دەسەڵاتدارانی هەرێم ئامادەن نین هیچ مووچەیەک لە پارەی نەوت و داهاتی ناوخۆ دابەش بکەن.
هەرچەندە دەسەڵاتدارانی هەرێم بەردەوام باس لەوە دەکەن کە لەگەڵ بەغدا لەمەڕ هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ گەیشتونەتە ڕێکەوتن،بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە نەوتێک ڕادەستی بەغدا نەکراوە،
لەبارەی پرسی نەوت لە نوێترین لێدوانیدا ،پێشەوا هەورامی ووتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند،ئێستا بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتیەکانی هەرێم نزیکبووەتەوە لە حاڵەتی ئاسایی خۆی،بەڵام لە بەغدا ئاراستەیەک هەیە نەوتی هەرێم هەناردە نەکرێتەوە،بەڵام ئێمە ئومێدێکمان هەیە ڕێکەوتن لەنێوان بەغداو هەرێم بکرێت
هاکات محەمەد کەمال وەزیری سامانە سروشتیەکانی هەرێم ڕایگەیاند،بەردەوامین لەهەڵەکانمان لەگەڵ بەغدا و کۆمپانیا نەوتیەکان بگەینە ڕێکەوتنێکی سێ قۆڵی و هاوبەش و هاوسەنگ ، بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵەکانمان چڕ کردووەتەوە. لەبارەی داهاتی ناوخۆش تا ئێستا هیچ ڕێکەوتنێک لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێم وبەغدا ئەنجام نەدراوە ،بۆیە دوێنێ لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، سودانی بڕیاریدا یەکلاکردنەوەی پرسی داهاتی ناوخۆ بە ئەنجومەنی دەوڵەت بسپێرێت.
لە ئێستادا چارەنوسی مووچەی شەش مانگی ئەمساڵی مووچە خۆرانی هەرێم نادیارەو مەترسی جدی لەسەر مووچەی شەش مانگی ئەمساڵ هەیە.
پەرلەمانتارێک پێی وایە لەحاڵەتی ڕێکەوتن لە نێوان هەرێم و بەغدا سێ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.
کاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند،ئەگەر هەفتەی داهاتوو هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان ڕێککەون ناردنی مووچەی مانگی 7 دەکەوێتە سەرەتای مانگی 10،بەدڵنیایەوە لە حاڵەتی ڕێکەوتن مووچەی مانگەکانی10و 11و12 دەکەوێتە ساڵی داهاتوو،بەڵام لە حاڵەتی ڕێکنەکەوتن هیچ مووچەیەکی تر لە بەغداوە ڕەوانە ناکرێت.
ووتیشی: محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبونەوەی هەفتەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران ڕاشکاوانە وتویەتی مووچەی مانگی شەشم لەڕوانگەی مرۆییەوە ڕەوانەکردووە چونکە فەرمانبەرانی هەرێم لەدۆخێکی خراپدان،بەڵام چیتر بەبێ جێبەجێ کردنی ڕێکەوتن مووچە نانێرم.
لەلایەکی ترەوە فازڵ نەبی بریکاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق ڕایگەیاند،حکومەتی عێراق کات دەکوژێت و نایەوێت مووچەی هەرێم بنێرێت.
پێشتریش نەبی ڕایگەیاندبوو، ئەگەر حکومەتی هەرێم هەوڵی جدی نەدات دوو مووچەی ئەمساڵی مووچە خۆرانی هەرێم دەفەوتێت.
پێشتر چەند جارێک سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی تەئکیدیان کردووەتەوە ئەگەر بەغدا پارە نەنێرێت حکومەتەکەیان ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی دابین و دابەش بکات،ئەمە لەکاتێکدایە ڕۆژانە نەوت لەڕێگەی تەنکەرەوە هەناردە دەکرێت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژیش داهاتی ناوخۆ بەهۆی زیادکردنی باج و ڕەسومات و بەتایبەتکردنی کەرتە گشتیەکان لە زیادبوندایە.