شەیما جەمال- گەرمیان
بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، ماوەیەكە لە هەرێمی كوردستاندا تاوانی كوشتن لەحاڵەتەوە بووەتە دیاردە و زۆر بووە. هەر چەندە ئامارێكی فەرمی نییە لەلای حكومەت، بەڵام ڕۆژانە كردەوەی كوشتن و زیادبوونی لەمیدیاكاندا دەبینرێت، بەشێك لەتوێژە جیاجیاكانی گەرمیانیش لاوازیی حكومەت و دادگاكان لەجێبەجێكردنی یاساكاندا بەهۆكاری زۆریی ڕووداوەكانی كوشتنن دەزانن، هەروەها خراپیی باری ئابووری و نەبوونی ڕێگری لە بڵاوكردنەوەی هەواڵەكانی كوشتن بەپاڵەوانبوونكردنی بكوژ، هۆكاری دیكەی پەرەسەندنی ڕووداوەكانە.
نیگار ڕەشید، چالاكوانیی كۆمەڵی مەدەنی و ڕێكخراوەكانی ئافرەتان، بەڕێگای كوردستانی وت: هۆكاری زۆریی ڕێژەی كوشتن لەهەرێمی كوردستاندا زۆرن، هەرچەندە ئێمە ناوەندێكمان نییە بۆ لێكۆڵینەوە لە دۆزینەوەی هۆكارەكان، بەڵام ئەگەر سەیری ڕاگەیاندنەكان، پەروەردەی خێزان، باری ئابووریی خەڵك و ئەو هەموو پەرتەوازییە بكەین، ئەمانە هەموو هۆكارن بۆ ئەوەی خەڵك بەرەو توندوتیژی و كوشتن و دەستچوونە خوینی یەكتر بڕوات.
وتیشی: بەداخەوە ئێمە سیستەمێكی پەروەردەی باشمان نییە، هەمووی پشێوییە، نائارامییە، خراپی باری ئابووریی خەڵك، هۆكاری سەرەكییە بۆ ئەوەی كۆمەڵگە بگاتە ئەو ئاستەی خەڵك بەو شێوەیە دەستی بچێتە خوێنی یەكتر و كەس ترسی لە دادگا نەبێت و تاوانكار لەهەمووان زیاتر ترسی لەدادگا و یاسا نەبێت.
لەسەر هەمان پرس، ڕۆژنامەنووسێك خراپیی ڕۆڵی دادگاكان و حكومەت لە جێبەجێكردنی یاساكان بەسەرتاوانكاراندا بەهۆكاری زۆریی ڕێژەی كوشتن دەزانێت.
سەردەشت محەمەد، لەسەر پرسی زۆری كوشتن بە ڕێگای كوردستانی وت: دیارە كۆمەڵێك هۆكار هەن لە هەرێمی كورستاندا وادەكەن ڕێژەی تاوان لەكۆمەڵگە زۆرتربێت، دیارترینیان لاوازیی حكومەت و دادگاكانە لە جێبەجێكردنی یاساكاندا، ئەمانە دەرفەت دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی ڕێژەی تاوان لەكۆمەڵگەدا زۆربێت، ئەگەر یاساش وەك خۆی جێبەجێنەكرا، ئەوا خەڵك بێدەربەست دەبێت لەئەنجامدانی تاوان.
وتیشی: ئەوانەی كاتێك تاوانێك ئەنجامدەدەن ، یاسا وەك پێویست مامەڵەیان لەگەڵ ناكات، ئەمەش دەبێتە هۆی دەربازبوونی تاوانباران لەیاسا، بۆیە جەختدەكەمەوە لەوەی لاوازبوونی یاسا دەبێتە هۆی زیادبوونی تاوان و بەتایبەت ئەو ڕێژە كوشتنە زۆرەی لەهەرێمدا هەیە.
هەر تاوانێك كاتێك بكەرەكەی ئەنجامیدەدات، هۆكارێكی هەیە كە پاڵنەرە بۆ ئەوەی ئە كارە ئەنجامبدات، یان دەكرێت بڵێین كاریگەرییەك لەسەری هەیە، كە وابكات ئەو تاوانە ئەنجامبدات.
ئەحمەد جاف، توێژەری دەروونی لەسەرهۆكارەكانی پەرەسەندنی تاوانی كوشتن بۆ ڕێگای كوردستان، وتی: هۆكاری سەرەكیی حاڵەتەكانی كوشتن بەگشتی بۆ پەرتەوازەیی خێزان، فشارە ئابووری و كۆمەڵایەتی و دەروونییەكان و بێكاری و چەند هۆكاریكی دیكە دەگەڕێتەوە، كە وا دەكەن مرۆڤ هەست بەتوڕەیی و بێتاقەتی و تەنهایی بكات، بۆیە لەكەمترین فشاردا بڕیاری كوشتنی كەسێك دەدات، وەك ئەوەی لە بانزینخانەكەی شاری هەولێر ڕوویدا.
وتیشی: ڕاگەیاندن ڕۆڵێكی زۆر خراپ لەكەیسی كووشتندا دەگێڕێ و زۆرجار بكوژ وەك پاڵەوان پیشاندەدرێت و تەنها ئەو دیوە پیشاندەدرێت، كە چۆن بكوژ كردەوەكە ئەنجامدەدات، ئەو دیوە شاراوەیە نیشاننادرێت كە بكوژ ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەكاتەوە و چی لێبەسەر دێت، لێكەوتەكانی ئەو تاوانە چین، بۆیە ئەمانە وادەكەن كوشتن زۆربیت.