کەیسەکەی عەجاجی نوگرە سەلمان بەکوێ گەیشت؟

 

عەجاج ئەحمەد حەردان،عەجاجی نوگرە سەلمان،ئەو جەلادە بەعسیەی لە ئازارو  ئەشکەنجەدان و برسیکردن و دەستدرێژی کردن و شەهید کردنی گیراوانی ئەنفال و لەدڕندەیی و دڵڕەقی هەموو سنورێکی بەزاند ،ئێستا لە نێو چوار دیواری زیندان چاوەڕوانی بڕیاری دادگا دەکات.

لە دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی عەجاجی نوگرە سەلمان،لەسەر داوای دادگاکانی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی وەرگرتنی سکاڵا لە شارو شاروچکەکانی هەرێمی کوردستان لەدژی عەجاج دەستیپێکرد.

لەبارەی ئەو پرۆسەیەوەو تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن ڕزگاربوان و کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالکراوان، هێمن حەسیب چالاکوانی بواری جینۆساید، بە ڕێگای کوردستانی ووت،تەنها پێنج کەس لە ڕزگاربووانی زیندانی قەڵای نوگرەسەلمان سکاڵایان تۆمار کردووە، ئەوانیش ئەو پێنج کەسەن، کە لەسەر سکاڵای ئەوان، عەجاجی جەلاد دەستگیرکرا.

ووتیشی هەرچی لە دوای دەستگیرکردنی عەجاجی جەلادە، تائێستا بە فەرمی لە دادگا، هیچ سکاڵایەکی تر تۆمار نەکراوە، بەڵکو ئەوەی تائێستا کراوە، ناونووسکردنی ڕزگاربووانی زیندانی قەڵای نوگرەسەلمانە بۆ شایەدیدان لە دادگا، کە تا هەنووکە، 284 کەس لە ڕزگاربووان خۆیان ناونووسکردووە بۆ تۆمارکرنی سکاڵا و شایەدیدان لە دژی عەجاج، لەوانە: 182 کەس لە کەلار و ڕزگاری و 65 کەس لە چەمچەماڵ و 37 کەسیش لە سلێمانی و هەڵەبجە و قەرەداغ و دوکان.. کە دواتر دەبێت ئەم کەسانە ببردرێنە دادگا تا بەشێوەی فەرمی سکاڵا تۆماربکەن و شایەتی بدەن.

لەبارەی دادگاییکردنی عەجاج لە بەرانبەر ئەو تاوانانەی لەدژی گیراوان و قوربانیانی ئەنفال لە زیندانی نوگرە سەلمان ئەنجامیداوە، هێمن حەسیب ووتی،دەبێت عەجاجی جەلاد لە دادگای باڵای تاوانەکان دادگایی بکرێت، کە پێشتر تاوانبار سەدام حوسێن و دارودەستەکەی لەم دادگایە، دادگایی کران.. چونکە تەنها دادگایەك لە عێراقدا تایبەتمەند بێت بە تاوانە نێودەوڵەتیەکانی وەک تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، دادگای باڵای تاوانەکانە، کە بەپێی یاسایی ژمارە (10) ساڵی 2005 دامەزراوە.

ئەحمەد مەجید کە پێشمەرگەی دێرینی حزبی شیوعی کوردستانە و جگە لەوەی یەکێکە لەو پێشمەرگانەی کە لەشاڵاوی ئەنفالدا شەڕی بەرگری لەخاک و خەڵکی کوردستانی لەدژی سوپای ئەنفالچی کردووە،  ژمارەیەک لەخانەوادەو کەسوکاریشی بەر شاڵاوی ئەنفالکەوتون و شەهیدو بێ سەروشوێنکراون،ئێستا یەکێکە لەچالاکوانانی پرسی جینۆسایدو بەدواداچون بۆ کەیسەکەی عەجاجی جەلاد دەکات،لەوبارەیەوە.

بەڕێگای کوردستانی ڕاگەیاند،لە ئێستادا لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ عەجاج بەردەوامەو دانی ناوە بەسەرجەم ئەو تاوانانەی کە لە نوگرە سەلمان لەبەرانبەر قوربانیانی ئەنفال ئەنجامیداوە،ووتیشی کەسانێک بەناوی خزم و عەشیرەتەوە هەوڵیاندا کەیسەکەی عەجاج بەلاڕێدا بەرن بەڵام شکستیان هێنا.

ئەحمەد مەجید ئاشکرایکرد، لەنێوان مانگێک بۆ دوو مانگی داهاتوو بە ئامادەبونی شاهێدەکان دادگاییکردنی عەجاج دەست پێدەکات،پێشی وایە دادگاییکردنی عەجاج دەرگا لەسەر دووبارە هەڵدانەوەی دۆسیەی تاوانبارانی ئەنفال هەڵدەداتەوە بەتایبەتی ئەو 258 مستەشارو سەرۆک جاشەی کە لەلایەن دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق داواکراون.

عێراق بەرەو هەڵبژاردنی پەرلەمان هەنگاو دەنێت بۆیە هەندێجار لایەنە سیاسیەکان ڕێکەوتن و سازش دەکەن لەبەرانبەر مسۆگەرکردنی دەنگ و کورسی زیاتر،بۆیە ئەحمەد مەجید نایشارێتەوە ترسی ئەوەیان هەیە بەهۆی هەڵبژاردنەوە  دەستوەردان لەکەیسەکەی عەجاج بکرێت.

دوای دەستگیرکردنی عەجاجی تاوانبار، کەسانێک بەناوی بنەماڵەو کەسوکارو هۆزەوە  هەوڵی حەشاردان و پەنادانی عەجاجی جەلادیاندا،ویستیان کەیسەکەی بەلاڕێدابەرن وەک ئەوەی ئەو کەسەی دەستگیرکراوە عەجاجی نوگرە سەلمان نییه بەڵکو کەسێکی ترەو ناوەکانیان لەکتری نزیکە، بەپێی یاسای عێراقیش هەر کەسێک دادڵدەی تاوانبارێک بدات سزای خۆی هەیە.

لەو بارەیەوە پارێزەر لوقمان مستەفا بەڕێگای کوردستانی ووت،یاسای تاوانی عێراقدا (ژمارە 111 لە ساڵی 1969، کە چەندین جار هەموارکراوە ، مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە پشتیوانی لە تاوانبار دەکەن یان هەوڵی شاردنەوەی دەدەن، لەژێر چەند بەندێکی یاساییەوە ڕێکدەخرێت. بە گشتی، ئەم کردارانە وەک "بەشداربوون" یان "پەنادان" بە تاوانبار لە قەڵەم دەدرێن.

لە یاسای تاوانی عێراقدا: 

1:  یارمەتیدان لە کاتی تاوانەکەدا وەک هاوبەش لە تاوانەکە هەژمار دەکرێت و سزاکەی نزیکە لە سزای تاوانە سەرەکییەکە. 

2: یارمەتیدان دوای تاوانەکە (وەک پەنادان، شاردنەوە، یارمەتی دارایی) بەپێی مادەی (206) تاوانێکی سەربەخۆیە و سزای تایبەتی خۆی هەیە سزا دەدرێ بۆ کەمتر لە حەوت ساڵ.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا