هاوڕێ كرێكار / گەرمیان 

 هەواڵی بڵاوبوونەوەی ڕاگرتنی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی، لێكدانەوەی زۆری بەدوای خویدا هێنا و تەندروستی پارێزگاكەش، وەزارەتی دارایی تۆمەتبار دەكات، پزیشكێكیش حكومەتی هەرێم بەهۆكار دەزانێت و نووسەرێكیش بەكارەساتی ناودەبات. 

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لەسەر زاری بەڕیوەبەرەكەیەوە، هەواڵی ڕاوەستانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەكانی سنووری پارێزگای سلێمانیی ڕاگەیاند. 

دكتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی،  لەسەر  ڕاگرتنی نەشتەرگەرییەكان، بە میدیاكانی ڕاگەیاند: ساڵانە بڕێك پارە وەك تەرخانكراوێك بۆ كڕینی دەرمان و پێدوایستی و ئامێری پزیشكی دادەنرێت، ئەمساڵ لەكۆی 27 ملیار دیناری تەرخانكراو، تەنها توانیومانە حەوت ملیار دیناری خەرجبكەین، چونكە پارەی نەختینەمان نییە و كۆمپانیاكان ئامێرە تەندروستییەكانمان پێ نافرۆشن.

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، لەچەند ڕۆژی داهاتوودا خزمەتگوزاریی تەندروستی بەشێوەیەكی بەرچاو لەسنووری پارێزگای سلێمانی كەمدەكات و ناتوانین زۆربەی خزمەتگوزارییەكان پێشكەشبكەین. كەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان، نەشتەرگەرییەكانی قەستەرە ناگرێتەوە و هەوڵدەدەین سەنتەرەكانی فریاكەوتنەكانیش كەمترین كاریگەرییان لەسەر هەبێ، بەڵام خزمەتگوزارییەكانی تریش هەمووی هەستیارن.

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی سلێمانی ئەوەشی ڕوونكردەوە "ئەگەر كیسی خوێنت نەبێ و نەتوانی پشكنینی ڤایرۆس بۆ خوێنی نەخۆش بكەین، هەموو نەشتەرگەرییەكان بە فریاكەوتنەكانیشەوە ڕادەگیرێن، چونكە بەهیچ جۆرێك ناتوانیت خوێنێك بكەیتە جەستەی كەسێكەوە، كە پێشوەخت پشكنینی ڤایرۆسی بۆ نەكرابێت، چارەسەری ئەم گرفتەش لە وەزارەتی داراییدایە و پێویستە لانیكەم 50%ی ئەو 27 ملیار دینارەمان بۆ خەرجبكرێت.

پزیشكێكی كوردی دانیشتووی وڵاتی بەریتانیا، راگرتنی نەشتەرگەرییەكان لە نەخۆشخانەكانی سلێمانی بۆ پلانێكی درێژخایەنی حكومەت دەگەڕێنێتەوە، كە ئامانج لێی بەتایبەتكردنی كەرتی تەندروستییە.

گۆران عەبدوڵڵا، پزیشك و پسپۆری سیستەمی تەندروستی، لەسەر پرسی ڕاوەستانی نەشتەرگەرییەكان بەڕێگای كوردستانی وت: 

حكومەت و بەرپرسان، لەساڵی (۲۰۱٤)ەوە بەپلانێكی درێژخایەن كاریان بۆ ئەوە كردووە خزمەتگوزارییە گشتییە تەندروستییەكان لە كەرتی گشتیدا، كە بەبێ بەرامبەر پێشكەشدەكرێن نەمێنێت و خەڵك ناچاربكەن بڕوات بۆ كەرتی تایبەت، سیستەمێكیان داناوە ناوی نیمچە تایبەتە، بەپێی ئەم سیستەمە خزمەتگوزارییەكی كەم نەبێت، هیچ خزمەتگوزارییەكی تر پێشكەش بە هاووڵاتییان نەكرێت بەبێ بەرامبەر، هەمووی كراوە بەپارە، ئەو گرفتەی ئەوان هەیانە گوایە پارەی نەختینە بۆیان خەرجناكرێت، بۆیە ناتوانن نەشتەرگەری بكەن. 

دكتۆر گۆران وتیشی: كێشەكە ئەوەیە، نەشتەرگەرییەكان لەنەخۆشخانەكان بێبەرامبەرە و بەخۆڕاییە، نەخێر وانیە و بێبەرامبەر نییە، پارەكە لە بودجەی حكومی و گشتی و خەڵك بۆ خەرجدەكرێت، ئەوان بەشێوەیەكی یاسایی لەسەریانە وەك حكومەتئەم بودجەیە كە موڵكی گشتییە بۆ خەڵك خەرجبكەن، بەڵام ئەمان گەندەڵییەكی زۆری تێدا دەكەن، پارەیەكی زۆریان بۆ دێت، بەهەدەردانێكی گەورە هەیە، ئەو پارەیەی بۆ كەرتی تەندروستی دابیندەكرێت بۆ خەڵك بەكارناهێنرێت بەڵكو بۆ بەرژەوەندی تایبەت و بۆ كڕینی ئامێری گرانبەها لەكۆمپانیای نزیك لەخۆیان. 

دەشڵێت: ئەمان بەشێوەیەكی سیستماتیك و پلان بۆ داڕێژراو، كار بۆ ئەوە دەكەن كەرتی گشتی نەمێنێت و هاووڵاتییان لەپارەی گیرفانی خۆیان خەرجبكەن، ئێمەش دەزانین ئەو نەخۆشخانە و دەرمانخانانەی كەرتی تایبەت سەر بە كێن و كێ ئیدارەیان دەدات، ڕوونتر ئەتوانین بڵێین ئەو بەرپرس و حزبە سیاسییانە خەڵكیان داناوە، وەك وەزیر، بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی، كە سیاسەتیك جێبەجێدەكەن خەڵك ناچاربكەن بڕوات بۆ كەرتی تایبەت بۆ خزمەتكردنی ئەو بەرپرسانە. كۆی ئەم پلانە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، سەرەتا پارە كەمدەكەنەوە بۆ كەرتی تەندروستی، خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان دەدەن بەكۆمپانیا، سەرەتا ئوتێلەوانیان بەتایبەتكرد، دواتر خواردن پاشان دەرمان، ئێستا هاتونەتەسەر لەدایكبوون دەبیت بە پۆستەوانی ئەواندا بڕوات. 

ڕاگرتنی نەشتەرگەرییەكان، تەنها ناڕەزایی پزیشكانی لێنەكەوتەوە، نووسەر و چالاكوان و توێژە جیاجیاكانیش نیگەرانن و بەكارەسات ناویدەبەن. 

مەریوان وریا قانع، نووسەری ناسراوی كورد، لەنووسینێكیدا لەسەر ڕاگرتنی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەكانی سلێمانیدا دەڵێت: ڕاوەستانی «نەشتەرگەرییە گشتییەكان» لە نەخۆشخانە حكومییەكانی هەرێمدا، كارەساتێكی دیكەی ناو كارەساتە گەورەكانی ئەو سیستمە سیاسی و ئابووری و خزمەتگوزارییەیە لە هەرێمدا سەروەركراوە، ڕاوەستانی ئەم خزمەتگوزارییە، بەر لەوەی كۆتاییهێنان بێت بە یەكێك لە خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان، پەكخستنی یەكێك لە مافە هەرە سادە و هەرە بنەڕەتییەكانی مرۆڤە لە هەرێمدا. ئەمەش هەڵقەیەكی تازەیە لە زنجیرەی ئەو داتەپینە گشتییەی رووی لە دابینكردنی خزمەتگوازارییە سەرەكییەكان و لە پاراستنی مافە هەرە بنەڕەتییەكانی مرۆڤە، لە هەرێمدا.

 هەزوەها ئاماژە بەوەش دەكات: پاراستنی تەندروستی مرۆڤ مافێكە لە مافە هەرە سەرەتاییەكانی مرۆڤ و لەلایەن «ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی»، ڕێكخراوی WHO، دان بەو مافەدا نراوە. هەموو كەسێك لە كۆمەڵگەدا، هەم مافی ئەوەی هەیە و هەم شایستەی ئەوەشە دەستی بە خزمەتگوازارییە تەندروستییە بنەڕەتییەكان بگات، بەبێ گوێدانە توانای مادی و پێگەی چینایەتی و ڕەگەز و دین و ئایدیۆلۆژیای ئەو كەسە، تەنها لەو ژینگانەدا كە مرۆڤ وەك بوونەوەرێكی خاوەن ماف و خاوەن كەرامەت نابینرێن و مامەڵەناكرێن، بەشە نەدارەكەی كۆمەڵگە لەم خزمەتگوزارییە بنەڕەتییانە بێبەشە و رێ لەوە دەگیرێت هەمووان دەستیان پێیبگات، تەنها لەو ژینگەیەدا كە مرۆڤ لە مافە هەرە سەرەتاییەكانی رووتكرابێتەوە و كەرامەتی بەشێوازی جیاواز بریندار كرابێت.

هەروەها لەنووسینەكەیدا باسی لەوەش دەكات، كەرتی تەندروستی لە هەرێمدا بووە بە كەرتێكی بازرگانی و لۆژیكی سەرمایەدارێكی دڵڕەق و بێویژدان و مافیایی، كە كەڵەكەبوونێكی خێرا و نایاسایی سەرمایە ئاراستەی دەكات، بەڕێوەیدەبات، ئەمەش ئەو لانی هەرە هەرە كەمەی «دادپەروەری و «یەكسانیی كۆمەڵایەتی» وێراندەكات كە هەر كۆمەڵگەیەك بۆ ئەوەی وەك كۆمەڵگە بمێنێتەوە، پێویستی پێیەتی. 

بەتایبەتیكردنیكەرتی خزمەتگوزاریی تەندروستی و دەستكشاندنەوەی حكومەت و كەرتی گشتی لە پێشكەشكردنی ئەم خزمەتگوزارییەدا، دۆخێكی دروستكردووە خزمەتگوزاریی تەندروستی لە مافەوە بگۆڕێت بۆ ئیمتیاز. ئاخر بەبێ دەستگەیشتنی یەكسانی هەمووان بەم خزمەتگوزارییە، ئەم خزمەتگوزارییە دەبێت بە ئیمتیازێك لە ئیمتیازە زۆرەكانی بەشە  دەوڵەمەندەكەی كۆمەڵگە، ئەمەش دۆخی نادادپەروەری و نایەكسانی لە كۆمەڵگەكەدا قووڵتر و قووڵتر دەكاتەوە.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا