لە نوێترین پێشێلکاری دژ بە ئازادیی ڕادەربڕین و چالاکیی مەدەنی، هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی مامۆستا دڵشاد میرانی، ئەندامی ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی و دەستگیریان کرد. ئەم کارە کاردانەوەی توندی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی لێکەوتووەتەوە و داوای ڕوونکردنەوەی بەپەلە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت.

دەستگیرکردن لە نیوەشەودا

دانا مەحمود تۆفیق، برای مامۆستا دڵشاد، لە لێدوانێکدا بۆ "تۆڕی هاوپەیمانی ١٩" ڕایگەیاند: "شەوی شەممە، ٣ی کانوونی دووەم، هێزێکی ئەمنی بەبێ پیشاندانی هیچ تۆمەتێکی ڕوون چوونەتە سەر ماڵی براکەم و دەستگیریان کردووە." ناوبراو جەختی کردەوە کە براکەی هیچ کێشەیەکی یاسایی یان کەسیی نییە و دەستگیرکردنەکە تەنها پەیوەندی بە هەڵوێستە سیاسی و لێدوانەکانیەوە هەیە سەبارەت بە مافی مووچەخۆران.

قەرزەکانمان دەوێت نەک زیندان

ئەم دەستگیرکردنە دوای ئەوە دێت کە مامۆستا دڵشاد لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا داوای کردبوو حکومەتی هەرێم و عێراق پاشکەوت و مووچە بڕاوەکانی فەرمانبەران (کە زیاتر لە ٤٦ مووچەیە) خەرج بکەن. هەروەها بانگەوازی بۆ بایکۆتی سەرتاسەری لە ڕۆژی یەکشەممە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ کردبوو.

ئەمە دووەم جارە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا مامۆستا دڵشاد دەستگیر دەکرێت؛ پێشتریش لە حوزەیرانی ٢٠٢٥ بەهۆی چالاکییەکانیەوە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ دەستبەسەر کرابوو.

کاردانەوەی تۆڕی هاوپەیمانی ١٩

تۆڕی هاوپەیمانی ١٩، کە لەلایەن سەنتەری میترۆ و چەند ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤەوە سەرپەرشتی دەکرێت، نیگەرانی قووڵی خۆی نیشان دا و ڕایگەیاند:

 "جێگەی داخە لەبری گەڕاندنەوەی قەرزی مووچەخۆران، حکومەت بە هەڵکوتانە سەر ماڵان و زیندانیکردن وەڵامی داواکارییەکان دەداتەوە. داوا لە لیژنەی ئەمنی سلێمانی دەکەین دەستبەجێ هۆکاری ئەم دەستگیرکردنە نایاساییە بۆ ڕای گشتی ڕوون بکەنەوە."

تۆڕەکە جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم جۆرە ڕەفتارانە پێشێلکارییەکی زەقی بەندی ١٩ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤە، کە پارێزگاری لە ئازادیی ڕادەربڕین دەکات.

سەرنج:

​لەم هەرێمە ئازادی هێندە زۆرە، ئەگەر داوای مافی خۆت بکەیت، حکومەت بە خۆڕایی میوانداریت دەکات لە ژوورێکی چواردیواریدا بۆ ئەوەی لەوێ بە تەنیا بیر لە قەرزەکانت بکەیتەوە!


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا