەك بە دەست بێت بەڵكو پێویستی بە چەندەها ساڵ هەیە تاكو مرۆڤـ رۆشنبیر بێت. بەم شێوەیە مرۆڤی رۆشنبیر ئاستێكی بەرفراوانتری هەیە لە هەموو چین و توێژەكانی تری كۆمەڵگا. بێگومان هەندێ‌ جار بنەمای خانەوادەیی و هەروەها ژینگەی دەوروبەری كاریگەری دەبێت لەسەر بەرەو رۆشنبیر كردنی مرۆڤـ. كەواتە تەنها خوێندەواری نابێتە هۆی رۆشنبیر بوون، هەر وەكو دەڵێن، هەر خاوەن قەڵەمێك نووسەر نییە. رۆشنبیر پێویستی بە هەموو زانیارییەك لەسەر هەموو بەشەكانی ژیانە بەشێوەیەكی بەرفراوان نەك كورت و داخراو، مرۆڤی رۆشنبیر دووربینە نەك نزیكبیین. مرۆڤی رۆشنبیر واتا مرۆڤی تەواو! هەموو بەشەكانی ژیان پێویستن بۆ ئەوەی مرۆڤـ رۆشنبیر بێت. هەروەها سەردانكردنی شار و شوێنەكانی تر و تێكەڵ بوون لەگەل گەلانی تر كاریگەری باشی دەبێت لەسەر كردنەوە و بەرفراوان كردنی مێشك ئەگەر چاومان باش و دروست سەیر بكەن! لە هەمانكاتدا دەبێ‌ بزانین كە ئەگەر رۆشنبیر نەبین مانای ئەوە نییە كە مرۆڤێكی خەراپ یان بی سوودین! 
((لە كۆتایی دا با بەخۆمان بچین و ئەو پرسیارە لە خۆمان بكەین كە ئایا ئێمە رۆشنبیرین یان نە!؟))

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا