شەڕ و پێکدادانەکانی سوودان بەردەوامن و سەندیکای پزیشکانی سوودانیش دەڵێت، 97 کەس کوژراون، کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی سودانیش لە بەیاننامەیەک ڕاگەیاندوە،ئەم پێکدادانە چەکدارییە تووندەی لە نێوان ژەنەراڵەکان بەرپابووە، گەلی سودان دەخاتە بەردەم مەترسی کەڵەگایی هێزەکانی دژە شۆڕش و ڕشتنی خوێنی زیاتر.

  شەڕ و پێکدادانی قورس لە رۆژی شەممەوە لەنێوان سوپای فەرمیی سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرای دژبەری سوپا دەستی پێکردووە. 

 رۆژی دووشەممە 17ـی نیسانی 2023، سەندیکای پزیشکانی سوودان رایگەیاند، لە شەرو پێکدادانەکاندا 97 کەس کوژراون. 

هێزەکانی پشتیوانی خێراش رۆژی دووشەممە رایگەیاند، دەستیان بەسەر 200 تانکدا گرتووە و سێ فڕۆکەی جەنگیشیان خستووەتە خوارەوە. لای خۆشیەوە، سوپای سوودان رایگەیاند کە دەستیان بەسەر فڕۆکەخانەی سەربازیی مەرەویدا گرتووەتەوە کە رۆژی پێشتر لەلایەن هێزەکانی پشتیوانیی خێراوە کۆنتڕۆڵکرابوو. 

هەموو ئەمانە لەدوای ئەوە هات کە رۆژی شەممە 15ـی نیسانی 2023، دەنگی تەقە و تەقینەوەی بەهێز لە نزیک ژمارەیەک بنکەی سوپای وڵاتەکە و وەزارەتی بەرگریی لە نێوەڕاستی خەرتوومی پایتەختی سوودان بیسترا و دووکەڵێکی گەورە لە ژمارەیەک باڵەخانەی شارەکە بەرزبووەوە. دەستبەجێ تەواوی پایتەخت کرایە سەربازگە و سەرباز بە هەموو کونجێکی شارەکەدا بڵاوکرانەوە.

لای خۆیەوە، کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی سودانیش لە بەیاننامەیەک ڕاگەیاندوە،ئەم پێکدادانە چەکدارییە تووندەی لە نێوان ژەنەراڵەکان بەرپابووە، گەلی سودان دەخاتە بەردەم مەترسی کەڵەگایی هێزەکانی دژە شۆڕش و ڕشتنی خوێنی زیاتر.

-‏ئەو شەڕەی ئێستا ڕوودەدات ململانێیە لەسەر دەسەڵات و سامان بە هاندانی هێزە دەرەکییەکان.

- قوربانی سەرەکی ئەم شەڕە جەماوەری شۆڕشگێڕو خۆڕاگرن کە هەتا ئێستا تێدەکۆشن لە پێناو درێژەدان بە شۆڕش و هێنانەکایەی دەسەڵاتێکی مەدەنی دیموکراتی.

- ‏ڕێگا گەڕانەوە بۆ ئاسایی کردنەوەی ژیان و بارودۆخی وڵات، وەستاندنی دەستبەجێی شەڕ و دەرچوونی هێزەکانی سوپاو میلیشیاکانە لەناو شارو دێهات و شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان.

- ‏پەلەبکرێت لە هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان و سەندنەوەی چەک لە خەڵک و پێکهێنانی سوپایەکی نیشتمانیی پیشەیی و یەکگرتوو.

-پێویستە ‏خەڵکی سودان و هێزە نیشتمانییەکان یەکگرتوو بن لە پێناوی ڕزگارکردنی وڵات لە ململانێی خوێناوی ژەنەراڵەکان.

-‏پێکدادانەکان ڕێگرن لەبەردەم خواست و ئاواتەکانی گەل بۆ ئاشتی و ئازادی و دادپەروەری و سەقامگیری و دیموکراسیەت.

هێزەکانی پاڵپشتیی خێرا کە لە ساڵی 2013 پێکهێندراوە و بەرهەڵستی سوپای وڵات دەکات، لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێزەکانیان "تووشی شۆک بوون، کاتێک رۆژی شەممە ژمارەیەکی زۆری سەربازانی سوپا" چوونەتە نێو کامپە سەربازییەکانیان لە خەرتووم و "هێزەکانمان گەمارۆدراون".   لە وەڵامی ئەوەشدا، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا رایانگەیاند، دەستیان بەسەر فڕۆکەخانەی خەرتووم و کۆشکی کۆماریی وڵاتەکەدا گرتووە. هێزەکە راشیگەیاند کە لەبەرامبەر ئەو هێرشەی کراوەتە سەریان بەرگریی لەخۆیان دەکەن.

تەندروستیی جیهانی دەڵێت، لە کۆی نۆ نەخۆشخانەی خەرتووم، زۆرێکیان بەردەوام برینداری سڤیلیان پێدەگات و هۆشداریش دەدات لەوەی نەخۆشخانەکان خوێن، کەرەستەی پزیشکی و کەرەستەی بنچینەییان لێبڕاوە. 

 هاوکات، پڕۆگرامی خۆراکی جیهانی ئاماژە بەوە دەکات سێ لە کارمەندەکانی لە سوودان کوژراون و دوای ئەوەش کارەکانی لەو وڵاتە هەڵپەسارد. 


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە