ئا: رێگاى كوردستان

پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا پێویستی بە گۆڕانکاريی بنەڕەتی هەیە و تەنها بێدەنگکردنی چەک بەسە نییە، دوو مانگ دوای بڕیاری چەکدانانی پەکەکە، پسپۆڕانی سیاسی هەڵسەنگاندنی نوێیان لە پرۆسەی ئاشتی کردووە، بەشێوەيەك کێشە قووڵەکان و ئاستەنگە مێژووییەکان، ئەگەر چوارچێوەيەكى ياساسى نەبێت، ڕێگەی چارەسەری ئاشتى بەربەست دەکرێت.

ميدياكانى توركيا بڵاويانكردەوە فەتی یڵدز، کە جێگری دەوڵەت باخچەلی و سەرۆکی پارتی مەهەپەیە، داواکارییەکی فەرمی کردووە کە شاندێک لە لیژنەی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی پێکبهێنرێت. ئامانجی ئەم شاندە سەردانی ئۆجەلان کردنە بۆ گوێگرتن لە بۆچوون و پێشنیازەکانی. ئەم داواکارییە لە کاتێکدا هاتووە کە پرۆسەی ئاشتی قۆناغێکی تازەی بەخۆوە بینیوە و پێویستی بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئۆجەلان هەستکراوە. میدیای تورکی بەشێوەیەکی بەرفراوان ئەم هەواڵەی بڵاوکردووەتەوە و وەک هەنگاوێکی گرنگ لە پرۆسەی ئاشتی چاوی لێکردووە. ئەم پەرەسەندنە نیشانەی گرنگيی ئەم بابەتەیە لای ڕای گشتی تورکیا. ڕاگەیاندنەکانی میدیا ئاماژە بەوە دەکەن کە، "ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژی فراوانتری حکومەت بۆ گەشەپێدانی پرۆسەی ئاشتی". نوعمان کورتوڵموش، کە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیایە و هاوکات سەرۆکی لیژنە پەرلەمانییەکەشە، "پێشنیازەکەی فەرمی قەبووڵکردووە". ئەم قەبوڵکردنە ڕێگا بۆ پێکهێنانی شاندەکە خۆشدەکات.

بەپێی بڕیارەکە، شاندێکی پێنج کەسی فەرمی سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکات. ئەمە یەکەمین جار دەبێت لە ماوەی دوایی کە شاندێکی پەرلەمانی بەم شێوەیە سەردانی ئۆجەلان بکات.

سەردانەکە ئامانجی گوێگرتنە لە بۆچوون و پێشنیازەکانی ئۆجەلان لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد. ئەمە بەشێکە لە هەوڵەکانی حکومەت بۆ دابینکردنی بنکەی فراوانتری گفتوگۆ و تێگەیشتن. ئەم سەردانە دەتوانێت هەنگاوێکی گرنگ بێت بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی تازە لە پرۆسەی ئاشتی و دابینکردنی زەمینەی باشتر بۆ گفتوگۆی سیاسی.

 

زەردەشت جەلال، شرۆڤەکارى سیاسی لەبارەى پڕۆسەى ئاشتى لە توركيا بۆچوونى خۆى دەخاتە ڕ وو، "کە پرۆسەی ئاشتی بەشێکی بنەڕەتییە لە بیرکردنەوە و ڕامانەکانی بەڕێز ئۆجەلان، ئەم بیرکردنەوەیە ئامانجی چارەسەرکردنی پرسە نیشتیمانییەکانە، کە بۆ ماوەیەکی زۆر وەک کێشەیەکی هەڵواسراو لە نێوان کورد و تورکیادا ماوەتەوە". بەپێی بۆچوونی ئەم شرۆڤەکارەی سیاسی، "پرسی ئاشتی نابێت تەنها بە بێدەنگکردنی چەکەکان کۆتایی پێبهێنرێت، پێویستە چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوەیەکی یاسایی و دەستووری ئەنجامبدرێت تا بنەڕەتی پرسەکە چارەسەر بکرێت". زەردەشت جەلال ئاماژە بەوە دەکات، "کە تورکیا بەدرێژایی مێژوو لەسەر بنەمای فکری نەتەوەپەرستی تاکەکانی خۆی پەروەردەکردووە، ئەم ڕاستییە مێژووییە وایکردووە کە ئێستا قورسبێت بەشێوەیەکی خێرا گۆڕانکاری لە شەقامی تورکیا دروستبێت، ئەو کاتە درێژەی پێویستە بەتایبەتی بۆ لایەنی سیاسی دەوڵەت کە دوای سەد ساڵێک نکۆڵیکردن لە ئێستادا پێویستە ئامادەبێت لەگەڵ ئەم پرسە دانیشێت و بەدوای ئاشتیدا بگەڕێت".

شرۆڤەکار باس لەوە دەکات کە، "کۆمسیۆنێک دروستبووە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیە کە لە ٥١ ئەندام پێکهاتووە، ئەم کۆمسیۆنە پێکهاتەی هەموو حزبە سیاسییەکانی تێدایە و هەنگاوەکانی دەستکراوەتەوە". هۆکاری سەرەکی ئەم دەستکراوەییە هەڵوێستی حزبە سیاسییەکانە کە وایکردووە پرۆسەی ئاشتی ماوە درێژ بکێشێت. بەپێی بۆچوونی زەردەشت جەلال، تورکیا و ئەردۆغان بەرپرسن لەوەی پرسەکە سەرنەگرێت.

زەردەشت جەلال ئاماژە بەوە دەکات، "تورکیا بە ئەجەندا جیاوازەکان سەیری ئەم پرسە دەکات. یەکێک لەم ئەجەندا جیاوازانە نەگۆڕینی دەستووری تورکیایە، کە وەک ئاستەنگێک لە پێشەوەی پرۆسەی ئاشتی وەستاوە".

د. ئارام ئەحمەد لە زانکۆی راپەڕین لە وتارێکی شیکاریدا ڕوونیدەکاتەوە کە، "پرۆسەی ئاشتی لە نێوان تورکیا و پەکەکەدا جیاوازە لەوەی زۆرینە لێیتێدەگەن. ئەم پرۆسەیە تەنها کۆمەڵێک دانوستان یان ڕێککەوتنی ئاسایی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی ستراتیژی پێچەڵووانە، کە هەردوو لایەن هەوڵدەدەن ئامانجە بەرینەکانی خۆیان بەدیبهێنن". ناوبراو روونيشيكردەوە كە، "ئەم تێگەیشتنە گرنگە بۆ ئەوەی بزانین کە ئەم جۆرە پرۆسانە پێویستیيان بە ڕوونی لە ئامانجەکان و بەرنامە درێژخایەنەکان هەیە، نەک تەنها بەدوای چارەسەری خێرادا بگەڕێين".

د. ئەحمەد، جەختی لەسەر گرنگی هەڵسەنگاندنی پرۆسەکانی ئاشتی پێشوو دەکاتەوە، بەتایبەتی "پرۆسەی ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٥. ئەم پرۆسە مێژووییە خاڵی گرنگی گەڕانەوەیە بۆ تێگەیشتن لە ستراتیژییەکانی ئێستا و داهاتوودا، ئەو پرۆسەیە بەشێوەیەکی نهێنی لە نێوان حکومەتی تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستیپێکرد. ئامانجی سەرەکی ئەم هەوڵانە کۆتاییهێنان بوو بە خەباتی چەکداری و دابینکردنی مافە سیاسی و کولتووریيەکانی کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا".

شیکاريی د. ئەحمەد لە چەندین ڕووەوە دەڕوانێتە سەرکەوتن و شکستی ئەو پرۆسەیە. لە لایەکەوە، ئاگربەست و کشانەوەی چەکدارانی پەکەکە لە خاکی تورکیا نیشانەی بەرچاوی پابەندبوونی پەکەکە بوو بە پرۆسەی ئاشتی و دەربڕینی ئیرادەی ئاشتیخوازانەی، ناوبراو ئەوەشى خستەروو، "لە بەرامبەردا، چەندین هۆکاری نەرێنی وەک نەبوونی متمانەی تەواو لە نێوان لایەنەکاندا، ناکۆکی لەسەر چۆنیەتی جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتن و کاریگەريی سیاسەتی هەڵبژاردنەکانی تورکیا بوونە هۆی داڕمانی پرۆسەکە".

ئەو مامۆستايەى زانكۆ ئەوە ڕووندەکاتەوە کە، "پرۆسەی ئاشتی تەنها بەند نییە بە ئیرادەی سیاسی لایەنە سەرەکییەکانەوە. کاریگەريی هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان ڕۆڵێکی بەرچاو دەگێڕن لە سەرکەوتن یان شکستی ئەم پرۆسانەدا"، ئەم تێگەیشتنە ئەوە دەخاتەڕوو کە پێویستە هەموو کاریگەری و بەشداربووەکان لەبەرچاو بگیرێن تا ئەگەری سەرکەوتن زیاتر بکرێت.

ستراتیژی چەکدانانی ئێستای پەکەکە، کە لە ١١ی تەمووزی ٢٠٢٥ دا چوویە بواری جێبەجێکردن، وەک هەنگاوێکی ستراتیژی گرنگ لە لایەن د. ئەحمەدەوە دادەنرێت. ئەم هەنگاوە دەتوانرێت وەک نیشانەیەک بۆ گۆڕانکاريی بنەڕەتی لە ستراتیژی پەکەکەدا تەماشا بکرێت. ئەم گۆڕانکارییە ئاراستەکردنی خەباتە لە چەکدارییەوە بەرەو خەباتی سیاسی و دیموکراتی. ئەمەش پێویستی بە دیدگایەکی ستراتیژی قووڵ و بەرنامەی درێژخایەن هەیە.

د. ئەحمەد ئەوە دەخاتەڕوو کە هەرچەندە چەکدانان لە کاتێکدا ڕوودەدات کە هەموو داواکارییەکان بەدینەهاتوون، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی دروست بەڕێوەبچێت و لەگەڵ هەنگاوەکانی حکومەتی تورکیادا هاوتەریب بێت، دەتوانێت ببێتە دەرفەتێکی گەورە و ئەم هاوتەریبیيە بنەڕەتی سەرکەوتنە بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمیشەیی و پایەدار.

ئەو مامۆستايەى زانكۆى راپەڕين ئەوەش ناشارێتەوە، "لە ناوخۆی تورکیادا هەندێک هێز زۆرجار دژی پرۆسەی ئاشتی وەستاون و ئەم پرۆسەیە وەک هەڕەشە بۆ سەر یەکپارچەیی خاکی تورکیا دەبینن. ئەو هێزانەی کە دیدگایەکی فیکری توندڕەویان هەیە، دەتوانن فشارێکی زۆر لەسەر حکومەت دابنێن بۆ ئەوەی سازش لەسەر پرسی کورد نەکات، لە بواری دەرەکییەوە، لایەنە کوردییەکانی دیکە لە ناوچەکە وەک پارتە کوردییەکانی عێراق و سووریا کاریگەرییان لەسەر پرۆسەکە هەیە. ڕۆڵی ئەوانیش پێویستە بەوردی لەبەرچاوبگیرێت، چونکە دەتوانن کاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی لەسەر پرۆسەکە هەبێت".

د. ئەحمەد ئەم بارودۆخە وەک ئاڵۆزکارییەکی ستراتیژی دادەنێت، چونکە پرۆسەی ئاشتی پێویستی بە هاوئاهەنگی و تێگەیشتنی قووڵ لە نێوان هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکاندا هەیە. بێ ئەم هاوئاهەنگییە، ئەگەری سەرکەوتن کەمدەبێتەوە.

 

 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا