لە قۆناغێکی مێژوویی پڕ لە ئاڵنگاری و دژواردا، حزبی شیوعیی کوردستان بەسەرکەوتوویی کۆنگرەی هەشتەمی خۆی بەست. ئەم کۆنگرەیە نەک تەنها وێستگەیەکی گرنگە لە پەرەسەندنی ڕێکخراوەیی حزبدا، بەڵکو نیشانەی قووڵبوونەوەی تێگەیشتنی حزبە لە ئەرکە نیشتمانی و چینایەتییەکانی لەم قۆناغە هەستیارەدا. کۆنگرە، کە لە ڕۆژانی ١8 تا ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٥ لە پارێزگای دهۆک بەڕێوەچوو، لە ژێر دروشمی (ئازادی - دیموکراسی - مافی بڕیاردانی چارەنووس - سۆسیالیزم) کارەکانی خۆی ئەنجامدا. ئەم دروشمانە، کە بنەما فیکری و سیاسییەکانی حزب پێکدەهێنن، بوونە بنەما و ڕێنمایی بۆ گفتوگۆ و بڕیارەکانی کۆنگرە.

کردنەوەی کۆنگرە و پەیامە سەرەتاییەکان:

کۆنگرە بەڕێزگرتن لە شەهیدانی حزب و گەلەکەمان و ئەو تێکۆشەرانەی لەنێوان دوو کۆنگرەدا کۆچی دواییانکردووە، دەستی بە کارەکانی کرد. ئەم ساتە پڕ لە شکۆیە، بە سروودی نێونەتەوەیی ئینتەرناسیۆنال و سروودی نیشتمانی "ئەی ڕەقیب" دەستیپێکرد، جەختکردنەوە بوو لە پابەندبوونی حزب بە بەها نیشتمانی و ئینتەرناسیۆنالیستییەکانی، پاشان وتاری حزبی شیوعیی کوردستان لەلایەن هاوڕێ کاوە مەحموود سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبەوە پێشکەشکرا، کە تێیدا تیشک خرایە سەر دەسکەوت و ئاڵنگارییەکانی قۆناغی ڕابردوو، و نەخشەڕێگایەک بۆ داهاتوو خستەڕوو. هاوکات وتاری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعیی عێراق لەلایەن هاوڕێ (ڕائید فەهمی)یەوە پێشکەشکرا، کە گرنگیی یەکڕیزی و هەماهەنگی نێوان هێزە پێشکەوتنخوازەکانی لە عێراق و کوردستاندا دووپاتکردەوە. ئەم وتارانە، وەک دەستپێکێکی فیکری و سیاسی، زەمینەیان بۆ گفتوگۆ قووڵەکانی کۆنگرە خۆشکرد.

ڕەوتی کارەکانی کۆنگرە و پەسەندکردنی بەڵگەنامەکان:

دوای وتارەکان، ڕاپۆرتی متمانە پێشکەشکرا، کە تێیدا شەرعییەتی ڕێکارەکانی بەستنی کۆنگرە و پێکهاتەکەی لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە پەسەندکرا. ئەم هەنگاوە بنەمایەکی دیموکراسییانەی بۆ کارەکانی کۆنگرە دابینکرد، هاوکات ئەندامانی کۆنگرە بەدەنگدان سەرۆکایەتیی کۆنگرەیان هەڵبژارد، کە ئەرکی بەڕێوەبردنی دانیشتنەکان و ڕێکخستنی گفتوگۆکانیان لەئەستۆگرت، بەڵگەنامەکان و ڕێکارەکانی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەش پەسەندکران، کە ئەمەش ڕوونترین چوارچێوەی یاسایی و ڕێکخراوەیی بۆ کارەکانی کۆنگرە فەراهەمهێنا. ئەم قۆناغە، نیشانەی پابەندبوونی حزب بوو بە پرەنسیپەکانی شەفافیەت و دیموکراسیی ناوخۆیی.

گفتوگۆ و دەوڵەمەندکردنی بەڵگەنامەکان:

لە ڕۆژانی دواتردا، لیژنەکانی هەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ، بەرنامەی سیاسی، ڕاپۆرتی سیاسی، ڕاپۆرتی ئینجازیی سەرکردایەتی و تایبەتمەندییەکانی ناوەندی بەدوای یەکدا گفتوگۆی چڕیان لەبارەوە کرا. بەشداری چالاکانە و چڕی ئەندامانی کۆنگرە لەم گفتوگۆیانەدا، بووە هۆی دەوڵەمەندکردنی بەڵگەنامەکان و گەیاندنیان بە ئاستێکی باڵاتر لە قووڵایی فیکری و سیاسی. کۆکراوەی سەرنج و بۆچوونەکان لەلایەن لیژنەکانەوە خرایەوە بەردەم ئەندامانی کۆنگرە و دوای چەندین گۆڕانکاری و دەستکاریکردن، بەڵگەنامەکان بەکۆی دەنگ پەسەندکران. ئەم پڕۆسەیە، نیشانەی زیندوویی و توانای حزب بوو لە خۆنوێکردنەوە و گونجاندن لەگەڵ پێداویستییەکانی قۆناغەکەدا.

بڕیار و ڕاسپاردەکان و هەڵبژاردنی سەرکردایەتی نوێ:

کۆنگرە ژمارەیەک بڕیار و ڕاسپاردەی گرنگی پەسەندکرد، کە ئاراستەی کاری کۆمیتەی ناوەندی لە خولی نوێدا دیاریدەکەن. ئەم بڕیار و ڕاسپاردانە، کە لە ئەنجامی گفتوگۆ و تاوتوێکردنی قووڵی پرسە نیشتمانی و چینایەتییەکانەوە هاتبوونە ئاراوە، بنەمایەکی پتەو بۆ گەشەپێدانی حزب و کاری داهاتووی دادەنێن. کۆمیتەی ناوەندی نوێ ئەرکی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەی لەئەستۆدەگرێت و ڕێوشوێنی بەکردەیی کردنیان دیاریدەکات. لە کۆتایی کارەکانی کۆنگرەدا، ١٩ هاوڕێ بۆ کۆمیتەی ناوەندی و پێنج هاوڕێ بۆ لیژنەی چاودێری ناوەندی بەئامادەبوونی نوێنەری دادگا و ئەنجومەنی پارێزگا، بەشێوەیەکی دیموکراسییانە هەڵبژێردران. ئەم هەڵبژاردنە، کە ڕەنگدانەوەی ویستی ئەندامانی کۆنگرە بوو، سەرکردایەتییەکی نوێ و بەتوانای بۆ حزب مسۆگەر کرد. کۆمیتەی ناوەندی لە یەکەمین کۆبوونەوەی خۆیدا سکرتێر و جێگری سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەڵبژارد، کە ئەمەش پڕۆسەی ڕێکخراوەیی حزب تەواودەکات.

کۆتایی کارەکانی کۆنگرە و ئاسۆی داهاتوو:

کارەکانی کۆنگرە کۆتاییپێهات و کۆمیتەی ناوەندەی کاری پێشینەی ئەنجامدانی بەرنامەی کار و ڕاسپاردەکانی کۆنگرە دەبێت، بە میکانزمی نوێ هەوڵی پێشخستنی تێکۆشانەکانی دەدات، ئەمەش نیشانەی بەردەوامبوونی پڕۆسەی گەشەپێدان و نوێبوونەوەی حزبە. کۆنگرەی هەشتەمی حزبی شیوعیی کوردستان، وێستگەیەکی گرنگ بوو لە مێژووی خەباتی حزبدا. ئەم کۆنگرەیە نەک تەنها دەسکەوتەکانی ڕابردووی پاراست و هەڵسەنگاند، بەڵکو نەخشەڕێگایەکی ڕوونی بۆ داهاتوو کێشا. بە پەسەندکردنی بەڵگەنامە فیکری و سیاسییەکان و هەڵبژاردنی سەرکردایەتییەکی نوێ، حزب ئامادەیی خۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و قۆستنەوەی دەرفەتەکان ڕاگەیاند. حزبی شیوعیی کوردستان، بە پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی ئازادی، دیموکراسی، مافی بڕیاردانی چارەنووس و سۆسیالیزم، بەردەوام دەبێت لە خەبات بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەر و یەکسان لە کوردستان و عێراقدا. سەرکەوتنی کۆنگرە، سەرکەوتنی خەباتی چینایەتی و نیشتمانییە.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا