سەرەڕای كۆبونەوەی لوتكەی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار، بەڵام هیچ نەخشە رێگایەك بۆ رادەستكردنەوەی رێرەوی حكومڕانی هەرێمی كوردستان دیار نییە، هیچ ئاماژەیەكیش بۆ تێپەڕاندنی عەقڵیەتی زۆنچیەتی و گەڕانەوە بۆ ئیرادەی گەل و جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان بەی ناكرێت.
بەپێی بەدواداچونەكانی رێگای كوردستان حزبی شیوعی كوردستانیش بەردەوامە بۆ كۆنكردنەوەی هێزوتواناكان لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە لە قەیران و چەقبەستویی سیاسی
بەدواداچوون ـــ رێگای كوردستان
ماوەی زیاتر لە ساڵێكە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچووە، بەڵام ناكۆكییەكانی نێوان لایەنەكانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی پارتی و یەكێتی، وایكردووە تاكو ئێستا هیچ وادەیەك بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان دیارینەكراوە. پەرلەمانتارێكی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پێیوایە: "لە كارانەكردنەوەی پەرلەمانی كوردستاندا هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان زەرەرمەندە، تەنیا پارتی و یەكێتی نەبێ، چونكە چاودێری و لێپرسینەوە لە كارەكانیان ناكرێت".
گۆران دیبەگەیی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ بە رێگای كوردستانی راگەیاند: وەك هەموو لایەك دەزانن كە ماوەی ساڵێك دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كـوردستان ئەنجامدراوە، بەڵام پارتی و یەكێتی وەك هەمیشە كە پەكخەر و لەمپەربوونە لەبەردەم چارەسەركردنی كێشەكانی خەڵكی كوردسـتان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و بێ ئەرزشكردنی پەرلەمان وەك بەهێزترین دەسەڵاتی یاسادانان لەلایەن ئەم دوو حزبەوە.
گۆران دیبەگەیی لەدرێژەی لێدوانەكەیدا وتیشی: ئەمەش وایكردووە نیگەرانییە ناوخۆ و دەرەكییەكان پەرەبستێنێ و كاریگەری لەسەر نێوبانگی هەرێمی كوردستان دروستبكات، چونكە هیچ هۆكارێك نییە بۆ هەڵنەبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان جگە لە گاڵتەكردنی پارتی و یەكێتی بە هەست و نەستی خەڵكی هەرێمی كوردستان نەبێت.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان هێمای بۆ ئەوەشكرد: لە كارانەكردنەوەی پەرلەمانی كوردستاندا هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان زەرەرمەندە، تەنیا پارتی و یەكێتی نەبێ، چونكە چاودێری و لێپرسینەوە لەكارەكانیان ناكرێت، بۆیە تاكوو ئێستاش هیچ هەوڵێكی كرداری بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان نابینرێ.
رۆژی شەممە، 2025/9/27 هەریەك لە مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پیرمام كۆبوونەوە، بەپێی چاودێرانی سیاسی، ئەنجامدانی ئەو جۆرە كۆبوونەوەیە، بۆ چەند مەبەستێكە لەوانە، كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و رێككەوتنی هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و داهاتی ناوخۆ و چەند پرسێكی دیكە.
رێباز هاشم، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی كوردستان بە رێگای كوردستانی راگەیاند: پەرلەمان دامەزراوەیەكی یاسادانانە كە نوێنەرایەتی گەل دەكات و بەرپرسیارە لە دانانی یاسا و چاودێریكردنی حكومەت، بۆیە هەبوونی پەرلەمان بنەمایەكی گرنگی پرۆسەی هەڵبژاردن و دیموكراسیەتە و دڵنیایی لەوە دەكاتەوە كە دەسەڵات لە نێوان چەند دامەزراوەیەكدا دابەشبكرێت.
وتیشی: كاتێك پەرلەمان پەكخراوە، ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت چەندین هەنگاوبنێت، وەك سكاڵاكردن لە دادگای دەستووریدا ئەگەر پەكخستنەكە پێشێلكردنی دەستوور بێت. هەروەها داوای لێپرسینەوەی یاسایی بكات لە بڕیاری پەكخستنەكە و ڕێكخستنی خۆپیشاندان و مانگرتنی ئاشتییانە بۆ ناڕازیبوون لە بڕیاری پەكخستنەكە و پەیوەندیكردن لەگەڵ ناوندی نێودەوڵەتی بۆ گەیاندنی نیگەرانی خۆیان بە دەسەڵاتدارانی نێودەوڵەتی و داواكردنی پاڵپشتییان بۆ گەڕانەوەی پەرلەمان.
ئەو بەرپرسەی حزبی شیوعی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: یەكگرتنی هەموو هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن بۆ دروستكردنی بەرەیەكی بەرەنگاری یەكگرتوو، جیا لە ناكۆكی و كێشە تایبەتەكانیان كە هەرچەندە ناڕازین لە پەكخستنەكە، بەڵام گرنگە ئۆپۆزسیۆن ڕێزی یاسا و دەستوور بگرێت و هەوڵنەدات دامەزراوەكانی تر تێكبدات.
رێباز هاشم ئەوەی وت: گرنگترین شت ئەوەیە كە ئۆپۆزسیۆن بەشێوەیەكی دیموكراسییانە و ئاشتییانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە بكات، چونكە ئامانجی سەرەكی گەڕانەوەی كاركردنی ئاسایی دامەزراوە دیموكراسییەكانە.
لەئێستادا پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ساردییەكی زۆری پێوەدیارە، بەجۆرێك دەیان كۆبوونەوە و دانیشتنیان ئەنجامداوە، بەڵام تاكو ئێستا لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەگەیشتوونەتە هیچ رێككەوتنێك. لەلایەكی تریشەوە، نەبوونی یەكگوتاری و پەرتەوازەیی لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن، كاریگەریی لەسەر ئەو رەوشە دروستكردووە.
رۆژی دووشەممە 2-12-2024، یەكەمین كۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان لەناو هۆڵی دانیشتندا، كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار هەڵگیرا و تاكو ئێستاش چارەنووسی پەرلەمان بەداخراوی ماوەتەوە.