
نووسەران و ڕۆشنبیران : بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕینن و نوسین بەمەترسی دەزانن بۆ سەر کۆمەڵگا
*ئەوەی ئێستا دەیبینین لەسەر سکاڵا کردن لەدوو نووسەر ، شتێکی زۆر مەترسیدارە
* فشارەکان بۆسەر نوسەران، هەوڵێکە بۆ دەمکووتکردنی دەنگی ئازادیخواز و ڕەوتی ڕەخنەگری لە پێناو دەرخستنی ڕاستیەکاندا،
ڕێگای کوردستان
• تەنیا مەترسی نیە بۆسەر نووسەران کەسانی خاوەن ڕاوسەرنجی جیاواز بەڵکو کاتێک ڕێگری لە بیرکردنەوەی ئازاد دەکرێت، کۆمەڵگە بەرەو چەقبەستوویی و پاشەکشە دەچێت و کوشتنی داهێنان. شاردنەوەی ڕاستییەکان. دەبێتە هۆکاری ئیفلیج بوونی بزوتنەوەی ڕۆشنگەری و هەنگاوەکانی بەرەو پێشچوون
هەوڵی بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین لەهەرێمی کوردستان و تۆمارکردنی سکاڵاو فشار دوای ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان، نوسەرانیشی گرتۆتەوە ، لەدرێژەی ئەم جۆرە هەوڵەدا ئێستا فشارەکان بۆ سەر هەردوو نوسەر و خاوەن فیکری جیاواز د . یونس ڕاوی و حمە سەعید حەسەن و تۆمارکردنی سکاڵا و فشاری جیاجیا بۆ دەمکووتکردنی دەنگی ئازادیخواز و ڕەوتی ڕەخنەگر و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی فیکر و نووسین لە پێناو دەرخستنی ڕاستیەکاندا ، بوەتە دیاردە و ئەمەش نوسەران و ڕۆشنبیرانی نیگەرانن کردوەو پێیان وایە ئەمە مەترسییەکی کوشندەیە بۆ سەر کۆی جەستەی کۆمەڵگە و داهاتووی ئازادی ڕادەربڕین
لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەردوو نوسەری دیاری کورد، یونس ڕاوی و حمەسەعید حەسەن، لەلایەن دادگاوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە،بەهۆی وتارەکانیانەوە و چەند جارێک نامەی دادگایان بۆ ڕۆیشتووە بۆ ئەوەی ئامادە بن لەبەردەم دادگا، حەمە سەعید حەسەن، دەڵێت: نووسینەكانم ئاشكران و دیالۆگی فكریش لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵ من جیاوازن ناچنە خانەی هەراسان و ناوزڕاندن، بەڵام دیارە لایەنێكی ئیسلامی دەیەوێ بەم داوا یاساییانە شكستەکانی لەهەڵبژاردندا داپۆشێت"
عوسمان محەمەد نووسەر و ڕۆشنبیر، سەبارەت بەتۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەو دوو نووسەرە ، بۆ ڕێگای کوردستان وتی : ئازادی فیکر و ڕادەربڕین لە مەترسیدایە ،بە دڵنیایەوە ئەو فشارانەی کە بۆ سەر یونس ڕاوی و حەمە سەعید حەسەن پرۆسەیەکی ڕێکخراوە، هەوڵێکە بۆ دەمکووتکردنی دەنگی ئازادیخواز و ڕەوتی ڕەخنەگری لە پێناو دەرخستنی ڕاستیەکاندا، ئەمە سەرکوتی تەواوی ئازادی سیاسی مافی ڕەخنە گرتنە، بەڵام لەم هێرشە کۆنەپەرستانەیەدا ئەوە هەر یونس ڕاوی و حەمه سەعید حەسەن، نیە بە پاساوی پیرۆزیەکان سەرکوت دەکرێن، و هەوڵ دەدرێ تا ئازادیخوازی بێدەنگ بکەن ، بەڵکو ئەمە هەوڵ و تەقەلای هاوبەشی دەسەڵاتداران و بەرەی کۆنەپەرستیە و هەوڵێکە بۆ سەرکوتکردنی ئازادی بیروبۆچونی جیاواز .
هەروەها وتیشی : یونس ڕاوی و حەمە سەعید حەسەن تەنها بە هۆی بیروباوەڕ و ڕەخنە لە ئیسلامی سیاسی یەوە ڕوو بە ڕووی ئەم دۆخە کراونەتەوە،ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێ کە ئازادی لای دەسەڵاتداران پرسێکی ڕوکەش و مەترسیدارە و نابێ هیچ شتێک لە بەردەم ڕەخنەدا پیرۆز بێ تەنها ئینسان خۆی نەبێ.
لەکۆتایدا، دووپاتی کردەوە، پشتیوانی لە یونس ڕاوی و حەمە سەعید حەسەن پشتیوانیە لە ئازادی ، بۆیە ئەرکی هەر تاکێکی کۆمەڵگایە کە بە هەڵبڕینی دەنگی ناڕەزایەتی لە پشت یونس ڕاوی و ئازادی ڕەخنە و دەڕبڕینی بیر و باوەڕ ڕاوەستێ . تا ڕێگە نەدرێ کۆمەڵگا لە ژێر فشاری سەرکوتگەری کۆنەپەرستیدا دەمکوتکرێ .
لەسەر هەمان،پرس ، موژدە عەلی نوسەر، بە ڕێگای کوردستانی وت: بێگومان ئازادی نوسین و ڕادەربڕین ،بناغەیەکە ، پشتیوانی دەربڕینی ئازادانەی کەسەکان دەکات لە ناو کۆمەڵگەدا، ئەوەی گرنگە هەموو نوسەریکی بوێرو ئازادی خوازو هەق بێژ بێ زۆر لێکردن ،بێ ترس و تۆقاندن و چاودێری و هەرەشەو گرتن، ئازادانە بۆ چونی خۆی وەک نوسەرێک دەرببڕيت لە چوارچێوەی پاراستنی بەها ئەخلاقییەکاندا ، هەڵبەتە ئەو قەڵەمەی کە نوسەرێکی ئازادی خواز پێی دەنوسيت لە پێناو هەق ، لە پێناو بەختەوەری و ئازادی و دیموکراتییەکی لۆژیکی و بێ خەوش و دور لە یۆتۆپیا ،و باشتر کردنی هەلومەرجی مرۆڤایەتی لە تەواوی جیهاندا، قەڵەمی نوسەرو دونیا بینی رێگەچارەیەک بێت بۆ ئەو پرس و گرفتانەی کە لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا ڕووبەرووی سیستمی سیاسی و ئاریشە کۆمەڵایەتیەکان بۆتەوە.
دەشڵێت: هەڵبەتە ئەوەی لەم دۆخەی کە رووبەرووی نوسەران و رۆژنامە نوسانی ئازاد و سەربەخۆ بۆتەوە و بەرپرسە، بە پلەی یەک بیدەنگی تەواوی کۆمەڵگەیە لە ئاست هەموو ئەو نادادیەی دەکرێ ،و دواتر نا شەفافی و بی لایەنی دادگاکانی هەریمی کوردستانە ، بەداخەوە بەشی زۆری لە ژێر فەرمانی فڵان و فیساردا ناتوانن هەق جێبەجێ بکەن دواجار وەک نوسەریک هیوا خوازم ئەم دۆخەی بۆ نوسەرانی ئازادی خواز هینراوەتە بوون کۆتای پێ بهینریت، ناکرێ لە ئاست گوتنی راستیەکان زمانی چەک و گرتن و تۆمەت بەخشین بە بنەما بگیرێت بۆ ئازادی فیکر و نوسین
فازڵ ئەحمەد ، ڕۆشنبیرو چالاکی فیکری، بۆ قسەکردن لەسەر هەمان پرس، پێ وایە، ئەوەی ئێستا دەیبینین لەسەر ئازادی دەربڕین شتێکی زۆر مەترسیدارە، خۆ ئەگەر بێت و ئەمە بەیاسا نەسەپێنرابیت ، دەبینین خەڵکانێک یان ڕێکخراوێک هەن و خۆیانیان ڕێکخستووە، ـەم کەسایەتی و نوسەرانە لەکوردستان دەکەنە ئامانج، ئەوەی پێویستە،بوترێ لەسەر سکاڵاکردن لەسەر ئەو دووکەسە بەیاسا نەکراوە، ئەوە جێگای سەرەنجە، هەندێک ڕێکخراون لەنێوکۆمەڵگا کاردەکەن، ئەو کەسایەتی ونوسەرانەیان بەئامانج گرتووە، کە بەشێوەیەکی مەدەنیانە و ئازادان وڕەخنەگرانە دەنووسن یان تێبینی و تێروانینی نوێییان هەیە چ بۆ کۆمەڵگا؟یاخود ئاین، یان بەڕێوەبردنی حکومڕانی لەکوردستاندا،
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی ئێستا لەکوردستان هەڵدەستێت و سکاڵا،تۆمار بکات،ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە و دوجار فشارەکان زیاتر شۆڕدەبێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگا