
هێدویگ ڕیشتێر
لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن
هەوڵێک بۆ پێکهێنانی دیموکراسی مۆدێرن
دیارە بەرخودان و شۆڕشگێڕانی ناو سەنگەرەکان گرنگبوون، بەڵام هەرگیز بەبێ داهێنانی چەمکی «نەتەوە»، پارەی زۆر و ژنانی ئازا، فۆرمی حکومەتی مێژوویی سەرکەوتوو نەدەبوو.
لەکوێ شۆڕشگێڕەکان لەکۆتایی سەدەی هەژدەبە ئایدیای شۆڕشگێڕی و بەشکۆی «یەکسانی» گەیشتن؟ یەکسانی بۆهەموان، نەک ژمارەیەک، واتا بەوشێوەیەی دیموکراسی لەکۆنەوە یان کۆماریخوازانی شارەکانی ئەورووپا لەهامبۆرگەوە بۆ ونیز دەمانناسین.
پرسی سەرەکی ئێستا، ئەگەری یەکسانی لەدنیای تردا لەبەردەم خودا نەبوو، نەلەتایبەتمەندی مەزهەبە ئایینییەکان و عەقڵی ژنانی ڕۆشنبیری یاخیبوو، نەلەدڵی جووتیارانی یاخیبوودا.ئایدیای یەکسانی نەبوو لەخوێن و قوڕ و ژیانی ڕۆژانەدا بمرێت.ئەم یەکسانییە لە "لێرە و ئێستا"دا، لە سیاسەت و لەگەڵ پێشکەوتندا بوو.
«مرۆڤەکان بەئازادی دێنەدنیاوە و لەڕووی مافەوە، یەکسان و ئازادن.» ئەم ڕاگەیەنراوەی مافەکانی مرۆڤ و هاوڵاتییبوون لەشۆڕشی فەرەنسە، لەئابی ساڵی١٧٨٩، دنیا بینی. دنیا سەری سوڕما و زۆرکەس هەژەندە بوون.
هیگڵ، فەیلەسوفی فەرمی پرۆست وتویەتی: «لەوەتەی خۆر لەئاسمانە، شتێکی لەمشێوەیە نەبینراوە.» بە شۆڕشی فەرەنسەی وت: «خۆرهەڵاتنێکی شکۆمەند».
یەکسانی، ناوکی سەرەکی دیموکراسی نوێ و بناغە و بنچینەی ئازادییە، چونکە گەرچی ئازادی هەمیشە هەبوو، بەڵام تەنیا بۆ تاک و گروپی هەڵبژێردراو بوو. لە ڕاستیدا یەکسانی و ئازادی هەموان خەونێکی یۆتۆپیای گەورە و بەرزەفڕانەبوو.
بیرۆکەی جیهانگیر تایبەتمەندی ژەهراویکەری هەبوو، چونکە پێستسپییەکان قۆرخیانکردبوو. وشەی «homme» لەڕاگەیەنراوی «مافەکانی مرۆڤ» لای پیاوانی ئەوکاتە، بەشێوەیەکی ئاسایی بە «پیاوان» وەردەگێڕدرا، نەک «مرۆڤ». ژنان مافی ئازادی کار یان بەشداریکردنی کۆبوونەوەکانیان نەبوو، لەڕووی جەستەییەوە سزا دەدران و مافی خاوەندارێتییان زۆر سنوردار بوو.بارودۆخی کۆیلەکانی بە ڕەچەڵەک کۆیلە خراپتر بوو. بەشی زۆر دانیشتوانی گوندنشینیش کەم و زۆر لەودۆخەدابوون کە لەزۆربەی وڵاتانی خۆرئاوا، تەنیا بەدرێژایی سەدەی نۆزدە بوو کە لەیەکسانی هەمواندا جێگەیان کرایەوە.
لە حەقیقەتدا، شایەتحاڵی یەکسانی لەسەدەی هەژدەیەمدا کەمە. بەڵگەنەویست بوو خەڵک نایەکسان بوون: بەردەوام هەژارەکان دەبوونە قووربانی قاتوقڕی و دەوڵەمەند و دەسەڵاتدارەکان پێگەکانیان بەقەرزداری هاتنەدنیاوەیان دەزانی، تا ڕادەیەک جووڵەی کۆمەڵایەتی سفربوو، پلەبەندی چینایەتی و ئایینی لەیاسکاندا ڕیشەیان داکوتابوو و فەرمانڕەوایەتی بەسەر جلوبەرگ، خواردن، باوەڕو ژیانی خەڵکدا کردبوو. کەوایە شۆڕشگێڕەکان ئیلهامی یەکسانیان لەکوێ هێنا؟ بێگومان ئایدیالەکان سەرچاوەیەک بوون کە لەئاسمانی ئەورووپادادەدرەوشانەوە. بیروباوەڕی مافە سروشتییەکان و ڕۆشنگەری، بیرمەندان لەساموێل ڤۆن پوفێندۆرف، دەیڤید هیوم و ژان ژاک ڕۆسۆ بۆ گۆتۆڵد ئەفرایم لێسینگ و ئیمانوێل کانت، لە پێش شۆڕشی فەرەنسە نایەکسانییان هەژاندبوو، بەڵام ئایدیای هزری یەکسانی کە سەرەتا فەلسەفییە و بڕیاربوو لەکۆتاییدا جەماوەر بسوتێنێت و سەرلەنوێ دەوڵەتەکان دابڕێژێتەوە، تەنیا بەچەمکە دەرهەستەیی و بیروباوەڕی بیرمەندەکان نەدەهاتەدی. پێویستی بەسۆزوخۆشەویستی بوو. دیدرۆ، ڕۆشنگەری فەرەنسەیی لە ساڵی١٧٥٥ وتی، یاسای سروشتی (کە ژێرخانی هزری یەکسانییە و مافە جیهانییە نەگۆڕەکان بەڕەوای هەموومرۆڤێک دەزانێت) وەک «هەستێکی دەروونی» لەهەمواندا هاوبەشە.
فەلسەفە و مێژوونووسین زۆر دووپاتەیان کردووەتەوە، هونەر چ ڕۆڵ و بایەخێکی زۆری لەبەئاگاهێنانەوەی هەستی یەکسانیدا هەبووە. مارتا نۆسباوم، فەیلەسوفی بەناوبانگ، باسی کاریگەری ئۆپێراکانی مۆزارتی لە بەئاگاهێنانەوەی چەمکە لیبراڵەکانی کەرامەتی مرۆڤ لەنێوخەڵکدا کردووە. مێژوونووس لین هونت واشیکاری دەکات کە چۆن مرۆڤەکان فێربوون بێگانەکان وەک هاوتای خۆیانبناسن، ئەمەش بە پشتبەستن بە پێشوازیی فراوانی ڕۆمانەکان لە سەدەی ١٨دا.
لەبەر ئەوەی هزری یەکسانی، لەڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمریکا لە ساڵی١٧٧٦ وەک چەمکێکی هەموانی هاتووە، دەبێت لەڕێگەی جەستەوە تێیبگەین، پێویستە ببێتە کارێکی دەروونی و بەدرێژایی قۆناغێکی زەمەنی جێگیربێت. بۆئەمەش، ژیانی باشتر بۆ مرۆڤەکان بووە پێویستییەکی حەتمی. شۆڕشی پیشەسازیی سەرچاوەکانی بەدیموکراتیزەکردنی بەدیهێنا. بارودۆخی مرۆڤ لەکۆتایی سەدەی نۆزدەدا، دۆخی خەڵک بەشێوەیەکی بەرچاو لە ١٠٠ساڵ پێشتر باشتربوو: تەنانەت حەقدەستی هەژارترین مرۆڤ زیادیکرد، کاتژمێرەکانی کارکردن کەمبوونەوە، جلوبەرگ و خانوبەرە باشتر بوو و خۆراک فرەجۆرتر. بۆ یەکەمجار، تا ڕادەیەک کۆمەڵگە خوێندەوارەکاندەرکەوتن.
هەمووئەوانە بۆ ئەگەر و بەدیهێنانی «یەکسانی بۆ هەموان» یەکلاکەرەوە بوون.پێویستە دیموکراسی بۆ سودی خەڵک بێت، خۆشگوزەرانیان بکات و بێ لانیکەم یەکسانی مادی نابێت. بۆیە دیموکراسییەکان پێویستییان بەدەوڵەتی خۆشگوزەرانە.
چەمکی یەکسانی نوێ نەبوو، بەڵام لەسەدەی نۆزدە زەبری زۆری بەدەستهێنا، ئەمەش بەشێوەیەکی بەرچاو بەهۆی گەشەی هێزی سەرمایەداری بوو. چما هەمیشە دیموکراسی دەرئەنجامی شۆڕش و بەرخودانەکان «لەخوارەوە» نییە؟ بێگومان شۆڕشەکان گرنگن،بەڵام لەکرداردا، زۆرجار ئایدیا و یۆتۆپیای نوخبە ڕۆشنبیر و خوێندەوارەکان یەکلاکەرەوە بوون. «ڕژێمی کۆن»، بەوتەی میشێل ستۆلایس، مێژوونووسی یاسایی، «سەرەتا لە بیرکردنەوەدا لەرزۆک و دواتر لەواقیعدا لەناوچوو یان بە شێوەیەکی چاکسازی گۆڕا.»
پەرلەمان لەخوارەوە بەدەست نەهات، بەڵکو دامەزراوەیەکی زۆر نوخبە و تا ڕادەیەک لەهەمووشوێنێک، بەمافی دەنگدانی فراوانتر، بەپێداگری و فشار «لەسەرەوە» جێبەجێکرا. بۆیە، بەشداریکردن کەم بوو، زۆرجار زۆرکەمتر لە ٥٠٪، یان لە ئەمریکا کەمتر لە ٣٠٪. زۆرجار دەسەڵاتدارەکان دەستووریان لەژێرفشاری هاوڵاتییانی خوێندەوار دەناساند، نەک هاوڵاتییان. دەستوور ئازادییەکانی بۆ هاوڵاتییان (و پاشان هاوڵاتییانی ژن) گرەنتی کرد کە دەوڵەتی لەقاڵبە دیاریکراوەکاندا دەهێشتەوە.
شۆڕشە تووندوتیژەکان بەپێچەوانەی گۆڕانی ئاشتیانە، هەرگیز سەرناکێشنە دیموکراسییەکی بەردەوام. زۆرجار توێژینەوەی زانستە سیاسییەکان لەسەدەی بیست ئەوەیان سەلماندووە. شۆڕشی فەرەنسە سەریکێشایە دیکتاتۆری سەربازی پەلاماردەر و بەمشێوەیە بەشدارییەکی گەورەی لەسەردەمی نۆژەنکردنەوەی ئەوروپادا کرد. دوای شکانی ناپلیۆن، لەکۆنگرەی ڤیەننا لە ساڵی١٨١٥، دیسانەوە پاشایەتییە کۆنەپەرستەکان دەسەڵاتیان گرتەوەدەست.
لە ساڵی١٨٤٨، هێزە بۆرژواکانی ئەورووپا بەگژ ئەم دەسەڵاتە کۆنەپەرستانە یان بەدەربڕینێک «هێزەکانی گەڕاوە بۆ ڕابردوو»چوونەوە،بەڵام ڕاپەڕینە شۆڕشگێڕییەکان شکان و نەک تەنیا لەئەڵمانیا. لەگەڵ ئەوەشدا، شۆڕشەکان گرنگ بوون. دوای شۆڕشی فەرەنسە، تا ڕادەیەک ئەمە بۆ هەموومرۆڤێکی عاقڵ ڕوونبوو، تەنانەت بۆ پیاوانی ئەندامی کۆنگرەی ڤیەننا، کە نەیدەتوانی چەرخی زەمانە بۆدواوە بگێڕێتەوە. پاشان، ئەم بۆچوونە پەلوپۆیهاویشت کە هەر چۆنێکبێت حکوومەت پێویستی بەجۆرێک ڕەوایەتی خەڵکە و لە ڕاستیدا ستونێکی گرنگی هزری یەکسانییە. لانیکەم ساڵی١٨٤٨ لەزۆربەی ویلایەتە ستەمکارەکانی ئەڵمانیا، «دەستوور» دانرا.
لەگەڵ ئەوەی شۆڕشەکان زۆر گرنگ بوون، بەڵام بەبێ نوخبەی پێشکەوتوو و چاکسازییەکانی باوەڕ بەپێشکەوتن و بەپیشەسازیبوون، یۆتۆپیای یەکسانخوازانەی شۆڕشگێڕەکان، وەک هەموویۆتۆپیاکانی پێشوو، چانسێکی وەهای بۆگۆڕینی کۆمەڵگەکان و ژێرەوژوورکردنی ژیانی خەڵک نەدەبوو.
ئایدیای نەتەوە، ئایدیایەکی سەرکەوتووی نوێی یەکلاییکەرەوە بوو بۆهەستی یەکسانی. لەسەرەتادا، محافزکارانی وەک میتەرنیخ، دیبلۆماسی دەسەڵاتدار و ڕکابەری ناپلیۆن، بەگژیدادەچوونەوە، چونکە ئەم ئایدیایە لەبەردەم هەمووشتە پیرۆزەکانیان بوو: ڕەوایەتی خودایی، سیستمی چینایەتی، باڵادەستی خانەدان و هەموودەستکەوتەکان، شکۆی شازادەکان و جەماوەروەک ڕەعیەت.
مێژوونووس دیتەر لانگەویچە دەڵێتچەمکی نەتەوە، «هۆکارێک بوو بۆ هێنانەدی یەکسانی». لەبەرامبەر نەتەوە، هەر هاوڵاتییەکی پیاو - زۆر درەنگتر هەر هاوڵاتییەکی ژن –یەکسان بوون: بە شانازییەوە پیشەگەری خۆی وەک ئیتالییەکیلوتبەرز دەبینی کە موچەخۆرە یان بەشانازییەوە ئەڵمانی، پۆڵەندی، یان فەرەنسی وەک کرێکارێکی پیشەسازی دەبینی.
مێژوونووس لیا گرینفێڵددەڵێت: «دیموکراسی لە هزری میللەتەوە سەریهەڵدا.هەردووکیان لە بنەڕەتدا تێکەڵاو بوون و بەبێ یەکتر لەهیچ کامیان ناگەین.ناسیۆنالیزم جۆرێکبوو لەسەرهەڵدان کە لەڕێگەیەوە دیموکراسی لەجیهاندا بینرا.»
هەرگیز ئایدیای یەکسانی بەشێوەیەکی جیهانی پەلوپۆی نەهاویشت، چونکە بڕیاربوو کێ لەدنیادا پراکتیزەی بکات؟ بەڵام لە ئەورووپا و ئەمریکا، نەتەوە لەهەندێکلاوە، ئاشتکردنەوەی ئەم هزرە شۆڕشگێڕە بوو بە واقعیەت. لەچوارچێوەی نەتەوە، دەستوور و باڵادەستی یاسا، یەکسانی سیاسییاندابین دەکرد. سەرەڕای، هزری نەتەوە، زیاتر ئازادی و یەکسانی کردە خەمی خەڵک. لە ساڵی١٨٤٨، مافە ئازادییەکان پەیوەستبوون بە بزووتنەوەیەکی نوێ لەهەمووچینەکانی ئەورووپاداو لەدەیەکانی بەرلە شەڕی یەکەمی جیهان، ڕێکەوت نەبوو کە پرۆسەکانی بەدیموکراسیکردن لەگەڵ نەتەوەگەرایی زۆر و ئیستعمار و نەژادپەرستی و دژەجوولەکەیی، گەیشتنە لوتکە.
تادێت بەدواداچوون بۆ باڵادەستی نەتەوەکەی خۆتدەبێتەهۆی ڕەتکردنەوەی توندوتیژی و پڕ لەنەفرەتی کەسانێک بەشێک نەبوون لێی. سنوری ساڵی١٩٠٠ لە ئەمریکا، لەسێدارە بان یاساییەکانی (لینچ) گەیشتە لوتکە، تا ڕادەیەک پێستڕەشەکان بەیەکجاری لەمافە سیاسییەکان بێبەشکران. لە ئەڵمانیا، ئەورووپای خۆرهەڵات و فەرەنسە، دژەجولەکەیی زیادیکرد. سەردەمی ئیمپریالیزم بوو و ناسیۆنالیزم تایبەتمەندی کوشندەتری خۆی پیشاندا.
هاوکات، لەدەیەکانی بەرلەشەڕی یەکەمی جیهان، پیشەسازی بەهێز بوو هاوکاتی ستانداردەکانی ژیانی گەشەکردوو بۆهەموان و کۆتاییهاتنی قاتوقڕییەکان. کرێکاران لەناوەندەکانی کار کۆبوونەوە. ڕێکیانخستن و بە بایکۆتکردن و بوێرییەوە لە کارگە و کانگەکان، دەسەڵاتی جەماوەرییان سەپاند.
هەڵکشانی بەرچاوی بزووتنەوە کرێکارییەکان لەنیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەم، بەشێوەیەکی بەرچاو پرۆسەی بەدیموکراسیکردنی پێشخست. هەر چەندە ئەم بزووتنەوەیە لەهیچ شوێنێکی دنیا بەرلە شەڕی یەکەمی جیهان دەسەڵاتی نەگرتەدەست (لە بەریتانیا بەسیاسەتی سنوردارکردنی، تەنانەت تا ئاستێکی زۆر کرێکاران مافی دەنگدانیان نەبوو)، بەڵام بەرخودان بۆ بەدەستهێنانی مافە سیاسییەکانیان بۆ بەرخودانی جەماوەر گۆڕی. کرێکاران و بەزۆری کرێکارانی ژن، تینێکی زۆریان بۆ دەسەڵاتداران هێنا و لەچوارچێوەی چاکسازی درێژخایان و ئەستەم، مافی زیاتریان بەدەستهێنا. هۆکارەکان زۆرن بۆئەوەی بەگرنگترین بزووتنەوەکانی ئەوسەردەمەیان بزانین.
قووڵبوونەوەی زۆربەی گێڕانەوە مێژووییەکانی دیموکراسی لەشکۆی شۆڕشگێڕیدا، ساتە بنەڕەتییەکانی بەدیموکراسیکردنی نادیدەگرتووە. بۆنموونە، قۆناغی سنوری ساڵی١٨٧٠، کە زۆربەی وڵاتان دەستووریان دانا یان بووە ڕۆژەڤ و زۆرێک لەوڵاتان مافی دەنگدانیان فراوانکرد. کەمێک بەرلە ئەمریکا، یاسای مافی دەنگدانی «هەموان» لەئەڵمانیا دانرا، هەڵبەتە هێشتا ئەم مافە تەنیا بۆ پیاوانی متمانەپێکراو بوو.
لە ساڵی١٨٧٠ فەرەنسە بۆ یەکەمجار بووە کۆماری، کە زیاتر لەقۆناغێکی پڕئاژاوە بەردەوام بوو. بەرلە شەڕی یەکەمی جیهانیش، کاتێک وڵاتانی دنیا لەناوچەی باکوور بە «شارستانی» دادەنران، کە پەرلەمانێکی بەهێز و مافی دەنگدانیان فراوان بێت. ڕوسیە بەهۆی دواکەوتوویی و حکومەتە قەیسەرییەکەی، زۆر مایەی گاڵتەجاڕی بوو.
لەوقۆناغەشدا ژنان بەدەگمەن لەڕووداوە شۆڕشگێڕییەکاندا دەردەکەوتن و ژمارەی ژنانی خەباتێگڕی سەنگەرەکانی بەرخودان زۆر کەم بوو. بەگشتی خەباتی ژنان پاڵپشتبەچاکسازییەکان، ئاشتیخوازانە بوو. تەنانەت ڕەنگە بزووتنەوە فرەجۆرو پەیوەست بە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی ژنان، لەبزووتنەوەی کرێکارانیش گرنگتر بوو. کاتێک دوای شەڕی یەکەمی جیهانی، ژنان لەزۆربەی وڵاتان مافی دەنگدانیان پێدرا، زیاتر دەرئەنجامی ساڵانێکی درێژی بەرخودانی ژنان بەداواکاری و ڕێپێوانی ناڕەزایەتی و ڕاگەیاندن و چالاکیی سەندیکاکان و کۆبوونەوەی درێژخایەن بوو. وێنای ئەم ژنانە وەها کەم سەرنجڕاکێش بەرچاو دەکەوت کە تێدەگەیشتی بۆچی خەباتگێڕانی ناو سەنگەر لەمێژوونووسیدا زۆر کاریگەر بوون. لەوانە ئەڵمانیا یەکەم کۆمار بێت، مافی دەنگدانی بە ژنان دا.
مێژووی دیموکراسی زۆر لەشکۆمەندی سەنگەرەکانفرە چینترە.ئەم مێژووە، زیاتر گێڕانەوەیەکی نوخبەکان، دەوڵەتی بەهێز، نەتەوە، ژنان و چاکسازییە. بەردەوام مێژووی جڵەوکردنیشی هەیە: زۆربەی دەستوورەکان، بەتەنیشت ئەنجومەنی هەڵبژێردراوەوە، پێشبینی ئەنجومەنێکی دووەمیان دەکرد کە زیاتر بەمافی دەنگدانی یەکسان پێکنەدەهات، پرەنسیپی نوێنەرایەتی دەسەڵاتی خەڵکی کردە مومکین، بەڵام لە هەمان کاتدا کۆنترۆڵی دەکرد.
بۆیە مێژووی دیموکراسی هەمیشە مێژووی ئەرک و تێچوی سەپێنراوە بەسەر خەڵکدا.خەڵک لە پرۆسەکانی بەشداریکردن، بێگومان باری دانراو بەسەر خۆیاندا دووپاتە دەکەنەوە. دەبوو لەهەموو وردەکارییەکی ژیانی تایبەتی خۆیاندا خۆیان بخەنە ژێر دەسەڵاتی یاسا و نەزمی دیموکراسییەوە: لەوانە مەرجەکانی پابەندبوون، زەوتکردن وەک یاسای قەرەبووکردنەوەی جەنگ و دواجار لە پەروەردەکردنی منداڵ و داڕشتنی ژیانی زەماوەندکردن.
بەگشتی جڵەوکردنی دیموکراسی لەدەستووری نوێی ئەورووپا دوای ساڵی١٩٤٥ دەرکەوت.باوکودایکانی دامەزرێنەری دەوڵەتە نەتەوەییەکانی ئەوروپا لەبنەڕەتدا لە فاشیزم و ناسیۆنال سۆسیالیزمەوە وانەی هێشتنەوەی خەڵک لەدوورییەکی گونجاودا فێربوون. ڕاستەوخۆ بنەماکانی دیموکراسی لاوازبوون، سەروەری یاساو مافی کەمینەکان بەهێز کراو ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کەرامەتی مرۆڤیان چەسپاند – کە هیچ زۆرینەیەکنەیانتوانی هیچ کامیان پێشێلبکەن.سەیرنییە پۆپۆلیستەکان – بەداواکارییەکانیان بۆدیموکراسی جەماوەریی، سوکایەتیکردن بە سەروەری یاسا، نەفرەت لە کاری پەرلەمانی و وەدەرنانی نەیاران – داوای هێرشکردنە سەر ئەم نەزمە لیبڕاڵە بکەن.
مێژووی دیموکراسی لەلایەکی دیکەشەوە فرەلایەنە. ئەم مێژووە تەنها بەپیشەسازیبوون و گەشەکردنی خۆشگوزەرانی هەموان مومکین بوو. دوای ساڵی١٩٤٥سەریهەڵدایەوە. ئابووری بازاڕ لەوڵاتانی دیموکراسی باری گونجاو و ئاسودەی بۆهەموان دابینکرد، بەڵام هەر لەسەرەتاوە، بەپیشەسازیبوون، ڕەوتی تێکدانی گرتبەر: تێکدانی دارستانەکان، ڕووبارەکان و هەوا، بڵاوکردنەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و کەڵەکەبوونی خۆڵوخاشاک. وەک ژمارەی دیموکراسییەکان، خۆشگوزەرانی و پیشەسازی لەناوەڕاستی سەدەی بیستەم سەریان گەیشتە کەشکەڵانی فەلەک، نیشانەکانی تێکدان خێراتر بوون: ترشبوونی زەریاکان، زەوی گیران بەقیر و کۆنکرێت، دارستانبڕین، پیسکردنی ژینگە، لەناوچوون و ئەشکەنجەدانی ئاژەڵان.
بۆیە دیموکراسیش لەقەیراندایە، چونکە ئێستا - دوای دەستپێکی سەردەمی دیموکراسی نوێ لەناوەڕاستی سەدەی بیستەم – تێچوونە لاوەکییەکەی نکۆڵییان لێناکرێت: هێزی ترسناکی ناسیۆنالیزم لەسەدەی بیستویەکەم دەرکەوتەوە و هێزی تێکدەری سەرمایەداری هێرشی کردە سەر دامەزراوەکانی ژیان. ناتوانین بەئاسانی ئەم دوو «یزم»ەبسڕینەوە کە بۆ بەدیموکراسیکردن زۆر گرنگ بوون، بەڵام دەبێت بەهزرێکی نوێ بیریان لێبکەینەوە.
ئەم کارە بەبێ سەپاندنی سەختییەکان (تێچوون و ئەرکەکان) بەسەر خەڵکدا نەدەبوون. ئەگەر دیموکراسییەکان دەیانەوێت بمێننەوە، دەبێت ئەو ئەرکانە مومکین بن – چ خزمەتی ئەرکی گشتی (سەربازی) و چ سیاسەتێک کەدواجار کۆتایی بە تێکدانی ژینگە و لەئەنجامدا لەناوبردنی بنەماکانی ژیانمان دەهێنێت.
iran-emrooz
