لەماوەی 9 مانگی رابردودا 51 كرێكار گیانیان لە دەستداوە
لەنێو قوربانییەكان ١١ كرێكاری بیانی و ١ كرێكاری ژن هەیە
ئامادەكردن: ئاسۆس ساڵح
ئاروین ئیسماعیل مستەفا (٤٣ ساڵ)، خەڵكی شارباژێر و دانیشتووی سلێمانییە، ئەو چالاكی بواری بیمەی كرێكاریان بوو، بەڵام لە نهۆمی دەیەمی پرۆژەی "مایۆركاسیتی" لەكاتی كاركردندا كەوتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا. ئەم ڕووداوە و روداوەكانی هاوشێوە كە بەردەوام لە هەرێمی كوردستان دووبارە دەبنەوە، پرسیارەكان دەربارەی جدییەتی جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی سەلامەتی و چاودێری لەسەر شوێنەكانی كار زیاتر دەكەن.
ئامارێكی نیگەرانكەر و مەترسیدار لە هەرێمی كوردستان
بەگوێرەی ئامارێك كە دەست رێگای كوردستان كەوتووە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ وە تا ئێستا (٥١) كرێكار لە هەرێمی كوردستان گیانیان لەدەستداوە و لەنێو قوربانییەكانیشدا (١١) كرێكاری بیانی و كرێكارێكی ژن بوونی هەیە. بەگوێرەی بەدواداچوونەكان بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی گیان لە دەستدانی كرێكاران زیادی كردووە.
دابەشبوونی ڕووداوەكان بەپێی پارێزگاكان
بەگوێرەی ئامارەكە لەماوەی (9) مانگی رابردوودا (52) كرێكار لە هەرێمی كوردستان بە پارێزگای كەركوكەوە گیانیا لەدەستداوە بەشێوەیەك كە لە سلێمانی و هەڵبجە: ۱۹ حاڵەتی گیانلەدەستدان، لە هەولێر: ١٣ حاڵەت، لە دهۆك ١٢ حاڵەت و لە كەركوك ٧ حاڵەت تۆمار كراون. بەدواداچوونەكان نیشانی دەەن كە هۆكارە سەرەكییەكانی مردن بریتین لە: كەوتنە خوارەوە، كارەباگرتن، بەركەوتن بە ئامێرەكان، دیوارڕووخان، خنكاندن، و تەقینەوە.
"ژینگەی كار بووەتە مەترسیدارتین شوێن"
عوسمان زیندانی، سەرۆكی سەندیكای بیناسازی و كرێكاران، رایدەگەێنێت كە ژینگەی كار بووەتە مەترسیدارتین شوێن بۆ ژیان، لە كاتێكدا دەبوو ببێتە سەرچاوەی خۆشگوزەرانی و پارێزگاری لە ژیان. گوتیشی: ئێمە بەردەوامین لە بەدواداچوونی ڕووداوەكان و گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی، چونكە دەزانین خاوەنكاران و حكومەت شەریكی بڕێن لە سەرمایەدا. سەرۆكی سەندیكای بیناسازی و كرێكاران باس لەوەش دەكات كە لە ماوەی مانگی ٩ی یەكەمی ئەمساڵدا، تەنیا لە دادگاكانی سلێمانی، دوو ڕووداوی سكاڵا تۆمار كراون، هاوكات كرێكاری بریندار بەهۆی ئەوەی خاوەنكار ئامادە نەبوو قەرەبووی بكاتەوە، سكاڵایەكی تۆمار كردووە.
پێویستی یەكگرتوویی و ڕێكخراوەیی كرێكاران
تۆماركردنی سكاڵا لەلایەن كرێكاران خۆیانەوە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە كە كرێكاران لەم وڵاتەدا بەبێ پارێزگاری و مافێكی ڕەها كار دەكەن، و سیستەمی بیمە و سەلامەتی شوێنی كار بەشێوەیەكی بەرفراوان پێشێل دەكرێت. بەمەبەستی گەیاندنی دەنگی كرێكاران و داواكردنی مافە ڕەواكانیان، دەزگای میدیایی (ئازادیی تیڤی ــ ڕێگای كوردستان) بەردەوامن لە ڕووماڵكردنی ڕووداوەكانی شوێنی كار و دەرخستنی ڕاستییەكان.
بانگەواز: كرێكاران یەكگرن
ئێمە بانگەوازی كرێكاران دەكەین كە زیاتر یەكگرتوو و ڕێكخراو بن لە پێناو مافەكانیاندا. تەنها بە یەكگرتوویی و دەنگێكی بەرز، دەتوانرێت گۆڕانكاری بەسەر سیستەمێكدا بهێنرێت كە لەسەر بنەمای چەوسانەوەی كرێكاران بنیاتنراوە.