رێگای كوردستان
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەبێ بڕیاردان سەبارەت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كۆتایی بە كۆبوونەوەكەی هێنا، چونكە تاكو ئێستا هیچ رێكككەوتنێك لەنێوان هەولێر و بەغدا واژوونەكراوە. پەرلەمانتارێكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراقیش رایدەگەیەنێت: " بەغدا مووچە وەك كارتی فشار بەكاردەهێنێت، بۆ هیچ نیازێكی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ هەولێر نییە".
ئەمڕۆ سێ شەممە 2025/9/16 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبووەوە و بەپێی زانیارییەكان ڕەزامەندی دا لەسەر ڕێككەوتنێكی سێقۆڵی لە نێوان حكومەتی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكانی نەوت، بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی هەڵپەسێردراوی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان كە ئەو رێككەوتنە رەوانەی ئەنجوومەنی راوێژكاری بكرێت و ئەگەر تێبینییان نەبێت، كێشەی هەناردەكردنەوەی نەوت كۆتایی پێدێت.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاریدا لەبری ١٦ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك نەوت، نەوتی خاو بە كۆمپانیا بەرهەمهێنەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان بدرێت.
بەپێی زانیارییەكانی رێگای كوردستان ، لە كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیران، لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هیچ بڕیارێك نەدراوە، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، تاكو ئێستا هەولێر و بەغدا، لەسەر پرسی نەوت و داهاتی ناوخۆ رێككەوتنی كۆتاییان ئەنجامنەداوە.
لای خۆیەوە، دارا سێكانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ئەنجوومەنی دەوڵەت ئەركی ڕاوێژكارییە و تەنیا دەتوانێت بۆچوون لەسەر پرسەكە لەڕووی یاساییەوە بخاتەڕوو، توانای بڕیاردان و یەكلایی كردنەوەی پرسەكەی نییە.
هەر سەبارەت بە پرسی داهاتی ناوخۆی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجومەنی دەوڵەت كۆبونەوەكەی خۆیدا كە ئەنجامیدا ، نەیتوانی ئەو پرسە لایەكلایی بكاتەوە، بڕیارە سبەی چوارشەممە، جارێكی لەسەر هەمان پرس كۆببنەوە.
هاوكات هەر ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق ( سۆمۆ ) رایگەیاند: سەرجەم گرێبەست و پابەندبوونەكانیان لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە تەواو كردووە كە نەوتی هەرێمی كوردستان دەكڕن .
ئهمهش لهكاتێكدایە، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە كێشەی مووچە لە هەرێمی كوردستان بەردەوامە و هاوڵاتییانیش حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆكار دەزانن و پێیان وایە، بە رێككەوتن لەسەر پرسی نەوت و داهاتی ناوخۆ كێشەكان چارەسەر دەبێت، بەڵام هەرێم هیچ پابەنی مەرجەكانی بەغدا نابێت بۆ ناردنی مووچە.