رێگای كوردستان

ماوەی نزیكەی یازدە مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان تێپەڕیوە كە لە٢٠ـی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤، ئەنجامدرا، بەڵام بەهۆی ململانێی نێوان پارتی ویەکێتی ، تاكو ئێستا هیچ وادەیەك بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان دیاری نەكراوە. پەرلەمانتارێكی پێشوی پەرلەمانی كوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی  و بەرژەوەندییەكانیان تا ئێستا دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵنەبژێردراوەو پەرلەمان پەکخراوە، ئەم دوو حزبە خاوەنی زۆرینەی كورسییەكانی پەرلەمانن، بۆیە هۆكاری سەرەكین لە پوچكردن و بێ بەهاكردنی پەرلەمان وەك دامەزراوەیەكی گرنگی یاسادانان.

لە رۆژی دووشەممە 2-12-2024، یەكەمین كۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان  بەرێوەچوو، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان لەناو هۆڵی دانیشتن، كۆبونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار هەڵگیرا و تاكو ئێستاش چارەنووسی پەرلەمان بە داخراوی ماوەتەوە.

دلێر محەمەد شەریف، ئەندامی پێشوی پەرلەمانی كوردستان، بەرێگای كوردستانی راگەیاند: كارانەبونی پەرلەمان لە هەردوو روی  یاسایی و سیاسییەوە كاریگەری نەرێنی هەیە و  راستەخۆ كاریگەریشی لەسەر شەرعییەتی  یاسایی و سیاسی ئەم قەوارە سیاسییەی كوردستان وەك قەوارەیەكی بریاردراوی دەستوری فیدراڵی هەیە. ئەوە جگە لە كاریگەری نەرێنیانەی لە سەر ئیرادەو تێروانیینە سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكانی تاكی كوردستانی و دۆزە رەواكەی . 

ئەو ئەندامی پێشوی پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: كارانەبونی  پەرلەمان ،كوردستانی دوچاری بۆشایی یاسایی كردۆتەوە .هەر ئەمەشە وایكردووە ناوەند بەشێك لە یاساو بونیادە یاساییەكانی كوردستان فەرامۆش بكات و لە رێگەی دادگای فیدراڵییەوە بوار بۆ ئامانجە سیاسییەكانی دروست بكات. 

لە درێژەی قسەكانەنیدا، دلێر محەمەد شەریف،وتیشی: لە دۆخی ئێستادا كوردستان کە چوارچێوەیەكی فیدراڵی هەیە كەوتۆتە بەردەم فشاری جدی شەرعیەتی یاسایی  و دەستوری و لاوازبونی لەبەردەم ناوەند كە ئەمەش وای كردووە لەروی سیاسییشەوە لاواز بێت هەم لە روی دەرەوە هەم لە روی ناوەوە  بكەوێتە بەردەم هەرەشەی تێكچون و بێ بەهابونی ئەو كیانە سیاسییەی كە مێژویەكی دورودرێژ لە تێكۆشان و قوربانیدان خوڵقاندویەتی . 

سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت، دلێر محەمەد شەریف رایگەیاند: كاتێك  پەرلەمان  بەكراوەیی بۆ چەندین مانگ دەهێڵدرێتەوە و كارا ناكرێت ئەوەش وادەكات حكومەتیش وەك دامەزراوەیەكی كار بەرێكەر دۆخەكە هەڵسورێنی ئەمەش بۆ خۆی دیوێكی تری لاوازبونی هاوسەنگی و پارسەنگی سیاسیی كوردستانییە لەئاست ناوەند. هەربۆیە پێویستە لەزوترین كاتدا هەدوو لایەنی دەسەڵات ململانێی بەرژەوەندییە تەسكە حیزبیەكانیان بخەنە لاوەو پەرلەمان كارا بكەنەوە كە ئەوە بۆ خۆی هەنگاوی سەرەتاییە لە كۆتایی هێنان بەو دۆخە ئاڵۆزو نالەبارەی كە دوچاری خەڵكی كوردستان بۆتەوە .


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا