
ڕاپۆرتی: محەمەد حوسێن - ڕواندز
دانیشتووانی قەزای ڕواندز و دەوروبەری نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر دۆخی خراپی کارەبای نیشتمانی دەردەبڕن.کە لە ئێستادا لە کۆی ٢٤ کاتژمێر، تەنها ٣ کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتییان دەدرێت، ئەویش لە کاتژمێر ١ی شەو تا ٤ی بەیانی، ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ خەڵکی ناوچەکە دروست کردووە.
لەم بارەیەوە، مامۆستا زریان عەبدولڕەحمان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ "ڕێگای کوردستان" ڕایگەیاند: "بەداخەوە ڕواندز بە تەواوی لەلایەن حکومەتی هەرێم و ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە پشتگوێ خراوە. لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٣ بۆ ٢٠٢٥ کەمترین پڕۆژە لەم قەزایە جێبەجێ کراوە." ناوبراو هۆشداریشی دا کە ئەگەر کێشەی کارەبای ڕواندز و گوندەکانی بەزوویی چارەسەر نەکرێت، هاوڵاتییان پەنا بۆ خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی سەر شەقام دەبەن.
لە لایەکی دیکەوە، مامۆستا یاسین ئیبراهیم ئاماژەی بە سەختیی وەرزی سەرما و بژێوی خەڵک کرد و وتی: "لە جیاتی ئەوەی لەم زستانە سەختەدا کارەبا زیاتر بکرێت، کەچی کەمی دەکەن. کارەبای ئێمە بە جۆرێکە تەنانەت ئاوی پێ گەرم ناکرێت، لە کاتێکدا دەبینین لە هەندێک شوێنی دیکە کارەبا ٢٤ کاتژمێرییە." داواشی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بە جدی ئاوڕ لەم قەزایە بدەنەوە و لانیکەم دادپەروەری لە دابەشکردنی کارەبادا هەبێت.
هەروەها هاوڕێ ئیبراهیم بابان، یەکێکی دیکە لە دەنگە ناڕازییەکان، هۆکاری ئەم بێبەشکردنە بۆ پڕۆژەی (ڕووناکی) دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "هەست دەکرێت کارەبای ڕواندز دەبڕن بۆ ئەوەی بیدەن بەو شوێنانەی کەوتوونەتە ناو پڕۆژەی ٢٤ کاتژمێریی 'ڕووناکی' تا پڕۆژەکە سەرکەوتوو بێت. ئەمە غەدرێکی گەورەیە لە خەڵکی ڕواندز دەکرێت." ناوبراو ئیدارەی قەزای ڕواندزیشی بە کەمتەرخەم زانی بەرامبەر ئەو ستەمەی لە هاوڵاتییان دەکرێت.
ئەم قەیرانەی کارەبا لە کاتێکدایە کە ناوچەی ڕواندز بە یەکێک لە ساردترین ناوچەکانی هەرێم دادەنرێت و هاوڵاتییان بۆ خۆگەرمکردنەوە و پێداویستییە سەرەتاییەکانیان پێویستییەکی زۆریان بە وزەی کارەبا هەیە.