ڕۆمانی "قەڵای دمدم" لە نووسینی باوکی ڕۆمانی کوردی، عەرەب شامیلۆڤ (عەرەبی شەمۆ)، یەکێکە لە گرنگترین ڕۆمان و بەرهەمە ئەدەبییەکان؛ نەک تەنیا لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا، بەڵکو لە مێژووی ڕەهەندە زیندووەکانی هۆشیاری سیاسی و مێژوویی کۆمەڵگەی کوردیدا.
ئەم ڕۆمانە باسی ژیانی "خانی لەپ زێڕین" و شەڕی قارەمانانەی قەڵای دمدم (١٦٠٩-١٦١٠) دەکات، کە لە داستانێکی فۆلکلۆریی ڕەسەنەوە لە دژی داگیرکاریی و ململانێی ئیمپراتۆرییەتەکانی سەفەوی و عوسمانی وەرگیراوە.
 بەڵام خوێندنەوەی ئەم بەرهەمە تەنیا وەک گێڕانەوەیەکی مێژوویی سادە، نادادپەروەرییەکی گەورەیە لە دەقەکە؛ ئەم ڕۆمانە کاتێک بە تەواوی ڕووناک دەبێتەوە کە لە فلتەری فەلسەفەی مێژوویی و ئەدەبیدا سەیری بکەین.

ڕەنگە ئەم ڕۆمانە، ئەم تێکستە مێژووییە، گرنگترین شت بێت کە بیرمەندی گەورەی مارکسیستی و هەنگاری، «جۆرج لۆکاچ»مان بەبیر بهێنێتەوە. پەرتووکی شیکاری «ڕۆمانی مێژوویی»ی ئەو کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٣٧ بە زمانی ڕووسی و دواتر لە ساڵی ١٩٤٧ بە زمانی هەنگاری بڵاوی کردەوە، بە یەکێک لە قووڵترین و دەوڵەمەندترین بەرهەمەکانی ڕەخنەی ئەدەبی دادەنرێت.لۆکاچ لەم پەرتووکەدا پڕەنسیپێکی بنەڕەتی دادەمەزرێنێت:- 
ڕۆمانی مێژوویی ڕاستەقینە، تەنیا گێڕانەوەیەکی کت‌ومتی و ڕۆژمێریی ڕووداوە مێژووییە کۆنەکان نییە، بەڵکو دەبێت ببێتە ڕەنگدانەوەی ئەو سەردەمەی کە تێیدا دەنووسرێت. لۆکاچ پێی وایە ڕۆمانی مێژوویی لە ڕووی فیکرییەوە سەر بەو واقیعە ئێستاییەیە کە نووسەرەکەی تێیدا دەژی؛ نەک بە مانای سەپاندنی میکانیکیانەی تێڕوانینی شەخسی نووسەر بەسەر ڕابردوودا، بەڵکو بەو مانایەی کە هێڵە درامی و مێژووییەکانی ڕووداوە کۆنەکە و بکەرەکانی (پاڵەوانەکان، میلەت، چینە کۆمەڵایەتییەکان) پەیوەندییەکی ئۆرگانیک و حەتمییان بە ئێستای ئێمەوە هەبێت.

لەم شوێنەدا؛ عەرەبی شەمۆ بە تەواوی دەبێتە جێبەجێکارێکی داهێنەر و بێدەنگی کۆنسێپتەکانی جۆرج لۆکاچ. کاتێک عەرەبی شەمۆ لە سەدەی بیستەمدا دەست دەداتە نووسینەوەی داستانی قەڵای دمدم (کە لە سەرەتای سەدەی حەڤدەمدا ڕوویداوە)، ئەو تەنیا مێژوونووسێک نییە تۆز لەسەر ڕووداوەکان بمالێت، بەڵکو ئەو مێژوو زیندوو دەکاتەوە بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارە گەرمەکانی سەردەمی خۆی و داهاتووی پێ بداتەوە.
لۆژیکی ڕووداوە کۆنەکە لەم ڕۆمانەدا دێتە ناو ویژدان و کلتوری درێژکراوەی سەرخانی تێڕوانینی بەرەنگاری و بوون نەبوونی لە ئەمڕۆدا. عەرەبی شەمۆ مێژوو بەکاردێنێت بۆ داڕشتنی هۆشیارییەکی نەتەوەیی و چینایەتی نوێ؛ ئەو نیشانی دەدات کە کێشەی ڕزگاری و شوناس، کێشەیەکی بەردەوامی مێژووییە. 
بەپێی تیۆری لۆکاچ، پاڵەوانەکانی ڕۆمانی مێژوویی دەبنە "نوێنەری هێزە مێژووییە گەورەکان" و عەرەبی شەمۆش خانی لەپ زێڕین و گەلی نێو قەڵاکە وەک هێمای ئیرادەی ڕەتکردنەوەی ژێردەستەیی لە قۆناغێکی هەستیاردا وێنا دەکات. ئەمە ڕێک ئەو خاڵەیە کە لۆکاچ پێی دەڵێت "پێویستی مێژوویی" کە لە ناو قووڵایی واقیعی ئێستادا ڕەگ دادەکوتێت.

لە ڕۆمانی "قەڵای دمدم"دا ئێمە تەنیا بە داستانی بەرەنگارییەکی سەخت و نایەکسانی سەربازی شاد نابین، بەڵکو بە جۆرێک لە بەڕێوەبردنی سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسی قەڵا ئاشنا دەبین. لێرەدا حەقیقەتێکی مێژوویی گرنگ دەسەلمێنرێت: قەڵا تەنیا شوێنی کۆمەڵێک یان ناوچەیەکی یاخیبووی شاخان نییە کە لە دەوروبەری خۆیان داخرابن، بەڵکو لە ڕاستیدا ببووە شوێن یان پەناگەی هەموو زوڵملێکراوەکانی تری ناوچەکە بە جیاوازی نەتەوە و ئایینەوە.

تەنانەت وەستا سەرەکییەکانی بنیاتنان و دروستکردنی قەڵاکە لە هەمان ئایین و کلتوری کوردی نەبوون، بەڵام لە هەمان قەناعەتی ئەم ئەزموونە هاوبەشە بوون لە بووندا؛ پێشەوایەتی و کلتوری و مرۆییەکانی نێو ئەم داستانە فۆلکلۆرییە، کە مامۆستا عەرەبی شەمۆ لە نێو ڕۆمانەکەدا زۆر بە جوانی خستوویەتیە ڕوو، دەریدەخات کە ئەزموونی قەڵای دمدم پایەیەکی سەرەکی هێزەکەی لەسەر "کراوەیی" کۆمەڵگەکە بنیات نرابوو.

ئەم فرەکولتوری و کراوەییە، لەو سەردەمەدا وەک ڕەگەزێکی هێزی چۆنایەتی، بەرەنگارییەکەی لە شەرێکی خێڵەکی تەسکەوە گۆڕی بۆ پڕۆژەیەکی مرۆیی فراوانتر لە دژی ستەمی ئیمپراتۆرییەتەکان. ڕۆمانەکە لە وەرچەرخانێکی مێژوویدا، تەنیا لێهاتووییەکانی قارەمانێکی تاکەکەسی دەرناخات، بەڵکو هەموو ئەو دۆخانەش دەخاتە ڕوو کە چۆن توانا شاراوەکان و وەرگرتنی کەسایەتییە تازەکان و بەکارهێنانەوەیان لە سیستەمەکەدا، دەتوانێت کۆمەڵگەیەکی بەهێزتر و بەرەنگارییەکی جیاواز (نەک تەنیا لە ڕووی چەندایەتی، بەڵکو لە ڕووی چۆنیەتییەوە) بنیات بنێت.

بۆ قووڵبوونەوە لە ڕەهەندە فەلسەفییەکانی ناو تێکستەکە، دەکرێت سوود لە تێڕوانینەکانی فەیلەسوفی فەڕەنسی هاوچەرخ، «ئالان بادیۆ» وەربگرین. بادیۆ کاتێک باسی سێ پایە یان ئەرکە سەرەکییەکەی فەلسەفە دەکات، "خۆشەویستی" وەک یەکێک لە گرنگترین پایەکان دەستنیشان دەکات. لای بادیۆ، خۆشەویستی تەنیا هەستێکی سۆزداری کەسی یان حەزێکی بایۆلۆژی نییە، بەڵکو خۆشەویستی "بەرکەوتنێکە لەگەڵ حەقیقەتێکدا" کە جیهان لە ڕوانگەی "دووانە"وە (نەک یەک یان تاک) سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە. خۆشەویستی لای ئەو، پڕۆسەیەکی سیاسی و فەلسەفییە کە ئیرادەی مرۆڤ لە خودپەرستییەوە بەرەو حەقیقەتێکی گشتیتر دەبات. ئەو دەڵێت "خۆشەویستی ڕاستەقینە، تاقیکردنەوەی بنیاتنانی جیهانێکە لەسەر بنەمای جیاوازی، نەک لەسەر بنەمای شوناسی تاکەکەسی." 

لەم ڕوانگەیەوە، کاتێک سەیری داستانی خۆشەویستی نێوان "شەباب و دولبەر" دەکەین لە ناو ڕۆمانەکەدا، دەبینین ئەم کورتکراوەی خۆشەویستییە تەنیا پەیوەندییەکی کۆمەڵایەتی سادە و ڕۆمانسی نییە. ئەم پەیوەندییە پەیوەندییەکی لۆژیکی و توندی بە نەخشەدانان هەیە لەسەر ئەو چارەنووس و وەرچەرخانانەی لەبەردەم ئەم ئەزموونەدا دەوەستن. 
خۆشەویستی شەباب و دولبەر بە تەواوی گرێدراوە بە ئیرادەیەکی گشتیترەوە؛ ئەوان چەند سەد ساڵێک بەر لە ئێستا، بەبێ ئەوەی فەلسەفەی نووسراو بخوێننەوە، ئەم ئەرکە فەلسەفییەیان (کە بادیۆ باسی دەکات) تێکەڵ بە ژیانی خۆیان کردووە.

قەناعەتی هەردوو خۆشەویستەکە ئەوەیە کە دەبێت سۆزی پاکی خۆیان پێشکەش بە "ئامانجە" گەورەکە بکەن کە ئەویش بەرگری کەرامەتی قەڵایە، و لە توێی ئەم بەرگرییە بەکۆمەڵەدا، مانایەکی باڵا و نەمر بە خۆشەویستییەکەی خۆیان دەبەخشن. ئەوان لە ڕێگەی عەشقەکەیانەوە دەبنە بەشێک لە حەقیقەتی ئازادی خەڵك و داستانی قەڵا. هەڵبەتە، ئەم دوو کەسایەتییە ڕەنگدانەوەی خودی ئەو داستانەن کە هۆشیاری  کۆمەڵگەی کوردی لەو سەردەمەدا دروستی کردوون، کاتێک کۆمەڵگە تێدەگات کە بەبێ قوربانیدانی گەورە، نە عەشق دەپارێزرێت و نە قەڵای بەرگری.

ڕۆمانی "قەڵای دمدم" تەنیا پڕ نییە لە بیرۆکەی ڕووت، بەڵکو دەقێکی دەوڵەمەندە بە سیمبولەکانی ژیان. خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەیدا بە تەواوی هەست بە بۆن و بەرامەی ژینگە دەکات؛ بۆنی ڕووبار، کێوی سەرکەش، گژوگیا، زوڵفی کچانی قەڵا، خواردنی سادەی ناو سەنگەرەکان و ئارەقەی ئەسپەکان. ئەمە واقیعگەراییەکی سۆزدارییە کە ژیان لە ناو جەرگەی جەنگدا دەپارێزێت.

بەڵام لە پاڵ ئەم سیمبولانەی ژیاندا، نووسەر سیمبولێکی تاریك و مانابەخشیشمان پێ نیشان دەدات:-
 لە دیوەخانی خاندا، سەری مۆمیاکراوی کەمتیارێک هەڵواسراوە. لە چیرۆکی پشت ئەم کەمتیارەدا هاتووە کە لە ڕابردوودا مردووەکانی لە گۆڕ دەرهێناوە و دەیخواردن، و دواتریش منداڵی زیندووی دەڕفاند! 
لێرەدا عەرەبی شەمۆ ئەم کەمتیارە وەک هێمایەکی سیاسی قووڵ بۆ ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی (و دواتریش بۆ ئایدۆلۆژیای عوسمانچێتی لە سەردەمی نوێدا) لێکدەداتەوە. کەمتیارەکە هێمای ئەو هێزە داگیرکەرەیە کە مێژووی کورد (مردووەکان) دەشێوێنێت و دەیشارێتەوە، و هاوکات پڕۆسەی سڕینەوەی شوناس و سەپاندنی کلتوری بێگانە بەسەر نەوەی نوێدا (منداڵەکان) دەسەپێنێت. کەمتیاری مێژوو، دەیەوێت ڕابردوو و داهاتووی ئەم میلەتە پێکەوە قووت بدات.

داستانی بەرگری دمدم بە تەقاندنەوەی قەڵاکە لەلایەن خانی لەپ زێڕین خۆیەوە بە کۆتاییەکی تراژیدی و بەسوێ دەگات. خان و هاوڕێکانی ڕێگا نادەن قەڵاکە بکەوێتە دەستی دوژمن و ببێتە شوێنی سووکایەتیپێکردنیان؛ ئەوان مەرگی سەربەرزانە هەڵدەبژێرن. ئەم کایە تراژیدییە، هێمایەکە بۆ پێشوازیکردن لە مردن لە پێناو نەدۆڕاندنی شوناس و ڕەتکردنەوەی ئەو پێناسەیەی کە داگیرکەر دەیەوێت بەسەریاندا بسەپێنێت.

ئێمە بۆ هەمیشە؛ دەبێت جەخت لەسەر ئەوە بکەینەوە کە ڕۆمانی "قەڵای دمدم" تەنیا ئەرشیفێکی سارد و سڕی بەرەنگاریی لە لاپەڕەکانی مێژوودا نییە. ئەم دەقە داستانێکە کە هەمیشە دەتوانرێت دووبارە ببێتەوە؛ چونکە ئەو ئیرادە و جیهان بینیەو ڕوانگەیە کە تینووی ژیان و ئازادییە، سنووری کات و شوێن و مێژو دەبەزێنێت.
 تا ئەو کاتەی ستەم و هەوڵی سڕینەوەی شوناس بوونی هەبێت، کۆنسێپتەکەی جۆرج لۆکاچ لەسەر زیندووێتی ڕۆمانی مێژوویی لێرەدا کار دەکات: قەڵای دمدم دەبێتە ئاوێنەیەک بۆ ئێستا و داهاتوومان، مانیفێستۆیەکی زیندووی ڕوحی بەرەنگاریە کە فێری مرۆڤایەتیمان دەکات چۆن لە پێناو پاراستنی حەقیقەت و عەشق و کراوەییدا، لە بەرانبەر تاریکی کەمتیارەکاندا بوەستینەوە!

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا